دیسان بارزانی!
وشەی داگیرکەر لە هەموو زمانەکاندا، وشەیەکی قێزەونە، بەتایبەتی لە زمانی ئەو نەتەوانەی وڵاتیان لەلایەن دەوڵەتێک یان نەتەوەیەکەوە داگیرکراوە، ئەو شتەی کە پاڵنەری داگیرکارییە، لوتبەرزی، هێز، دەسەڵات و بەرژەوەندییە، رۆژئاواییەکان رچەشکێنی داگیرکارین. ئەگەرچی داگیرکاری یان کۆلۆنیالیزم لە هەموو سەردەمەکاندا هەبووە، بەڵام لە ساڵانی 1400 بەدواوە ئەو فۆرمەی ئێستای وەرگرتووە، ئەوەی ئەوروپییەکان پێیاندەگوت "دۆزینەوە"، بۆ نموونە دۆزینەوەی ئەمریکا لەلایەن کریستۆفەر کۆلۆمبۆسەوە، ئەگەرچی ئەمریکا پێش چوونی کۆلۆمبۆسیش هەر هەبوو. چەوساندنەوەی دانیشتووە رەسەنەکانی ئەمریکا و ئەفریقا و ئاسیا بوو بە فاکتەرێکی بنگەیی کۆلۆنیالیزم، دواتر دەیان شەڕی بەدوای خۆیدا هێنا. لەناو وڵاتە تازە بنیاتنراوەکانی ئاسیا و ئەفریقاشدا جۆرە کۆلۆنیالیزمێک داهێنرا کە کۆپییەکی خراپتری کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی بوو، زۆر دوورنەڕۆین کوردستان کە بەسەر چەند وڵاتێکدا دابەشکرا و خەڵکانێک بوون بە حاکم بەسەر وڵاتەکەدا کە لە دانیشتووە رەسەنەکە نەبوون.
لێرەدا من نامەوێت مێژووی سەرهەڵدانی کۆلۆنیالیزم بنووسمەوە، بەڵکو دەمەوێت باسی دیوێکی دیکەی کۆلۆنیالیزم بکەم، ئەویش بەرەنگاربوونەوەی نەتەوە داگیرکراوەکان و بەتایبەتیش کورد. لێرەدا باشووری کوردستان وەکو میناک دەهێنمەوە کە زیاتر لە سەد ساڵە خەباتی چەکداری بۆ وەدەرنانی داگیرکەر تێیدا بەردەوام بووە، بە ئێستاشەوە. پارساڵ کە باشووری کوردستان ریفراندۆمی کرد، ئیدی ئەوە گەیشتن بوو بە دروێنەکردنەوەی بەرهەمی سەد ساڵ خەبات و ماندووبوونی گەلێک، کە تەنیا پشتی بە شاخەکانی خۆی بەستبوو، ئاخر بەرژەوەندی گەلە سەردەست و وڵاتە زلهێزەکان وای کرد کە ئێمە "سەد ساڵ تەنیا" بین. کۆلۆنیالیستەکان بۆ سەرکەوتنی خۆیان پشتیان بە سیاسەتی "پەرتکە و زاڵبە" بەستبوو، دیارە ئەو مۆدیلەیان بۆ میراتگرەوەکانیان بەجێهێشتووە، تورک و عەرەب و فارس بە جوانی لە کوردستاندا بەکاریانهێناوە، باشترین نموونەش خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەرە کە پاش ریفراندۆم هات.
یەکەمینجار بوو لە مێژووی کوردستاندا سەرکردەیەک بە دوژمنە سەرەکی و لاوەکیەکانمان بڵێت نەخێر، ئێمە ئیدی لە پرسە چارەنووسسازەکاندا، راوێژ و پرسیش بە دۆستەکانمان بکەین، ئەگەر ئامۆژگاریەکانتان لەبەرژەوەندی ئێمە نەبێت، شەرت نییە بەقسەتان بکەین، ئێمەش بەرژەوەندیەکمان هەیە وەکو ئێوە کە ناوتان ناوە بەرژەوەندی نەتەوەیی، ئەو کەسەش سەرۆک مەسعود بارزانی بوو کە بەدەنگی بەرز گوتی نەخێر گوێتان لێناگرین، چیدیکە خۆمان شەرمەندەی لای گەل و مێژوومان ناکەین! ئیدی ئێمە کوڕنوش نابەین و خۆمان ناچەمێنینەوە. خۆزگە بارزانی لە ساڵی 2004 ئەو بڕیارەی بدایە.
لە دەمی زۆرێک لە بەرپرسەکانی کاژیکم بیستووە، لە ساڵانی شەستەکاندا هەندێک بەرپرسی خۆبەکەمزان ئەوەندەی بانگەشەی عێراقچێتی و دژە دەوڵەتبوونی کوردستانیان کردووە، زۆر لەوە کەمتر باسی فشەمافێکی کولتوورییان بۆ کورد کردووە، بۆیە بەبەردەوامی دژایەتیان کردوون و تەنانەت شکاتەکانیان گەیاندووەتە لای مستەفا بارزانی، ئەویش لێی پرسیون ئەم کاژیکانە چین وا بەخراپە باسیان دەکەن و چییان گەرەکە! لە وەڵامدا پێی دەڵێن: قوربان، ئەمانە شۆڤێنین و داوای دەوڵەت دەکەن و هەمووشیان دە دوانزە کەسێکن! ژەنراڵ برۆکانی تێکدەنێت و پێیان دەڵێت: مەگەر من بۆچی خەبات دەکەم، زەحمەت نەبێت ناوی منیش لەدوای ناوەکانی ئەوانەوە بنووسن.
ئەحمەد تۆفیق، سەرکردەی دیاری حیزبی دیموکرات و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بەگژداچوونەوەی ئەوانەی دژی ژەنراڵ بارزانی بوون، لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردوودا، لەگەڵ مەلا جەمیل مەردۆخی و چەند کەسێکی دیکە گۆڤارێکی لۆکاڵییان لە سلێمانی دەرکردووە بەناوی "دیسان بارزانی"، باسی خەبات و ماندووبوونی بارزانییان کردووە، دواتر کەوتوونەتە بەر تانەوتەشەری کاڵفام و کاسەلێسەکانی داگیرکەری عێراقی. دیارە نە من خۆم بە ئەحمەد تۆفیق دەچوێنم و نە کاک مەسعودیش پێویستی بە پەسەندانی منە، بەڵام ئەم وشانە بە قەناعەت و بڕواوە دەنووسم، چونکە من لەوەتای بیرم کردووەتەوە، کەسێکی سەربەخۆخوازم و لە پاریشەوە ریفراندۆمچییەکی سەرسەختم. مێژوویش ئیسپاتی کردووە کە تەنیا سەربەخۆیی دەتوانێت کەرامەتی نەتەوەیەک بپارێزێت، ئەوەی کە لە کەرکووک و خورماتوو دوای 16 ی ئۆکتۆبەر روویدا و بەردەوامە، ڕاستیی ئەو قسەیە دەسەلمێنێت، بۆیە ئەگەر کەرامەتمان دەوێت نابێت رێگا بە دووبارەبوونەوەی خیانەت بدرێت، بێگومان ئەوەش بە کەسانێک دەکرێت کە خۆناچەمێنن.
ئەو کەسانەش تا دێت ژمارەیان زۆرتر دەبێت.