نیشتمان ئێمە كۆبكاتەوە، یان ئێمە نیشتمان دابەش بكەین!

وجود و سەرچاوە سەرمەدی و بێ كۆتاییەكە هەر تەنها نیشتمانە، هەموومان بە تێكڕای حیزبەكان و كەسایەتی و تەخت و بەختمانەوە، لە نیشتمانەوە سەرمان دەرهێناوە و هەر خزمەتی نیشتمانیش رەوایەتیی بە وجودمان داوە. هەركامێكیشمان كەنگێ بە كەڵكی ئەو خزمەتە نەماین و بووینە ئاستەنگ لە رێی پێشكەوتن و گەشەی نیشتمان، ئیترنامێنین و دەڕۆین و لە ئێمە باشتر و بەكەڵكتر جێمان دەگرێتەوە. خزمەت و كەڵك بۆ نیشتمانیش هیچ نییە جگە لە هەوڵ و تەقەلای بەردەوام بۆ هێنانەدیی ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی، بۆ بەرقەراریی ئاشتی و دوورخستنەوەی شەڕ و ململانێ، بۆ ئارامیی سیاسی و تەناهی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی، بۆ دابینكردنی ئێستای بێ دڵەڕاوكێ و ئاییندەی پڕ دڵنیایی و تەئمینی سەر و ماڵی خەڵك. هەر ئەوەش كرۆك و ئامانجی سیاسەتە بە مانا ئەخلاقییە باڵاكەی. 
 
لە راستیدا نەك هەر مان و ژیانی گەلی كوردستان بە چارەنووسی هیچ یەك لە حیزب و لایەنەكانەوە نەبەستراوە، بەڵكو مانەوە و بەردەوامیی تەواوی حیزب و لایەن و سەركردەكانیش هەر بە مان و سەربەرزیی ئەو نیشتمانەوە بەندە. جا بۆئەوەی نیشتمان هەبوونێكی بە روومەت و ساخ و سەرحاڵی هەبێ، ئێمەش هەموو لە سایەیدا هەبین، دەبێ هەموومان لەسەرووی خۆمانەوە ببینین، سەركەوتنی خۆمان لە سەرفرازیی ئەودا ببینینەوە. بۆ ئەوەی نیشتمان سەرفراز بێ، دەبێ: 
 
• چیدی وەك گۆڕەپانی ململانێ و لەعەرزدانی پشتی یەكتر تەماشای نەكەین و نەیخەینە بەر هەڕەشەی كەرت و پەرتكردن، كارێك نەكەین لەجیاتی ئەو ئێمە كۆبكاتەوە، ئێمە ئەو دابەش بكەین. چیتر لەسەر بەباكردنی كای كۆنی بێ سەمەر، یەخەی یەكدی نەگرین و نیشتمان بە ئاگری شەڕی بێهودەمانەوە نەسووتێنین. 
 
• لێگەرێین با نەوەی نوێ خۆشەویستیی نیشتمان كۆیان بكاتەوە، نەك دەمارگیریی حیزبایەتیی تەسك و ئینتیمای لاوەكی بۆ خیڵ، شار، ناوچە، لەهجە، دەستە و تاقم و پەرتەوازەیان بكات. با خۆشەویستییان بۆ زێد و مەفتەنیان وابكات بەهۆی هەڵە و كەم و كاسیی دەسەڵات و كایەی سیاسییەوە، رق لە نیشتمان هەڵنەگرن و پشت نەكەنە كوردستان. متمانەیان بە بەشداریی سیاسی و بە ئاییندە و نیشتمانسازیی بمێنێ و خۆ بەدەست بێ هیواییەوە نەدەن.
 
• با نیشتمان لەگەڵ هیچ لایەك تووشی گێچەڵ و سەركێشی و شەڕی نابەرابەر نەكەین، نەهێڵین لە هیچ بەڵا و تۆفانێكی دەوروبەر و ناوچەكەوە تێوەبگلێ. نە سەری كەس بئێشێنێ و نە سەری بئێشێنن.
 
• با كارێك نەكەین دۆست و هاوپەیمان و پشتیوانەكانی لێی بتەكنەوە و دەستی بەردەن، با ناوبانگی نەشێوێنین و وەك نموونەیەكی گەشی دیموكراسی و بەها مرۆییەکان بیهێڵینەوە. با جیهان لە سەرخستنی ئەم ئەزموونەی كە ئومێدیان لەسەر هەڵچنی و بە شایستەی پشتیوانییان زانی، نائومێد نەكەین.
 
• با لەگەڵ بەغدا بناخەی پێكەوەژیانێكی پتەو لەسەر بنەمای ( دوو قەوارە و یەك دەوڵەت بە قەزاوەتی دەستوور) داڕێژین و گەلەكەمان لە دڵەڕاوكێی درێژخایەن و قەیرانگەلی تاقەتپڕوكێن قورتاربكەین. هەمووشمان پێكەوە و بەیەك دەنگ، لەوێ داكۆكی لە ماف و بەركەوتەكانی بكەین.
 
• هەرچی زووە زەمینەسازیی پێویست بۆ هەڵبژاردنێكی گشتی بە بەشداری هەمووان بكەین، تاوەکو شەرعیەت و رەوایەتی بەبەر دامەزراوەكاندا بكەینەوە. هەموو زەمینەسازییەكەش بۆ گەرەنتی سەركەوتنی كوردستان بێت كە لە سەركەوتنی یەك بە یەكی حزبەكان گەورە و گرنگترە.
 
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە چەند رۆژی رابردوو و لە دیداری سلێمانیدا، ویستی جارێكی دیكە ئەو پەیامە هەمیشەییەی خۆی بە گوێی نوخبەی سیاسیی كوردستاندا بدات، پەیامێك كە  قسەی ناخی دڵی كوردستانییانە، سیاسەتیش گەر بۆ مەبەستی خێر و خۆشی و بەرژەوەندیی گشتی بێ، دەبێ لە ناخی دڵ و خواستی خەڵكەوە هەڵقوڵێ، دەبێ ترپەی دڵی لەگەڵ ترپەی دڵی نیشتمان بێت، ئەگەر نا ئەو سیاسەتە بەسەردەچێ و بەجێ دەمینێ، دەڕوات بێ ئەوەی نیشتمان بەدوایدا بچێ... ئەو دەڕوات و نیشتمان دەمێنێ...