جلوبەرگ و دەستەواژەی هاوردەکراوی ئایینی

19-06-2021
محەممەد خۆشناو @muhammadkhoshna
A+ A-
 
پێش هاتنی کۆرۆنا، سەردانی باڵەخانەی "مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەردەی هەولێر"م کرد کە لە چەقی شاری هەولێرە، وێنەی زیاتر لە 100 مامۆستای ژنی شاری هەولێر لە ئیسلام و مەسیحی و جوو هەڵواسرابوون کە وەک یەک دەستە خوشک وانەیان بە خوێندکارانی ئەو شارە دەگووتەوە، هەموو ئەو ژنە مامۆستایانە هیچیان لەچک یا سەرپۆشیان لەبەر نەبوو، بەڵکو هەر هەموویان سەرکۆت بوون. هەر لە دەرگەی باڵەخانەکە وەرە دەرەوە، سەتان کچ و ژنی سەرپۆش و رووپۆش و جوبە و حیجاب لەبەرکەر دەبینی.
 
چەند ساڵێکە دوای پەیدابوونی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان، هەندێک جلوبەرگ و دەستەواژەی ئایینیی نامۆ هاوردەی کۆمەڵگەی کوردستان کرا، وەک ئەوەی ئەمڕۆ کە دەیبینین زۆربەی کچ و ژنان لەبەریدەکەن، یا هەندێک دەستەواژەیان هاوردە کردووە کە پێشتر نەبوو، وەکو لەجیاتی سوپاس، "جزاك الله خيرا" و، لە جیاتی ئەلەو لە تەلەفۆن "السلامو عليكوم" و چەندان موفرەداتی دیکەی نامۆ کە بەهیچ شێوەیەک پێشینەیان لەناوماندا نەبووە، بەڵکو لە رێگەی وەهابیەکانی سعودیە و وڵاتانی کەنداو بۆیان هاوردە کردین. 
 
ئەوەی ساڵی حەفتا و هەشتاکانی لەبیر مابێت، جلوبەرگی کۆمەڵگەی ئێمە، بریتی بوو لە جلوبەرگی کوردی و چارۆگە کە ژنان لە گەڕەکە میللی و گوندەکانی دەرەوەی شار لەبەریان دەکرد و، ژنانی ناو شاریش کراس و تەنوورەیەکی کورت، زۆربەی جاران قۆل و بازوو رووت…بەدڵنیاییەوە هیچ دەقێکی قورئانی یا حەدیسێکی نەبەوی نییە، لەبەرکردنی نیقاب و حیجاب بسەپێنێت، نیقاب وا لە خاوەنەکەی دەکات ببێتە بوونەوەرێکی نادیار و، کەسایەتییەک کە جێگەی ترس و نیگەرانی بێت. 
 
برادەرێک بۆی گێرامەوە، کاتێک سەردانی خزمێکی کردبوو، ژنێکی پەچەدار هات، منداڵی ماڵەکە لە ترسان دەستی بە گریان کرد، برادەرەکە گووتی، وابزانم وەک بوونەوەرێکی جادووگەر هاتە بەرچاوی.
 
لە دەیان سەرچاوە خوێندوومەتەوە کە ئەسڵی مێژووی نیقابپۆشین، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەفسانەی جووەکان، گوایا جنۆکە لە ئاسمانەوە سەری کۆت و قژی ژنانیان دەبینی، بۆیە دەهاتنە خوارەوە بۆ جووتبوون لەگەڵیاندا و، ناچار ژنەکان سەر و رووی خۆیان پۆشی تاوەکو قژەکانیان بەدیار نەکەون و، لەگەڵ جنۆکە جووت نەبن، بەمە لەو دەستدرێژی و پردانە دەربازیان بوو، پاشان ئەم نیقابە گواسترایەوە بۆ دوورگەی عەرەب و، دواتر بۆ شوێنەکانی دیکە بڵاوبووەوە و هێنایانە ئێرەش.
 
خوای گەورە مەرجی بۆ سەر هیچ موسڵمانێک یا ئەوانی دیکە دانەناوە کە جلێکی دیاریکراو بپۆشن، فەلسەفەی جلوبەرگ لە ئایینەکاندا ئەوەیە کە نەبێتە مایەی گێچەڵکردن بە غەریزەی ئەوانی دیکە، جل حیکمەتی خۆی هەیە، ئەویش هۆکارە نەک ئامانج، بۆیە لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە و لە سەردەمێک بۆ سەردەمێکی دیکە دەگۆڕێت.
 
بەو هیوایەی هەر ژنێک بە ئازادیی خۆی رووپۆش لەبەر بکات و، بە قەناعەتی خۆی ئەوەی دەیەوێت بیپۆشێت و، بەشێوەیەکی دەروونی پێی مورتاح بێت، بەڵام بڕوای تەواوم بەوەش هەیە کە نیقاب و حیجاب، عادەتە نەک عیبادە و، بەشێک نییە لە شەرع و، ئیسلامیش وەک هەموو ئایینێکی دیکە، پەیڕەوکارانی خۆی پەیوەست ناکات بە جلێکی دیاریکراو، هەریەک لە ئیسلامییەکانی ئەندۆنیسیا و پاکستان و هیندستان جلی جۆراوجۆری نیشتیمانی لەبەر دەکەن، جلوبەرگ کولتوورە نەک ئایین، ئەگەر بە ناوەندی شاری هەولێر یا هەر شارێکی دیکە بە جلێکی دەریاوانی بسووڕێیتەوە، ئەمە دەبێتە شتێکی نامۆ، جلوبەرگ کوڕی ژینگەکەیەتی، کەشوهەوا، دابونەریت، مێژوو، بەڵام ئایین تەنها ئەوەی پێویستە بەدیبهێنن مەبەستەکەیە، جل لەبەرکردنی شێوەی تووند، مرۆڤ لە گوناح ناپارێزێت، ئەوەی مرۆڤ دەپارێزێت جلوپۆشاک نییە، ئەو دیندارە رووکەشە بەربڵاوەی ئێستا، وەکو ئەوەی هەندێکجار، رێگەت بە دووکانێک یا نووسینگەیەک دەکەوێت، دەبینی شاشەی تەلەڤزیۆنەکەی کە بە دیوارەکەوە چەسپ کردووە و، لەسەر قورئانی داناوە بۆ خۆدەرخستن و، لەبەر خەریکبوون بە کاری خۆی ئاگای لە خوێندنەوە یا گوێگرتن و تێگەیشتن لە قورئانەکە نییە و، هەر ئەو کابرایە قۆڵی دەیان کەسی بڕیووە و بەو پارە حەرامە حەج و عومرە دەکات، ئەمە دیندارییەکی بە درۆیە کە پیسترین نەخۆشیی مرۆڤە، پێشتر ئەم جۆرە دیندارییە نەبوو.
 
ئیمان لە ناخی مرۆڤدایە و دەتپارێزێت و تێگەیشتنە لە نیەت و مەبەستی ئایین، لەوەتەی ئەم حیجابە پەیدا بووە گێچەڵ و دەستدرێژیی سێکسی زیادیکردووە، پێشتر حیجاب غائب بوو، گێچەڵی سێکسی هەر نەبوو!! کارەکە سەرەوژێر بووە.
 
لە سەردەمانی پێشوو حیجاب، نیقاب، لەچک و ئەو شتانە نەبوو، دینداری خەڵکی کوردستان، دیندارییەکی ئیسلامیی ناوەڕاستی راستەقینە بوو و، هۆکارێک بوو بۆ خۆشەویستی و گەشەکردن، ئەو کات ژنان و کچانی شار بە جلی جوان و رازاوە لەگەڵ خێزانەکانیان دەچوونە سینەما و گەشتوسەیران، ئەو رۆژگارە خەڵکی کوردستان کە لەسەر شەقام دەرۆیشتن، قورئان یا ئینجیلی لە گیرفان نەبوو، بەڵام هەموو کوردستانییان کە دەرۆیشتن، لە ویژدانیاندا ئایەتێک هەبوو کە رەنگدانەوەی رووحی کوردستان بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە