دیواره‌كه‌ به‌ڕێوه‌یه‌


بۆ ئه‌مجاره‌ راپرسییه‌كی گۆڤاری THE ECONOMIST ده‌كه‌مه‌ بنه‌مای نووسینه‌كه‌م و ده‌ڵێم كۆچكردنی بێگانه‌ بۆ ئه‌مریكا خه‌ریكه‌ بزووتنه‌وه‌ی پۆپۆلیستی به‌رهه‌مدێنێت، له‌كاتێكدا سه‌یره‌ ئه‌مریكا خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌ی هەمەجۆر بنیاتنراوه‌ و شتێك نییه‌ به‌ ناوی نه‌ته‌وه‌ی ئه‌مریكی.


گۆڤاری THE ECONOMIST له ‌راپرسییه‌كدا بڵاوی كردووەته‌وه‌ كه‌ 7%ی ئه‌مریكییه‌كان پێیان ئاساییه‌ كۆچبه‌ری نایاسایی بێته‌ وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌،‌ ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی هێنده‌ لاوازه‌ ناتوانێت به‌رگه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ ناڕه‌زاییه‌ی زۆرێك له‌ سپیپێسته‌كان بگرێت كه‌ رۆژانه‌ به‌ ئاشكرا ناڕه‌زاییان پێوه‌ دیاره‌.

هه‌میشه‌ پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌م کە مرۆڤ كاتێك ده‌توانێت قسه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك بكات و ته‌ته‌ڵه‌ی بكات‌ خۆی له ‌ناوجه‌رگه‌ی رووداوه‌كاندا بێت، بۆیه‌ بۆ من ئه‌م راپرسییه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌ و تووشی ئه‌ستۆنیش- م ناكات، چونكه‌ رۆژانه‌ له‌ ئه‌مریكا ئه‌م حاڵه‌ته‌ ده‌بینم كه‌ سپیپێسته‌كانی ئه‌مریكا چه‌ند نیگه‌رانییان پێوه‌ دیاره‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و لێشاوی كۆچه‌ یاساییه‌ی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له ‌عێراقه‌وه‌ روویانكرده‌ ئه‌مریكا، ئەوە وێڕای ئه‌و لێشاوه‌ نایاساییه‌ی له‌ مه‌كسیكه‌وه‌ روو له‌ ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.

ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی تره‌مپه‌وه‌ زۆر گه‌شه‌ی سه‌ند، ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ دیموكراته‌كانیش پێیان په‌سه‌نده‌، ئه‌وه‌تا ‌راپرسییه‌كه‌ ئاستی نائارامیی ئه‌مریكییه‌كان به‌ته‌واوی ده‌رده‌خات ده‌رباره‌ی كۆچبه‌ری نایاسایی، به‌شێوه‌یه‌ك 12%ی دیموكراته‌كان به‌لایانه‌وه‌ ئاساییه‌ كه‌ كۆچبه‌ری نایاسایی بێته‌ و‌ڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ له‌كاتێكدا 2%ی كۆمارییه‌كان پێیان ئاساییه‌ كۆچبه‌ری نایاسایی بێته‌ ئه‌مریكاوه‌ و خه‌ڵكی بێلایه‌ن 7%ی ئه‌و رێژه‌یه‌ ده‌به‌ن.

هه‌ر بۆیه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و له‌ئێستاشدا ئه‌وه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ كاری له‌سه‌ر ده‌كات، دروستكردنی دیواری نێوان مه‌كسیك و وڵاته‌كه‌یه‌تی بۆ رێگرتن له هاتنی ‌كۆچبه‌ری نایاسایی و هه‌ر ئه‌م پێداگرییه‌شی وایكردووه‌ كه‌ دیموكراته‌كان رازی نه‌بن و ئه‌وه‌ چەندین‌ رۆژە به‌هۆیه‌وه‌ به‌شێكی حكومه‌ت تووشی داخران بووه‌.

نائارامیی ته‌واوی ئه‌مریكییه‌كان له‌ راپرسیی گۆڤاره‌كه‌دا به‌ته‌واوی ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌ كه‌ 3 بۆ 4%ی خه‌ڵكی ئه‌مریكا كۆچی نایاسایی به‌ ترسێكی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی ئه‌مریكا داده‌نێن، به‌گشتی 40%ی ئه‌مریكییه‌كان كۆچبه‌ری نایاسایی به‌كێشه‌یه‌كی زۆر ترسناك داده‌نێن، به‌شێوه‌یه‌ك له‌و رێژه‌یه‌، 72%ی كۆمارییه‌كانن و 15%ی دیموكراته‌كان و 38%ی كه‌سی بێلایه‌نن.

هه‌موو ئه‌م داتایانه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌ن كه‌ سه‌رۆك تره‌مپ له‌ سیاسه‌ته‌كانیدا به‌رامبه‌ر كۆچبه‌ر له‌ قووڵایی دڵی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵیهێنجاوه‌ و له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌یه‌ش كارده‌كات تا سه‌ره‌تا شه‌قامی ئه‌مریكی ته‌واو تێركات له‌ دژایه‌تی كۆچبه‌ری نایاسایی و دواتریش كار له‌سه‌ر كۆچبه‌ر به‌گشتی بكات، چونكه‌ ئه‌و تویته‌ی هه‌فته‌ی پێشوو به‌ئاشكرا ئه‌وه‌ی لێ خوێندرایه‌وه‌ كاتێك نووسی: "ئێمه‌ به‌زۆری زۆرداری سنووری باشوور به‌ته‌واوی داده‌خه‌ین، ئه‌گه‌ر دیموكراته‌كان رێگری بكه‌ن له ‌دابینكردنی  پاره‌ بۆ ته‌واوكردنی دیواره‌كه‌ی نێوان مه‌كسیك و ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ گۆڕینی ئه‌و یاسا بێمانایانه‌ی په‌نابه‌ران كه‌ وڵاته‌كه‌مانیان پێ باركردووه‌".