تاکتیک و پیلان، یان ناوى گەورە و دێى وێران

تێکشکانى هێلیکۆپتەرەکەى ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆمارى ئێران، وەک زۆر رووداوى دیکەى هاوشێوە، بە تەمومژاوی دەمێنێتەوە. تەنانەت ئەوانەشى نەک هەر گومان، بەڵکوو بە یەقینییەوە باوەڕیان وایە بە پیلان هێلیکۆپتەرەکەى تێکشکێندراوە، ناگەنە هیچ ئەنجامێکى پشتڕاستکراوە، کە راستیی هۆکارى کەوتنەخوارە و گیانلەدەستدانى سەرۆککۆمار بسەلمێنێت. 
 
بۆ تێگەیشتن لە رووداوى لەم جۆرە، دەبێت چاوەڕوانى لێکەوتە و ئەو گۆڕانکارییانە بکرێت کە بەهۆى رووداوەکەوە دێنەپێشەوە، ئەنجامى ئەو پرۆسێسە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ هەڵسەنگاندن و تێگەیشتن لەوەى روویداوە. 
 
بەڵام بەدیاریکراوى ئەوەى وادەکات تێگەیشتن یاخود گەیشتنە ئەنجامێکى دروست لە ئەنجام و لێکەوتەى خودى ئەم رووداوەى ئێران قورس بێت، ئەوەیە؛ مردنى سەرۆککۆمار لێکەوتەیەکى بەرچاوى ئەوتۆى نابێت و بۆشاییەک لە سیستەمى بەڕێوەبردن و حوکمڕانیی ئێران دروست ناکات. دەیان مەلای عەمامە بەسەرى هاوشێوەى ئیبراهیم رەئیسى لە ریزدان و سبەى رابەرى ئێران پەلى هەر کامیان بگرێت، بە ئاسانى جێگەکەى پڕ دەکەنەوە. بۆیە لێکەوتەى خودى ئەم رووداوە یارمەتیدەر نابێت لە فراوانکردنەوەى تێگەیشتنێکى دروست بەوەى چى لە پشت گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمارەوەیە. تەنها حاڵەتێک یارمەتىی ئەوە بدات راستییەکان دەرکەون، لە دواجاردا شوێنگرەوەى رابەرى کۆمارى ئیسلامیی ئێرانە، نەوەک شوێنگرەوەى سەرۆک کۆمار. 
 
بەڵام ئەوەى وەک پرسیارێک دەمێنێتەوە و مرۆڤ دەخاتە بەردەم هەڵوەستەى بیرکردنەوەى قوڵەوە، جۆرى مامەڵە و تواناى دەوڵەتە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە رووداوانە. نەک تەنها بۆ تێکشکاندنى هێلیکۆپتەرەکەى سەرۆککۆمارى ئێران، تەنانەت تائێستا و دواى زیاتر لە دوو دەیە، زۆر کەس شۆکى 11ـی سێپتەمبەرى ئەمریکا بەرینەداون بەوەى؛ چۆن دەتوانرێت باوەڕ بەوە بهێندرێت، دەوڵەتێکى بەهێزى وەک ئەمریکا، کە خاوەن گەورەترین دەزگاى هەواڵگریى و پێشکەوتووترین ئامرازەکانى چاودێریکردن و کۆکردنەوەى زانیارییە، بێئاگایە لەوەى پیلانێکى لەو جۆرە لەنێو خودى وڵاتەکەى دادەڕێژرێت و دەتوانرێت بەسەرکەوتوویى ئەنجام بدرێت؟
 
یاخود ئەوەى لە 7ـى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو، حەماس لە ئیسرائیل ئەنجامیدا، بۆ زۆر کەس جێگەى پرسیارە، بزووتنەوەى حەماس چۆن توانى ئەو هەموو کەناڵە جۆراوجۆرانەى چاودێرى ببڕێت و بەو شێوەیە دزەبکاتە نێو قوڵایى ئیسرائیلەوە؟ بەتایبەت کە دەزگاى هەواڵگریى ئیسرائیل ئاگاى لە ورد و درشتى دونیایە، چۆن ئاگاى لە ئاسایشى وڵاتەکەى خۆى نییە؟ لەم حاڵەتانەدا ئەوەى دەبێتە سەنگى مەحەک بۆ تێگەیشتن لە رووداوەکان ئەوەیە؛ ئەو رووداوە دەرگە بۆ چ پێشهاتێک دەکاتەوە، یاخود دەوڵەت لەدواى ئەو رووداوە چى دەکات. 
 
ئەوەى ئەمریکا دواى 11ـى سێپتەمبەر کردى و، ئەوەى ئیسرائیل لەدواى 7ـى ئۆکتۆبەر ئەنجامى دەدات، ئەوەمان پێدەڵێن هەردوو دەوڵەت چاوپۆشیان لە ئەنجامدان یاخود خوڵقاندنى ئەو رووداوانە کردووە، کە لە 11ـى سێپتەمبەر لە ئەمریکا و لە 7ـى ئۆکتۆبەر لە ئیسرائیل روویاندا. ئەمەش بۆ وەرگرتنى رەوایەتیی پاساوى ئەو کردەوە و رەفتارانەى دواى رووداوەکان ئەنجامیان داوە.
 
بەڵام ئەوەى بۆ ئەم رووداوەى ئێران جێگەى هەڵوەستە و پرسیارە، مامەڵەى دەوڵەتە لە ساتى رووداوەکە و چۆنیێتى دۆزینەوەى چارەنووسى سەرۆکە بێسەروشوێنەکەیان بۆ ماوەى نزیکەى بیست کاژێر. وەک چۆن جێگەى باوەڕ نییە ئیسرائیل بەو ئەندازەیە لاواز و بێتوانابووبێت لە رێگریى چەکدارانى حەماس بۆ نێو ئیسرائیل و زۆر کەس ئەوە بە داوى تەلئەڤیڤ دەبینن بۆ خوڵقاندنى ئەوەى بەسەر غەزەیاندا هێناوە. بۆ ئێرانیش قورسە باوەڕ بەوە بکرێت بەو ئەندازەیە لاواز و بێتوانا و بێدەسەڵات بن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەى هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەى سەرۆککۆمار و، بەناچارى پەنا بۆ تورکیا ببەن تاوەکو یارمەتییان بدات لە دۆزینەوەى چارەنووسى سەرۆککۆمار. 
 
بەتایبەت بەهۆى ئەوەى رووداوەکە لەنێو خودى وڵاتى ئێران روویداوە، هەروەها دوو هێلیکۆپتەرى دیکە هاوەڵى هێلیکۆپتەرەکەى رەئیسى بوون و مومکین نییە نەزاندرێت لە کوێ کەوتووەتە خوارەوە. لەڕووى تواناى تەکنەلۆژیاى سەربازیى و دەزگاى چاودێرییەوە، ئێران بەو ئەندازەیە نییە کە تواناى بەسەر دۆزینەوەى هێلیکۆپتەرێکى تێکشکاودا نەشکێت. ئەگەر هەر بەڕاستى ئەوە راست بێت کە ئێران بەو ئەندازەیە لاوازە، دەبێت بڵێین ناوى گەورە و دێى وێرانە. ئێرانێک بووەتە هەڕەشە و مەترسى بۆ ناوچەیەکى بەرفراوان لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست و سەرچاوەى کێشە بۆ بەشێکى جیهان، بەڵام لە رووداوێکى لەم جۆرەدا هێندە دەستەپاچەبێت پەنا بۆ تورکیا بەرێت، جێگەى تێڕامانە. 
 
هەرچەندە ئەزموونێکى هاوشێوەى چەند مانگى رابردووش تائێستا بێ وەڵام ماوەتەوە کە ئایا ئەوەى ئێران کردى لە ئاراستەکردنى مووشەکە دوورمەودا و بالیستییەکان و هێرشى درۆنى بۆ سەر ئیسرائیل، کە هیچیان ئامانجیان نەپێکا و بەشێکیان لەنێو خاکى ئێران خۆی، یاخود زۆر دوور لە ئامانجەکانى لە ئیسرائیل کەوتنەخوارەوە، ئایا ئەوە تواناى سەربازى ئێران بوو کە هەڕەشەى لە نەیارەکانى پێدەکرد، یاخود ئەوەش تاکتیک و پیلان بوو بۆ چەواشەکردنى ئەمریکا و ئیسرائیل و رۆژئاوا کە باوەڕێکیان لادروست بێت، ئێران ئەو دەوڵەتە مەترسیدارە نییە، وەک وێناى دەکەن. تاوەکو بەو جۆرە خۆى لە سزا و پەلامارى نەیارەکانى بپارێزێت؟ 
 
لێرەشدا ئەوەى وادەکات نەتوانرێت بە ئاسانى باوەڕ بەوە بکرێت تواناى تەکنەلۆجیاى سەربازیی ئێران بەو ئەندازەیە لاوازبێت کە لە مووشەکبارانەکانى بۆ سەر ئیسرائیل و لە گەڕان بەدواى هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەى ئیبراهیم رەئیسیدا بینمیان، هەڵوێستى رووسیایە لە جەنگى ئۆکراینا، چونکە رووسیا کە خۆى یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانى پێشکەوتووى تەکنەلۆجیا و پیشەسازیى سەربازیی، لە جەنگى لەگەڵ ئۆکراینا، پشتى بە درۆنەکانى ئێران بەستووە، کە دەگوترێت توانى چاودێریکردن و پێکانى ئامانجیان زۆرە. باشە کە ئێرانێک لەلایەک هێندە بەهێزبێت بووبێتە پشتیوانى و سەرچاوەى بەخشینى هێز بە رووسیا، چ لۆژیکێک ئەوە دەسەلمێنێت لەلایەکى دیکەوە هێندە بێهێز و دەستەپاچە بێت؟ 
 
سیاسەت پڕە لە گەمەى چەواشەکارى و فڕوفێڵ، بۆ تێگەیشتن لە راستیی ئەوانەى بە چاویش دەیانبینین، مرۆڤ دەبێت یان خۆى زۆر ماندوو بکات بۆ سەلماندنیان، یاخود دەبێت خاوەن پشوویێکى درێژبێت تاوەکو زەمەن راستییەکانى بۆ روون بکاتەوە. پەلە نەکەین لە بڕیاردان، زۆر نابات و روون دەبێتەوە ئەوەى ئێران دەیکات تاکتیک و پیلانە، یاخود بەڕاستى ئێران ناوى گەورەو دێى وێرانە؟