رەهەندە ئاڵۆزەکانی پێکدادانی تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان

 
سەرەتا
 
لە دوای جەژنی قوربانەوە شەپۆلێکی دیکەی جموجۆڵە سەربازییەکانی تورکیا و پەکەکە لە سنورری پارێزگای دهۆک دەستی پێکردووە. پێکدادانەکان زیاتر لە ناوچەکانی باکووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک چڕن، بەڵام ئەگەری پەلهاوێشتنی شەڕ بۆ شوێنێکی وەک چیای گارە کە زیاتر لە 40 کم لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندایە، بە یەکێک لە خاڵەکانی وەرچەرخان لە گۆڕانی جوگرافیای پێکدادانی تورکیا و پەکەکە هەژمار دەکرێت کە دەتوانێت ئاسەواری گرنگی سیاسی و سەربازی لەدوای خۆی بهێڵێتەوە. هەڵبەت دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بارودۆخی پێکدادانەکانیش دەریدەخەن کە لەوانەیە ئەم بابەتە زیاتر لەوەی کە چاوەڕێ دەکرێت درێژە بکێشێت. 
 
رەهەندی جیۆپۆلەتیکیی پێکدادانەکان
 
پێکدادانەکانی ئەم دواییەی تورکیا و پەکەکە، پەیوەندییەکانی پارتی و پەکەکەی کردووەتە بەرمیلێکی بارووت، پارتی باس لەوە دەکات کە پەکەکە شەڕی هێناوەتە ناو قووڵایی هەرێمی کوردستان و پەکەکەش پارتی بە هاوکاریی تورکیا تۆمەتبار دەکات. 
 
هەرچۆنێک بێت، لەوانەیە پاڵنەری سەرەکیی رووداوەکانی ئێستا زیاتر لە گرژییەکی نێوخۆیی، رەهەندێکی جیۆپۆلەتیکی بەهێزتریان لە پشت بێت. تورکیاش ئەوەی پێشان داوە کە بۆ دۆخێکی نائاسایی چاوەڕێی مۆڵەت لە عێراق یان هەرێمی کوردستان ناکات وەک چۆن لە ساڵانی نەوەدەکاندا ئەوەی کرد. سەرۆککۆماری تورکیا پێیوایە بوومەلەرزەیەکی جیۆپۆلەتیکی لە دنیای داوە و لە ئەنجامی ئەوەشدا ناسەقامگیرییە سیاسی و سەربازییەکان بەردەوام دەبن. تورکیا لە درێژەکێشانی هەردوو شەڕی رووسیا- ئۆکراینا هەروەها، شەڕی ئیسرائیل- حەماس نیگەرانە و پێیوایە کە بەردەوامیی ئەوانە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەوان دادەنێت. بە ئەگەری زۆر نزیکترین نیگەرانی تورکیا لەوەیە کە ئەگەر هەردوو شەڕەکە فراوانتر ببن، ئەوا دەرفەتی پەکەکە بۆ دەستخستنی چەک و یارمەتیی دەرەکی زیاتر دەبێت. بۆ نموونە ئەگەر تورکیا بەهۆی ئەندامبوون لە ناتۆ، لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕی رووسیا- ئۆکراینا هەڵوێستێکی پاڵپشتیکارانەی زیاتری بۆ ناتۆ هەبێت، ئەوسا ئەگەری دەسکەوتنی چەکی رووسی بە تایبەت مووشەکی زەوی بۆ ئاسمان، یان تەکنەلۆژیای ئۆکراینی لە بازاڕی رەش لەلایەن پەکەکەوە زیاتر دەبێت. 
 
حکومەتی ئیسرائیلیش چەند جارێک لە دژی پشتیوانیی ئەنقەرە لە حەماس باسی کێشەی کوردی لە تورکیا کردووە و، ئەنقەرەش نیگەرانە لەوەی کە ئەگەر ئەو شەڕە فراوانتر بێت، ئەوسا قسەو باسی هاوکاریی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی بۆ پەکەکە ببێتە کردەیی. سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای بەشداری لە لووتکەی 75 ساڵەی ناتۆ رایگەیاند کە هێشتا زۆر دوورن لەوەی کە لە بابەتی هاوکاری لە پیشەسازی سەربازی و شەڕی دژی تیرۆردا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بگەنە ئەو رێککەوتنەی کە دەیانەوێت. ئەردۆغان بەشێوەیەکی روونتر باسی لەوە کردووە کە جوگرافیا، هەم دەرفەت هەم مەترسی بۆ دروستکردوون و تورکیا ئێستا ناتوانێت لە نێوان بلۆکی رۆژهەلات و رۆژائاوادا بەلای هیچ کامیاندا بیشکێنێتەوە، بۆیە هاوشانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناتۆ، پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و رووسیاش گەشەپێداوە و چاوی لە ئەندامێتی بریکس و رۆڵی زیاترە لە رێکخراوی هاوکاری شانگهای. تورکیا پێیوایە کە دەتوانێت لەڕێی گەشەپیدانی پەیوەندی سیاسی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی عێراق و ئێران، هەروەها ئاساییکردنەوەی پەیوەندەییەکانی لەگەڵ سووریا و ئەگەری زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەدەنە جموجۆڵەکانی پەکەکە سنووردار بکات. بەڵام لەڕووی سەربازیشەوە خواستی دروستکردنی ناوچەیەکی پارێزراوی لە باشووری سنوورەکانی هەیە کە لە سالی 2016ـوە لە سووریا و لە 2019ـوە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. بەرپرسانی تورکیا هێڵەکانی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان تا ئەودیوی سنوورەکانی میساقی میللی سەیر دەکەن کە لە مەجلیسی مەبعوساندا لە سەرەتای ساڵی 1920 دا قبووڵکراوە و پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەب لە سووریا تاوەکو هەرێمی کوردستان لەخۆ دەگرێت. بێگومان ئامادەیی سەربازیی تورکیا لە باکووری سووریاوە تا هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو روانگەیە زیاتر واتادار دەبێت. 
 
کات و جوگرافیای پێکدادانەکان
 
وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە کە لەڕووی کاتەوە، دەیانەوێت بەرلەوەی بەفری زستان بنیشێتەوە، قوفڵێک لە زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی چنگۆڵ بدەن و کۆتایی پێ بهێنن. وەکو شوێنیش چیای گارەی وەک ئامانجی کۆتایی داناوە و دەڵێ تا پەکەکەی لێ مابێت بەردەوام دەبین. پەکەکەش رایگەیاندووە کە هێشتا ئەوان لە ناوچەیە هەن و لە هەموو شوێنێک شەڕ دەکەن
 
پێدەچێ ئامانجێکی تورکیا تۆکمەکردنی سنوورەکانی جوگرافیای ئێستای شەڕی خۆی لەگەڵ پەکەکە بێت. لە ماوەی نێوان 2019- 2023 دا بە گشتی 1154 رووداوی تووندوتیژیی رێکخراو لە نێویشیاندا پێکدادانی سەربازی لە نێوان پەکەکە و تورکیا روویانداوە کە نزیکەی 64٪ـی لە خاکی هەرێمی کوردستان بووە. بەمەش تورکیا جوگرافیای شەڕی پەکەکەی گۆڕیوە و لە خۆی دووریکردووەتەوە. تورکیا دەیەوێت هێڵێکی ئەمنی لە خواکورک لە سنووری پاێزگای هەولێر تاوەکو حەفتانین لە دهۆک پێکەوە ببەستێتەوە. بێجگە لەوەش، بە ئەگەری زۆر ئامانجی توندوتۆڵکردنی ئەو خاڵ و بنکە سەربازییانەی هەیە کە لەداوی 2019ـوە دایناون. ساڵی رابردوو پەکەکە لە زستاندا هێرشی کردبووە سەر دوو بنکەی سوپای تورکیا و بەوەش دەریخستبوو کە تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی سنوورداریش بێت، لەوانەیە هەم بۆ خۆپاراستن لە درۆن، هەمیش بۆ پێکدادان لە کاتی بەفر و بارانی زستانەدا رێگایەکی دۆزیبێتەوە. بۆیە تورکیا دەیەوێ نزیکترین بەرەی پشتەوەی پەکەکە بە شوێنەکانی وەک مەتین، حەفتانین، ئاڤاشین و باسیان بکاتە ئامانج. چڕبوونەوەی پێکدادانەکانیش لە بەشی باکووری هێڵی ئامێدی - دێرەلوک کە رێگاکانی بەستنەوەی گارە بە ناوچە شاخاوییەکانی نزیکی سنوور لە خۆ دەگرێت، ئەو گریمانەیە بەهێزتر دەکات.
 

تا پێش ساڵی 2019، بایەخی هێڵێکی سنووری کە لە ناحیەی دەرکار لە زاخۆ دەستپێدەکات و شوێنەکانی وەک حەفتانین، مەتین، گەلیی زاپ، گەلیی باڵندا بەرەو ئاڤاشین و باسیان لە نزیک سنوور لە خۆ دەگرێت و لەوێشەوە بەرەو خواکورک و خنێرە لە سنووری پارێزگای هەولێر شۆڕ دەبێتەوە، بۆ هەردوولا زیاتر بوو. تورکیا لە مایسی 2019ـوە تا ئێستا شەش دانە ئۆپەراسیۆنی چنگوڵی کردووە و بەشێوەیەکی جیاواز لەوانەی پێشوو، بنکە و بارەگای زیاتری لە ناوچە شاخاوییەکان داناوە بۆ ئەوەی کە یەکەمین هێڵەکانی گواستنەوە و لۆجستیکی پەکەکە بپچڕێنێ. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە لە داتاکانی جوگرافیای توندوتیژییە رێکخراوەکانیUCDP کردوومە، لە ماوەی نێوان 2019 تا کۆتایی 2023، ژمارەی رووداوەکانی نێوان تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان 737 دانەیە و لەوەشدا، رێژەی 77.88٪ی لەو هێڵەدا روویداوە. باقییەکەیشی لە هێڵی دووەمی پێکدادانەکانی تورکیا و  پەکەکە روویداوە کە شوێنەکانی وەک شنگال، مەخموور، گارە، قەندیل و دەڤەری سلێمانی دەگرێتەوە. بۆ نموونە لە شوێنێکی وەک دۆڵی زاپ 159، چیای مەتین 142، ئاڤاشین 65، حەفتانین 58 پێکدادان و رووداوی تووندوتیژیی چەکداری روویانداوە بەڵام، لە جێگایەکی وەک گارە ئەو ژمارەیە بۆ 41 دانە دابەزیوە. گارە لەڕووی بەرزی و هەڵکەوتەوە لەنێو دووەمین هێڵە چیاییەکانی هەرێمی کوردستاندایە کە لە ملی رۆژئاواوە بەرەو رۆژهەڵات ریزیان بەستووە. بۆ پەکەکە، گارە هاوشێوەی قەندیل، بەرەیەکی پشتەوەیە بۆ ئامادەکاری لۆجستیکی، راهێنان و رێکخستن کە دوای جێگیربوونی سوپای تورکیا لە بەشێک لەشوێنەکانی هێڵەکانی پێشەوەی سنوور، بایەخی زیاتری پەیداکردووە. بۆ تورکیاش، گارە دوایین حەڵقەی تەواوکردنی ستراتیژی دوورکردنەوەی پەکەکەیە لە سنوورەکان.
 
رەهەندی سەربازی
 
درۆن و هێزی ئاسمانیی تورکیا لە بەرامبەر جموجۆڵی نەریتی پەکەکەدا کە جاران بە گرووپ دەجووڵانەوە، کاریگەربوو. بەڵام پەنابردنی پەکەکە بۆ دروستکردنی ئەشکەوت و شەڕی تونێل وایکرد کە هێزی کۆماندۆ کە زیاتر بە کۆپتەر لە ناوچەیەکی دیاریکراو دادەنرێن، لەگەڵ دانانی بنکەی سەربازیی کاتی بۆ کۆنترۆڵکردنی جموجۆلەکان لەسەر زەوی ببێتە بەشێک لە تەکتیکی تورکیا لەناوچەی پێکدادانەکان. پێدەچێت ئەمەش ئێستا گۆڕانی زیاتری بەسەردا هاتبێت چونکە هەم تورکیا هەم پەکەکەش شێوازەکانی خۆیان گۆڕیوە. تورکیا جیاوازتر لە جاران، هەم هێزەی پیادەی زۆرتری هێناوە و گرنگی بە کۆنترۆڵکردنی رێگاکان دەدات، هەمیش دژە درۆنی کورکوتی جێگیرکردووە کە پێدەچێت بەهۆی گۆڕانی شێوازی جموجۆڵەکانی پەکەکەوە بێت. هێشتا نازانرێت کە ئایا پەکەکە تا چ ئاستێک توانای خۆی بۆ دروستکردنی درۆن و سیستەمی ئانتی درۆن گەشەپێداوە یان لە دەرەوە وەریگرتووە، بەڵام هەندێک لە پسپۆڕانی تورکیا پێیانوایە کە پەکەکە موشەکەی ئانتی تانک(ATGM)، موشەکی(SA-18)ی رووسی و درۆنی کامیکازەی لە دەستدایە. هەندێک لە سەرچاوە میدیاییەکانیش باس لەوە دەکەن کە پەکەکە زیاتر لە جاران جۆرێکی درۆنی سەرەتایی بەکاردەهێنێت. و جۆرێکی درۆنی کامیکازەی زەوی بۆ هەواشی لە دەست دایە کە دەتوانێت بۆ خستنە خواورەی درۆن بەکاریبهێنێت. سەرۆککۆماری تورکیاش بۆ خۆی رایگەیاندووە کە "ئەو چەکانەی کە هاوپەیمانەکانمان بە نازێکی زۆرەوە بە ئێمەی دەدەن لە ئەنبارەکانی پەکەکەدا هەن." ئەنجامی هەموو ئەوانەش وادەکەن کە شەڕی ئەمجارە تەنیا پشت بە درۆن و هێزی ئاسمانی نەبەستێت و جاریکی دیکە رۆڵی هێزی پیادە لە پێکدادانەکانی هەردوولا زیاتر بێتەوە کە ئەوەش بە هاتنی لەشکر تەرجەمە دەبێتەوە.
 
کاریگەریی پێکدادانەکان لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق
 
بەشێوەیەکی گشتی پێکدادانەکانی سنوور کە ئێستا زیاتر بەرەو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان داکشاون، دۆخی ناوچە سنوورییەکانی نائارام کردووە. وادیارە چارەسەرەکەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆ دانانی خاڵی سەربازی زیاتر لە سنوور بۆ رێگرتن لە داکشانی زیاتری پەکەکە و هاتنی سوپای تورکیا، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەمکردنەوەی پێکدادانەکان دانەناوە. بە پێچەوانەوە ئاستی گرژییەکانی پەکەکەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیاندووەتە ئاستێکی بەرز کە زیاتر لە هەرکاتێکی دیکە لە شەڕ نزیکی کردۆتەوە.
 
بێشک زەرەرمەندی یەکەم لە پەلکێشانی زیاتری پێکدادانەکانی تورکیا – پەکەکە بۆ ناو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، هەولێر و بەغدایە. بۆ هەولێر خراپە چونکە کۆنترۆڵی کردەیی لەسەر بەشێک لە خاکەکەی لە دەست دەدات و بۆ بەغداش خراپتر، چونکە لە کاتێکدا گرژییەکان زیاتر تەشەنەیان کردووەتەوە کە بەغدا هەم دەیەوێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا گەشەپێبدات، هەمیش خۆی تووشی شەڕی پەکەکە نەکات. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەم دۆخە کاریگەریی لەسەر سەروەرییەکەی دادەنێت و کێشەی زیاتری بۆ دەنێتەوە. ئەگەر تورکیا بێتە گارە، ئەمە لەگەڵ بەرژەوەندیی ئێران و گرووپە چەکدارەکاندا نایەتەوە چونکە هەرچۆنێک بێت، ئەوان تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ و هاوپەیمانیی رۆژائاوا سەیر دەکەن. ئەگەر لە سەر نەخشەیەک سەیر بکەین، جموجۆڵەکان بۆ فراوانکردنی ناوچەی نفوز لەنێوان تورکیا و ئێران پێچەوانەی یەکن. ناوچەی نفوزی ئێران لە عێراق و سوریا لە باشوور و رۆژئاواوە بەروە باکوور و رۆژهەڵات هەڵدەکشێت و تورکیاش بە ئاراستەی پێچەوانەکەی مل دەنێت. نفوزی ئێران لە سلێمانی، هەبوونی گرووپەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جێناکۆکەکان تاوەکو شەنگال لەگەڵ ناڕوونیی دۆخی ئیداریی پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک، لەگەڵ گرژییەکان سەبارەت بە ئیدارەی خۆجێیی لە موسڵ، ئامادەیی گرووپە چەکدارەکان لە سووریا و هەروەها هەبوونی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا بە ئەڵقەکانی نفوزی ئێران لە ملی باشووری تورکیاوە بەهیزتر دەکەن کە بە هەبوونی پەکەکەش لە هێڵێکی نێوان قەندیل – حەفتانین لە سنوورەکانی رۆژهەڵات- باکووری هەرێمی کوردستانەوە جەڕێندراوە. بە هۆی ئەو دۆخەوە، تەنانەت هەولێریش هەوڵیداوە کە زیاتر لە جاران پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تاران و بەغدا ئاسایی بکاتەوە. بۆیە بە ئەگەری زۆر هاتنی تورکیا بۆ شوینیکی وەک گارە ناڕەزایی گرووپە چەکدارەکانی عێراقی لێدەکەوێتەوە. 
 
لەوانەیە لایەنی عێراق بۆ دەرچوون لەو گرفتە، کێشەیەکی گەورەی لەگەڵ گەمارۆدانی چیاکە و گرتنی رێگاکانی هاتوچۆی گارە بۆ شوێنەکانی وەک مەتین، حەفتانین، زاپ، گەلی باڵندا و ئاڤاشین و باسیان نەبێت. ساڵی 1992 لە دوای شەڕی بەرەی کوردستانی و تورکیا لەگەڵ پەکەکە، بەشێک لە هێزەکانی ئەو رێکخراوە لە بادینانەوە چووبوونە زەڵێ لە سنووری پارێزگای سلێمانی. بۆیە دوور لە چاوەڕانی نییە کە ئەگەر هەوڵێکیشی هەبێت بۆ رازیکردنی پەکەکە بۆ چۆڵکردنی چیای گارە یان لانیکەم کەمکردنەوەی هێز و جێگۆڕکێی شوێنەکانیان کە پێدەچێت، دواجار تورکیاش پێی رازی بێت.