ئەڵمانیش دەترسن

19-01-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
ئەم هەفتەیەش هەفتەیەکی ئارام نەبوو بۆ ئەڵمانیا. بۆ منیش هەفتەیەکی پڕ ئاڵنگاری و هاوکات ئومێدبەخش بوو. گۆشەی رابردووم لەسەر مانگرتن و خۆپێشاندانی جووتیاران و شۆفێرانی شەمەندەفەر بوو بەرامبەر حکومەت و خاوەنکاران. ئەم هەفتەیە حکومەت و خەڵک پێکەوە هاتنە دەنگ و هاتنە سەرشەقام. بۆ؟ چونکە زەنگی مەترسییەک لێدرایەوە کە ساڵەهایە ئەڵمانییەکان رادەچڵەکێنێ. مەترسیی گەڕانەوە و بەهێزبوونەوەی رەگەزپەرستی و تووندئاژۆیی. هێشتاش قسەکانی ئەنگێلا مێرکلی راوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا لە گوێمدا دەزرنگێتەوە. ئەویش کاتێک گوتی: رەگەزپەرستی و رق ژەهرن.  
 
من لە زۆر کەس باشتر لەو قسەیە تێدەگەم. چونکە کاتێک کۆمەڵێک کەسی کورد و ناکورد لە شاری هاناوی ئەڵمانیا بەدەستی رەگەزپەرستێک کوژران و رووماڵمکرد، بینیم ئەو رقە چ ژەهرێکی رشتووە. هەروەها کاتێک سپێشەڵ ریپۆرتێکم لەسەر گرووپە راستئاژۆ و تووندئاژۆکان بۆ رووداو دروستکرد و قسەیان بۆ کردم، بینیم چ رقێکی ژەهراوی لە دڵ و مێشکیاندایە بەرامبەر کۆچبەران هەیە. ئەو ژەهرەش چەندە خراپە بۆ کۆمەڵگە. چونکە کۆمەڵگەش وەکو جەستەی مرۆڤ وایە، کاتێک ژەهری تێدابوو لەناوی دەبات. بۆیە دەبێ دژەژەهر بدۆزرێتەوە و بەکاربێت. هەروەها بەشە ژەهراوی نەبووەکان رێگە لە بڵاوبوونەوەی بگرن. ئەوەی ئەم هەفتەیە لە ئەڵمانیا کرا ئەمە بوو. 
 
ئۆلاف شۆلتزی راوێژکاری ئەڵمانیا لە رێزی پێشەوەی خۆپێشاندەراندا بوو. خۆپێشاندان لەدژی ئەوانەی ئاشکرا بوو لە ئەڵمانیا کۆبوونەوەی بەدزییان کردبوو بۆ دانانی پلانی دەرکردنی تەواوی کۆچبەران لە ئەڵمانیا. تەنانەت بەوانەشەوە کە کۆچبەر بوون و ئێستا بوونەتە ئەڵمانی و ژمارەیان  چەندین ملیۆن کەسە. ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزاییانە هێندە کاریگەرییان لەسەر بڕیارسازان و سیاسییەکان و میدیاش هەبوو کە تەنانەت پارتێکی ناسراو بە تووندئاژۆی وەک AFDیش هەندێک لە ئەندامەکانی لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە لە ریزەکانی دەربکات. 
 
لە دەرەوە زۆر جار ئەڵمان وا دەبیندرێ کە وڵاتی رەگەزپەرستییە. رەنگە زۆر جار کوردی خۆشمان ئەمە بڵێن. بەڵام ئەمە چەندە راستیی تێدایە؟ من وەک هاووڵاتییەکی ئەڵمانیش کە ساڵەهایە لێرە دەژیم دەتوانم باسی ئەزموونی خۆم بکەم. ئەو خۆپێشاندانە گەورانەی ئەم هەفتەیە دژی رەگەزپەرستی بینیمانن لە ئەڵمانیا، بۆ من سەیر نەبوون. چونکە دەیان هاوڕێی ئەڵمانیم هەن کە وەکو من بیردەکەنەوە و دژی رەگەزپەرستین. نەک هەر ئەوە وەک کۆچبەرانیش لە رەگەزپەرستی دەترسن. چونکە وەک مێرکل گوتوویەتی دەزانن ئەوە چ ژەهرێکە. 
 
رەنگە بۆ هەندێک وڵاتی جیهان کە ئێستا تووندئاژۆکان تێیدا بەهێز دەبن، لەبەر بێئەزموونیی خەڵکەکەی وا بەهێزبووبن، بەڵام ئەڵمانەکان ئەزموونی تاڵی رەگەزپەرستییان تاقیکردووەتەوە. بۆیە زۆر لێی دەترسن. هەر بۆیەش دوای رووخانی رژێمی نازی سیستمە دیموکراسییەکەی خۆیان وا رێکخست کە نەهێڵن جارێکی دیکە رەگەزپەرست تێیدا زۆر بەهێز ببنەوە. بەمدواییانەش کە دەبیندرێ راستئاژۆ تووندئاژۆکان لە راپرسییەکاندا بەهێز بوونە، ئەمە زەنگی مەترسیی لێداوە لای سیاسییەکان و دەیانەوێ سیستمەکەیان بەشێوەیەک نۆژەن بکەنەوە کە ئەو تووندئاژۆیانە نەتوانن تێیدا بەهێزببنەوە.
 
ئەمە بۆ کوردستانیش وانەی گرنگی تێدایە. وانەی یەکەم ئەوەیە کە نابێ بهێڵدرێ ژەهری رق لەیەکدی بوونەوە بە جەستەی کۆمەڵگەی کوردستاندا بڵاوببێتەوە. سیستمەکەمان دەبێ بۆ هەمووان بێ و نەهێڵدرێ تەندروست نەمێنێ. ئەمەش وەک لە ئەزموونی ئەڵمانیادا دەرکەوت شەقام رۆڵی یەکلاییکەرەوەی هەیە. ئەو شەقامەیە کە دەبێ تەندروست بیربکاتەوە و لە سیاسییەکان قبووڵ نەکات ژەهر بڵاوبکەنەوە، کە بەداخەوە ئێستا دەبینینین زوو زوو بڵاوی دەکەنەوە! 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.