کوردستانێکی بەهێز لە کوێیە؟

21-09-2023
روەیدا مستەفا
A+ A-

وەڵامی پرسیاری "کوردستانێکی بەهێز لە کوێیە؟" ئەوەیە: هەمیشە لە یەكگرتوویی سیاسی دا دەبێت، بەڵام دەبینین لە تاران دانوستاندن لەبارەی سامانی گازی هەرێمی کوردستان و لە ئەنقەرەش لەسەر سامانی نەوتیی دەکرێت، بەبێ چاودێریی حکومەت و بەبێ هەبوونی یەکگرتوویی سیاسی. کاریگەرییە درێژخایەنەکانی ئەمەش ئەوەیە کە رەنگە پارتە سیاسییەکان بۆ ماوەیەکی کاتی بەهێزبن، بەڵام توانای بەدیهێنانی هەرێمێکی کوردستان کە لە هەمان کاتدا بەهێز و فیدرالیش بێت، هێندەی دیکە کەمتر دەبێتەوە و رەنگە تەنانەت هەر نەمێنێت. لەم کاتەدا، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین گرفت بووەتەوە و، ئەوەی زیاتر لە هەمووی گوشاری بۆ هێناوە، نەبوونی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتییە.
 
خەڵکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆخێکی ئابووریی کۆمەڵایەتیی سەختدا دەجەنگن. دۆخی بازاڕ تێکچووە، ئەوەش کاریگەرییەکی زۆری بە دیاریکراوی لەسەر خێزانە کەم داهاتەکان هەبووە، کە ئەوە بووە سێ مانگ هێشتا مووچەیەکیان وەرنەگرتووە. راستییە تاڵەکە ئەوەیە کە زۆر لەو هاووڵاتییانە دەبێت پاروویەک بۆ منداڵەکانیان بەدەستبخەن، پارەی کارەبا و خەرجییە جۆراوجۆرەکان بدەن و پارەی پزیشکیان هەبێت، کە دابینکردنی هەموو ئەوانە زەحمەتە. لە پاڵ ئەمەدا، هەستێکی بێزاری و پەستبوون هەیە کە تاوەکو دێت زیاتر دەبێت دژی چینی دەسەڵاتدار و ئەوانەی کە ئەم دۆخە ناخۆشەی فەرمانبەرانی پشت بە مووچە بەستوو رووبەڕووی دەبنەوە، لەلایەنی داراییەوە کاری لەوان نەکردووە.
 
پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت، "سکی تێر ئاگای لە برسی نییە"، بەداخەوە، ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوەیە کە خەڵک بە یەکێک لە قۆناخە هەرە سەختەکانی دەیەی رابردوودا تێدەپەڕن. تاوەکو ئێستا مووچەی چەند مانگێک نەدراوە و کەرتی تایبەتیش لەژێر گوشارێکی زۆردایە. 
 
هەرچەندە لە عێراق دەژین، بەڵام خەڵکی هەرێمی کوردستان باجی زیاتر دەدەن، نەخۆشخانە تایبەتەکان خەرجییان زیاترە، کارەبا گرانترە، کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکان تێچووی زیاترە، سەرەڕای ئەوە مووچەش وەرناگرن. لەم نێوەندەدا، چاوەڕێمان لێ دەکرێت کە ئاهێک بە بەرماندا بێتەوە یان قەناعەتمان پێ بکرێت کە دوای سێ مانگ، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی بەرەیەکی یەکگرتوو لە بەغدا دروست بکات، کە ئەوەش بە جۆرێک وەک "سەرکەوتن" وێنا دەکرێت، بەڵام ئەو قسانەی لەسەر یەکگرتوویی دەکرێن، هێشتا تەنیا قسەن.
 
بەشداربوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دوو لیستی جیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق نیشانەیەکی دیارە کە هێشتا یەکگرتوویی و لێک نزیک بوونەوەیەکی راستەقینە نییە، بەڵام ئەوە پرسیارێک دەورووژێنێت لەسەر ئەوەی کە چۆن بەغدا رازی دەکرێت هەموو لایەنەکانی کوردستان لە وەڵامیاندا بۆ حکومەتی فیدراڵ، یەکگرتوون، لەکاتێکدا ئەجێندای سیاسیی جیاواز پەیڕەو دەکەن.
 
تووڕەیی و ناڕەزایی بەرامبەر دۆخی ئێستا، هەڵکشانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک، گرووپەکان ناڕەزایی لە زیادبووندایە. بۆ نموونە گرووپێک لە فەیسبووک دروستکراوە و زیاتر لە 40 هەزار مامۆستا و کارمەندی ناڕازی کەرتی پەروەردەی تێدایە. ئەم کارانە مەترسییەکی جدی لەسەر هەردوو پارتی دەسەڵاتدار دروست دەکەن، چونکە لە ئەگەری بەردەوامبوونی بێ مووچەییدا، رووبەڕووی خۆپێشاندان دەبنەوە.
 
دیپلۆماتە خۆجێیەکان سەرلێدەرنەکردنی خۆیان لە بێتوانایی بەردەوامیی پارتی و یەکێتی بۆ پێکەوەکارکردن لە بەرژەوەندیی گەل دەردەبڕن. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان ژمارەی دانیشتووانی تاڕادەیەک کەمە و توانای گەمەی سیاسیشی سنووردارە، لەگەڵ ئەوەشدا وەکو دیارە هەندێ جار ئاراستەی سیاسەتی هەرێـمەکە لەگەڵ خۆشگوزەرانی خۆیدا ناکۆکە.
 
لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەدا لەگەڵ دۆستە دیپلۆماتکارەکان لە بەغدا دەرکەوت، لەکاتێکدا لایەنە کوردستانییەکان هەوڵی بەهێزکردنی پشتیوانیی حیزبیی خۆیان دەدەن، بەبێ ئەوەی هەستی پێ بکەن، ئەو رێزەی کە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و هەمان ئەو قەوارە سیاسییەی کە خۆیان دەیانەوێت پشتیوانی لێ بکەن، کەم دەکەنەوە. لەسەر ئاستی نێوخۆ، وادیارە هەرێمی کوردستان لاوازتر دەبێت و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش، تاوەکو دێت زیاتر وەک پڕۆژەیەک سەیر دەکرێت کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ملیۆنان دۆلاری تێدا وەبەرهێناوە، بەڵام ئێستا لە لێواری لاوزیدا کەوتووەتە لەرزە.
 
هەروەها بەهۆی ئەوەی لایەنە کوردستانییەکان، بەغدا وەک مەکۆیەک بۆ باسکردنی ناکۆکییەکانی نێوان خۆیان بەکاردێنن، دۆخەکە هێندەی دیکە خراپتر بووە، چونکە ئەوە داخورانی نێوبانگ و یەکگرتوویی هەرێمی کوردستانی لەسەر سەکۆی نێودەوڵەتی خراپتر کردووە. 
 
لاوازیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ گوێنەدان بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و بگرە دواخستنیشی. هەروەها خاوبوونی پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە لە دەرئەنجامی ناکۆکییە سیاسییەکان هۆکارێکی بەهێزی دیکەیە. لە دەرئەنجامیش دەنگی کورد لە بەغدا بە شێوازێک لاوازبووە نەک ناتوانێت لێپێچینەوەی لە گەندەڵییەکانی حیزب و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان بکات، بەڵکو ناتوانێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستبێنێت! هەر کاتێکیش هەرێمی کوردستان پەنای بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بردبێت، بەڕوونی ئاماژەیان بە چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان و یەکڕیزی کورد کردووە. خەڵکی هەرێمی کوردستانیش سەرەڕای نەهامەتی و قورسییەکانی دۆخی ئێستا، داواکاریی سەرەکییان یەکدەنگیی کوردە و ئەوە بە تاکە چارەسەر بۆ تێپەڕبوونی قەیرانەکان دەبینن، هاوشێوەی گەمارۆکانی دوای گشتپرسی سەربەخۆیی کە لە کاتێکدا بوو عێراق زۆر بەهێزتربوو لەم عێراقەی ئەمڕۆ. جێگەی پرسیارە کاتێک هاوپەیمانان و خەڵکی هەرێمی کوردستان یەکڕێزی بە چارەسەری راستەقینەی گرفت و ئاڵۆزییەکان دەبینن، بەڵام پارتە سیاسییەکان هێشتا ئەمە پشتگوێ دەخەن. 
 
ئەم دۆخە نیگەرانی دروست دەکات لەوەی کە رەنگە لە داهاتوودا پێکهاتەی سەربازیی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی ئەمنیی بەهێز و پیشەیی سەیر نەکرێت، ئەگەر چاکسازیی تێدا نەکرێت. پێویستە ئەو دوو پارتە ئەو چاکسازیە پیشانی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان بدەن و بیسەلمێنن کە پابەندبوونێکی راستەقینە هەیە بە بەهێزکردنی دامەزراوەکانمان و چیدیکە بەرژەوەندییە حیزبییەکانیش کاری لەپێشینە نین.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.