دیوێکی تاریکی ژیانی کوردانی تاراوگە

 
بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێک بەڕێگاوە بووم بۆ پاریس. بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتی وەکو کورد، چەندێک گرنگە لەنێو خۆمان قسە بکەین، ئەوەندەش گرنگە گوێ لە خەڵکی دیکە بگرین و باسی خۆیشمان بۆ ئەوان بکەین. ئەمە دیپلۆماسییەکی تراکی دووەمە کە دەشێ زۆرتر بایەخی پێ بدرێت.
 
بەهەرحاڵ، جارێ واز لە تراکی یەک و دوو دێنم و سەرنجتان بۆ دیوێکی تاریکی ژیانی بەشێک لە کوردانی تاراوگە رادەکێشم. شرۆڤە و شت ناکەم، تەنیا بەسەرهاتی گەنجێکتان بۆ دەگێڕمەوە کە 21 ساڵە لە ئەورووپایە. فڕۆکەکە بە نزیکەی کاژێرێک دواکەوتنەوە هەستا. لاپتۆپەکەم دەرهێنا و خەریکی پێداچوونەوەی کتێبی کۆڕبەندی ئەمساڵی هەولێر بووم، کە بەشێکی ماوە. لە پانێلەکەی د. عادل باخەوان و د. سەعدی ساعدیدا بووم کە کوڕە رەشتاڵەیەکی کورد هەر دەیویست قسەم لەگەڵ بکات. لەبەر رێزی ئەو، سەیرم دەکرد، بەڵام دەستیشم لەسەر کیبۆردەکە لانەدەبرد. دەمویست بە رێزەوە، بێ ئەوەی هیچ بڵێم، تێی بگەیێنم کە ئیشم هەیە. هەرچیم کرد فایدەی نەبوو.
 
لە بەریتانیا دەژی و لە ماوەی گەشتەکەدا پوختەیەکی دوو دەیەی رابردووی ژیانی خۆی بۆ گێڕامەوە. بۆ مارەبڕینی ژن گەڕابووەوە کوردستان، لەملا خەریکی ژنهێنان بوو، بەڵام لەولاوە ئۆتۆمبێلێکی گرانبەهایان لێ دزیبوو. لەبەر ئەوەش، خۆشییەکانی دەستگیراندارییان لێ تاڵ کردبوو. هەفتەیەک زووتر لە وادەی خۆی دەگەڕایەوە. چەند جارێک گوتم، پێم ناخۆشە و گرنگ خۆتی، بەڵام عەقڵم لای هەڵەبڕیی رستەکانی د. عادل بوو کە گوتەیەکی جاک شیراکی دەگێڕایەوە و دەیگوت، عێراقییەکان کەمتەرخەمن لەئاست کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و گەشەکردنی خێرای نفووس. ئینجا دەشزانن کە د. عادل باکگراوندێکی رەوانبێژانەیشی هەیە و جوان دەیهۆنێتەوە.
 
لەو نێوانەدا گوتی، لەو ئەورووپایە هەزاران دەردیسەری و مەینەتیم بینیوە، بەڵام شوکور بۆ خوا ئێستا ژنم هێنا و ماڵە خەزوورانیشم گوتوویانە ئەگەر لاساری بکەیت و نوێژ نەکەیت، ژنەکەت لێ وەردەگرینەوە. پێکەنینم هات، بەڵام هەستێکی رۆژنامەوانیم جووڵ او حەزم کرد کە لە قسەکانی ورد ببمەوە. هەڵبەت حەزیشم نەکردبایە دەبوو هەر گوێ بگرم.
 
لە خەیاڵی کۆمەڵگەی ئێمەدا، کەسێک بگاتە ئەورووپا، ژیانێکی خۆش و ئارامی دەبێت و پێشدەکەوێت. هەنێکیشی هەم رابردووی خۆی لەبیر دەکات، هەم زمانەکەیشی. هەندێکیش ئەدا و ئەتواریشی دەگۆڕێت، وەلحاسڵ وەکو خۆی نامێنێتەوە. کاک هێمن عەبدوڵڵایش لە دیاسپۆرا زیاتر تابلۆی ئەو کوردە سەرکەوتووانەمان پیشاندەدات کە دەستیان دەگاتە دەمی خۆیان و بوونەتە شتێک، بەڵام ئەم گەنجە وانەبوو، دیمەنێکی پێچەوانەی پیشاندەدا. دەیگوت ئێستا پارەم زۆرە، خەمی ئۆتۆمبێلەکەیشی نەبوو و دەیگوت دڵنیایی (تەئمین) هەیە، بەڵام لە رووخساریدا هەزاران حەسرەت و پەشیمانی دیاربوو.
 
تەمەنی 37 ساڵ بوو. لە 16 ساڵییەوە لەبەر کێشەیەکی دڵداری، لەگەڵ باوکی دەبێتە شەڕیان و دەڕواتە تورکیا. هەرچۆنێک بێت، ب ەپارەیەکی کەم و وەزعێکی شڕەوە خۆی دەگەیێنێتە فەرەنسا. لەوێ نەبوونییەکی زۆر دەبینێت و دەبێتە قاچاخچی. لە بەریتانیاش هەر خەریکی ئەو بەزمە بووە و بەو هۆیانەشەوە ساڵێک و شەش مانگ لە فەرەنسا، جارێک هەشت مانگ، جارێک ساڵ و نیوێک و جارێکیش سێ ساڵ و نیو لە بەریتانیا دەکەوێتە زیندان. بە گشتی زیاتر لە حەوت ساڵی دوو دەیەی رابردووی لە زیندان بووە. دەیگوت، زیندان مرۆڤ دەگۆڕێت.
 
قسەیەکی سۆن تزۆم بیرکەوتەوە کە چۆن شکست فەرماندەیەکی سەربازی سەرکەوتوو دەکات. لەڕاستیدا شکستی ژیانیش ئەزموونی مرۆڤ زیاتر دەکات. خۆی دەیگوت، من لەو ئەورووپایە هەر خەریکی شەڕ و ئاژاوە بووم. خەڵکی زۆرم دارکاری کردووە، بەڵام بەینی خۆمان بێت تێهەڵدانی چاکیشم خواردووە. برسێتی و نەهامەتیی زۆرم دیوە. لە شەڕی مافیا و زۆر بەزمی دیکە تێوەگلابوو، بەڵام بە گوتەی خۆی ئەوە پێنج ساڵە وازیهێناوە و خۆی پاککردووەتەوە. زۆر بوو کە زیاتر لە سێ کاژێر روو لەو بکەم تاوەکو قسە بکات. ملم سڕ بوو، بەڵام دەمویست تەفرەنجەی رووخساری بدەم کاتێک قسە دەکات. مرۆڤ بە زمان قسە دەکات، بەڵام رووخساریشی قسەی خۆی هەیە و دەبێت بە چاو لێی تێبگەیت. پەشیمانی و حەسرەتێکی زۆری پێوە دیاربوو. هێشتا بە حەسرەتەوە باسی کچێکی فەرەنسیی بۆ کردم کە چۆن بە رێککەوت هاوکاریی کردووە و بردوویەتیە ماڵی خۆیان و دواتریش عاشقی بووە، بەڵام ئەم جێیهێشتووە. دەیگوت، کچەکە زۆر بە وەفا بووە و تاوەکو ئەو کاتانەش کە لە زیندان بووم هەر هەواڵی پرسیوم. دیاربوو کە پەشیمان بووە و هێشتاش رێزی کۆنە یارەکەی لە دڵدا بوو.
 
پەشیمان بوو لەوەی کە پیرەمێردێکی بەزۆر راگرتووە و 20 یۆرۆی لێ زەوت کردووە. شتی زۆر گەورەتری کردبوو، بەڵام ئەوەی لە دڵدا مابوو کە چۆن ناهەقیی لە پیرەمێردێکی بێ دەسەڵات کردووە. پەشیمان بوو لەوەی کە لە برساندا چوونەتە سەر ماڵی ژن و پیاوێکی فەرەنسی، کە لێیان ترساون و گوتوویانە هیچ مەکەن، نانتان پێ دەدەین و هەموو شتێکتان بۆ دەکەین. پەشیمان بوو لە زۆر شتی دیکەش کە ناکرێت هەمووی بگێڕمەوە. شانازییەکیش لە قسەکانیدا دیاربوو کاتێک گوتی بە عەرەبییەکی شەقوشڕ لەگەڵ شۆفێری پاسێکدا قسەم کردووە و ئەویش کاتێک زانیویەتی کوردم، گوتوویەتی، ئێوە نەوەی سەلاحەدینی ئەییووبین و 10 یۆرۆشی خستووەتە مشتم.
 
دیاربوو کە گەنجێکی چەتوون و هاروهاج بووە. گوتی لە بەریتانیا ناردمیانە ماڵی کابرایەکی هیندی. 10 رۆژ مامەوە و کابراش لەبەر پارەپیسی، بەردەوام هێلکەی پێ دەدام. گیانم ئاڵۆشی کردبوو، هەر دەخورا. گوتی لە داخی هێلکە، غەسالەکەیم سووتاند و شەوان وەکو حەسەن زیرەک گۆرانیم دەگوت، بۆئەوەی ئیسراحەت نەکات. ئەمەش بۆئەوەی پۆلیس لەوێ لامبات و بمباتە ماڵێکی تر. پلانەکەی سەری گرتبوو، دواتر ناردبوویانە ماڵی ژنێکی ئینگلیز کە پێی دەگوت، مامی. دەیگوت ئێستاش سەری لێ دەدەم. هەموو بۆنەیەک گوڵ و هەدیەی بۆ دەنێرم و سەردانی دەکەم.  فیلمی مارمێلکەم بیرکەوتەوە. لە دیمەنێکیدا، کابرای تاوانبار کە دزە و خۆی کردووەتە مەلا، تاوەکو نەیناسنەوە، دەڵێت، خۆ کەسانی دز و تاوانباریش دڵیان هەیە! گەنجە لاسارەکەی خۆیشمان دڵی هەبوو. میهرەبان بوو.
 
چیرۆکی ئەم گەنجە تەواو نابێت و خۆی دەیگوت، هەزاران بەزمی وام هەیە. لە ماوەی پێنج کاژێری گەشتەکەدا، زۆربەی کاتەکەم بە گوێگرتن لەو رۆیی. خۆی دەیگوت، هەڵەی زۆرم کردووە لە ژیان، بەڵام هەمووی لەپێناو مانەوە بووە! کەس نەبووە دەستی بە سەرمەوە بێت. فێر نەکرابووم.
 
چیرۆکی پڕ ماجەرای ئەم گەنجە نەیهشێت هەڵەبڕییەکەم تەواو بکەم، بەڵام بیری بۆ ئەوە بردم کە بۆچی دەبێت دیاسپۆرای ئەرمەن یان جوولەکە لە ئەورووپا و ئەمریکا ئەوەندە بەهێز بن، کە نەک تەنیا شوێندەستیان دیاربێت، بەڵکو تەنانەت سیاسەتی دەوڵەتانیش بگۆڕن، بەڵام هی کورد کەمتر وابێت، لە کاتێکدا ژمارەیەکی بەرچاوی کورد لە تاراوگەدا دەژین؟ رەنگە بەشێکی وەڵامی ئەم پرسیارەش لای نموونەکانی دیکەی ئەم گەنجە بێت. دەیگوت، ئێمە لە ئەورووپا بە زۆری بە دەلاکی، سوپەرمارکێت و غەسل و فیتەرییەوە سەرقاڵین. دیارە بە پێکەنینەوە باسی کاری رەش و قاچاخیشی کرد. کاتی خۆی دیپلۆماتێکی ئەورووپی پێی گوتبووم، کورد لە ئەورووپا زیرەکن لە دۆزینەوەی دەرچە و دەوردانەوەی یاسا. ئەوکات بە جیدی وەرم نەگرت، وەکو دیدێکی ناسیۆنالیستانە سەیرم کرد و رەخنەم لێ گرتبوو. دیارە لەوانەیە ئەگەر زووتر حەکایەتەکانی ئەم گەنجە و نموونەکانی ئەوم بەو وردەکارییەوە بزانیبایە، کاردانەوەکەم جۆرێکی تر دەبوو.
 
دەشێ کوڕە رەشتاڵەکەی کاری خۆمان لە دەلاقەی خۆیەوە سەیری کردبێت، ئەگینا کوردی سەرکەوتووی زۆریشمان هەیە کە تێکەڵاوی کۆمەڵگەکانی رۆژئاوا بوون و شوێن دەستیان دیارە؛ بەڵام حەکایەتی ئەو گەنجەش دیوێکی دیکەی ژیانی کوردانی ئەورووپایە. ئەمە لە لایەک چیرۆکی شکستی سیاسەتی ئەنتەگرەیشنی ئەو وڵاتانەیە و لە لایەکی دیکەش گرفتێکی کولتووری و گەشەنەکردوویی کۆمەڵگەی خۆیشمان دەردەخات کە سەرەڕای هەبوونی دەرفەتی باش، زیاتر بەدوای ئیشی رەش و کاری ناپسپۆڕانەدا، دەگەڕێت کە دەستکەوتی خێرای ماددیی تێدا بێت.
 
بە درەنگەوە گەیشتینە فرانکفۆرت و لەبەر ئەوەش ترانزیتەکەی پاریسم لەکیس چووبوو. خەمی ئەوەم بوو کە لە کاتی خۆیدا دەگەمە ئەو کۆنفرانسەی کە بۆی هاتبووم یان نا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گۆشەیەکی عەقڵم لە دیوە تاریکەکەی ژیانی کوردانی تاراوگەدا مابوو.