بەرەو تەقینی میزەڵانەکەی ئیتار!

21-01-2024
عادل باخەوان
نیشانەکردن عێراق
A+ A-
با سەرەتا لەو بەڵگەنەویستەوە دەستێپبکەین کە ساڵی 2023، رەنگە یەکێک بووبێت لە ئارامترین ساڵی حکومەتێکی پاش داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە. لەم ساڵەدا، سەرۆکوەزیرانێک کە دەستی سوور نەبوو بە خوێنی عێراقییەکان و هیچ دۆسیەیێکی گەندەڵیی لەسەر نییە، وەک پاڵەوانی رزگارکردنی عێراق لە قەیرانەکان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت خودی عێراقییەکانیشەوە پێشوازیی لێکرا. لە ساڵی رابردوودا عێراق باسی لە ڤیژنی 2050، رێگەی گەشە کە بڕیاربوو ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە ببەستێت، میترۆی بەغدا و چارەسەرکردنی سەرتاسەری گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرد. بەڵام تەواو ! لە ساڵی نوێدا هەموو ئەم چیرۆکە گەورانە لە دواوەی ئێمەوەن و چیدیکە لە پێشمانەوە رێناکەن.
 
بەپێچەوانەوە، هەموو ئەو ئاماژانەی کە لە عێراقەوە دێن، نەک هەر ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیستمی جیهانی، بەڵکو هاووڵاتیی ئاسایی عێراقیش لە کۆی پارێزگەکاندا بەبێ جیاوازی رووبەڕووی رەشبینی و بێئومێدی دەکەنەوە، بەڕادەیەک ترس لە تەقینەوەیەکی یەکجار گەورە لەم وڵاتەدا، بەهێزترین گریمانەیان بێت. رەگوڕیشەکانی ئەم تەقینەوەیەش لەنێو خودی ئەو بلۆکی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی ناسراو بە ئیتارە، کە هەڵبژاردنەکانی 10ـی ئۆکتۆبەری 2021ـی دۆڕاند، بەڵام لەبەر کشانەوەی براوەی یەکەم، موقتەدا سەدر و لە هەلومەرجێکی نائاسایی، پاش شەڕێکی خوێناوی لە ناوچەی سەوزی بەغدا، کە سەدان کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە، حکومەتێکی پێکهێنا.
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەر لە پاریسەوە تاوەکو دەگاتە واشنتۆن، تاوەکو ئاستێکی بێ پێشینە، پشتیوانییان لەم حکومەتەی برادەرانی ئیتار کرد. بەڵام وەک چۆن برادەرانی ئیتار حکومەتەکەیان لە هەلومەرجێکی نائاساییدا دروستکرد و سەرکەوتوو نەبوون لە چارەسەرکردنی هیچ یەکێک لە قەیرانە ستراکتۆراڵەکانی (بنەڕەتییەکانی) عێراق، ئاواش هەموو ئاماژەکانی ساڵی نوێ بەرەو بەهێزبوونی زیاتری گریمانەی تەقینەوەی گەورەی نەک هەر حکومەت، بەڵکو کۆی دۆخی عێراقیشمان دەبات و، سەرەتاکانی ئەم گریمانەیەش بە تەقینەوەی میزەڵانەکەی برادەرانی ئیتار دەستپێدەکات. با ئێمە لەسەر چەند ئاماژەیەکی خێرای تەقینەوەی ئەم میزەڵانە بووەستین.
 
یەکێک لەو رەگەزانەی شووناسی سیاسی و ئایدۆلۆژی بلۆکی ئیتار پێناسە دەکات، بریتییە لەو پەیوەندییە داینامیکییەی لەنێوان ئەم بلۆکە و کۆی ئەو هەشتا رێکخراوە میلیشیاییەدا هەیە، کە هەژموونیان بەسەر عێراقی دەوڵەتدا کردووە، بەڕادەیەک کە لە توێژینەوەیەکدا بلۆکی ئیتارم وەک باڵی سیاسیی میلیشیاکان ناوزەدکردووە، بەڵام کاتێک خودی ئەم میلیشیایانە هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، سەرۆک وەزیران، کە قەیس خەزعەلی بە بەڕێوەبەری گشتی ناویبردبوو، دێتە سەر هێڵ و بۆ یەکەمجار ئەم هێرشەی میلیشیاکان دەخاتە چوارچێوەی تیرۆریزمەوە، واتە هەمان پێناسەی نێودەوڵەتی بۆ داعش بەو هێرشەی میلیشیاکان دەدات. ئەمە، یەکێک بوو لەو گورزە هەرە بەهێزانەی لەناوەوەی خودی ئیتار، ئیتاریەک کە سەرۆکوەزیرانە، لە بلۆکی ئیتاری دا و درزێکی وای دروسکرد، کە تائێستاش فراوانتر دەبێت و هەرکەسێک بە وردی ئیتار نەناسێت و قسەیان لەگەڵدا نەکات، وەک پێوسیت ئەم درزە نابینێت. 
 
دواتر پێناسەکردنی هێرشەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن خودی هەمان سەرۆکوەزیرانەوە بە کردەیەکی دوژمنکارانە، پێشهاتێکی ئێجگار گرنگە، چونکە لە سۆسیۆلۆژیای زانستە سیاسییەکاندا بەکارهێنانی دەستەواژەی "کردەی دوژمنکارانە" بارگاویکراوە بە کۆمەڵێک مانای مەترسیدار و، دەکرێت دوو دەوڵەت بەرەو جەنگێکی سەرتاسەری بەرێت. نەک هەر ئەمە، بەڵکو دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هەڵدەوەشێنێتەوە و بەرپرسی ئاسایشی نیشتمانییەکەی سەرۆکی حکومەتی عێراق، دێتە هەولێر و چیرۆکە ئێرانییەکە بەدرۆدەخاتەوە، دواتریش وەزارەتی دەرەوە سکاڵا لەسەر کۆماری ئیسلامی لە ئەنجوومەنی ئاسایش تۆماردەکات، پاشان کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا بۆ لێپرسینەوە بانگدەکات. هەموو ئەم جوڵانەوانە ئەنجامی ئەم دابەشبوونە قووڵەی نێو خودی بلۆکی ئیتارە، کە وا لە بەرپرسێکی گەورەی عێراق بکات، پێمبڵێت "دەستلەکارکێشانەوەی سوودانی، بەدوور مەزانە!"
 
لە دەرەوەی ئەم دوو رووداوە مانادارەشدا، دابەشبوونە نێوخۆییەکانی برادەرانی ئیتار گەیشتووەتە ئاستێک کە نەتوانن سەرۆکێک بۆ پەرلەمان هەڵبژێرن، لەکاتێکدا لە 14ـی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردووەوە، خودی برادەرانی ئیتار و بەپێی یاسای بەسیاسیکراو، سەرۆکی شەرعیی پەرلەمانیان دەرکرد، بەبێ ئەوەی وەک پێویست ئەنجامە بابەتییەکانی ئەم دەرکردنەیان خوێندبێتەوە.
 
لەکۆتاییدا ئاماژە بە داتایەکی دیکەی راستەقینە دەدەم: لە 18ـی مانگی دیسەمبەری ساڵی رابردووەوە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکانی عێراق کراوە، بەڵام بە ڕێککەوتن و دابەشبوون و درزەکانی نێو بلۆکی ئیتار هێندە فراوان و مەترسیدارن، کە رێگەیان لێ دەگرێت لەوەی پارێزگارەکان دەستنیشان بکەن.
 
چیدیکە ترس لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و تەنانەت فشاری ئێرانیش بەس نییە بۆ ئەوەی ئەم هەموو دژییەی نێو ئیتار بەیەکەوە بلکێندرێن! بەپێچەوانەوە، چەند متمانە لەنێوان سەدر و حەلبووسی و هەرێمی کوردستاندا تەڵاقدراوە، هێندەش متمانەی سیاسی و ئایدۆلۆژی و ئەمنیش لەنێوان هێزەکانی نێو بلۆکی ئیتار بەرەوە درزی فراوان هەنگاودەنێت و لە گریمانەی تەقینەوەی میزەڵانەکەی ئیتاریشدا، گریمانەی تەقینەوەی هەموو عێراق دەبێت تەواو بە هەند وەربگیرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.