کێشە هەناوییەکانی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان
ئەگەرچی لە بەشێكی زۆری مێژووی سیاسی كورد فاكتەرە دەرەكییەكان، کاریگەری و رۆڵی سەرەکیان هەبووە بەسەر مێژوو ئاییندەی حوکمڕانی خۆجێی لە کوردستاندا. بەڵام لە دوایی 2003 دۆخێکی دیکە دروست بووە، بە حوکمی ئەوەی هەرێمی کوردستان کیانێکی دەستوورییە وەک هەرێمیکی فیدراڵ لە عێراقدا، خەریکە فاکتەرە دەرەکییەکان رۆڵ و کاریگەریان کەمتر دەبێتەوە لەسەر ئێستا و ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەریشدا فاکتەرە ناوخۆییەکان بە تایبەتیش ململانێی نوخبە سەرەکییەکانی حوکمڕانی کەریگەریان زۆرتر دەبێت بەسەر ئێستا و ئاییندەی ئەو کیانەی ناوی هەرێمی کوردستانە. دوای ئەو قەیرانە تەندروستی و ئابووریەی ئێستا، وڵاتــان بەشێوەیەکی مێژوویی روو لــە چالاککردنی توانا خودیە نێوخۆییەکانیان دەکەن. بە واتایەی ئەگەر کورد پیش 2003 لۆمەی هێزە دەرەکییەکانی کردبێت لە پلانگێری و شکستپێهێنان ئەزموونی کوردی، بەڵام دوای 2003 دەرفەتێکمان پێدراوە و دەبێت زیاتر لۆمەی خۆمان بکەین ئەگەر نەمان توانیبێت فەرمانڕەوایێکی سەرکەوتووی ئەم هەرێمە بکەین.
لە بابەتی پێشووتر دوو هۆکاری سەرەکیم دیاریکرد کە وادەکات ئەو مۆدێلەی حوکمڕانی پێشوو 2003-2014چیتر کار نەکات، چونکە حکومەتداری ئێمە لەو ماوەیەدا لەسەر دوو کۆڵەگەی سەرەکی وەستابوو کە ئێستا ئەوو دوو کۆڵەگەیە خەریکە بنکۆڵ دەبن. واتا هەریەکە لە ئایدۆلۆجیای نەتەوەیی کە رۆلێکی سەرەکی هەبوو لە بەخشینی شەرعیەت و وزەیی نیشتمانی بە پرۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. هەروەها ئابووری پشت بەستوو بە نەوت. واتا نرخی بەرزی نەوت لە 2003 تا هاتنی داعش کە ئەویش رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە هاوکاریکردن و بەردەوامیدان بە پرۆسەی حوکمڕانی باڵابوونی پێگەی حکومەتی هەرێم، لە پاڵیشیدا پێگەی هەر دوو پارتی باڵادەست لە هەرێمی کوردستاندا.
بە کورتی دەتوانم لەمپەڕە رووخێنەراکانی پرۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا لە چەند تەوەرێکی سەرەکیدا کۆبکەمەوە:
یەکەم: لاوازی دامەزراوەیی، کۆنتڕۆڵی حیزب بەسەر هێزە چەکداری و ئەمنییەکان:
لە حوکمڕانی کوردیدا هێشتا هێز نەگواستراوەتەوە بۆ دامەزراوەکان (حکومەت)، یاخود وردتر بڵێم هێز بە دامەزراوەیی نەکراوە. واتا راستە ئێمە خاوەن دامەزراوەیی سیاسی و ئابووری و ئەمنی..تاد، بەڵام لە راستیدا تا ئێستاش هێزی لە دەرەوەی دامەزاوەکانەوە تەحەکوم بە دامەزراوەکان دەکات، وەک هێزی حیزب و کەسایەتییە سیاسییەکان. ئەم فاکتەرە زیانێکی گیانی و سیمبوولی و ماددی زۆری لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان داوە. هەر بۆ نموونە ئەگەر هێزە چەکدارەکانی ئێمە دامەزراوەیی و نیشتمانی بان، ئەوا شەڕی ناوەخۆ رووینەدەدا، یان ئەو دۆخەی شازدەی ئۆکتۆبەر، یان هی زینی وەرتێ ..تاد.
قەیرانی بە دامەزراوەیی بوون رەنگدانەوەیەکی زۆری بەسەر بەهێزترین دامەزراوەیی حوکمڕانیدا هەبووە بە تایبەت ئەگەر پارتــی سیاسی یەکێک بێت لــە هەرە بڵاوترین شـێوازەکانی بە دامەزراوەیی بــوون و بەرهەمهێنانی هێــز، ئــەوا پارتی سیاسی کوردی لــە هەمـوو پێکهاتە دامەزراوەیەکانی دیکەی کوردی زیاتــر بــە دەســت ئــەم قەیرانــەوە دەناڵێنێــت. بەشێکی زۆری پارتە سیاسییەکانی ئێمە لە هەناوی یەکدی هاتوونەتەدەر و لە دژی یەکتر دروستبوونە. تا ئەو ئاستەی پێکهاتەی پارتە سیاسییە کوردییەکان هەندێک جار خۆیان بەشێکن لە کێشە نەک چارەسەر. پارتی سیاســی کــوردی نــە لــە هەنــاوی کایــەی دیموکراســیدا هاتووەتــە دەرەوە و نــە ئامانجــی فەراهــەم کردنــی دیموکراســی بــووە، بــە تایبەتــی لــە سەرەتایی دروستبوونیاندا. لە ئەدەبیاتــی حزبناســیدا سـاتەوەختی ســەرەتا، ئــەو ســاتەی کــە پارتێکــی سیاســی تیــادا لەدایک دەبێت، ســاتە وەختێکــی گرنــگ و کاریگەرە لەسەر کۆی ئاڕاسـتەی پارتی سیاسی و چۆنێتی بــە دەزگایی بوونــی.
دووەم: پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای واقیعی هێز و جوگرافیا (ڤیتۆی دوو حیزبی)
واتا بوونی فۆرمێكی تایبهت له حوكمراننی كه پشت نابهستێت به دهرهنجامی ههڵبژاردنهكان و گۆڕانكاری له باڵانسی هێز و ئیرادهی دهنگدهرانی ههرێمی كوردستان و دهركهوتنی هێزی دیکە. لهو فۆرمه جووت حیزبیهدا بێجگه له دوو پارتی باڵادەست هیچی لایەنێکی دیکە ناتوانێت حكومهت پێكبهێنێت. نهك ههر ئهوه بهڵكو ئهگهر یهكێك لهو دوو حیزبه رهزامهند نهبێت ئهوا پێكهێنانی حکومەت دەکەوێتە قەیرانێکی گەورە و لەوانەیە هەر پێکنەهێت، ئهمهش خۆی له خۆیدا جورێگه له ڤیتۆی رانهگهیێنراو. واتا بنەمای پرۆسەی دەستاودەسکردنی سیاسی پشتنابەستێت بە دیموکراسی شەرعیەتی دەنگی دەنگدەران. لەم دۆخەدا هێز لەجیاتی ئەوەی لە بۆتەی دامودەزگە حکومی و بیرۆکراسییەکان کۆببێتەوە، هێز دابەشدەبێت بەسەر دوو جوگرافیای جیاواز و کارگێری سیاسی جیاواز. لە راستیدا ئەو فۆرمە حوکمڕانیەی ئێمە تا ئێستا لە گرنگترین تاقیکردنەوەی حوکمڕانی دیموکراسی دەرنەچووە کە ئەویش دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە بە ئاشتیانە.
سێیەم: ململانێی روخێنەرانەی نوخبەی سیاسی ( نوخبەی سیاسی نوێ)
ململانێی نوخبەی سیاسی مێژوویەکی درێژی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ حەفتاکان بە تایبەت ململانێی پارتی و یەکێتی، ئەم دۆخە لە 1991 دەچێتە قۆناغیکی دیکەوە، بەڵام هەر بەردەوام دەبێت. لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر ناکۆکیەک ئەم ململانێیە قوڵتر دەبێتەوە، (بۆ نموونە لە کاتی ریفراندۆم، یان لە کاتی ئەوەی هەرێم تووشی قەیرانی دارایی دەبێت) خەریکە جوگرافیا و ئیدارەی سیاسیشی بۆ دروستدەکرێت. ئەوە ئێستاش کەوتووەتە بەر باس لە پرسی لامەرکەزی (بە فۆرمە جیاوازەکانییەوە) هیچ نیە جگە لە بە یاساییکردن و کارگێریکردنی ئەو ناکۆکیانە. نوخبەی سیاسی هەرچەندە بە تەمەن گەنجن و نوخبەی شەست و حەفتاکان نین، بەڵام بە داخەوە نەیانتوانیوە سنووری ئەو ململانێ مێژوییە تێپەڕێنن، بەڵکو لە زۆر رووەوە ناکۆکترن لە نوخبەی سیاسی پێشوو، بە تایبەت لە کارکردنی پێکەوەیی و دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش.
نوخبەی سیاسی پێشوو لە راستیدا هەمیشە کارامەتر بوون لە دۆزینەوەی کەناڵی پەیوەندی و گفتوگۆ و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانیان. چەکی نوخبهی سیاسی نوێ زیاتر بەکارهێنانی میدیا و سۆشیال میدیاو گوتاری پۆپۆلیستین تا ئاستێک دەرفەتێک ناهێڵنەوە بۆ هەماهەنگیی و گفتوگۆ. ئەم نوخبە سیاسییە نوێیە زیاتر بە دوای قایمکردن و پێگەی سیاسی و بەدەستهێنانی متمانهی سیاسی دەگەڕێت تا چەرەسەرکردنی کێشەکان. بۆیە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان لەوانەیە پەیوەندیان بەو گۆڕانە نوخبەویە هەبێت کە ئێساتا لە قۆناخێکی سەرەتایی دایە.
ئەم دۆخە سەرەنجام بە سیاسیکردنی فەزای گشتی لێکەوتووەتەوە، زەمینەیەکی بەرهەم هێناوە کە شەقام و سۆشیال میدیا، هەموو پرسەکانی ئەو وڵاتە لە روانگەی ململانێ و پیلانگێری نێوان دوو لایەنی سیاسیدا ببینێت. دروستکردنی ئەو دۆخە کاری سیاسی و حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی کردووەتە شتێکی ناشیرین و قێزەوون، بە جۆرێک هەتا ئەو پارتانەی کە بەشدایشن لە حکومەت خۆیان لە بەرپرسیارێتی سیاسی و خاوەنداری حکومەت بەری دەکەن.
چوارەم: ئابوورییەکی پشتبەستوو بە نەوت و سیستمێکی ئابوری قۆرخکار
نامەوێت زۆر لەسەر ئەم خاڵە بوەستم چونکە قسەی زۆری لەسەر کراوەو دواتریش پرسێکی ئابوریە. بەڵام ئەگەر چەمكێک هەبێت سیستەمی ئابووری هەرێمی کوردستانی پێ پێناسە بکەین ئەوا چەمکی قۆرخکارییە. ئەم قۆرغکارییە کارێکی ئەوەندە ئابووری نیە، هێندەی کارێکی سیاسیە.
پێنجەم: لاوازی متمانەی سیاسی نێوان خەڵک و حکومەت/ نوخبەی سیاسی
متمانەی سیاسی تا رادەیەک چەمکێکی نوێیە لە ئەدەبیاتی زانستە سیاسیەکان، لە 2006 نەتەوە یەکگرتووەکان وا پێناسەی کردووە کە بریتیە لە " رەزامەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگاو نوخبەی سیاسی لەسەر فۆرمی فەرمانرەوایی، جۆری کارگێری حکومەت، هەروەها کارلێکی باشی نێوان دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکان".
هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بێمتمانەییە بریتین لە لاوازی سەروەری یاسا، نادادپەرەوەری لە دابەشکردنی سامان، سەرمایەی کۆمەڵایەتی، بەشداری خەڵک لە دەسەڵات، گەندەڵی لە دامەزراوە سیاسی و ئیداریەکاندا...تاد.
بەردەوامی ئەو دۆخە ناهەموارە مەحاڵە بەو شێوەیە بەردەوام بێت. بە تایبەت گواستنەوەی ململانێی نێوان لایەنەن سیاسیەکان بۆ شەقام ئەوەندەی تر مەترسی توندوتیژی و ڕاپەرین زیاد دەکات، بەبێ ئەوەی ئامانجێکی دیاریکراوی لە پشت بێت. بەکارهێنانی شەقام لە ململانێ سیاسیەکاندا بە تایبەتیش لە رێگای میدیاو سۆشیال میدیادا زەبرێکی زۆری بەکاری سیاسی و دامەزراوە ئیداریەکاندا گەیاندووە. بە جۆرێک لەگەل هەر قەیرانێکێ سیاسی زەبرێکی زۆر بە خودی دامەزراوەکە دەکەوێت. بۆ نموونە لە کاتی نەناردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بەغداوە زۆرینەی خەڵک، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک لایەنی سەبەبکار دەبینێت تا حکومەتی بەغدا! لە زۆربەی پرسەکاندا ئەوەندەی خەڵک باوەڕ بە حکومەتێکی "شکستخواردوو"ی وەک بەغدا دەکات باوەڕ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات. ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە لەسەر پرۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، چونکە دواجار پرسی شەرعیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژیر پرسیارەوە. لاوازی متمانەی سیاسی برینێکی قوڵە لە جەستەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا کاتێکی زۆری دەوێت تا سارێژ بێت. چونکە حکومەت و نوخبەی سیاسی بەردەوام ئیشیان بەو متمانەیە دەبێت، بۆ نموونە هەرچەندە حکومەت نیەتیشی هەبێت لە ئەنجامدانی چاکسازی بەڵام خەڵک باوەر بەو نیەتەی حکومەت ناکات چونکە لە بنەڕەتدا متمانەی نەماوە.
دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێم هەرچەندە گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بەشی چارەسەرکردنی تێداماوە، بەشی هەرەزۆری ئەو کێشانەی باسم کردن تەنیا بە سەروەرکردنی یاسا rule of law- چارەسەر دەبن. بەڵام ئەم هەنگاوەش پێویستی بە نیەت و ئیرادەیەکی بەهێز بۆ چاکسازی و دواتریش پێداگری بەردەوام هەیە لە لایەن نوخبەی سیاسی. دواخستنی ئەو دۆخە تەنیا دوارۆژێکی تراژیدییە و هیچی تر!