رەگی کورد لە ئازەربایجان و سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی

 
لەسەر داوا و بانگهێشتی ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باکووە، سەرەتا گرنگە ئاگامان لەوە بێت کە رەگی بوونی كورد لە ئازەربایجان بە قوڵایی مێژووی ئەو وڵاتەدا چووەتە خوارەوە، ئەوەتا لە سەرەتای سەدەی دەیەمی زاینی کەسایەتیی سیاسی و هەڵکەوتەی کورد (دێسم کوڕی ئیبراهیم شازکۆیە) بە رادەیەک رۆڵی هەبووە کە لەو وڵاتە رابەرایەتیی قەوارەیەکی سیاسی لە شێوەی میرنشیندا کردووە، کەسایەتیی بەنێوبانگی کورد سەلاحەدینی ئەیوبی بە بنەچە دەگەڕێتەوە سەر کوردەکانی ئەو ناوچەیە و بە دیاریکراوی کوردەکانی شاری (دوین)ی هەڵکەوتە لەسەر سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.
 
لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و دروستبوونی کۆماری دیموکراتی ئازەربایجانی سەربەخۆ (1918 - 1920) کوردەکان لەناو حکومەتدا پێگەیەکی دیاریان هەبووە. کەسایەتیی کورد مام نووربەگ وەزیری فێرکردن بووە، هەروەها کوردێکی دیکە بەناوی خەسرەو بەگ سوڵتانۆڤ وەزیری سوپا و حاکمی گشتیی دەڤەری ناگۆرنۆ قەرەباخ بووە.
 
کاتێک ئازەربایجان دەکەوێتە ژێر هەژموونی یەکێتیی سۆڤیەت زەمینە دەڕەخسێت بۆ دروستبوونی قەوارەی سیاسیی كۆماری کوردستانی سوور (1923 - 1929) کە پایتەختەکەی شاری لاچین بووە. لە کۆماری کوردستانی سوور، بایەخی تایبەتی بە رۆژنامەگەری و رادیۆ و زمان و فێرکردنی کوردی دراوە، بەڵام کاتێک ستالین دەبێتە سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت، هەم کۆماری کوردستانی سوور لەناودەبات و هەم کوردەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا بە زۆر بەرەو کازاخستان رادەگوێزێت.
 
لەدوای جەنگی جیهانیی دووەم و دوای کەوتنی کۆماری کوردستان لە مهاباد، مەلا مستەفای بارزانیی نەمر لەکاتی داستان و رێڕەوی مێژووی خۆی، لەپێناو ئازادی، دوای پەڕینەوەی لە رووباری ئاراس لە حوزەیرانی 1947، ئازەربایجان دەکاتە مەنزڵ. پاش هەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤیەت و سەربەخۆبوونی ئازەربایجان، لەنێوان ساڵانی (1990 - 1992) کوردەکان جارێکی دیکە هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن و بۆ ئەمە لیژنەیەکی سیاسی دروستدەکەن و سوود لە ململانێی نێوان رووسیا و ئەرمینیا لەگەڵ ئازەربایجان و تورکیا وەردەگرن، سەرەنجام لە مانگی حوزەیرانی 1992 (کۆماری لاچینی کوردی) رادەگەیێنن، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕ و ناکۆکی لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ، زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان، بە شاری لاچینیشەوە، دەکەونە ژێر دەسەڵاتی ئەرمینیا و بەداخەوە جارێکی دیکە کۆتایی ئەو ئەزموونە سیاسییەش هەر تراژیدیا بوو.
 
ئێستا لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان، سەنتەری رۆشنبیریی کوردی هەیە و بەکارهێنان و فێربوونی زمانی کوردی رێگەپێدراوە، لە کایەی سیاسیشدا وەکو کەسایەتی و کاراکتەر پێگە و بوونیان هەیە، سەرۆکی وڵات ئیلهام عەلیێڤ، لەڕووی ئاسایشی سەرۆکایەتی و رۆڵ بینین لەناو دامەزراوەکانی ئاسایشدا، متمانەی زۆری بە هۆزێکی کوردی هەیە بەناوی (ئەیوبۆڤ). سەرۆکی ئازەربایجان لە ساڵی 2020 یەکێک لە کەسایەتییەکانی ئەو هۆزە بەناوی بیلار ئەیوبۆڤ-ی کردە بەرپرسی دەزگای ئاسایشی سەرۆکایەتی.
 
لە ساڵی (1993)وە بیلار پشتیوانێکی سەرسەختی حەیدەر عەلیێڤی سەرۆکی پێشووی ئازەربایجان و باوکی سەرۆکی ئێستا بوو، لەمبارەوە د. ستانسیلاڤ ئیڤانۆڤ، ئەکادیمی و توێژەر لە سەنتەری ئاسایشی نێودەوڵەتیی رووسیا، باسی ئەوە دەکات کە خانەوادەی عەلیێڤ کە لە ساڵی (1993)وە تائێستا جڵەوی سەرۆکی ئەو وڵاتەیان لەدەستە، بە بنەچە کوردن، بەڵام لە سەردەمی ستالینی سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی داپڵۆسین و سەرکوتکردن و بەزۆر راگواستن لە دژی کورد، لە کۆتایی سییەکان تاوەکو ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی بیستەم، ئەو خانەوادە وەکو زۆر لە کوردەکانی دیکەی باشووری قەوقاز و لەپێناو مانەوەدا ناچار بوون خۆیان بگونجێنن و ناو و ناسناوی ئازەری یان ئەرمەنی یان جۆرجی لەخۆیان بنێن.
 
ئەمساڵ و بە دیاریکراوی لە 18ی شوباتدا و لەکاتی بەڕێوەچوونی دیداری میونشن لە ئەڵمانیا، کۆبوونەوە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان سازدرا. لەو دیدارەدا سەرۆکی ئازەربایجان بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ سەردانی باکو. هەر لەو دیدارەدا باسی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئازەربایجان لە هەولێر کرا، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو رەهەندە مێژووییەی لە پەیوەندیی نێوان کورد و ئازەر هەیە، هەروەها بەهەند وەرگرتنی ئەوەی کە ئێستا ئازەربایجان دەوڵەتێکی خاوەن سیستمی سیاسیی ئارام و سەقامگیرە و لەدوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە چاکسازی و پەرەپێدانی سیاسی زیاتر پشتی بە رۆڵی سەرکردایەتی بەستووە و لەمەدا ئەزموونی هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان خاڵی هاوشێوەیان هەیە؛ لەوەش زیاتر، ئازەربایجان خاوەن هەڵکەوتە و پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی قایم و خاوەن بایەخی ستراتیژییە، بەهۆی ئەوەی لە کاتی رێگەی ئاوریشمی بازرگانی لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا پرد و وێستگەیەکی گرنگی سەر ئەو رێگەیە بووە.
 
جگە لەوەش، لەڕووی وزە و ئابوورییەوە سەنگ و پێگەیەکی دیاری هەیە، لەڕووی گەشتوگوزارەوە تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە، ئەندامی دەیان رێکخراوی هەرێمی و نێودەوڵەتییە؛ هەڵبەت خواستێکی روون لای باکو و هەولێر هەیە بۆ بوونی پەیوەندی و پەرەپێدان، بۆیە دەکرێت و زەحمەت و دژوار نییە ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەک بەرزتر بکرێنەوە و بگاتە ئاستی کردنەوەی کۆنسوڵخانە و پاشان پێکهێنانی گرووپی دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا، لە سەروو هەموویانەوە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و گەشتوگوزار، سەرۆک ئیلهام عەلیێڤ لە ئەنجامی بەدواداچوون و راوێژی ناوەندەکانی توێژینەوە و راوێژکاریی وڵاتەکەیەوە، ئەوەی بۆ روون بووەتەوە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەسایەتییەکی سیاسیی بونیاتنەری ئەوتۆیە کە لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابووری و تەناهییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی ناوچەکە، کاریگەریی دیار و رۆڵی بەرچاوی هەبووە و هەیە؛ ئەنجامدانی دیدار و گفتوگۆ و راوێژیش لەگەڵیدا بۆ هەمووان باشە.
 
بێگومان ئەم سەردان و چالاکییە دیپلۆماسییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەها و بایەخی تایبەتی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و دەرەنجام و لێکەوتەی جۆراوجۆری ئەوتۆی دەبن، کە لە ئاییندەدا دەیانبینین و هەستیان پێدەکەین، کە دەبنە مایەی هێشتنەوە و بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان و مانەوەی وەکو ئەکتەرێک لەسەر شانۆی دیپلۆماسیەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.