ژینگە و ئافرەت و كۆرپەکەی
د. عهتیه حهمهسهعید ساڵحی
زۆر گرنگە ئادەمیزاد بە تایبەت ئافرەت وشیار بێت، بزانێت كە ژینگە چییە؟! كاریگەریی تێكچوونی لەسەر لەشی مرۆڤ چییە؟ خوێنەری بەڕێز: كاتێك باسی ژینگە دەكەین، واتە ژیانمان لەسەر گۆی زەوی پێكهاتووە لە: ئاو و هەوا و خاك. ئینجا دەبێ بزانین بەبێ ئەم سێ رەگەزە مرۆڤ ژیانی نابێت. ئایا مرۆڤ بەرپرسە لە پیسبوونی ژینگە؟ بەچی پیس دەبێت؟
ئاو: هەموو گیانلەبەرێك 85%ی پێكهاتەكەی ئاوە، باقیەكەی دیكەیشی مادده و كانزاكانی دیكەیە. ئەو ئاوە جوانە، كە باران دێتەخوارەوە. لە كانیاوەكانی چیاكان دێنەدەر. هەروەها لەو بەفرە دروست دەبێت، كە لە چیا بەرزەكان بە گەرمای هەتاو دەتوێتەوە. هەمووی كۆدەبێتەوە و بەرەو رووبارەكان دەڕوات، رووبارەكانیش بەسەر زەویدا دەڕۆن، بەناو شارەكاندا، جوانیەك دەبەخشن و بۆ ژیان سوودیان لێ وەردەگیرێت. ئینجا بەرەو دەریاچە و دەریا گەورەكان دەڕۆن. پاشان دووبارە دەبێتەوە هەڵم و دەڕواتەوە ئاسمان و.. هتد.
ئەو ئاوە خۆی پاكە، ئێمەی ئادەمیزاد پیسی دەكەین، بەهۆی شێوەی بەكارهێنانمان بۆ ئەو ئاوانە. لە هەمووی سادەتر، ئاوی كانی، كەلوپەلی پێ دەشۆین بە مادده كیمیاوییەكان. ئینجا تێكەڵی رووبارەكان دەبێتەوە و زبڵ و پاشماوەی كارگە و نەوت و رۆنی ئۆتۆمبێل و ... هتد تێكەڵ بە ئاوی رووبارەكان دەكەین.
ئەو مادده ژەهراوییانە نەك هەر ئاوەكە پیس دەكەن، بەڵكو خاكیش پیس دەكەن. دووبارە زەوییەكە هەڵی دەمژێتەوە و دەچێتەوە ناو ئاوی ژێرزەوی و پیسی دەكات. بە تایبەت مادده كیمیاییەكان و لە هەمووشیان ترسناكتر ماددهی قوڕقوشمە. ئەو هەموو بۆیاخەی لە بیناسازیدا بەكاردەهێنرێت، ئامێرەكانی ناوماڵ و دار و دیواری پێ بۆیاخ دەكرێت، هەمووی ماددهی قوڕقوشمی تێدایە.
هەوا: پیسبوونی هەوا زۆر ترسناكە، یەكسەر دەچێتە ناو سیەكانمانەوە و خوێن دەیمژێت بۆ ناو كۆئەندامەكانی لەش، بۆیە یەكسەر خانەكان تێك دەدات، بە تایبەت خانەی تازەدروستبوو، لەناو خانەكەدا دەنیشێت و هەرگیز نایەتە دەرەوە، وەك خانەی مێشك.
لەكوێوە ئەو ماددهیە دێت؟ لە دووكەڵی ئەو هەموو ئۆتۆمبێل و ماكینە و كارگەیەی ناو شارەوە، چونكە هیچیان بە شێوەیەكی تەندروست مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.
كە دەبینین لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا لە كوردستان نەخۆشیی جوراوجۆر زیادی كردووە، وەك نەخۆشیی جگەر و گورچیلەكان، دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە بەهۆی ژەهراویبوونی ئەو هەوایەوەیە، كە هەڵی دەمژین!
قوڕقوشم ماددهیەكی ترسناكە، ئیمپراتۆریەتی رۆمانی 500 ساڵ بەر لە ئێستا رووخا، چونكە زۆریان بۆیاخ بەكاردەهێنا، لە هەموو ناوماڵ و شوێنی حەوانەوەیان، قوڕقوشم-رصاص لەناو بۆرییەكانی ئاو دروست دەبێت، زۆریشی پێدەچێت تا بۆرییە كۆنەكان بگۆڕێن بە ماددهیەكی ناژەهراوی.
خۆزگە ئەو كەسانەی ئاوی كانی دەخۆنەوە یەكسەر لە كوپەی بكەن كە لە قوڕ دروستكراوە، چونكە ئاوەكە ساف دەكاتەوە. جاران خەڵك لە كوردستان تەمەنی درێژتر بوو، رێژەی نەخۆشی زۆر كەم بوو، شێرپەنجە زۆر كەم بوو، بە تایبەت لەناو منداڵاندا. ئێستا هاوكێشەكە گۆڕاوە. هەر لەو شاری هەولێرە سەرێك بدە لە نەخۆشخانەی نانەكەلی، دەبینی چەندین منداڵ دووچاری نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن بوونە.
پێویستە لە بیرمان نەچێت، ئەو خواردنانەی لەناو نایلۆن دەیفرۆشن یان لەناو شوشەی نایلۆن، هەمووی مەترسی لەسەر ژیانی منداڵانمان هەیە. وادیارە ئێمەی نەزان زۆر بیرمان لەوە نەكردووەتەوە، زۆرجار لەسەر شووشەكە یان نایلۆنەكە شتێك نووسراوە، بەڵام كێ دەیخوێنێتەوە؟! ئایا كەس تەماشای بەرواری بەسەرچوونی دەكات؟ ئەو ئاوەی ناو شووشەكە ئەگەر لەبەر گەرما یان هەتاو دابنرێت، هەر زوو ماددهی ژەهراوی نایلۆنەكە لەگەڵی تێكەڵ دەبێت و یەكسەر دەچێتە ناو خوێنەوە ئەویش كاری خۆی دەكات. خواردنی منداڵی كۆرپە لەناو نایلۆن یان قوتووی ئاسن زۆر ترسناكە، چونكە منداڵ لەو تەمەنە ناسكە.
مەترسییەكانی قوڕقوشم ئەمانەن:
1. رێژەی زاوزێ كەمدەكاتەوە: كاریگەریی زۆری لەسەر سپێرمی پیاو هەیە لەڕووی ژمارە و جۆرەوە.
2. منداڵ لەبارچوون، لە 2-3 مانگی سەرەتای سكپڕیدا.
3. لە دایكبوونی منداڵ بە مردوویی.
4. رێژەی تووندوتیژی لە گەوراندا زیاد دەكات.
5. ئەوانەی لە كارگە ئیش دەكەن یان زۆر بۆیاخ لە دەستیانەوە دەچێتە ناو لەشیان، تووشی سەرئێشە دەبن و زۆرجار لەهۆش خۆیان دەچن.
6. كاردەكاتە سەر غودەی سایرۆید (دەرەقی) و وای لێدەكات بە باشی ئیش نەكات.
7. دەستوپێ ژان دەكات، زۆرجار ژانەسك روودەدات بێ ئەوەی هیچ جۆرە هەوكردنێك هەبێت.
8. بەرگریی لەش زۆر كەم دەكاتەوە بەرامبەر بە نەخۆشییەكان.
9. رێژەی مردن زیاد دەكات و تەمەن كورت دەكاتەوە.
ئێمە لە هەرێمی كوردستان كارگەمان نییە، تاكو پاشەڕۆی كارگەگە بڕواتە ناو ئاوەكانمانەوە، بەڵام بەداخەوە پاشماوەی ماڵەكان دەڕوات. هەروەها زبڵ و خاشاك مامەڵەی زانستی لەگەڵ ناكرێت و ژینگە پیس دەكات.
پاراستنی خاك و ئاو و هەوا ئەركی سەرشانی هەموومانە. پیسبوونی ژینگە خراپییەكەی هەر بۆ ئادەمیزاد نییە، بەڵكو بۆ ئاژەڵ و دارستانەكان زیاتریشە. پێویستە هەموومان كار بكەین بۆ پاككرنەوەی ئەو ژینگە نازدارە، كەمتر نایلۆن بەكاربهێنین و بیكەین بە كیسی كاخەز. ئاوی ناو نایلۆن كەم بكەینەوە، كەمتر ئۆتۆمبێل ببەینە سەر جادەكان، تەنیا بۆ كارە گرنگەكان. رۆنی ئۆتۆمبێل و كارگەكان لەسەر خاك فڕێ نەدرێت.