کۆشکی ئێلیزێ لە چاوەڕوانی سەرۆکێکدا
تەنیا پێنج رۆژی ماوە بۆ ئەوەی بزانین لە کۆتاییدا کامیان رێگەی هات و نەهاتی کۆشکی ئیلیزێ دەگرنەبەر : ماکرۆنی لێبراڵ یان لۆپێنی ناسیۆنالیست. پێنج رۆژ ماوە بۆ قەناعەت پێکردن و تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ و بۆ بەرزکردنەوەی شانسی بردنەوەی ئەو یاریەی کە پڕە لە مەترسی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی.
کەم نین ئەو وڵاتانەی کە لیژنەی باڵایان بۆ چاودێریکردنی ئەم هەڵبژاردنە دروستکردووە و تەنانەت بەشێکی گرنگی ئەم لیژنانەشیان بەشێوەیەکی کاتی لە پاریس جێگیرکردووە بۆ ئەوەی خولەک بە خولەک فاکتەکان و رووداوەکان و گۆڕانکارییەکان و ئاراستەکان شرۆڤە بکەن.
گرەوەکان گەورەن، هەر لە چارەنووسی یەکێتیی ئەوروپاوە بیگرە تاوەکو دەگاتە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی و پرسی ناتۆ و هاوپەیمانیی جیهانی دژی تیرۆریزم و پرسی سنوور و هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیکە و دەیان پرسی گرنگی دیکەش کە وادەکەن ئەم هەڵبژاردنە وەک چرکەساتێکی گەورە تەماشا بکرێت.
بۆچی ماکرۆن لاواز دەردەکەوێت ؟
یەکێک لەو فاکتانەی کە لە هەفتەی رابردوودا بە وردی و بە کۆنکرێتی تێبینیکرا بریتیبوو لەو دۆخە لاوازەی کە ماکرۆن تێیدا دەرکەوت و تاوەکو نووسینی ئەم وتارەش هەر تێیدا چەقیوە. ئەم دۆخە لە بنەڕەتدا بابەتییە، بەڵام کاریگەریشی بەسەر سیستمی هەڵسوکەوتی خودی ماکرۆنەوە هەیە.
یەکێک لەو ئاستانەی کە ئەم دۆخی لاوازیەیان دروستکردووە بریتییە لە دەنگەکانی سەرۆک ماکرۆن لە گەڕی یەکەمدا. راستە ئەو بەڕێژەی 27,8 % لەسەری سەرەوەی لیستەکەیە و مارین لۆپێن تەنیا 23,1 % دەنگی هێناوە، بەڵام ئەوەش راستە کە ئەو دەنگانە بە تەنیا دەنگی جەماوەرەکەی خۆی نییە، بەڵکو دەنگی جەماوەی پارتی سۆسیالیستە کە متمانەیان بە بەربژێرەکەی خۆیان نەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوێت بۆ گەڕی دووەم و هەر لە گەڕی یەکەمەوە دەنگیان بە ئێمانویل ماکرۆن دا. ئەمە بۆ کۆمارییەکانیش راستە، چونکە جەماوەرەکەیان، رێک وەک سۆسیالیستەکان، لەبەرئەوەی لە قەیرانی متمانەدابوون لەگەڵ بەربژێرەکەیاندا، هەر لە گەڕی یەکەمەوە دەنگیان بە ماکرۆن دا.
واتە رێژەی 27,8 % ماکرۆن لە یەک کاتدا دەنگی چەپەکان (سۆسیالیستەکان) و دەنگی راستەکان (کۆمارییەکان) و دەنگی نێوەڕاست (جەماوەری ماکرۆن) و تەنانەت دەنگی ئەوانەشە کە هەر لەسەرەتاوە و لە گەڕی یەکەمەوەو لە ترسی لۆپێن دەنگیان بە ماکرۆن داوە، بەبێ ئەوەی سەر بە گرووپێکی سیاسی بن.
ئێستا رۆژی یەکشەممە، 24 ی مانگ، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنە و پرسیارە سەرەکییەکەی ماکرۆن ئەمەی خوارەوەیە : چۆن ئەم رێژەی 27,8 % بەرزبکرێتەوە بۆ 51% بەرەو سەرەوە ؟ کۆگای ئەو دەنگانە لە کوێدان کە دەبێت بەدوایاندا بگەڕێت؟ دەبێت کێ قەناعەت پێ بکات بۆ ئەوەی بەلای کەمەوە بگاتە 51% ؟ لەکاتێکدا هەر لە گەڕی یەکەمەوە سۆسیالیستەکان و کۆمارییەکان دەنگیان بەو داوە ؟
لەڕاستیدا تەنیا دوو کۆگا ماون کە دەنگیان تێدابێت. یەکەمیان دەنگەکانی چەپی رادیکاڵە کە ژان لیوک میلانشۆ بەربژێریان بوو، دووەمیشیان دەنگی ئەوانەیە کە لە گەڕی یەکەمدا دەنگیان نەدا. میلانشۆ هەشت ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوە و دەنگنەدەرەکانیش یانزە ملیۆنن. واتە لەسەر ئاستی تێوری هەژدە ملیۆن دەنگ لەبەردەستدایە و ماکرۆن دەکرێت دەستیان بۆ بەرێت.
بەڵام لەڕووی پراکتیکییەوە هاوکێشەکە زۆر ئاڵۆزە، چونکە لەو هەشت ملیۆن کەسەی دەنگیان بە میلانشۆ داوە، تەنیا چوار ملیۆنیان جەماوەری راستەوخۆی ئەون و چوار ملیۆنەکەی دیکە لە گرووپ و توێژی کۆمەڵایەتی جیاوازەوە هاتوون و بە ئومێدی دنیایەکی باشتر دەنگیان بەو داوە. بەپێی بەشێکی زۆر لەو راپرسیانەی کە لەبەردەستماندان، 70% لەم هەشت ملیۆنە تائێستا ئامادە نین لەبەرامبەر لۆپێندا دەنگ بدەنە ماکرۆن. ئەمە رێک بۆ ئەو یانزە ملیۆن دەنگنەدەرەش راستە.
دیبەیتەکەی ئێوارەی چوارشەمە وەک دوا دەرفەت
سەرۆک ماکرۆن دەبێت چارەنوسی دوو سەرۆکەکەی پێش خۆی لەبەرچاوبێت. 2007 بۆ 2012، نیکۆلا سارکۆزی سەرۆککۆمار بوو، بەڵام نەیتوانی خولێکی دیکە بۆ خۆی دابین بکات و بەدۆڕاوی لە هەڵبژاردنەکان دەرچوو. 2012 بۆ 2017 فرانسوا هۆلاند سەرۆککۆمار بوو، بەڵام لەبەرئەوەی تووڕەبوونێکی گەورەی کۆمەڵایەتی لە فەرەنسادا و لە دژی ئەو لە ئارادابوو، نەک هەر هەڵنەبژێردرایەوە، بەڵکو نەیتوانی ببێتە بەربژێریش ! ئێستا کە ماکرۆن پاش پێنج ساڵ لە سەرۆکایەتی توانیویەتی رێژەی یەکەمی دەنگەکان لە گەڕی یەکەمدا بەدەستبێنێت، بە بەراود بە هۆلاند و سارکۆزی خۆی لە خۆیدا موعجیزەیە. گرفتەکە لەوەدایە ئەمە بەس نییە بۆ دابینکردنی پێنج ساڵی دیکەی سەرۆکایەتی و دەبێت موعجیزەیەکی گەورە رووبدات.
لێرەوە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە دەکرێت دوا دەرفەت بێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زۆر فراوان و گەورە ئاراستەی یاریەکە بگۆڕێت. نزیکەی سێ کاژێر لە دیبەیت کە بەشێکی زۆری کەناڵەکانی جیهان راستەوخۆ دەیگوازنەوە و ڕاستەوخۆش شرۆڤەی دەکەن، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی ئەگەر نەتوانێت هەژدە ملیۆنەکە قەناعەت پێبکات بە پڕۆژەکەی، بەلای کەمەوە قەناعەتیان پێ بکات کە پڕۆژەکەی مارین لۆپێن کارەساتی گەورە بۆ فەرەنسا و ئەوروپا و جیهان دروست دەکات و بەلای کەمەوە دەنگی پێنەدەن و بێلایەنیان بکات. ئەمە گرەوە گەورەکەیە...
کەسایەتییەکی گەورەی عێراقی کە لە سەرۆک ماکرۆنەوە نزیکە، بە گاڵتەوە پێیگوتم : "هەست بەوە دەکەم کە رفعت الاقلام وجفت الصحف ... تەنیا نوشتە و نزا ماوە بۆ ماکرۆنی بکەین). بزانین ئێوارەی چواشەممە، کاژێر یانزەی شەو، قەڵەمەکان دێنەوە بۆ نووسینەوەی لاپەڕەکان...!