دەوروبەری ساڵی 1225ـی زایینی، یەکێک لە هۆزە تورکەکانی ئاسیا، لە کەناری دەریای خەزەرەوە بەرەو ناوچەی حەلەب دێن. ئەم هۆزە ناوی کایی-یە. هۆزەکە بێ خاکن، بە دوای نەوایەکدا دەگەڕێن، دەیانەوێت رووبەرێک زەوییان هەبێت و لەوێ لابدەن و تێیدا نیشتەجێ ببن. کاتێک ئەو تورکانە دەگەنە دەڤەرەکە، یەکێک لە نەوەکانی سوڵتانی نێودار سەڵاحەدینی ئەیوبی دەسەڵاتداری حەلەب و ناوچەکەیە. ئەلعەزیز ناوی ئەو نەوەیەی سەڵاحەدینی ئەیوبییە و حەلەب پایتەختی دەسەڵاتەکەیەتی. سەرۆکی هۆزی کایی سلێمان شایە. سلێمان باوکی ئەرتوغروڵە، ئەرتوغروڵ تاوەکو ئێستاش وەکو ئەفسانەی ئازایەتی و هێمای نەدۆڕان لە کۆنەستی تورکەکاندا بەرجەستەیە.
پاش چەند ساڵێک لە گیرسانەوە و نیشتەجێبوونی هۆزی کایی لە ناوچەکە، لە شوێنێکی نزیک لە حەلەب و لەنێو رووباری فوراتدا سلێمان شا لە تەمەنێکی هەڵکشاودا، بە یاوەریی ئەرتوغروڵ و گویندۆغدوی کوڕی، تەندروستی دەشێوێت و لەنێو ئاوی فوراتدا لە هۆش خۆی دەچێت. سلێمان هەر لەو جێگەیە گیان لەدەست دەدات و کوڕەکانی لە نزیک حەلەب بە خاکی دەسپێرن. ئەم زانیارییانە بە شێوەیەکی دوورودرێژ و وەڕسکار لە زنجیرەی سەت و پەنجا بەشیی "سەرهەڵدانی ئەرتوغروڵ"دا هەن. ساڵی 1299 عوسمانی کوڕی ئەرتوغروڵ، واتە کوڕەزای سلێمان شا، دەوڵەتی عوسمانی دروست دەکات.
گۆڕی سلێمان شای باپیری عوسمان تاوەکو رووخانی زلهێزی عوسمانی لە ساڵی 1922دا هەر لەنێو خاکی تورکاندا بووگە. پاش شەڕی یەکەم و ئاوابوونی خۆری سەڵتەنەت و دابەشکردنی ناوچەکە، لە پەیماننامەی لۆزاندا ساڵی 1923، کاتێک سووریا بەر فەرەنسا کەوت، کۆماری تورکیا و فەرەنسا لەسەر ئەوە رێککەوتن گۆڕی سلێمان شا لەنێو خاکی سووریادا بمێنێتەوە، بەڵام بەمەرجێک شوێنەکە هەر لەژێر دەسەڵاتی تورکیادا بێت.
لەم 13 ساڵەی تێکچوونی دۆخی سووریاشدا بەردەوام گۆڕەکە لە لایەن سەربازانی تورکیاوە پارێزراوە، سەربازانی تورکیا، ئەو گرووپانەی گۆڕەکە دەپارێزن، 15 رۆژ جارێک بە نێو شاری کۆبانێی رۆژئاوادا لەسەر خەتەوە بەرەو بن خەت و بە پێچەوانەوە دەهاتن و دەچوون، یەکیان دەگۆڕی، ئەوانەی بەرەو پشوو دەچوون و ئەوانەیشی بەرەو جێبەجێکردنی ئەرک دەچوونە سەر گۆڕەکە، لەم هاتن و چوونەی سەربازانی تورکدا، دەسەڵاتی خۆسەری رۆژئاوا کارئاسانی بۆ دەکردن. تەنانەت ساڵی 2015 کاتێک بە هۆی شەڕی ناوخۆی سووریاوە تورکیا گۆڕەکەی بۆ گوندی ئاشمەی سەر بە کۆبانی گواستەوە، دەسەڵاتدارانی خۆسەری رۆژئاوا ئالیکار بوون. لەم رۆژانەیشدا جەنەراڵ مەزڵووم کۆبانی گوتی: "ئێمە وەکو پێشتر هاوکار بووین، ئێستایش بۆ گواستنەوە یان پاراستنی گۆڕی سلێمان شا هاوکار دەبین". مرۆڤ دەبێت بەم شێوە شایستەیە، مرۆڤانە و ژیرانە، مامەڵە لەگەڵ گۆڕ و لەگەڵ دیرۆکدا بکات.
ئەمە دیوێکی چیرۆکەکەیە، دیوی دووەمی هەمان چیرۆک، بەم جۆرەیە:
بەرامبەر بە رێزگرتن لە گۆڕی سلێمان شا و دیرۆکی ئەو گۆڕە، سەتان ساڵ پاش مردنی سلێمان شا، و سەت ساڵ لەمەوبەر، دەسەڵاتدارانی نوێی تورکیا، ساڵی 1925 شێخ سەعیدی پیران لە دار دەدەن. رۆژی 29ی 6ی 1925 لە ئامەد شێخ سەعید لە دار دەدرێت، بەڵام بەدرێژایی سەت ساڵ و تاوەکو ئێستاش کەس نازانێت گۆڕی شێخ سەعیدی پیران لە کوێیە. منداڵانی شێخ سەعید، نەوەکانی و هەموو گەلی کورد خوازیاری ئەوە بوون و ئەوەن دەسەڵاتدارانی تورکیا، لە مستەفا کەمالەوە تاوەکو ئێستا، شوێنی ئەو گۆڕەی شێخ سەعیدی پیران ئاشکرا بکەن، بەڵام نایکەن. سلێمان شا بۆ ئێوە هێمایە و گرنگە، شێخ سەعیدیش بە هەمان شێوە؛ بۆ کورد و کوردستان هێمایە و گرنگە.
ئیدی ئەوە ئاوەزی هێز و دەسەڵاتە؛ من هەم و بەدەسەڵاتم، دەبێت لە رێگەی لەناوبردنی تۆوە بەهێزتر و بەدەسەڵاتتر بم. تۆیش دەبێت بێهێزتر و بێدەسەڵاتتر بیت، یان نەمێنیت.
هەمان ئاوەز، هەمان بیرکردنەوە و هەمان سیستم، نەک هەر گۆڕی شێخ سەعید دەشارێتەوە، بەڵکو نکوڵی لە بوونی میللـەتان دەکات، کەچی هەر دەم دەکاتەوە، باس لە دیموکراسی دەکات و خوازیاری ناوچەیەکە بێ تیرۆر و پڕاوپڕ لە دادپەروەری، خۆیشی وەکو قوربانیی دەستی تیرۆر پێناسە دەکات. هەمیشە ئەوانەی دۆخی دەروونییان ناجێگیرە پێودانگەکان پێچەوانە دەبینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ