"تۆ هەر پێشەوا و هەر رابەرمانی"

22-08-2024
A+ A-
پێشتر ناویم بیستبوو، بەڵام لە نزیکەوە نەمبینی بوو. لە ئێوارە کۆڕێکدا برادەرێک گوتی ئەوە فڵان کەسە کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت، تومەز ئەو بە کەسێکی دیکە تێگەیشتبوو. پیاوێکی سپۆرتی بەتەمەنی نیشاندام، منیش رێک بەرەو رووی رۆیشتم و پێمگوت: جەنابت دکتۆر فوئاد بابانیت؟ بە بزیەکەوە گوتی، ها کابرای پەنجەمۆر، بەڵێ من فوئاد بابانم، بەڵام ئەوەیان نا کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت، دەزانم دەتەوێت باسی مێژوویی لەگەڵدا بکەیتەوە، راستە ناوەکانمان وەکو یەکە، بەڵام من کەڵکی ئەو بەرنامانەم نییە. هیچم نەگوتبوو، گوتی فەرموو تەلەفۆنەکەی بنووسە و قسەی لەگەڵ بکە، شتی پێیە، باسی مێژوویی لایە، لە جەللاییە کۆنەکانە! من تەنیا ئەوەندەم پێکرا، سوپاسی بکەم، دەمویست بەدوای فوئاد بابانە ئەسڵییەکەدا بگەڕێم!
 
تەلەفۆنم بۆ کرد و خۆم پێناساند، بە پێکەنینەوە گوتی: دەمزانی رۆژێک هەر دەمدۆزیەوە. ناونیشانی شوێنی کارەکەی پێدام، دیارە ئەو خانەنشین بووە، بەڵام لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت کار دەکات. فوئاد بابان جگە لەوەی پزیشکێکی کارامەیە، پیاوێکی خوێندەوارە، قسەخۆشە، نووسەر و وەرگێڕێکی باشە. چەند کتێبێک لەو کتێبانەی لە ئینگلیزییەوە کردوونی بە کوردی پێشکێش کردم.
 
فوئاد بابان لە بابانەکانی هەڵەبجەیە کە خۆیشی نازانێت بۆچی بنەماڵەکەیان گەیشتوونەتە ئەو شارە، بەڵام ئەو خۆی بە هەڵەبجەییەکی ئەسڵ دادەنێت. لە رێگەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە، ساڵی 1953 دەچێتە ریزی (پارتی دیموکراتی کورد)، ئاخر تاوەکو ساڵی 1953، پارتی دیموکراتی کورد بوو، هەر لەو ساڵەدا لە کۆنگرەی سێ دا، کوردستان جێگەی کوردی گرتەوە لە ناوی پارتی دا. 
 
کاتێک فوئاد بابان باسی رووداوەکان دەکات، دەڵێی دوێنێ بووە! لێی دەپرسم کورد چ قازانجێکی لە شۆڕش یان وەکو هەندێک دەڵێن کودەتای 14ـی تەممووزی ساڵی 1958 کرد لە عێراق؟ دەمودەست سوودەکانی دەژمێرێت و دەڵێت: چۆن قازانجی نەکردووە، شێخ ئەحمەدی بارزان لە زیندان ئازاد کرا، رێگەیان بۆ مەلا مستەفا بارزانی خۆشکرد لە یەکێتی سۆڤیەتەوە دوای 12 ساڵ ئاوارەیی بگەڕێتەوە، گوتیان کورد و عەرەب هاوبەشن لەم وڵاتەدا، ئەمانە قازانج نەبن، ئەی چی قازانجە؟
 
لە رێگەی چەپەکانی نێو پارتییەوە، بەکاوەخۆ حیزبی شیوعی عێراق گۆڕی بۆ پارتی هەڵدەکەند، دەیانویست لە باشترین دۆخ دا بیکەنە لقێکی مەعقولی گوێ لەمستی حیزبەکەیان، بەڵام لە کۆنگرەی پێنجی پارتی دا کە فوئاد بابان خۆی ئەندامی کۆنگرە بووە، دەڵێت: مەلا مستەفا لە رێگەی بەرزکردنەوەی مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەدەوە و بەلادانی هەمزە عەبدوڵڵا، پارتی لە مردنێکی حەتمی رزگار کرد، فوئاد بابان دەڵێ ئەگەر مەلا مستەفا نەبووایە، هیچ گومانی تێدا نییە، شتێک بەناوی پارتییەوە نەدەما و لەناو حیزبی شیوعی دا دەتوێنرایەوە. 
 
زۆربەی سەرچاوەکان دەڵێن ژەنەڕاڵ بارزانی لە ساڵی 1959 دا، سەرەتا لە کۆنگرەی پارتی دا بەشداری نەکردووە، پاشان  کۆنگرە، مام جەلال و عومەر دەبابە دەنێرنە لای ژەنەراڵ و تەکلیفی لێدەکەن بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆنگرە، ئاخر مەلا مستەفا دەیویست وەکو سەرۆکی جەماوەریی کورد کارەکانی رێکبخات و بە رێگەی خۆی هەوڵی دابینکردنی مافەکانی کورد بدات. دکتۆر فوئاد بابان دەڵێت: کە مەلا مستەفا هاتەوە نێو کۆنگرەکە، دەستی بەرزکردەوە بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بداتە کۆنگرە کە ئەو نایەوێت کاری حیزبایەتی بکات، بەڵام مامۆستا ئیبراهیم  ئەحمەد دەستی مەلا مستەفا بارزانی گرت و قسەکەی پێ بڕی و بە دەنگێکی بەرز کە هەموو ئەندامانی کۆنگرە گوێیان لێ بێت، بە مەلا مستەفای گوت: قوربان تۆ بتەوێت یان نەتەوێت، هەر خۆت سەرۆک و هەرخۆت رێبەرمانی! ئیتر ئەندامانی کۆنگرە دەیکەن بە چەپڵەڕێزان، مەلا مستەفاش قبوڵی دەکات! 
 
فوئاد بابان پێیوایە ناکۆکییەکانی نێو پارتی هەر لە دوای کۆنگرەی پێنجەوە سەریانهەڵداوە، چونکە وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەتی ئێران دەیویست بۆ قازانجی خۆی دەست وەربداتە نێو سیاسەتی عێراقەوە، هەر زوو لە رێگەی ساواکەوە پەیوەندی بەهەندێک ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییەوە کرد، بۆ ئەوەی زەوینەی شەڕێکی چەکداری رێکبخرێت، لەلایەکی دیکەوە هەڵەکانی حیزبی شیوعی عێراق، هەنگاوەکانی عەبدولکەریم قاسم بەرەو بیری قەومیەتی عەرەبی، رێگەیان بۆ کەنارخستنی عەبدولکەریم قاسم خۆش کرد و تەنانەت سەریشی تێداچوو، ئیتر لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە. 
 
لە کۆنفرانسی باڵی جەلالییەکان لە کەلارە کۆن کە لە ساڵی 1967 بەسترا و فوئاد بابان بەشداری تێدا کردووە و شایەتی رووداوەکانە، باس لەوە دەکات حیلمی عەلی شەریف پێشنیازی بۆ ئەندامانی کۆنگرە کرد و گوتی: باشترە دەستبەرداری چەک ببین و پەنا بۆ کاری سیاسی و رۆشنبیری بەرین، با چیدیکە نەبینە بەشێک لە شەڕی ناوخۆی کورد! بەڵام مام جەلال دژی پێشنیازەکە دەوەستێتەوە و، ئەندامانی کۆنفرانسیش چاویان لە دەمی مام جەلال دەبێت و هەموو پشتیوانیی مام جەلال دەکەن. هەر لەو کۆنفرانسەدا برایەکی حیلمی عەلی شەریف بە "فیشەکی وێڵ" دەکوژرێت، ئەوەش دڵی حیلمی عەلی شەریف کرمێ دەکات، بۆیە لەسەرەتای حەفتاکاندا واز لە کاری حیزبایەتی دەهێنێت، چونکە وەکو فوئاد بابان دەڵێت تاوەکو مردنی حیلمی عەلی شەریف لە ساڵی 1998 هاوڕێیەکی نزیکی بووە، گومانی لە کوشتنی براکەی دا هەبوو.  
 
هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم مێژووە، نووسەر و لێکۆڵەرێکی دیکەی کورد، فوئاد مەجید میسری لە یادەوەرییەکانیدا بەناوی (مێژوویەکی تر)، باسی کۆنفرانسی ماوەت دەکات کە مەکتەبی سیاسی پارتی بەبێ ئامادەبوونی ژەنەڕاڵ بارزانی بەستیان دەڵێت: "ئێستا کە دەگەڕێیتەوە بۆ ئەو قۆناخە تێدەگەی مەکتەبی سیاسی خوێندنەوەیەکی دروستیان بۆ وەزعەکە نەبووە، گرتنی کۆنفرانسی ماوەت‌ بەو پەلەپەل‌و سڕکردنی بارزانی بڕیارێکی سەرپێیی ‌و هەڵەیەکی گەورەی مێژوویی بووە. نەدەبوو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی خۆیان تووشی خۆشخەیاڵی بکەن‌و پێیانوابێ بەو هەنگاوە بارزانی دەخەنە دەرەوەی رووداوەکان‌و گۆشەگیری دەکەن. بۆیە سەرەنجام ئەم بڕیارە بووە ئەو پڕیشکەی ئاگری لە تەڕ و وشک بەردا. ئەوەی روویدا هەڵەیەکی مێژوویی کوشندە بوو. نەخۆیان ‌و نەهیچ کەس بۆیان راستناکرێتەوە و هەزار پەشیمانیش قەرەبووی لافاوی خوێنی بەناهەق رژاوی سەدان کوڕی کورد ناکاتەوە کە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆش لرفەی دێ. هەرچی کارەساتیش لە کوردستان دا روویداوە لەو رۆژەوە تائێستا، بەرهەمی ئەو کۆنفرانسەیە. هەموو بۆچوونەکانیان سەبارەت بە تاک مانەوەی بارزانی هەڵە دەرچوون. ئەگەر بابەتیانەش تەماشای دۆخەکە بکەین، دەبێ ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین چ لۆژیکێک ئەوە قبووڵ دەکات لە گەرمەی شەڕی کورد و دەوڵەتی عێراق دا کەلێنێکی گەورە بخەیتە ناو بزووتنەوەکەوە؟ دەبوو بیانزانیایە گرەو لەسەر دوورخستنەوەی بارزانی خەونێکە بۆیان نایێتە دی! سەڕەرای ئەمانە هەمووی کە جیابوونەوە و دووبەرەکی روویدا، دەرکەوت لەسەر زەوینەی واقیع 500 کەس زیاتریان لەدەور نەماوە، 95٪ـی پێشمەرگەی کوردستان بەهێزەکانی بارزانییەوە پەیوەست بوون، ئەمە بەڵگەی چییە؟" 
 
فوئاد بابان باسی دڕندەیی نازم گزار دەکات و، ئەوەی ئەو بە زیندانییەکانی کردووە کە فوئاد بابان خۆی یەکێک بووە لەوانە، مەگەر لە دڕندەیەکی وەکو ئەو بوەشێتەوە، لەکاتێکدا بەدەم کەباب خواردنەوە ئەشکەنجەی زیندانییەکان دەدات، بە چوار ئەندامی زیندانیکراوی پارتی دەڵێت: من خۆم زیاتر لە 900 شیوعیم کوشتووە، ئێوەش دەخمە پاڵ ئەوان! هەروایشی کرد، عەبدولڕەحمان نفووس یەکێک لە سەرکردەکانی پارتی لە بەغدا پارچەپارچە دەکات، چونکە ئامادە نابێت ناوی یەک ئەندامی پارتی ئاشکرا بکات!
 
فوئاد بابان وەکو خۆی دەڵێت لە ساڵی 1968 بەدواوە وازی لە کاری رێکخستنی حیزبی هێناوە، بەڵام بەردەوام لەگەڵ هاوڕێ کۆنەکانی لە باڵی جەلالییەکان لە پەیوەندی دا بووە، ئەو دەڵێت: کاتێک نەوشیروان مستەفا گۆڕانی دروستکرد، چووم بۆ لای و پێمگوتم بەم کارەت زیان لە کورد دەدەیت، باشترە لەگەڵ مام جەلال پێکبێیتەوە، بەڵام نەوشیروان مستەفا بەیەک دێڕ وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: نامەوێت بەردەوام ئاسنی سارد بکوتم!
 
لە بەرنامەی (پەنجەمۆر) دا لەگەڵ فوئاد بابان، سەرەڕای گێڕانەوە و شایەتییەکان، چێژم لە شێوەی قسەکردنی وەرگرت، باسی زۆر شتمان کرد، کاری پزیشکی نەبێت کە بەشێکە لە ژیانی ئەو، هەربۆیە حەزدەکەم ئێوەش شەوی چوارشەممە تەماشای (پەنجەمۆر) بکەن و، گۆشەیەکی دیکەی رووداوەکانی ساڵانی شەستەکان و حەفتاکان و دواتر ببینن و ببیستین، ئینجا هەموومان ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین، بۆچی کەڵک لە هەڵەکانی رابردوومان وەرناگرین و بەردەوام دووبارەیان دەکەینەوە؟

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە