پرا ده‌لال و په‌يڤێن زه‌لال

 
سێ رۆژی رابردوو سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بە سیفەتی سەرۆكی هەرێمی کوردستان و هاوكات وەك جێگری سەرۆكی پارتى دیموكراتی كوردستان سەردانی دەڤەری بادینانی كرد، بۆیەش جگە لە كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بەرپرسانی ئيداری، رێكخستنەكانی پارتیشی بەسەركردەوە. 
 
لە كۆبوونەوەكانى لەگەڵ بەرپرسانی ئيدارى، كە (كۆبوونەوەی كراوە) بوون، جگە لە كاروباری كارگێڕی و دەستخۆشیی لە كاربەدەستان كە سەرباری قەیران، نەیانهێشتووە پەرەپێدان و خزمەتگوزاری لە ناوچەكەیاندا بوەستێ، سەرۆكی هەرێمی کوردستان دەربارەی بایەخی هەڵبژاردنی ئارا، پتەوكردنی پێگەی كوردستان لە رێی نوێكردنەوەی شەرعیەتی دامەزراوەكانی هەرێمی کوردستان، پەرۆشیی بۆ ئارام بەڕێوەچوونی بانگەشە و هەماهەنگیی هەمەلایەنە بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، قسەی بۆ ئامادەبووان كرد. كاتێكیش وەك جێگری سەرۆكی پارتی له‌ (كۆبوونەوەی حیزبی و داخراو)دا بۆ هەڤاڵانی پارتەكەی دوا، هەر بە هه‌مان زمان قسه‌ى كرد و بەوانيشى گوت: هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ نوێكردنەوەی شەرعیەت و بەهێزبوونەوەی پێگەی بەئامانجگیراوی هەرێمی کوردستان چارەنووسسازە. بۆیە ئەركمانە وەك چۆن هەموو هەوڵێكمان دا هەڵبژاردن بكرێت، هەوڵی سەرخستنيشى بدەین.
 
لە كۆبوونه‌وه‌ حیزبييه‌كانيدا به‌ هه‌مان خيتابى كۆبوونه‌وه‌ ئيدارييه‌كانى، دووپاتی كردەوە كە گرتنەبەری رێى سندووقی دەنگدان بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ، خۆی لە خۆیدا گرتنەبەری رێی سەركەوتنە، بۆیەش چەنده‌ ئەنجامەكان بۆ هەر حیزبێك گرنگه‌، سەركەوتنی پرۆسەكە و رەخساندنی زەمینەی داهاتوو بۆ پێكەوە بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە كە وڵاتی هەموو لایەكمانە(جا هەر لایە و بە قەبارەی خۆی) دواجار سەركەوتنە بۆ هەموومان.
 
نێچیرڤان بارزانی بەبیر كادرانی پارتی هێنايەوە كە ئەوە سەرۆك بارزانی بوو لە سەرەتای راپەڕینەوە پێشنیازی هەڵبژاردنی كرد و رێی دیموكراتی پێشانی هەمووان دا، بۆیە دەبێ ئێمە لە دیموكراسیدا پێشەنگی هەموو لایەك بین. باوه‌ڕمان وەك هەمیشە پته‌و بێت به‌وه‌ى دەسەڵات تەنیا بە پشتیوانی خەڵك بەدی دێت و بە رەزامەندیی خەڵك بەردەوام دەبێ، تەنها لە رێیی بەدەستهێنانی دڵی خەڵكەوە، دەنگی خەڵك بەدەست دێت و ئەوەش تەنها بە خزمەت و كاری باش دێتەدی.
 
رۆژی دووەم لەبەردەم پردی دەلال و كۆڕنیشی دڵگیری زاخۆدا، پووختەی هەمان ئەو قسانەی لە هەردوو جۆرى كۆبوونەوەكاندا كردبوونی، بۆ دەزگاكانی راگەیاندنیشى دووبارەكردنەوە و جەختی كردەوە كە نابێ لایەنەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا یەكدی بشكێنن و بسڕنه‌وه‌.
 
جێگری سەرۆك بە متمانەیەكی بێ غرورەوە به‌ هه‌ڤاڵانی پارته‌كه‌ى گوت: حیزبی ئێمە گەورەترینە، بۆیە دەبێ لە بانگەشەشدا لە ئاست ئەو گەورەییەدا بین، تەنیا باسی مێژوو و دەسكەوت و هەڵوێست و شانازییەكانی خۆمان بكەین بەسمانە و كارمان بە باسكردنی خراپیی كەس نییە. لە خاوەندارێتی و دیفاع لە قەزیەی میللـەتەكەماندا، خاوەنی یەكەم و سەنگەری یەكەمین، لە چاوی چاودێراندا لە هەمووان بەرچاوترین، بۆیەش بەرپرسیاریمان لە هەمووان زیاترە.
 
لە گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی گەرموگوڕ لەگەڵ هەڤاڵە پارتییەكانیدا، هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی هەروەها گوتی: راستە ویستێكی شەڕانگێز بۆ لێدانی دۆزی كورد لە رێی بچووككردنەوەی پارتییەوە لە ئارادایە، بەڵام هەوڵێكی نەزۆكە و نایەتەدی، چونكە پارتى تا هێزى ميللـه‌تى له‌ پشت بێت به‌ هێزی شەڕ و پیلان و هەڕەشە و هەندەسەی پێش وەخت بچووك نابێته‌وه‌.
 
خولاسه‌ى كه‌لام‌: نێچيرڤان بارزانى له‌ پێگه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمی کوردستان و له‌ پێگه‌ى جێگرى سه‌رۆكى پارتى و له‌به‌رده‌م مايكى كه‌ناڵه‌كانى ميدياشدا به‌ هه‌مان خيتاب قسه‌ى كرد و زمانحاڵيشى ده‌يگوت: كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌وپه‌ڕى دڵسۆزى و تێكۆشان بۆ حیزبى خۆت، له‌گه‌ڵ ئه‌وپه‌ڕى په‌رۆشى و خه‌مخۆرى بۆ سه‌ركه‌وتنى كوردستان له‌م ئيمتيحانه‌دا، نه‌ك هه‌ر پێكه‌وه‌ گرێ ده‌درێن، به‌ڵكو پێكه‌وه‌ يه‌ك خيتابى سه‌نگين و به‌رپرسيار و يه‌ك روانگه‌ى‌ نيشتمانييش به‌رهه‌م دێنن.