هاوکێشەی جوان حاجۆ و مالکۆلم ئێکس

دەمویست بڵێم "ساڵی رابردوو"، بەڵام پار نەبوو؛ ساڵ زوو تێدەپەڕێت؛ 28 ساڵ بەسەر یەکەمیان و 38 ساڵیش بەسەر دووەمیاندا تێدەپەڕێت. مرۆڤ چەند گەورە دەبێت، هێندەش بچووک دەبێتەوە؛ مرۆڤ چەندە بەتەمەن دەبێت، هێندەش لە منداڵێتیی خۆی دووردەکەوێتەوە و ئەوەندەش نزیکی منداڵێتیی خۆی دەبێتەوە. وەک کەسێکی سەروو 50 ساڵی، ئەگەر داوام لێبکرێت ساڵەکان و کاتەکانی ژیان جیا بکەمەوە، ئەوکاتە خێرایی ساڵ و تەمەن بەم جۆرە پۆلێن دەکەم:
 
1 ساڵ تاوەکو 10 ساڵی: کیسەڵ (هێدی هێدی)
 10 ساڵی تاوەکو 20 ساڵی: کولـلە (باز دەدات)
20  ساڵی تاوەکو 30 ساڵی: ئەسپ (رادەکات)
30  ساڵی تاوەکو 40 ساڵی: ئۆتۆمبێل (بەخێرایی دەڕوات)
40 ساڵی تاوەکو 50 ساڵی: فڕۆکە (دەفڕێت)
 50 ساڵی تاوەکو 60 ساڵی: گەڕانەوە (ئەو فۆرمولەم پێش 50 ساڵ نوسیبوو و دەبێت بیگۆڕم)
 60 ساڵی تاوەکو 70 ساڵی: شەمەندەفەڕ (نە شەمەندەفەڕێکی خێرا و نە شەمەندەفەڕێک کە بە خەڵووز کار دەکات)
70  ساڵی تاوەکو 80 ساڵی: بێدەنگی
 
بێگومان ئێوە ئاگادارن کە کەس نازانێت دوای 80 ساڵی چی روودەدات، بەڵام دەزانرێت مردن بە واتای کۆتایی دێت. 
من ئەمڕۆ باسی دوو کەس و دوو فۆرم دەکەم کە لە هەر دۆخێکدا وەک خۆیانن؛ ئەوان گەنجن و پیریشیان لێدێت.
 
28 ساڵ لەمەوبەر، واتە بەهاری ساڵی 1993 ویستم هەڤپەیڤینێک لەگەڵ جوان حاجۆ بکەم؛ پرسیارەکانم ئامادەکردن؛ ئەوەی دەیەوێت دەتوانێت هەڤپەیڤینەکە ببینێت؛ شتێکی سیاسی نەبوو؛ هەموو پرسیارەکان سەبارەت میوزیک بوون. 
 
جوان حاجۆ هونەرمەندێکە کە بە گۆرانییەکانی دەچینە جیهانی خەیاڵەوە؛ ئەو ببووە ئەفسانە، بەڵام ئێمە شتێکی ئەوتۆمان لەبارەیەوە نەدەزانی. من ئێدیتۆری بەشی کولتوور- پیشە لە رۆژنامەی (ئۆزگوور گوندەم) بووم و زۆر پەیوەندیم بە (وڵات)ەوە نەمابوو.
 
پرسیارەکانم بە نووسین ئامادەکردن، بەڵام چۆن بیانگەیێنینە دەستی جوان حاجۆ؟ ئەوکات وەکو ئێستا مۆبایل، ئیمەیڵ، ئینتەرنێت و شتی دیکە نەبوو. جوان حاجۆش هەر رۆژێک لە وڵاتێک بوو؛ هەر کاتێک هەواڵێکمان لەبارەی دەزانی کە لە فڵان وڵات یان شارە، دەکەوتینە هەوڵدان و بیرمان لەوە دەکردەوە کە چۆن پرسیارەکانمان بگەیێنینە دەستی. 
 
ئەوکات لە چەندین ناوچە کۆمەڵەیەک هەبوو بەناوی (کۆمیتەی کوردستان) کە فاکسیان هەبوو. کاتێک شتێکمان بە فاکس دەنارد، دەکەوتە دەست بەرپرسەکان. ئەوجا وەرە لەو سەردەمەش..لە کۆتاییدا چی روویدا؟ لە رێگەی هاوڕێیەکمەوە پرسیارەکانمان گەیاندنە دەستی جوان حاجۆ.
 
لەبیرمە جوان حاجۆ بە پرسیارەکان دڵخۆش بوو، چونکە بۆ جاری یەکەم پرسیار سەبارەت بە میوزیکی ئەو کرا؛ وەڵامەکانیش بە زەحمەتییەکی زۆر گەیشتنەوە دەستمان. هەڤپەیڤینەکە لە (ولات) بڵاوکرایەوە و دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو؛ هەڤپەیڤینەکەمان  وەرگێڕایە سەر زمانی تورکی و بڵاوکرایەوە؛ ژمارەیەکی زۆر نامە و تەلەفۆنمان بۆ هات. تەلەفۆنێک هات کە داوایکرد دەست لە کاری رۆژنامەڤانی خۆم هەڵبگرم. با ئەم بابەتە لێرە بمێنێتەوە و بێینە سەر بابەتی سەرەکی کە بووە هۆکاری ئەم نووسینە.
 
ئەوکات وەک ئێستا سۆشیالمیدیا نەبوو، بەڵام دیسان هەندێک کەس بە هەندێ شت بێ هۆکار خەڵکی دیکەیان بێتاقەت دەکرد؛ جوان حاجۆش لەو شتانە بێتاقەت دەبوو و دەیگوت: "10 ساڵ تاوەکو 15 ساڵم لەپێشە؛ دەتوانم لەو ساڵانەدا چی بکەم؟"، وەک بڵێی مەبەستی بێت بڵێت رێگەبدەن کاری خۆمان بکەین. ئەو گوتنەی جوان حاجۆ بۆ ئێمە هێمای جوانی و خۆشیی ژیان بوو.
وەک چۆن جوان حاجۆ دەیگوت، ساڵ زوو تێپەڕین.
 
10 ساڵ تاوەکو 15 ساڵ بەسەر ئەو بابەتەدا تێپەڕی و جوان حاجۆ بۆ کۆنسێرتێک هاتە ئیستەنبووڵ. چەندین رۆژنامەڤان دەیانویست هەڤپەیڤینی لەگەڵ بکەن، بەڵام ئەو دەیویست لەگەڵ تورکەکان بە کوردی قسە بکات. لە کافێی مەڕمەڕە داوایان لێکردم وەرگێڕان بۆ جوان حاجۆ بکەم. جوان دەستی بە قسەکردن کرد؛ زۆر خۆش قسەی دەکرد؛ منیش وەک پرەنسیب هەموو قسەیەکی ئەوم وەک خۆی وەردەگێڕا. لەوکاتەدا جوان حاجۆ گوتی: " 10 ساڵ تاوەکو 15 ساڵ لەبەردەممدایە؛ دەتوانم لەو ساڵانەدا چی بکەم؟"، خۆم بۆ نەگیرا و پێمگوت: "جوان، تۆ ئەمەت 15 ساڵ لەمەوبەر گوت. ئەوە تەواو نەبوو؟ جوان حاجۆش گوتی: بەڵێ وایە، کێشە نییە. من 15 ساڵی دیکەم لێ زیادکرد و درێژم کردەوە". منیش گوتم: "ئینجا دەبێت؟"، ئەویش گوتی:"بەڵێ، بۆچی نابێت؟ ئەی بە دەستی خۆم نییە؟ درێژم کردەوە ". جوان بە منیشی گوت هەمان شت بکەم. ئەوکات نەببوومە 40ساڵ؛ کە بوومە 40 ساڵ 10 ساڵم لە تەمەنم لابرد؛ زۆرباش بوو؛ بوومە 50ساڵ، دیسانەوە بە مۆڵەتی جوان حاجۆ 10 ساڵی دیکەم لە تەمەنم لابرد؛ تائێستا باش دەڕوات، کە بوومە 60 ساڵیش خوا گەورەیە.
 
چەند ساڵێک پێش ئێستا تەلەڤزیۆنی رەش و سپی هەبوو. تەرەتە تاکە کەناڵ بوو لە تورکیا و زنجیرەیەکی پیشاندەدا کە هەموو کەس لە نسێبین لە کاژێری پەخشیدا بە دیارییەوە دادەنیشت. زنجیرەکە ناوی Kökler  بوو کە بە واتای ریشە یان بنەچە دێت. 
 
ئەو زنجیرەیە سەبارەت ژیانی خەڵکی رەشپێست و سپی پێستی ئەمریکا بوو؛ هەڵبەت ئێمە هەمیشە لایەنگری رەشپێستەکان بووین و هەوڵ و تێکۆشانەکانی ئەوانمان وەک خەباتی خۆمان دەبینی. ناوی نووسەری زنجیرەکە ئەلێکس هالەی بوو و ئەو ناوەشم پێش ناوەکانی مارتن لۆسەر کینگ و محەممەد عەلی کلای بیست. 
 
لەوانەشە ئەوە هۆکار بووبێت بۆ ئەوەی ئەو ناوانە سەرنجی من رابکێشن. دەکرێت لەبەرئەوەش بێت کاتێک ناوی ئەلێکسم لەسەر کتێبێکی گەورە بینی ئیدی یەکسەر کڕیم و دەستم بە خوێندنەوەی کرد. ئەوکاتە تەمەنم 14 ساڵ بۆ 15 ساڵ بوو؛ ئەو کەسەی کە ژیانیم خوێندەوە، هەموو ژیانی منی تاوەکو ئەمڕۆش سەرقاڵ کردووە: مالکۆم ئێکس! کتێبەکە بەرگ بەرگ بوو، بەڵام بەداخەوە زوو پەیدا نەبوو، لەبەرئەوەش هێندەی بە بیرم دێت چەند شتێکی لەبارەوە دەڵێم. 
 
مالکۆم ئێکس شتێک نەماوە کە نەیکات، ئیدی هەر لە پاسەوانییەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە ماددەی هۆشبەر و بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ هەرچی شتی بێسوود بوو کردی و لە کۆتاییدا رووبەڕووی تەریقەتێکی سەیری موسڵمانێتی دەبێتەوە و "هیدایەت" وەردەگرێت؛ پاشان دەچێتە حەج و "ئیسلامی راستەقینە" دەناسێت و پرسیار لە مێشکیدا دروستدەبن. ماڵکۆڵم ئێکس لەوکاتەدا ئەلێکس هالەی دەبینێت و باسی ژیانی خۆی بۆ دەکات و چەندین جار یەکتر دەبینن؛ ئەم بابەتە دوور و درێژە و منیش زۆر درێژم کرد؛ با بێینەوە سەر بابەتی سەرەکی خۆمان.
 
رۆژێک لە کافێیەک دانیشتین و لەسەر پەیوەندی نێوان ژن و مێرد قسەمان کرد؛ تەمەنی گونجاوی ژن چەندە؟ مالکۆم ئێکس شتێک دەنووسێت،  50/ 2= 25 +7 = 27 دەبێتە تەمەنی گونجاو بۆ ژن، تەمەنی پیاو دابەشی دوو بکە، حەوتی لێ زیاد بکە. 
 
بۆ نموونە پیاو 20ە.
 20 / 2= 10 +7 =17
پیاو 20 بێت، ژن 17.
30/2=15 +7 = 22.
پیاو 30 بێت، ژن 22.
40/2 = 20 +7 = 27
پیاو 40 بێت، ژن 27.
50/ 2 =25 + 7 = 32
پیاو 50 بێت، ژن 32.
60/ 2 =30 +7 = 37
پیاو 60 بێت، ژن 37.
70/ 2 = 35 +7 =42
پیاو 70 بێت، ژن 42.
80/ 2 = 40 +7 = 47
پیاو 80 بێت، ژن 47.
با پاش 80  ساڵی هەر نەبێت.
 
لە هەردوو هاوکێشەکە یەکێک بە کەڵکی ئێوە دێت؛ ئەوەی مالکۆم ئێکس نازانم، بەڵام ئەوەی جوان حاجۆ زۆر بە سوودە، وەک ناوی خۆی جوانە، قەت ناچێتە تەمەنەوە، ئێوەش ئەگەر دەتانەوێت جوان بمێننەوە ئاگاتان لەو هاوکێشانە هەبێت، ئەمڕۆش نەبێت، سبەی پێویستتان دەبێت.