HDP و یارییەکی چارەنووسساز

18-01-2015
هێمن خۆشناو
A+ A-
  • بڕیاری بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی گەلان HDP وەکو حیزب لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی تورکیادا زۆرترین پرسیاری بەدوای خۆیدا هێناوە. سەرەکیترین پرسیار ئەوەیە کە رەهەندەکانی پشت ئەو بڕیارە چین؟ ئەوەی دیارە، بڕیارەکە چارەنووسسازە و راستەوخۆ پەیوەستە بەو گۆڕانکاریانەی لە تورکیا و ناوچەکە روودەدەن.
     
    کورد و هەڵبژاردنەکانی تورکیا

    لەسەرەتای ساڵانی 1990، تا دەچوو کاریگەریی بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستان زیاتر دەبوو، بۆیە بیرۆکەی دامەزراندنی پارتێکی سیاسی و بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن هاتەئاراوە. پەرلەمانتارانی کورد ریزەکانی پارتی گەلی سۆسیال دیموکرات (SHP) یان بەجێهێشت و پارتی رەنجی گەل (HEP) یان دامەزراند. سەرەتا گفتوگۆیان لەگەڵ پارتی رەفا (RP) کرد بۆ بەستنی هاوپەیمانێتی لە هەڵبژاردن، بەڵام لە کۆتاییدا لەگەڵ SHP رێککەوتن و لە هەڵبژاردنی 20ی تشرینی دووەمی 1991  پارتی رەنجی گەل بۆ یەکەم جار 22 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.

    تا 22ی تەمموزی 2007 لەهەموو هەڵبژاردنەکاندا، بزووتنەوەی کورد بەهۆی بەربەستی 10%ی هەڵبژاردن، بێ توانایی لە دۆزینەوەی هاوپەیمانێک لەشێوەی (SHP) و هەروەها بەشدارینەکردن بە کاندیدی سەربەخۆ، نەیتوانی نوێنەرەکانی بگەیەنێتە ناو پەرلەمانی تورکیا. بەڵام لە هەردوو هەڵبژاردنی 2007 و 2011 دا، کورد بێچارەیی تێپەڕاند و بە کاندیدی سەربەخۆ نوێنەرەکانی بردە پەرلەمانی تورکیا.

    HDP  گرەو لەسەر چی دەکات؟

    پێدەچێت بەشداریی HDP بەناوی خۆیەوە لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی داهاتوودا بڕیارێکی ستراتیژی بێت نەوەکو تەکتیکی وەک ئەوەی هەندێک لە چاودێرانی سیاسی باسی دەکەن، چونکە هەریەک لە قەندیل و ئیمراڵی پشتیوانی لەو بڕیارەی HDP دەکەن. ئاخۆ HDP پشت بە چ حیساباتێک دەبەستێ بۆئەوەی رێژەی 10%ی بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنێ؟ HDP ناتوانێ پشت بە رێژەی دەنگەکانی سەڵاحەدین دەمیرتاش (9.7%) ببەستێ کە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە ساڵی 2014 هێنای، چونکە رێژەی دەنگەکانی دەمیرتاش 10%ی تێنەپەڕاند، لە کاتێکدا تەنیا 71%ی دەنگدەرانی تورکیا بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کرد. بەشی هەرە زۆری ئەوانەشی بەشدارییان لە هەڵبژاردن نەکرد، خەڵکی رۆژئاوای تورکیا بوون، کەواتە لە ئەگەری بەرزبوونەوەی رێژەی بەشداریدا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، دەنگەکانی HDP زۆر کەمتر دەبێ لەوەی دەمیرتاش هێنای.

    رەهەندێکی دیکە کە HDP بۆ پەڕینەوە لە بەربەستی هەڵبژاردن پشتی پێدەبەستێ، بەستنی هاوپەیمانییە لەگەڵ هێز و لایەنەکانی دیکە. ئەو هێزانەشی هاوپەیمانێتی لەگەڵ HDP دەکەن دوو جۆرن:

     یەکەمیان هاوپەیمانە سروشتییەکان (دەمدرێژ) وەکو ژووری پیشەوەران، پارێزەران، ئەیتم سەن،İHD  و ئەوانەی دیکە کە لەڕووی فیکرییەوە لە HDP  نزیکن، بەڵام ئەو هاوپەیمانانە قورساییان لەسەر دەنگدەر بەشێوەیەک نییە کە بتوانن ببنە فاکتەری گۆڕینی هاوسەنگیەکانی هەڵبژاردن. جۆری دووەمیش هاوپەیمانە نوێیەکانن، زیاتر ئەو پارت گرووپانە دەگرێتەوە کە لە رۆژئاوای تورکیا کاران، وەکو CHP. تا پێش چەند رۆژێک دەنگۆی هاوپەیمانێتی HDP و CHP بەربڵاو بوو، بەڵام جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە کۆتایی بەو دەنگۆیە هێنا کاتێک گوتی: "هاوپەیمانێتی HDP لەگەڵ CHP کارێکی هەڵەیە".

     بێگومان زۆر زەحمەتە ئەمڕۆ لە تورکیا دۆخێکی وەکو ساڵی 1991 دووبارە ببێتەوە و پارتێکی کوردی کە هەژموونی PKK ی لەسەرە، لەگەڵ پارتێکی وەکو CHPببنە هاوپەیمانی یەکتر. چونکە بەگوێرەی یەکەمیان CHP پارتێکی سەر بەو سیستەمەیە کە چەندین ساڵە قەتڵوعامی کورد دەکات. دووەمیشیان کە CHP یە نەمومکینە بتوانێ لەبەر فشاری رەوتی نەتەوەپەرستی ناو ئەو پارتە ببێتە هاوپەیمانی بزووتنەوەی کوردی. بۆیە HDP لەڕێی پەرلەمانتارە بە رەگەز تورکەکانیەوە بەدوای هاوپەیمانێکی نوێدا دەگەڕێ. 

    ئەرتۆگروڵ کوروکچو پەرلەمانتاری HDP دان بەو راستیەدا دەنێت و بۆ میدیاکانی تورکیا بەر لەچەند رۆژێک دەڵێت: "دەزانین رێژەی دەنگەکانمان ناگاتە 10%. گەیشتن بەو رێژەیە پێویستی بە دوو مەرجە. یەکەمیان چۆنایەتی کاندیدەکان و دووەمیشیان خیتابی هەڵبژاردن و دروستکردنی کاریگەری سیاسیە لەسەر دەنگدەر". پێدەچێت HDP بتوانێ کاندیدی باش ببینێتەوە. یەکێک لەو بزووتنەوانەشی HDP دەخوازێ هاوپەیمانی لەگەڵ ببەستێ، بزووتنەوەی حوزەیرانی یەکگرتووە کە بزووتنەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی چەپڕەوە و لەدوای خۆپێشاندانەکانی پارکی گەزی، لە 19 تشرینی دووەمی 2014 وەکو بزووتنەوەیەکی گەنجانەی بەرفراوان کە چەندین پارتی سیاسی، رێکخراوی مەدەنی و ئەکادیمی و پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت، دامەزراندنی خۆی راگەیاند.

     بەڵام ئەوەش کارێکی ئاسان نییە، چونکە ئەو بزووتنەوەیە کاریزمایەکی نییە سەرکردایەتی بکات و بتوانێت ببێتە ناوەندی بڕیار. هەروەها چەندین کەسایەتی و باڵی ناو ئەو بزووتنەوەیە رەخنە لە HDP دەگرن لەبەرئەوەی ئامادە نەبوو لەگەڵ دامەزراندنی بچێتە ناو ئەو بزووتنەوەیە. لەوبارەیەشەوە ئەرتۆگروڵ کورکچو پەرلەمانتاری HDP دەڵێت:" لە پڕۆسەی دامەزراندنی بەشداریمان نەکرد، بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نایەت کە ناخوازین لەناو بزووتنەوەیەکی بەرفراوانی لەوجۆرە جێبگرین".

     ئەوەی هاوپەیمانێتی ئەو دوو لایەنە زەحمەتتر دەکات، ئەوەیە کە هەردوولا لە چوارچێوەی دینامیکی کۆمەڵایەتی جیاواز هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگدەر دەدەن. HDP زیاتر هەوڵ دەدات بە زەقکردنەوەی کێشەی کورد و چارەسەری ئەو کێشەیە دەنگ بهێنێ، بەڵام بزووتنەوەی حوزەیران لەژێر ناوی بەرتەسککردنەوەی دیموکراسی و نادادپەروەری روو لە دەنگدەران دەکات. بۆیە پێدەچێت HDP لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە زیاتر بخوازێت دەنگدەرانی ئەو بزووتنەوەیە بۆ لای خۆی پەلکێش بکات. لێدوانەکانی هەردوو سەرکردەی PKK دوران کاڵکان و موستەفا قەرەسوو لەم دواییەدا کە باسی گرنگیی ئەو بزووتنەوەیە دەکەن بۆ بەرفراوانکردنی دیموکراسی و ئازادی و دادپەروەری لە تورکیا، ئاماژەیەکە بۆ ئەو هەوڵەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد. بەکورتی ئەگەر HDP سەرکەوتووش بێت لە دۆزینەوەی هاوپەیمان و کاندیدی کاریگەریش، هێشتا مەسەلەی تێپەڕاندنی بەربەستی 10%ی هەڵبژاردن شتێکی ئاسان نییە و ئەگەر رووبدات موعجیزەیەکە. 

    هەموو ئەمانە نیشانمان دەدەن کە بەشداریکردنی HDP لەژێر ناوی حیزب نەوەکو بە کاندیدی سەربەخۆ، یارییەکی مەترسیدارە و لەوانەیە ئەو پارتە لەژێر بەربەستی هەڵبژاردن بهێڵێتەوە. مانەوەش لەژێر بەربەستی 10% بە واتای بەهەدەردانی رەنجی چەند ساڵەی باڵی یاسایی بزووتنەوەی کوردە. 

    باشە تۆ بڵێی HDP بیری لە دەرئەنجامی نەگەیشتنی بە پەرلەمان نەکردبێتەوە؟ تۆ بڵێی HDP و PKK نەزانن ئەگەر بێت و نەگەنە رێژەی 10% هەموو دەنگەکانیان بۆ ئاکپارتی دەبێت و لە ئەنجامدا ئەردۆغان رێژەی دەستووری تێدەپەڕێنێ و دەتوانێ سیستەمی حوکمڕانی بۆ سەرۆکایەتی بگۆڕێت و کوردیش وەکو ماندووی رەنج بەخەسار لە یارییەکە ماڵئاوایی دەکات؟
     
    HDP  بۆچی ئەو یارییە دەکات؟

    ئەو بڕیارەی HDP کە چەندین خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، راستەوخۆ پەیوەندی بە پڕۆسەی چارەسەری کێشەی کوردەوە هەیە کە لە مانگی ئاداری 2013ەوە بە فەرمی دەستیپێکراوە. بۆ تێگەیشتن لەو بڕیارە پێویستە هەڵوەستە لەسەر خوێندنەوەی PKK بۆ پڕۆسەی چارەسەری بکەین. قەندیل لە زۆربەی بۆنەکاندا دووپاتی دەکاتەوە کە پڕۆسەی چارەسەری بۆ ئەوان کۆتایی هاتووە، ئەردۆغان و ئاکپارتی بە مەرامی تەکتیکی بانگەشەی بەردەوامیی پڕۆسەکە دەکەن. 

    قەندیل پێیوایە ئەردۆغان وەکو ساڵی 2011 دوای هەڵبژاردن پڕۆسەکە لەبار دەبات و جارێکی دیکە بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داواکاریەکانیان دەداتەوە. بۆیە هەڕەشە دەکەن کە ئەگەر حکومەت بەر لە هەڵبژاردن لەگەڵیان نەگاتە رێککەوتن، ئەوان راپەڕینی جەماوەری وەکو ئەوەی لە 6-7 ی تشرینی دووەمی رابردوو بۆ ئیدانەکردنی سیاسەتی تورکیا لەبەرامبەر کۆبانێ دەستپێدەکەن. بۆیە ناکرێ بڕیارەکەی HDP بەبێ خوێندنەوە بۆ تێگەیشتنی PKK لە پڕۆسەی چارەسەریی کێشەی کورد دەرکرابێت. لەم روانگەیەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بڕیاری بەشداریکردنی HDP لەژێر ناوی پارتی نەوەکو بەربژێری سەربەخۆ، بڕیارێکی ستراتیژییە و لەدوای هەڵوەستە لەسەر هەردوو رەهەندی تێپەڕاندن و تێنەپەڕاندنی بەربەستی 10%ی هەڵبژاردن دراوە.

     HDP پێیوایە بە کاندیدی سەربەخۆ ناتوانن لە پەرلەمانی داهاتووی تورکیادا ببنە ژمارەیەکی کاریگەر. بۆیە ئەوان هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی رێژەی 10%ی بەربەستی هەڵبژاردن تێپەڕێنن، ئەگەر ئەوە بەدەستهات دەستکەوتێکی گرنگە، چونکە لانیکەم ژمارەی نوێنەرانیان دەگەیەننە زیاتر لە 80 نوێنەر، بەڵام ئەگەر بەدەستنەهات، نابێتە شکستێکی سیاسی چونکە لە روانگەی HDP و قەندیلەوە:

    - پەرلەمانی تورکیا تاکە شوێنی سیاسەت نییە. ئیرادەی پەرلەمان رەنگدانەوەی لەسەر پڕۆسەی چارەسەری کێشەی کورد نەبووە. لە روانگەی HDP و PKK ەوە پەرلەمان لە رابردوودا بۆ ناساندنی بزووتنەوەی سیاسیی کورد گرنگ بوو، بەڵام ئەمڕۆ لەسایەی هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ کۆکردنەوەی هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی خۆیدا ئەو گرنگیەی جارانی نەماوە. 

    - ئاکەپە نەهاتە سەر مێزی رێککەوتنی چارەسەری کێشەی کورد، بۆیە پڕۆسەکە لەباردەچێت.

    - ئەگەر پڕۆسەکە لەبارچوو، جێبەجێکردنی مۆدێلی رۆژئاوای کوردستان دێتە گۆڕێ. بە تایبەتی رووداوەکانی 27ی کانوونی یەکەمی رابردوو نیشانیدا جەزیرە بووە مەیدانی تاقیکردنەوەی یەکەم ئەزموونی خۆسەری دیموکراتی کە چەندین ساڵە PKK ئامادەکاری بۆ دەکات. بینیمان باڵی گەنجانی پەکەکە (YDGH) چۆن بە لێدانی خەندەق لە نێوان گەڕەکەکانی شارۆچکەی جەزیرە رێگایان لە زرێپۆشەکانی پۆلیس گرت. دوورنییە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەزموونی شارۆچکەی جەزیرە لەچەند ناوچەیەکی دیکەی باکووری کوردستان دووبارە ببێتەوە و شەڕی خەندەق لەناو شار و شارۆچکەکان ببینین.

    - پەیامێکە بۆ ئاکەپە کە ئێمە هیچی تر چاوەڕوانی ئێوە ناکەین و بە توانای خۆمان چارەسەری دەکەینە ئەمری واقیع. 

    - ئۆباڵی بەرپرسیارێتی لەبارچوونی پڕۆسەکە ناکەوێتە ئەستۆی بزووتنەوەی سیاسیی کورد، چونکە دوای رووداوەکانی کۆبانێ خوێندنەوەی جیهانی رۆژئاوا بۆ PKK گۆڕاوە. بە پێچەوانەشەوە تا دەچێت نیگەرانیەکان لە بەرامبەر ئەردۆغان و مۆدێلی حوکمڕانیەکەی زیاتر دەبێت. 

    هەموو ئەو هۆکارانە پێماندەڵێن بڕیاری HDP لەمەڕ شێوازی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی 2015 بڕیارێکی سەرەڕۆ نییە، یان وەکو هەندێک میدیای تورکی باسی دەکەن کە بڕیاری ئۆجەلانە و قەندیل و ئیمڕالی ناکۆکییان لەبارەیەوە هەیە. بەڵام ئەوەی روون نییە، ئەوەیە کە ئایا بزووتنەوەی کوردی دەتوانێ سوود لەو بڕیارە وەربگرێت و بیکاتە خاڵی وەچەرخان وەکو رووداوەکانی کۆبانێ و لە سایەیدا رەوایەتی زیاتری نێودەوڵەتی بەدەستبێنێ. زۆر نەماوە دەرئەنجامی ئەو بڕیارە ببینین. لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی داهاتوودا لەگەڵ ساڵیادی 15مینی دەستگیرکردنی ئۆجەلان تا کۆتاییەکانی نیسان ئەنجامەکان دەبینین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە