گرێکوێرەی تاقیکردنەوەی بەکەلۆری

18-08-2024
د. عەبدوڕەحمان ئەحمەد وەهاب
A+ A-
 
ئەوەی چارەسەرکردنی کێشەکانی تاقیکردنەوەی بەکەلۆریی سەختتر کردووە، ئەو گرەوە لە رادەبەدەرەیە کە لەسەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکە دەکرێت. گرەوەکەیش ئەوەیە کە نمرەی تاقیکردنەوەکە رێڕەوەی خوێندن و رەنگدانەوە و سەرەنجامی خوێندن لەنێو کۆمەڵگەدا دیار دەکات. بەرزی و نزمیی ئەو نمرەیە بڕیار دەدات کە خوێندکار لە کام بەرنامەی خوێندنی پاش ئامادەییدا دەگیرسێتەوە، ئەم گیرسانەوەش داهاتووی کۆی پڕۆسەی خوێندی فەرمییە. 
 
بەپێی یاسا و رێنوێنییە فەرمییەکانیش، خوێندکار هەر هەنگاوێکی ئەکادێمیی باڵاتر بنێت، هەر دەبێت لەنێو بازنەی ئەو بەرنامە و پسپۆڕییەدا بێت کە خوێندکارێک، بە هەر هۆیەک بێت، نمرەی (85) دێنێت، ئیدی ئەم نمرەیە و ئەو کۆلێژەی وەریدەگرێت رێڕەوی ژیانی ئەکادێمی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم خوێندکارە دیاردەکات بە شێوەیەک کە زۆر سەختە لێی لا بدات. دیارکردنی ئەم رێڕەوە زۆر جار بە کەمتر لە نمرەیەکیش دەبێت، بە وەڵامی ناڕاستی تەنیا یەک پرسیار، ئیدی بڕیار دەدرێت کەسێک بۆ هەتاهەتایە دەبێتە پزیشک، ئەندازیار، پسپۆڕی تاقیگە، یان مامۆستای زمان.
 
نمرە و پەراویزی بڕیاردان
 
هەڵبەت حەز و خولیا و پلانی خوێندکار و گونجان و ئەزموون و توانای خوێندکار لە بوارێکدا لە پەراوێزی نمرەکەیدایە. ئەوانەی نمرەیان بەرزترە پەراوێزی ئازادیی بڕیاردانیان زیاترە لەوانەی نمرەیان نزمترە. یانی، تانمرەکە بەرزتر بێت، پەراوێزی بڕیاردانی خوێندکاریش فراوانتر دەبێت، بۆیە ئەوە هەر نمرەیە کە بڕیاردانی خوێندکار ئاراستە دەکات. ئەم پێگەیەی نمرە لە پرۆسەی خوێندنی فەرمیدا هەیەتی وا دەکات گرەوێکی زۆری لەسەر بکرێت، کە وایە نمرە بووەتە بابەتێکی زۆر هەستیار. ئەمەیش وایکردووە مامەڵەکردن لەگەڵیدا زۆر هەستیار بێت و بە ئاسانی نەتوانرێت گۆڕانکاری لە پڕۆسەی بەدەستهێنانی نمرەدا بکرێت. یانی، هەستیاربوونی نمرەکە هۆکاری خراپبوونەکەیەتی، هۆکاری ئەوەیە کە نەتوانرێت چاکسازی لە دەستخستنیدا بکرێت.
 
یان نمرەی بەزر یان بنی هەنبانەکە
 
هەروەها پێگەی بەرز و هەستیاریی ئەم تاقیکردنەوەیە وایکردووە کە ببێتە کۆتا ئامانجی کۆی سیستمی خوێندنی فەرمیی پێش زانکۆ. ئێستا کە رێڕەوی راستەقینەی هەموو خوێندنی فەرمی و، بە شێوەیەکی خەستوخۆڵتر لە قۆناخی ئامادەییدا هێنانی نمرەی بەرزە لە تاقیکردنەوەی بەکەلۆریدا، ئیدی ئامانجەکانی دیکەی خوێندن کە رەنگدانەوەی راستەوخۆیان لەسەر هێنانی نمرەی بەرز نییە، پەراوێز دەخرێن. ئامانج و بەهاکانی وەکو کاری پێکەوەیی، بیرکردنەوەی داهێنانکاری و رەخنەیی، دەستڕەنگینی، جوانیناسی، پێوەستبوون بە بنەما ئەخلاقییەکان، خۆشویستنی نیشتمان، بەشداربوونی کۆمەڵایەتی، چالاکبوونی رۆحی و دەروونی و جەستەیی و، هتد لە راستیدا تەنیا لەسەر لاپەڕەی بەڵگەنامەکانی سیاسەت و یاسا و روانگە نیشتمانی و ستراتیجییەکاندا دەمێننەوە. ئێستە هەر مامۆستایەک یان هەر قوتابخانەیەک گەر گرنگی بەم بنەما و ئامانج و بەها پەروەردەییانە بدات، بەڵام لە پۆلی دوازدەدا خوێندکارەکانی نمرەی بەکەلۆرییان نزم بێت، ئەوا بە مامۆستای سەرکەوتوو و قوتابخانەی باش دانانرێن.
 
کردنەوەی کرێکوێرەی بەکەلۆری
 
لێرەوە تێزی ئەم نووسینە و خاڵی سەرەکی لە پێشنیازکردنی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە روون دەبێتەوە: 
 
بۆ ئەوەی کێشەکانی تاقیکردنەوەی بەکەلۆری کەم بکەینەوە، پێویستە پێگەی تاقیکردنەوەکە کەم بکەینەوە تاوەکو گرەوێکی زۆری لەسەر نەکرێت و داهاتووی لەسەر بنیات نەنرێت کە ئەم پێگەیەیشمان هێنایە خوارەوە، دەرگە بەڕووی دەرفەتەکانی چاککردنی سیستەمی خوێندندا دەکەینەوە.
 
ئەمانەی خوارەوە هەندێک لەو رێیانەن کە دەتوانین بەهۆیانەوە پێگەی تاقیکردنەوەی بەکەلۆری نزم بکەینەوە:
 
1. زانکۆکان و کۆلێژ و بەرنامە جۆراوجۆرەکانی خوێندنی باڵا بەپێی فەلسەفە و روانگە و سرووشت و توانا و دەرفەتەکانی خۆیان پێوەری گشتگر بۆ هەڵسەنگاندن و وەرگرتنی خوێندکاران دابنێن. پێوەری وەرگرتن دەکرێت تێکەڵەیەک بێت لە نمرەی سێ ساڵی ئامادەیی، نمرەی بەکەلۆری، چالاکی و ئەزموونی دەرەکی (ئەزموونی پێشینە لە کار و پیشەیەکدا، بڕوانامە و دەستکەوت و نیشانەکانی سەرکەوتن لە بوارێکی پێوەندیداردا، حەز و خولیا و پاشخانی مەعریفی و کۆمەڵایەتی و، هتد)، نموونەی نووسین بۆ نیشاندانی نیەت و روانگە و ئەزموونی خوێندکار و پلانی داهاتووی، نامەی پشتگری لەلایەن مامۆستا و بەڕێوەبەری قوتابخانە و بەڕێوەبەری کار و کەسانی پسپۆڕەوە.
 
2. هەڵسەنگاندنی پۆرتفۆڵیۆی خوێندکار، بەوەی بەشی ئەکادێمی و کۆلێژەکان داوا لە خوێندکار بکەن کۆمەڵێک نموونەی کار و چالاکی و پڕۆژە و بەرهەمی خۆیان پێشکێش بکەن تا کارامەیی و لێهاتوویی خۆیان نیشان بدەن و بیسەلمێنن کە ئەو بەش و بەرنامەیەی لە خوێندنی باڵادا هەڵیانبژاردووە بۆیان گونجاوە.
 
3. چاوپێکەوتن لەگەڵ خوێندکاراندا بکرێت تا بزانرێت لەڕووی کەسایەتی و توانای گفتوگۆ و پێوەندیکردن و پاڵنەر و خولیاوە تا چەند لەگەڵ چاوەڕوانی و پێویستییەکانی بەشی ئەکادێمیدا هاوئاهەنگن.
 
4. هەڵسەنگاندنی خوێندکاران لەسەر بنەمای کارکردن و نیشاندانی کارامەییەوە بەوەی داوای ئەرک و پڕۆژەیان لێ بکرێت بۆ ئەوەی نیشانی بدەن تاوەکو چەند توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ ئاڵنگارییە واقیعییەکانی پسپۆڕییەکاندا هەیە.
 
5. تاقیکردنەوەی کارامەییە گشتییەکانی خوێندکار لە بیرکردنەوەی رەخنەیی و هونەریدا، لە توانای خوێندنەوە و نووسین و تێگەیشتن، لە زمانزانیدا، لە کاری هەرەوەزی، کۆڵنەدان، زانیاریی گشتی و توانای بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای نوێدا.
 
ئەمانە نموونەی جۆراوجۆری هەڵسەنگاندنن کە پاڵپشتیی بڕیاردانی وردتر و روونتر و باشتر لە دیارکردنی رێڕەوی ئەکادێمی و پیشەیی خوێندکاردا دەکەن. ئەرکی سەرەکی و جێبەجێکاری پڕۆسەی وەرگرتن لەم نموونانەدا کۆلێژ و زانکۆکانن. ئێستە کە زانکۆکان متمانەی ئەوەیان پێ دراوە کە پزیشک و ئەندازیار و مافپارێز و مامۆستا و ژمێریار و هتد بەرهەم بهێنن، ناکرێت متمانەی ئەوەیان پێ نەدرێت کە خوێندکاری دەرچووی پۆلی دوازدە بەپێی پێوەری خۆیان وەربگرن. راستییەکەی، ئەگەر گومان لە توانا و نییەت و پێگەی ئەخلاقیی زانکۆکان و بەشە ئەکادێمییەکان بکرێت لەوەی لەوانەیە پێوەری ناشەرعی و نایاسایی لە پڕۆسەی وەرگرتن لە زانکۆکاندا بە کار ببەن، ئەوە ئیدی کۆی باسی پەروەردە و خوێندنی باڵا و رێڕەوی زانست و ئەکادێمیا لە کوردستاندا دێتەوە خاڵی سفر.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. ئادەم بێدار

هاوسەرگیریی منداڵ و پێنەگەیشتوو یان بەسەبایاكردن؟

دەتوانم بڵێم: "ئەوەی ئێستا دەكرێت لە بەشوودانی منداڵ و ناباڵق و ناپێگەیشتوو بەبیانووی ئیسلام و خواو پێغەمبەر ئەوە ستەمە لە مرۆڤ و بگرە لە خوا و پێغەمبەریش!".