بڕیارە سەرەتای مانگی 11ـی 2022 ، پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی 14یەمی خۆی لە شاری دهۆک ببەستێت. پارتییەکان لە پێش هەموو لایەک، چاویان لەوەیە و دەپرسن لەم کۆنگرەیەدا چ روودەدات؟ پارتی بەرەو کوێ دەچێت؟ ئینجا هەر ئەم پرسیارە، لەلایەن حیزبەکانی کوردستان، عێراق و دەوڵەتانی ناوچەکەش دەکرێت و بە وردی چاودێریی ئەم پرۆسەیە دەکەن، چونکە پارتی گەورەترین و کاریگەرترین حیزبی جەماوەری و سیاسییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، بگرە کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر بڕیار و سیاسەتی هەندێ دەوڵەتانی ناوچەکەش.
12 ساڵە پارتی کۆنگرەی نەکردووە، لە مانگی 12ـی ساڵی 2010 کۆنگرەی 13ـی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر، ئەنجام دا.
بابێنەوە سەر پرسیاری سەرەکی، لەم کۆنگرەیەدا چ روودەدات؟
پارتی حیزبێکی دەوڵەتدار و حوکمڕانە و هەڵگری دۆزی میللەتێکە کە خەبات دەکات بۆ ئەوەی میللەتەکەی لەو قۆناخە دەرباز بکات بۆ قوناخێکی دیکە کە (دەوڵەتە) و دەستبەرداری ئەم ئامانجەش نەبووە و نابێت، چونکە پارتی پێش 76 ساڵ لە 16/8/1946 هەر بۆ ئەم ئامانجە دامەزراوە. دەکرێ بڵێین ئەمە کورتترین پێناسەی پارتییە.
ئەگەر سەیری سینگی پارتی بکەن بۆ خۆ نەچەماندن و پاراستنی هەیبەتی میللەتەکەی تیری زۆری پێکەوتوون، شوێنێک لە جەستەی پارتی نەماوە برینێکی دژوار و سەختی لێ نەبێت، قۆناخی وەها هاتوون، کاریان کردووە بۆ نەهێشتنی ئەم حیزبە، بەڵام هەمیشە و لە ماوەیەکی کەم دا بەهێزتر لە جاران خەڵکی کوردستان دەستی پارتی گرتووەو گەڕاوەتەوە مەیدان. ئەم دەستگرتنەی خەڵک دوو هۆکاری سەرەکی هەن:
یەکەم: پارتی خاوەن رابەرایەتییەکی حەکیمە
دووەم: خەڵک دەزانێت ئەم حیزبە و رێبەرەکەی تاوەکو ماون پاسەوانی دەرگەی دۆزی کوردن.
ئێستا گرەوی زۆر لەسەر پارتی دەکرێت، کە رەنگە بەدەردی هەندێ حیزبی دیکە بچێت و بکەوێتە قەیرانێکی گەورەی نێوخۆییەوە! رەنگە هەندێ جار لەنێو پارتییەکانیش ئەو پرسیارە دروست ببێت کە ئەم حیزبە چی لێ دێت؟
پارتی چی لێ دێت؟
رەگەزو پایە سەرەکییەکانی پارتی
1- بنەماڵەی بارزانی حەکیمترین بنەماڵەن کە رابەرایەتی دوو شتی لێکدانەبڕاو دەکەن. ئەویش پارتی و میللەتی کوردە، نەک تەنیا لە باشووری کوردستان، بگرە هەوێنی ئومێدی پارچەکانی دیکەی کوردستانن.
2- پەیوەندیی جەماوەری کوردستان بە پارتییەوە نەک پەیوەندییەکی (پێکەوەلکاوە) بەڵکو پەیوەندییەکی رۆحییە.
3- مانەوە و چارەنووسی کوردستان و خەڵکەکەی بەستراوەتەوە بە مانەوەو چارەنووسی پارتی.
ئەم سێ رەگەزانە وادەکەن کە زۆربەی گرەوەکان لەسەر تێکچوون و لاوازبوونی پارتی پووچەڵ ببن.
پارتی لەبەرئەوەی حیزبێکی دەوڵەتدار، حوکمڕان و حیزبی هەڵبژاردن و هەڵگری دۆزی میللەتێکە، هیچ جارێک هەنگاوێک ناهاوێژیت، ناسەقامگیری دروست بکات. بە مانایەکی دیکە، هەیکەل و شێوازێکی وەها حیزبیانە داناڕێژرێت کە (موفاجەئە) بێت و مودێلێکی نوێ بێت، بۆ ئەوەی تێستی ئەوە بکات ئاخۆ سەرکەوتوو دەبێت یان نا.
لە کۆنگرەی 14دا جەنابی سەرۆک بارزانی، بناخەیەکی قایم و سەقامگیر دادەنێت بۆ رابەرایەتیکردنی ئەم حیزبە. چونکە ئەو ئاڵنگارییانەی لەبەردەم پارتی و هەرێمی کوردستان هەن لە ئایندەیەکی نزیک و مامناوەند دا ئاڵنگاری ئاسان نین لێی دەرباز ببین، بۆیە سەرکردایەتیکردنی پارتی ئەوەندە تۆکمە و حەکیمانە دەبێت توانای رووبەڕووبوونەوەی هەر ئاڵنگارییەکی دەبێت کە چاوەڕوانکراون بێنە پێشەوە.
لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیش هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە روونادات کە ئەوانەی ئەم حیزبەیان لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی گەیاندووەتە ئەمڕۆ بڵێن دەستان خۆش و مەیدانەکە چۆڵ بکەن بۆ کادیری دیکەی حیزب. لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، رەنگە هەندێ کادیری دیکەی نێو حیزب بۆ سەرکردایەتی پارتی سەربکەون کە هەڵگری پەیام و رێبازی پارتی و بارزانی دەبن و، درێژە بە خەباتی سەقامگیری پارتی و باشووری کوردستان دەدەن.
ئەوەی گرنگە ئەم کۆنگرەیە جیابکرێتەوە لە کۆنگرەکانی دیکەی پارتی، باسی ئافرەتە کە پێویستە مەکتەبی سیاسی ئافرەتی تێیدابێت، بەرپرسی لق، کارگێڕ لق و بەرپرسی ناوچە ئافرەت بن. دەبێ بەشێوەیەکی بەهێز پشتگیری ئەم بوچوونە بکرێت و سەربکەوێت.
ئەرکە قورسەکانی بەردەم پارتی دوای کۆنگرەی 14
- پاراستن و زیادبوونی دەنگی پارتی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێمی کورستان و عێراق.
- دۆخی نێوخۆی کوردستان بە ئاراستەی سەقامگیری (سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی)
- پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
- پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان.
- درێژەدان بە رابەرایەتیکردنی دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان.
- پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدای ناسەقامگیر.
- پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزە نێودەوڵەتییەکان.
ئەم هەموو ئەرکانە، ئەرکی قورسن و بەشێکی هەرە زۆری پارتی لێیان بەرپرسیارە.
*هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و کادیری هەڵبژێردراوی پارتی بۆ کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ