زریان رۆژهەڵاتی
لەم رۆژانەدا کە چەکوشی ئینفۆکراسی لەسەر زەین و بیرکردنەوەی کوردە لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها لەو وەختانەدا کە رۆژنامەڤانی و کاری میدیا کەوتووەتە نێو ئاشووبێکی گەورەوە، تۆڕی میدیایی رووداو سەرکەوتنێکی دیکەی تۆمارکرد و خەڵاتی زێڕینی ستیڤی لە بواری میدیا بردەوە. بێگومان ئەمە دەسکەوتێکی گرنگە، بەڵام دیوەکەی دیکە ئەوەیە کە بەرپرسیاریی رووداویش لە هەردوو ئاستی کۆمەڵگە و کاری میدیایی دا زیاتر دەکات.
تەکنەلۆژیا هەموو کات هۆکارێکی کاریگەر بووە لەو وەرگۆڕانانەی کە بەسەر کۆمەڵگەکاندا دێن. لەم ساڵانەی دواییدا بەڕوونی ئەوەمان لێ دیاربووە کە چۆن چۆنی ئاشووبی رۆژنامەڤانی، بەرهەمهێنانی فرەچەشن و فرە سەرچاوەی زانیاری کە زۆرجاریش بەرهەمی "درۆ"ی لێدەکەوێتەوە، لەگەڵ بەرهەمهێنانی "درۆن"دا ئاراستەیان بە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان داوە. درۆ و درۆن وەک مۆتەکەی کۆمەڵگەی کوردین لەم چاخە دیجیتاڵییەدا، بەڵام بابەتی کاریگەریی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیایێکی شەڕی وەک درۆن دەهێڵمەوە بۆ کاتێکی دیکە و هۆکاری باسکردنەکەی لێرە، تەنیا بۆ ئەوەبوو کە ئاماژەیەکی بەهێزتر بدەم بەوەی کە تەکنەلۆژیا خەریکە لە زۆر رەهەندەوە کوردستان دەگۆڕێت.
چەکوشی ئینفۆکراسی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی
ئێستا ئیدی نەک تەنیا بە سەرکوتکاری و زۆریی سەرمایە، بەڵکو بەهۆی بەکارهێنانی زانیارییەوە کۆمەڵگەکان کۆنترۆڵ دەکرێن. ئەم قسانەی Byung-Chul Han و دەستەواژەی "کاپیتالیزمی زانیاری" بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە دۆخی نەتەوەیەکی وەک کورد کە تاوەکو سەردەمی پیشەسازی و ئێستاش، لە دۆخی نائازادیدا بووە، زۆر گرنگە. لە ئاستی دەرەوەدا، رۆژانە لە چەندین شوێنی جیاوازە، زەینی مرۆڤی کورد بە زانیاریی بەرهەمهێنراو پڕ دەکرێت و، بەوەش لە کاتێکدا کە وادەزانین فێری شتی تازە بووین، گوتار و ئایدیای کەسان و دەوڵەتانی دیکە دووبارە دەکەینەوە.
داگیرکاریی جوگرافیای کوردستان لە سەردەمانی پێشووتر، شتێکی دیار و بەرچاو بوو، بەڵام ئەم شەپۆلەی داگیرکاریی زەینی مرۆڤی کورد، نادیارە هەروەهاش زۆر مەترسیدارترە.
لە ئاستی نێوخۆشدا زانیاریی بەرهەمهێنراو بووەتە بەشێک لە ململانێی سیاسی و وەک هۆکارێکی گرنگ لە قووڵکردنەوەی قەیرانە نێوخۆییەکاندا رۆڵی هەیە. ئەمەش رێک ئەو شوێنەیە کە تێیدا، میدیا و تاک، خواستە یان ناخواستە، تێکەڵاوی هاوسەنگییە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکان دەبن.
ئەو قسەیەی هان رێی تێدەچێت کاتێک کە دەڵێت، درۆ و دەلەسەش بۆ خۆی زانیارییە. هێشتا فریا نەکەوتووی کە ناڕاستییەکەی بسەلمێنی کە ئەو کاریگەرییەی داناوە، چونکە بەهۆی تەکنەلۆژیاوە، درۆش هاوشێوەی قسەی راست دەرفەتی بڵاوبوونەوی هەیە. ئا لێرەدایە کە بەرپرسیاریی رووداو زیاتر دەبێت، چونکە زیاتر لە کۆمپانیایەکی راگەیاندن، وەک براندێکی نەتەوەیی کوردستان دەردەکەوێت. هەندێکجار خەمی پەیداکردنی جەماوەر لە سۆشیاڵ میدیا، دەتوانێت کاریگەری لەسەر متمانەی کەناڵەکان دابنێت. بۆ ئەوەش پێویستە رووداو هەر وەک سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بمێنێتەوە.
ئاشووبی رۆژنامەڤانی
تەکنەلۆژیای نوێ، ئاشووبێکی لە کاری رۆژنامەڤانی لە کوردستان دروستکردووە. بەر لە هەموو شتێک ژمارەیەکی زۆری "کەناڵ و رۆژنامەڤان" دەرکەوتوون و زۆری دیکەش بەڕێوەن. جیاوازیی نێوان وەرگر و نێرەری پەیام زۆر کەم رەنگ بووە. وەک چۆن هاووڵاتییەک دەتوانێت هەواڵ بگوازێتەوە، کەسێک یان تیمێکی چەند کەسیی بچکۆلانەش دەتوانن ئەو کارە بکەن. ئەمە بۆ میدیا گوزارشت لە ئاشووبێک دەکات کە ناتوانێ لێی هەڵبێت. میدیا لە سەردەمی دەرگاوانیی زانیارییەوە کەوتووەتە نێو لێشاوێک لە زانیاریی بێ کۆنترۆڵ یان لانیکەم، کەم - کۆنترۆڵەوە. سیسیتەمی بەرهەمهێنانی ئەو زانیارییەی کە دەگاتە بەردەنگ، وەک شوێنەکانی دیکەی دنیا لە قۆناخێکی وەرگۆڕاندایە. ژوورنالیزم خەریکە مۆنۆپۆلی بەرهەمهێنانی زانیاری لە کیس دەدات. بێگومان میدیا بۆ گەیاندنی پەیامی خۆی پێویستی بە جەماوەرە، بەڵام خەمی بەدەستهێنانی جەماوەر خەریکە سنوورەکانی نێوان کاری ژوورنالیستی و کاری پەیوەندییەکانیش لێڵ و ناڕوون دەکات. بۆ نموونە بڵاوکردنەوەی رستەی"بەیانیی رۆژی جەژن حەزت لە کام شلەیە؟" کارێکی ژوررنالیستی نییە ئەوەندەی کە دەشێ بۆ ئامانجێکی پەیوەندی یان راگرتنی جەماوەر بێت.
لەو ئاشووبەدا کە بەرپایە و بەردەوام دەبێت، ئەرکی میدیایێک کە دەیەوێ لە لووتکەدا بمێنێتەوە، ئیدی تەنیا گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو پشتڕاستکردنەوە و قووڵکردنەوەی زانیارییەکان و پێشکێشکردنیانە بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش. واتە پێویستی بە وردی و لێکۆڵینەوەی زیاترە نەک تەنیا راکێشانی جەماوەر، چونکە خەڵكی دەرەوەی میدیاکارانیش دەتوانن بە ئاسانترین رێگە جەماوەر بدۆزنەوە.
هان باسی لەوەکردووە، کە قەیرانێکی ئەمڕۆی دیموکراسی لە جیهان، لە واتایێکدا قەیرانی گوێنەگرتنە لە دەورووبەر. کاپیتالیزمی زانیاری، خووێکی دروستکردووە کە زیاتر بایەخ بە قسەی خۆمان بدەین و هەر خەریکی پەسندانی خۆمان بین. تێگەیشتنی من، واقیعی من، وێنەی من و... هەموو شتێکی من... ئیدی لە بەرپرسیاری کۆمەڵایەتی دوورمان دەکاتەوە. بۆ نموونە، دەشێ لەبەر زیادبوونی بینەری بەرنامەکەی "من" زۆر شت بکرێت کە دوورە لە کاری رۆژنامەڤانی. کاتێک ئەم دەردی گوێنەگرتنە تووشی میدیاکارێک دەبێت، ئەوسا ئیدی زیاتر لە ئەرکە سەرەکییەکەی، بە بابەتە پڕوپاگەندییەکانی خۆیەوە سەرقاڵ دەبیت کە لەکۆتاییدا میدیا زەرەری لێ دەکات.
رووداو سمیبوولی دەركەوتن و زەقبوونی هۆکاری زانیارییە لەنێو سیاسەت و کۆمەڵگەی کوردی دا. لەڕووی ناوخۆییەوە، سنوورەكانی بەزاندووە و واقیعی جیۆپۆلەتیكی زاڵی بەسەر كوردستان دا هەڵتەكاندووە و لە ئاستی دەرەوش دا گوتارێکی کوردستانیی لەم سەردەمی دیجیتاڵیزەبوونەدا برەو پێداوە، بەڵام ئێستا ئیدی ئێمە لە قۆناخێکی مەترسیداری کاریگەریی ئینفۆکراسی و ئاشووبێکی رۆژنامەڤانیداین، بۆیە بەرپرسیارییەکانی روودایش زیاترن لە جاران. تەگەرەی هەرە گەورە ئەوەیە کە چۆن چۆنی لەنێوان زانیاری هەڵە و راست، لەنێوان کاری رۆژنامەڤانی و کاری پەیوەندی دا، هەروەها لەنێوان "من منی رۆژنامەڤان" و بەرژەوەندی ئەوانی دیکەدا هاوسەنگییەک دروست بکات. ئەمە بە بەراورد بە کارێکی ژوورنالیستی نەریتی، ئەرکێکی قورس و دژوارترە، بەڵام هەر ئەوەش لە یەکەمی بێ رکابەر چاوەڕوان دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ