ئەزموونی حکومەتی جۆرجیا لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی

پێشەکی بابەت: ئامینا زکری
 
ئەمەی سەرەوە ناونیشانی بابەتێکی هەڤاڵی کۆچکردوومان دکتۆر فرسەت سۆفییە، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازی ئەو خەمەبوو کە هەمیشە لەکۆڵیدابوو، کاری بۆ دەکرد و شەونخوونی بۆ دەکێشا، لەم پێناوەدا رەنجێکی زۆریدا، هەمیشە لەدانیشتن و قسە و باس و کۆبوونەوەکان ئەم بابەتە لەسەرەوەی هەموو بابەتەکانی دیکەبوو لەلای، گرینگ نەبوو پلە و پۆستەکەی چ پەیوەندییەکی بەو بابەتەوە ھەبوو، گرینگ ئەوەبوو ئەو خەمەی بۆ چرکەیەک فەرامۆش نەدەکرد، کاتێک دەمانگوت فڵان شت قورسە یان ناڕەحەتە بکرێت، بەو پەڕی ورەو هیواوە دەیگوت ئەمڕۆ نەبێت سبەی دەبێت هەر ئەنجامی بدەین، ئێمە دەستی پێنەکەین کێ ئەو کارە بکات؟.
 
گەندەڵی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خورەی دەوڵەتان بووە و لەناوی بردوون، چاکسازیش تاکە دەرمانی ئەو دەردە و دوا تیماری ئەو زامەیە، ئێمەش وەکو هەرێمێک لەم ناوچەیەدا بەهۆی ئەو قۆناخانەی کە پێیاندا تێپەڕین دوای راپەڕین بێبەری نەبووین لە گەندەڵی، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم نەخۆشییە هەندێک وڵات قۆڵیان لێ هەڵکرد و جەنگی دژە گەندەڵییان بەرپاکرد و سەرکەوتووش بوون لەو شەڕە.
 
ئەمەی خوارەوە نموونەیەکە کە هەڤاڵی هاوڕێمان کاتێک ئامادەی کرد و نووسی و بۆ زۆربەمانی نارد کە پارێزگاری ھەولێر بوو، سەرەڕای ئەرک و کاری زۆری، کەچی لە رۆژی پشووی خۆی دادەنیشێت و بیردەکاتەوە کە چۆن ھاوکاریی ھاوڕێکانی بێت لە فەرمانڕەوایی بۆ چاکسازی، لێرەدا باسی ئەوە دەکات دەوڵەتی جۆرجیا چۆن سەرکەوتووبوو لە دژایەتیکردنی گەندەڵی، ئێمە چیمان پێبکرێت لە هێنانە دی ئەم خەونەی کۆچکردوو ناوەستین و شەڕکەری دژی گەندەڵی دەبین، چونکە وەک کۆچکردوو دەیگوت ئەمڕۆ بێ یان سبەی، دەبێت دەستی پێبکەین و جومگەکانی بەڕێوەبردن بخەینەسەر رێچکەیەکی تەندروست و شەفاف و دژە گەندەڵی، یاد و یادەوەریی دکتۆر و هەموو ئەوانە شادبێت لە تەواوی جیهان کە لەم پێناوەدا جەنگان و ناویان بەرز و گەورە دەمێنێتەوە.
         
ئامادەکردنی : د.فەرسەت سۆفی
 
ئەوەی لە خوارەوە دەیخەمەڕوو پوختەی کورتکراوەی پەرتووکێکە کە بانکی نێودەوڵەتی لەسەر ئەزموونی وڵاتی جۆرجیا لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی ئامادەی کردووە. لە خوێندنەوەی کتێبەکە بۆم دەرکەوت جۆرجیا یەکێکە لەو ئەزموونە کەموێنە و سەرکەوتووانەی کە دەتوانین وانەی زۆری لێوەربگرین و بە پێویستم زانی پوختەیەکی بە کوردی بخەمەڕوو.
 
پێشەکی: 
 
جۆرجیا دەکەوێتە ناوچەی قەوقاز لە ئۆراسیا،  رووبەرەکەی بریتییە لە 69 هەزار و 420 کیلۆمەتریی دووجا. ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی چوار ملیۆن کەس. جۆرجیا لە ساڵی 1991 لە رووسیا جیابووەوە. لە سەردەمی حکومەتی (شیڤرد نادزە)  پێش ساڵی 2003 هەوڵی ئەنجامدانی چاکسازی درا و کۆمەڵێک لیژنەش پێکهات و نووسینگەیەکی هەماهەنگیی بە مەرسوومی سەرۆکایەتی لە (12) کەس پێکهات، هەروەها نووسینگەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دروستکرد، بەڵام ئامانجەکان نەهاتنە دی  چونکە ئیرادەیەکی سیاسی راستەقینە نەبوو لەو کاتە.
 
تەنانەت ئەندامانی نووسینگە دواتر بە گەندەڵی تۆمەتبارکران. دۆخی جۆرجیا زۆر خراپ بوو، گەندەڵی بە تەواوی تەشەنەی کردبوو، دۆخی ئابووریی لە قۆناخێکی سەخت دابوو، تێکڕای هەڵاوسان گەیشتە 7000%. بەڵام لە ساڵی 2003 بە دواوە، دوای ئەنجامدانی شۆڕشی گوڵەکان، جۆرجیا بە ئاراستەی دروست هەنگاوی نا و بە سەرکردایەتیی (میخائیل ساکاشیفلی)، کە لە حکومەتی پێشوو وەزیری داد بوو، ئەو کات کۆبوونەوەیەکی حکومەتی راگرت کە وێنەی کۆشک و تەلاری هەندێ بەرپرسی حکومی پیشان دا، ئینجا لە 2003 سەرکردایەتیی خۆپیشاندانەکانی کرد لە ژێر ناوی جۆرجیا بە بێ گەندەڵی .
 
 لە 2004 حکومەتی پێکهێنا کە کۆمەڵێک گەنجی نوێی هێنایە پێش. لە هەڵبژاردن زیاتر لە 90%ی دەنگەکانی هێنا. بەڵام هاتە سەر خەزێنەیەکی بەتاڵ و دەوڵەتێکی فاشیل.کە بەرپرسی حکومەت و تاوانبارەکان لە یەکدی جیا نەدەکرانەوە، هەموو جومگەکانی دەوڵەت فاسد ببوون، بەڵام ئیرادەی جدی حکومەتی نوێ وایکرد بەپێی پێوەرەکانی جیهانی کە لەلایەن رێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتیی دیاریکراون، جۆرجیا بووە یەکەمی جیهان لە دابەزاندنی رێژەی گەندەڵی و پەیوەندیی بەهێزی نێوان دەوڵەت و تاوانی رێکخراوی تێکشکاند.
 
یەکەم: چاکسازی لە سەر ئاستی دەزگای پۆلیس
 
دەزگای پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ بە تەواوی گەندەڵ ببوون، بۆ دامەزراندن لە سلکی پۆلیس دەبوو 2000 تاوەکو 20 هەزار دۆلار بەرتیل بدەیت. لەدوای ئەنجامدانی چاکسازی دامەزراندن بووە کێبڕکێ و بە شەفافی بەڕێوەدەچێت. لە ساڵی 2000 لە هەر 10 هاووڵاتی داوای بەرتیلی لە 7 هاووڵاتی دەکرد. مۆڵەتی لێخوڕین بە 100 دۆلار دەفرۆشرا، یان لە یادی لەدایکبوون بە دیاریی بە کەسانێک دەدرا.
 
کە چاکسازی دەستیپێکرد 16 هەزار پۆلیسی هاتووچۆ دەرکران، بۆ دوومانگ مووچەیان پێدرا و لە تاوانەکانی پێشتر کردبوویان بەخشران. ئینجا پۆلیسی نوێ دانران چاودێرییان خرایەسەر، بۆ نموونە چاودێرێکی نهێنی 20 لاری جۆرجی دایە یەکێک لە ئەفسەرکان یەکسەر دەرکرا و بڵاویش کرایەوە کە بەرتیلی وەرگرتووە. هەروەها هێڵی گەرمی 24 کاژێریی کردەوە بۆ سکاڵا لەسەر پۆلیس و ئەوانەی بەرتیل وەردەگرن. مووچەی پۆلیس 10 هێندەی خۆی زیادکرا کە بووە 40 تا 500 دۆلار. جل گۆڕدرا و کەرەستەی تقنی نوێی و ئۆتۆمبێلی نوێ بۆ پۆلیس دابین کران. لە ساڵی 2003 ـەوە بۆ هەر 21 هاووڵاتی یەک ئەفسەر هەبوو لە 2011 بۆ هەر 89 هاووڵاتی بووە یەک ئەفسەر. پۆلیس ناوبانگی زۆر خراپ ببوو، بۆیە حکومەت هەڵسا بە دروستکردنی کورتە ریکلام بۆ گۆڕینی ئەم تێڕوانینانە. پۆلیس مامەڵەی زۆر نەرم و مەدەنیانە بوو. دوای دەستپێکردنی چاکسازی 95% لە جۆرجییەکان هەست بە ئاسایش دەکەن و پێشتر گەورە مافیاکان لە دۆخێک بوون کە ئۆتۆمبێل و خانووەکانیان لە هەموو کەس نایاب تر بوو دوایی خرانە زیندان و دەستگیرا بەسەر موڵک و سامانیان، کە بەشێکی زۆریان لەگەڵ پۆلیس دەستیان تێکەڵ کردبوو.
 
دووەم: چاکسازی لە سیستەمی باج
 
سیسیتەمی باجی ئاڵۆز دەرگایەکە بۆ فەساد، لە قۆناخی چاکسازی لەم میحوەرانە چاکسازی باج دەستیپێکرد:
 
1-گۆرانکاریی لە چەمکەکان: ئەوانەی پابەند نەبوون، پۆلیس چووە سەریان و دەستگیرکران بۆ نموونە وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و سەرۆکی ژووری کۆنترۆڵ و سەرۆکی کارگێڕیی فڕۆکەوانیی مەدەنی و سەرۆکی کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسنین و سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ...هتد. ئەمانە دەیانتوانی پارە بدەن و ئازاد ببن یەک لە گەورە بازرگانەکان 14 ملیۆن دۆلاری دا تا ئازاد کرا.
 
2- گۆڕانکاریی لە هاندانی فەرمانبەران: دانانی کامیرا لە نووسینگەکانی باج. هەروەها زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران. هەنگاو بە هەنگاو فەرمانبەر و کارگێڕی پێشووی باج گۆڕدران.
 
3- سادەکردنەوەی یاسای باج و فراوانکردنی پانتایی ئەوانەی وەرگرتنی باج دەیان گرێتەوە. (نموونەی ئەوانەی لە بازاڕ بەشێوەی گەڕۆک شتیان دەفرۆشت، باجیان نەدەدا بەڵام ناچارکران). هەروەها دانانی کاشێر لە هەموو شوێنێک کرایە مەرج.
 
4- سادەکردنی ئیدارەدانی باج: یەکخستنی باجی داهات و کۆمەڵایەتی و سادەکردنی پرۆسەی دانی باجی خانووبەر و رەتکردنەوەی ئەو رسوماتەی لە تحویلی مولکییە کە 2% وەردەگیرا.
 
لە نێوان ساڵانی 2003 تا 2011 کۆکردنەوەی هەموو باجێک زیادیکرد، بۆ نموونە باجی (ارباح)  شەش جار هێندەی پێشوو، باجی (قیمەی مضاف) پێنج جارهێندەی پێشوو، باجی داهات و خانووبەرە سێ جارهێندەی پێشوو .جۆرجیا لە پێگەی ژمارە 110 لە ساڵی 2005 بووە 39 لە 2012 لە دانی باج. ئەمە لەکاتێکدایە کە نرخی باج کەمکرایەوە و پارەی پێویست بۆ دەستپێکی کاری بازرگانی لە 2000 لاری کەمکرایەوە بۆ 200 لاری . ئەمەش وایکرد کۆمپانیای نوێ دروست ببن و لە ساڵی 2011 گەیشتە 350000 هەزار کۆمپانیا. کە لە ساڵی 2003 بریتی بوو لە 205 هەزار کۆمپانیا. واتە وێڕای ئەوەی نرخی باج و رسومات کەمکرایەوە بەڵام باج لە داهاتی گشتی زیادیکرد، چونکە رێگە لە قاچاخیی گیرا و هەموو کەس ناچارکرا باج بدات.
 
گرنگترین هەنگاوەکان بۆ چاکسازی لە باج بریتی بوون لە:
 
- تەشریعکردنی یاسای باجی روون و ئاشکرا و سادە و ئاسان.
 
-لێپرسینەوەی تووند و هێنانی فەرمانبەری نوێ و پێدانی هاندان.
 
- سیستەمی باجی دادپەروەرو کەمکردنەوەی رێژەکە.
 
-هێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی لە پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان باج دەر و بەرپرسەکانی حکومی لە باج.
 
سێیەم: پاککردنەوەی گومرگەکان
 
لە جۆرجیا گومرگ کانگایەکی دیکەی گەندەڵی بوو. بەرتیل بە تەواوی تەشەنەی کردبوو. هەموو شت دەهاتە وڵات بە بەرتیل. 
 
ئەفسەری گومرگ لە ماڵی گەورەو ژیانی شاهانە دەژیان. بەرتیل دەگەیشتە 10 هەزار دۆلار. تەنانەت دامەزراندن لە گومرگ بە (مەلەغی) زۆر بوو. 
 
زۆرینەی فەرمانبەرانی گومرگ فاسد بوون بۆیە 80%ـیان دەرکران، کێشەی کەم ئەزموونی فەرمانبەرانی نوێ هاتە پێش و زوو بردرانە خولی شەش مانگی. مووچەیان زیاد کرا لە 30 لاری بۆ 800 لاری جۆرجی. هەروەها تەکنەلۆجیا و خاڵی پشکنین بە کەرەستەی نوێ دانران. چاکسازیی لە گومرگ زۆر سەخت بوو حەوت ساڵی خایاند و تا ئێستاش لەم سێکتەرە کێشەیان ماوە. 
 
چاکسازی لە گومرگ وایکرد جۆرجیا ببێتە پێنجەم وڵات لە ناو 181 وڵات بە دەست گرتن بە کەمترین تێکڕای پێناسەی گومرگی.هەروەها بە کەمترین بەربەست لە پێش بازرگانیی لە ناوچەکە دانرا. هەروەها پلەی سێیەمی هەیە لە جیهان لە چوارچێوەی رێکەوتننامەی گشتی لە تەعریفەی گومرگی. ئەمەش هاتە دی بە هۆی ئەم هەنگاوانە:
 
-باشکردنی ئەو یاسایانەی کە گومرگ رێکدەخەن.
 
- سیاسەتی لێخۆش نەبوون لەگەڵ گەندەڵی.
 
- سادەکردن و کەمکردنەوەی پێناسەی گومرگی.
 
-زیادکردنی مووچەی فەرمانبەرانی گومرگ و دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ.
 
- دانانی ژێرخانی باش و سیستەمی نوێ و تەکنەلۆجیای نوێ.
 
چوارەم: چاکسازی لە کەرتی کارەبا
 
کارەبا رۆژانە 7 کاژێر هەبوو. زۆر خراپ بوو هەندێ ناوچە هەر نەی بوو. گەندەڵی لەبەرهەمهێنانی کارەبا و گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا هەبوو. دیزل کە بۆ کارەبا دابین دەکرا دەفرۆشرایەوە لە بازاڕی رەش. مووچە زۆر کەمبوو یان هەر نەبوو، بۆیە ناچار بەرتیلیان وەردەگرت. دوای 2003 چاکسازیی دەستیپێکرد لە کۆی 20 هەزار فەرمانبەر 3 هەزاریان دەرکران. پادداشت دانرا و مووچە بەرزکرا. پێوەری پێشکەوتووی کارەبا دانرا. پێوەریی بە کۆمەڵ دانرا کە هی تەلەفۆن و کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاریی دیکەی پێکەوە دەخوێندەوە. ئەگەر هی یەکیانی نەدابا کارەبای لەسەر دەبڕا.  هەروەها عدادی چەند ماڵێک بەیەکەوە بوو ئەگەر یەک ماڵ نەی دابا لە سەر هەموویان دەبڕا ئەمەش داهاتی کارەبای زیاد کرد هەرچەندە کێشەی لێکەوتەوە. کارەبا درایە کەرتی تایبەت لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەت. دەوڵەت 300 ملیۆن دۆلاری لەم کەرتە وەبەرهێنان کرد. ئەمانەش وایکرد کارەبا ببێتە 24 کاژێر و لە ساڵی 2009 تا 2011 یەکجاریش نەکوژایەوە.
 
تێکڕای وەرگرتنی رسوومات 30% بوو ئێستا 100%. رێژەی بزربوونی کارەبا لە ساڵی 2004 بریتی بوو لە 6.6 بەڵام لە چوارچێوەی چاکسازیی لە ساڵی 2011 کەمکرایەوە بۆ 1.7%. وەرگرتنی فاتوورە لە 22% لە ساڵی 2004 بووە 100% لە ساڵی 2010, بەرهەمهێنانی کارەبا لە 6.9 TWH لە ساڵی 2004گەیشتە 10 TWH لە ساڵی 2010. پێشتر جۆرجیا کارەبای لە دەرەوە دەکڕی ئێستا دەینێرێتە دەرەوە و دەیفرۆشێت.
 
پێنجەم: چاکسازیی لە کۆمپانیاکان
 
دروستکردنی کۆمپانیا زۆر سەخت و پڕ رۆتین بوو، نۆرەی خەڵک ئەوسەری دیار نەبوو. مۆڵەتێکی دروستکردنی بینا 29 هەنگاوی پێویست بوو. دەبوو 9 جێگا رەزامەندیی بدەن. تا پرۆسەکە تەواو دەبوو یەکساڵی دەویست. زۆربەی بینایەکان بە بەرتیل بەبێ مۆڵەت دروست دەکران تەنها 45% مۆڵەتیان هەبوو. بەرتیل دان بە نهێنی نەبوو. ئەوانەی دەچوونە پشکنین بە ئاشکرا پارەیان وەردەگرت. 
 
جۆرجیا دەستیکرد بە سیستەمی یەک پەنجەرە، هەروەها سیستەمی "بێدەنگی نیشانەی رازی بوونە"، واتە ماوەیەک دیاریکرا ئەگەر لەو ماوەیە وەڵامی مامەڵەکە نەدرایەوە واتە نیشانەی رەزامەندی دانە. جۆرجیا هەنگاوی گەورەی نا لە بواری کۆمپانیاکانی کار، لە ساڵی 2005 لە پلەی 112 بوو، بەڵام لە ساڵی 2012 هاتە 16 یەمین وڵات لەسەر ئاستی جیهان. پەیوەندیی نێوان خەڵک و فەرمانبەران کەمکرایەوە و ئامێرەکانی تەکنەلۆجی جێگای گرتەوە ئەمەش گەندەڵیی کەمکردەوە. جۆرجیا کارێکی کرد کە 95% ـی کارە بازرگانییەکان پێویستیان بە مۆڵەت نەما. هەموو مامەڵەیەک لە کورتترین ماوەو بە ئەلیکترۆنی تەواو دەکرا. لەساڵی 2003  دەرهێنانی مۆڵەتێکی بازرگانی 195 رۆژی دەویست و ماوەکە کەمکرایەوە بۆ 98 رۆژ.
 
شەشەم: چاکسازی لە تۆماری گشتی و مەدەنی:
 
بۆ تاپۆکردنی موڵکێک دوو مانگی دەویست لە واژۆکردن و مۆرکردن و ئەو فەرمانگە و ئەو فەرمانگە کردن. هەنگاوەکانی تاپۆکردن هەشت قۆناخ بوون هەمووی نۆرە و راکە راک بوو. بۆ تاپۆکردن دەبوو 2.5 لە نرخی موڵکەکە رسومات بدەیت. لە هەر دائیرەیەک 5 تاوەکو 6 کاژێر لەنێو دووکەڵی جگەرە لە نۆرە بووەستیت.
 
لە نێو ئەو فەرمانگانە بەرتیل وەرگرتن ئێجگار زۆر بوو، بۆیەش دامەزراندن لەم شوێنانە 5 هەزار دۆلار تاوەکو 25 هەزار دۆلار بوو. ئیتر چاکسازیی دەستیپێکرد و هەنگاوی گەورە نران. 2200 فەرمانبەر دەرکران بە سیڤی و بە شفافی 630 کەسی نوێ دامەزران. مووچەیان بە نزیکەی 20 هێندە زیاد کرا کە پێشتر 20 دۆلاری ئەمریکی دەکرد و کرایە 400 دۆلار . دامەزراوە دروستکران، پرۆسەکە سادەکرایەوەو سیستەمی پێشکەوتوو دانرا، رۆتین کەمکرایەوە بۆ نموونە پێشتر بۆ تاپۆکردنی موڵکێک پێویستی بە 6 بەڵگەنامە بوو کرایە یەک بەڵگەنامە. دوو ئەرکیان دانا بۆ چاکسازی یەکەم نابێت نۆرە بمێنێ و دووەم نابێت گەندەڵیی بمێنێت.
 
گرنگترین شت دروستکردنی وکالەی تۆماری مدنی بوو لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی داد. کە پاسپۆرت و ناسنامە و بەڵگەنامەی لەدایک بوون و بەڵگەنامەی مردن و هاوسەرگیریی و کۆچ و هەموو بەڵگەنامەی دیکە لەوێ دەردەچوون. کە پێشتر 78 مەکتەب هەبوون بۆ ئەم بەڵگەنامانە کرایە یەک مەکتەب. ئەمەش رۆتینی زۆر کەمکردەوەو هەمووی چووە یەک سیستەمی ئەلیکترۆنی و بە سانیە کارەکان دەکرێن. واشیان کرد ئەگەر کەسێک زۆر پەلەیەتی دەکرێت پارەی زیاتر بدات مامەڵەی زووتر تەواو دەبێت. واتە لە جیاتی بەرتیل بدات بە فەرمی پارەی خۆی دەدات. بۆ نموونە ناسنامە بە دە رۆژ دەردەچێت، بەڵام ئەگەر پارەی خۆت بدەی بە یەک رۆژ. ئەوانی دیکە بە خۆی لە 15 خولەک دەردەچن وەک بەڵگەنامەی لەدایک بوون و مردن هەموو شوێنەکانیش شەفافن و لە شووشە دروستکراون. فەرمانبەران راهێنراون لە چۆنیەتیی پێشوازیی و رێزگرتنی خەڵک و سەبر و پشوودرێژی و ئەتەکێتی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک. 
 
تەکنەلۆجیا رۆڵی زۆری بینی لە کەمکردنەوەی گەندەڵیی و رۆتین، کەسێک لە دەرەوەی وڵات کە جۆرجی بوو دەیتوانی پاسپۆرت دەربهێنێت. پێشتر ئەوانەی دەمردن بەڵگەنامەی مردنیان دەرنەدەکرد، تا مووچەی خانەنشینی بە بەردەوامیی وەربگرن، بۆیە یاسای نوێی 2011 هەموو دامەزراوە تەندروستییەکانی پابەندکرد کە نامەی ئاگادارکردنەوەی مردنەکە بۆ ناوەندی ئەلیکترۆنی بنێرن تاوەکو تۆمار بکرێت و بەڵگەنامەی مردنی بۆ دەربهێنن. هەر کەسێکیش مردنی شاردبووایەوە پێبژاردن دەکرا بە 500 لاریی جۆرجی.
 
بنەمای خزمەتگوزاری کە لە سیستەمی یەک پەنجەرە پێشکەوتووترە، کاریگەریی زۆر گەورەی هەبوو . هاووڵاتی دەتوانێت زیاتر لە یەک خزمەتگوزاری لە یەک شوێن رایی بکات. ئەم هەنگاوانە وایکرد تاپۆکردنی زەوییەک لە 39 رۆژ ببێتە تەنها دوو رۆژ. هەروەها رسوومات لە 2.5 کەمکرایەوە بۆ 0.1 لەبەهای خامووبەرەکە. هەروەها ئینجازی مامەڵەی تاپۆ لە 8 هەنگاو کەمکرایەوە بۆ یەک هەنگاو.
 
ئەم هەنگاوانە وایکرد داهاتی تۆماری گشتی ساڵی 2004 کە  300 هەزار دۆلار بوو، لە 2011 بووە 25 ملیۆن دۆلار. هاووڵاتیان متمانەی تەواویان بە پاکیی سیستەمەکە هەبوو و لە راپرسیەک تەنها1% پێی وابوو گەندەڵی لە پرۆسەکە هەیە.
 
حەوتەم: ریشەکێشکردنی گەندەڵی لە تاقیکردنەوەکانی قبوڵکردن لە زانکۆکان:
 
مامۆستای زانکۆ لە ساڵی 2002 کەمتر لە 60 دۆلاری وەردەگرت. ئەمەش زۆر کەمبوو بۆیە مامۆستا بە ئاشکرایی بەرتیلی وەردەگرت و هەموو شت لە زانکۆکان بە پارە دەکرا. قبوڵبوون لە زانکۆ و دەرچوون لە تاقیکردنەوە بە پارە و بەرتیل بوو. بەرتیل بۆ وەرگرتن لە زانکۆ لە نێوان 8000 دۆلار تا 30000 دۆلار بوو بەپێی شوێنەکە و کۆلیژەکە. بۆ کۆلیژەکانی ماف و پزیشکی لە نێوان 5000 تا 15000 دۆلار بەرتیل دەدرا.
 
دەست بە چاکسازی کرا: تاقیکردنەوە کرایە ناوەندیی. دەست بە ئیجرائات کرا و سەرۆکی زانکۆی تبلیس ناچارکرا دەستلەکاربکێشێتەوە. ژمارەی زانکۆکان لە 237 ـەوە کەمکرایەوە بۆ 43 زانکۆ. حکومەت پشتیوانیی دارایی ئەو زانکۆیانەی دەکرد کە پێوەری زانستییان تێدایە و ئەوانەی لە هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتی دەردەچن. کێبڕکێ لە نێوان زانکۆکان دروستبوو تا پشتیوانیی دارایی حکومەت بە دەست بهێنن.
 
هەشتەم: خزمەتگوزاریی شارەوانی لامەرکەزی
 
بۆ چاککردنی شەقام و بەستنی ئاو و بۆ هەموو شتێک بەرتیل وەردەگیرا. 80% لە خەڵک پارەی خزمەتگوزاریی ئاویان نەدەدا. وەرگرتنی تەعریفەی خزمەتگوزاریی لە نێوان 20% تا 30% بوو کە ئەمە کەمترین ئاستە لە هەموو جیهان. 1110 یەکەی کارگێڕیی هەبوو ئەمەش تێچوو و لێپرسینەوەو بەرپرسیاریەتیی سەخت کردبوو، ببوە مایەی گەندەڵی.
 
چاکسازی دەستیپێکرد و لە 1110 یەکەی کارگێڕیی کرایە 67 یەکە. لە نێوان ساڵی 2003 تا ساڵی 2010 دەستکرا بە دادگاییکردنی 165 بەرپرسی گەورە لە نێوانیان 5 پارێزگار ، 6 ئەمیندار ، 6 جێگری ئەمیندار ، 93 سەرۆک شارەوانی و 31جێگری سەرۆک شارەوانی. ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر گرنگ بوو بۆ فەرمانبەران کە کەس لە لێپرسینەوە بەدەر نییە. هەروەها ژمارەی فەرمانبەران بەهۆی یەکخستنی یەکە کارگێڕی و شارەوانییەکان بۆ نیوە کەمکرایەوە.
 
-لە ساڵی 2010 هەموو خزمەتگوزارییەکانی کارەبا و ئاو و خاشاک و غاز و تەلەفۆن پێکەوە بەسترانەوە، ئەگەر کەسێک لە ماوەی سێ مانگ بەدوای یەک پارەی خزمەتگوزاریی یەک لەوانە نەدات هەمووی بەیەکەوە لە سەری دەبڕێن. بۆیە رێژەی بە فیڕۆچوونی لە 60% لە ساڵی 2004 بۆ 20% لە ساڵی 2011 کەمکرایەوە. ئاو لە 4 کاژێر رۆژانە بۆ 16 کاژێر زیاد بوو. چاککردنی شەقامەمان لە 10% بۆ 75% بەرز بووەوە . داهاتی حکوماتی مەحەلی لە 400 ملیۆن لاری لە ساڵی 2003 بەرزبووەوە بۆ 1.7 ملیار لاری لە ساڵی 2011.
 
فەرمانبەران لە ئاژانسەکانی جێبەجێکردنی یاسا لە 63000 فەرمانبەر لە ساڵی 2003 کەمکرایەوە بۆ 27000 فەرمانبەر.
 
نۆیەم: ئەنجامەکان
 
1-بوونی ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز: میخایل ساکاشفیلی بووە رەمز و درووشمی "جۆرجیای خاڵی لە گەندەڵی" هەڵگرت. 90% لە خەڵکیش متمانەیان پێکرد و پشتیوانی بوون. هاودەنگیی و یەک دەستیی حکومەت هەبوو.
 
2- متمانەیان لە ماوەیەکی خێرا دروستکرد و بە تێڕوانین و ئیرادەیەکی سیاسی و بە ستراتیژێکی مەزن و بە نەخشەیەکی واقیعیانە هەنگاوی خێرایان نا لە جێبەجێکردنی چاکسازی و ئەنجامی خێراشیان دەستکەوت. ساکاشفیلی لەگەڵ تیمەکەی رۆژانە 18 کاژێر کاریان دەکرد. دەستیانکرد بە پچڕاندنی پەیوەندیی نێوان حکومەت و مافیاکان و بە دەستێکی پۆڵاین لە دزەکانی ناو حکومەتیان دا، فەرمانی دەستگیرکردنی گەورە مافیا و گەورە تۆمەتبارەکان دەرکرا و لە میانەی دەستگیرکردنیان 21 کەس کوژران کە خۆیان بەدەستەوە نەدا، بەڵام لەو پرۆسانەش 16 ئەندامی پۆلیس کوژران. لەساڵی 2006 تا 2010 توانرا 180 دزی گەورە سەرکۆنە بکرێن تەنها لە ساڵی 2011  توانرا 35 سەرکردەی مافیا بخرێنە زیندان. بەشێکیشیان هەڵاتنە دەرەوەو دەستگیرا بەسەر ماڵ و مومتەلەکاتیان.
 
ئەمەش بە خێرایی راستگۆیی دروستکرد ، بەمەش پشتیوانیی خەڵک و متمانەی خەڵک بۆ پرۆسەی چاکسازیی زیادیکرد. هەموو نووسینگەکانی پۆلیسیان کردە شووشە بۆ ئەوەی شەفافیەت هەبێت و کەس نەتوانێ دزی بکات.
 
3- دەستپێکردنی هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر گەندەڵی: چاوەڕوانیان نەکرد لیژنە پێکبهێنن و ستراتیژیەت دابنێن و ئەم شتانە بکەن یەکسەر دەستیان بە هەنگاوی کرداری کرد.
 
4- هێنانی خوێنی تازەو فەرمانبەری نوێ.
 
5- دیاریکردنی رۆڵی دەوڵەت: پێدانی پانتایی بە کەرتی تایبەت و ئەوەی کە نابێت دەوڵەت بچێتە ناو هەموو جومگەکان. دەستکرا بە بەتایبەتکردنی کەرتەکان و بەمەش پێشکەوتنی گەورە روویدا بۆ نموونە لە کارەبا.
 
6- پشتبەستن بە چارەسەری ناتەقلیدی: کە بەرپرسە دزەکانیان گرت بە تەواوی یاسایان جێبەجێ نەکرد گوتیان ئەگەر چاوەڕوانی ئیجرائاتی دادگاکان بکەین دەبێ چەند ساڵ لە زیندان خزمەتیان بکەین و قاسەی حکومەتیش بە تاڵە، بۆیە پارە دزراوەکانیان لێ وەردەگرتنەوە. لە ساڵی 2004 یەک لە سەرمایەدارە گەورەکانیان دەستگیرکرد، چەند رۆژێک لە زیندان مایەوە و ئازاد کرا لە بەرامبەر دانی بڕێکی زۆری پارە. ساکاشفیلی گوتی ئەو بڕە پارەیە بەشی دوومانگی مووچەی خانەنشینیی هەموو جۆرجیا دەکات، باشترە لەوەی جەنگێکی یاسایی درێژ لە دادگەکان لە گەڵی بکەین. بۆیە ساکاشفیلی لە نامەیەک بۆ پەرلەمان گوتی لە "داواکاریی دادگەییەوە بۆ ئەو کەسانە دەیکەینە کولتوری خزمەتگوزاریی گشتی".
 
7- گەشەپێدانی ئامانجی هاوبەش و هەماهەنگیی پتەو:
 
ئەلف- تیمی سەرەکی دروستکردنی بڕیاری سیاسی زۆر بچووک بوون و ئەندامەکان زۆر یەکگرتوو و پێکەوە بوون. ب-هەماهەنگییەکی زۆر بەهێز لە ئەنجوومەنی وەزیران هەبوو کە بەشێوەیەکی دەوریی کۆدەبوونەوە و بڕیاریان دەردەکرد. ج- بۆ هەر بوارێک لیژنەی پسپۆڕ پێکهاتبوو وەک گواستنەوە و باج و کارەبا و کەرتی تایبەت. د- کۆبوونەوەی تایبەتی نا فەرمی لەکاتی پێویست ئەنجام دەدرا و بۆ بابەتێکی لەناکاو کۆدەبوونەوە. زۆر لە گفتوگۆکان لەنێو پەرلەمان دەکرا و پەرلەمان بەشێک بوو لە پرۆسەکە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بوو بە دژایەتیی گەندەڵی.
 
8- سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان بۆ دۆخی جۆرجیا، ئەوەی کە گونجاوە لەگەڵ وڵاتەکەیان. بۆ نموونە لە یاسای لەناوبردنی مافیا سوودیان لە یاسای ئەمریکا و ئیتاڵیا وەرگرت. لە راهێنانی پۆلیس سوودیان لە ئەزموونی ئەمریکا و ئەوروپا وەرگرت. زۆر لە ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران خوێندنیان لە دەرەوەی وڵات تەواوکردبوو و ئەزموونی وڵاتانیان بینی بوو. بەڵام لە کۆتاییش دەرکەوت ئەزموونی جۆرجیا تایبەتە و کۆپیی هیچیان نییە.
 
9- سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا: بوونی رۆتین و پەیوەندیی نێوان بەپرسانی حکومەت و خەڵک دەرگایەکی گەورەی گەندەڵی بوو. بەڵام بەهۆی ناوەندی ئەلیکترۆنی رێژەی گەندەڵی زۆر کەمبووەوە و بەرتیل زۆر دابەزی.
 
10- بەکارهینانی هۆیەکانی پەیوەندیی و راگەیاندن بەشیوەیەکی ستراتیژی: ساکاشفیلی زۆر سەرکەوتوو بوو لە پەیوەندیی لەگەڵ خەڵک . یان لە دەستگیرکردنی گەندەڵەکان و بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان و ئاشکراکردنی ئەنجامەکان و راگەیاندنی ئەو پارانەی دزیویانە. تەنانەت لەکاتی زیاکردنی رسومات یان کرێی کارەبا لەگەڵ خەڵک قسە دەکرا و زۆر لێزانانە ئیدارەی ناڕەزایەتییەکان دەدرا.
 
دەیەم: دوو تەحەدی گەورە هێشتا لە جۆرجیا ماون:
 
1-دەسەڵاتی دادوەری لاوازە و خەڵک متمانەی پێ نییە . زۆربەی حاکمەکان گەنجن و کەم ئەزموونن.
 
2- پەرلەمان لە رۆڵی لێپرسینەوە و چاودێریی لە ئاستی پێویست نییە و لە بەرامبەر حکومەت لاوازە. هەروەها زۆرینەی هەرە زۆر لە پەرلەمان لە حیزبی دەسەڵاتدارە و ئۆپۆزیسیۆنێکی کارای تێدا نییە.
 
یازدەیەم: ئایا دەکرێت ئەزموونی جۆرجیا لە شوێنێکی دیکە دووبارە بکرێتەوە؟
 
لەگەڵ ئەوەی جۆرجیا تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بەڵام زۆربەی چاکسازییەکانی جۆرجیا دەتوانرێت لە شوێنی دیکەی دونیا جێبەجێ بکرێن. جۆرجیا هێرشی فراوانی لە چەندین لایەن بۆ سەر گەندەڵی دەستپێکرد تا گەمارۆی دا و دواتریش کۆنترۆڵی کرد. ئەمە لە هیچ شوێنێکی جیهان نەکراوە چونکە لەهەر شوێنێک کرابێت چاکسازییەکی کەم کراوە. بۆیە ئەزموونی جۆرجیا یەکێکە لە هەرە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی جیهان بۆ چاکسازیی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.