بێگومان سه‌رژمێری پرۆسه‌یه‌كی كردارییه له‌پێناو گه‌شه‌پێدان و پێشكه‌وتنی وڵات و دانانی پلانی تۆكمه و نه‌خشه‌ی ئایینده‌یی، كه توانا مرۆییه‌كان و وزه بابهتییهكان بخرێنه خزمه‌ت وڵات، له‌پێناو خێراكردنی هه‌نگاوه‌كانی پێشكه‌وتن و دادپه‌روه‌ری، به‌تایبه‌ت له كه‌رته خزمه‌تگوزارییه‌كان دا، هه‌روه‌ها ده‌ستكه‌وتنی داتاكانی دیمۆگرافی و ئیتنۆگرافی و دابه‌شكردنی داهات و گه‌شه‌سه‌ندنی یه‌كسانی، به‌ڵام كاتێك رێڕه‌وی ئامانجه‌كه ده‌گۆڕێ و پرۆسه‌كه به‌سیاسی ده‌كرێ، كۆمه‌ڵێك ده‌رهاویشته و لێكه‌وته‌ی نه‌رێنی به‌سه‌ر پێكهاته‌كان و ناوچه جیاوازەكان و پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدان ده‌بینێت.
به‌درێژایی مێژووی عێراق كۆمه‌ڵێك سه‌رژمێری کراون، به جۆرێك دوای بڕیاری یه‌كه‌م سه‌رژمێری له ساڵی (1927) بڕیار بوو هه‌موو (10) ساڵ جارێك سه‌رژمێری له عێراق بكرێ، به‌ڵام به ئامانجی سیاسی، سه‌ربازی و ئابووری هه‌ندێ پاش و پێش به كاته‌كه‌ی كرا، بۆیه له ساڵه‌كانی (1997 – 1987 – 1977 – 1965 – 1957 – 1947 – 1934 – 1927) كه دوایینییان ناوچه‌كانی سه‌رووی هێڵی (36)ـی نه‌گرته‌وه، واته (به‌شێك له هه‌رێمی كوردستان) ئه‌نجامدرا، كاتێك له ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م سه‌رژمێرییانه ده‌كۆڵیته‌وه، ده‌بینین جار له دوای جار رێژه‌ی كورد، توركمان، مه‌سیحی، كلدان و ئێزیدی كه‌مبووەته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی رێژه‌ی عه‌رەب و موسڵمان ده‌بینرێت، به‌تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی به سنووری نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب و كورد ناسراون و ئێستاش پێیان ده‌گوترێ ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، كه ئه‌مانه به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ن له بابه‌تی سه‌رژمێری، ئه‌گه‌ر به نموونه ته‌نها كه‌ركووك وه‌ربگرین، ده‌بینین رێژه‌ی كورد له سه‌رژمێریی ساڵی (1957) گه‌یشتووەته (48%)، عه‌ره‌ب (21%)، توركمان (20%)، به‌ڵام له سه‌رژمێری ساڵی (1977) كورد دابه‌زیوه بۆ (21%)، عه‌ره‌ب به‌رزبووەته‌وه بۆ (72%)، توركمان دابه‌زیوه بۆ (6%)، بۆیه زۆربه‌ی سه‌رژمێرییه‌كان ئامانجی سیاسی دوورمه‌ودایان له‌دواوه بووه.
بێگومان، رێگەكانی توانەوهی پێكهاته‌ی كورد جیاواز و هه‌مه‌چه‌شنن و درێژمه‌ودان، سه‌ره‌تا حكومه‌تی عێراق به هێمنی و شێنه‌یی و به به‌رنامه‌یه‌كی عیراقییانه‌ی ناسیونالیستی عه‌ره‌بیه‌وه، ده‌ستی دایه سڕینه‌وه‌ی سیما كوردییه‌كانی شارستانیه‌ت و كولتووری مادی و مه‌عنه‌وی ناوچه تێكه‌ڵه‌كان و سه‌پاندنی زمان و بووژاندنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی له‌و ناوچانه‌دا، بۆیه له قۆناخه‌كانی دواتردا زۆربه‌ی كه‌سایه‌تییه ره‌گه‌زپه‌رسته تووندڕه‌وه‌كانی عه‌ره‌ب له‌م ناوچانه‌دا دروستبوون، وه‌كو موسڵ و تكریت و دیاله، كه تاوەکو چله‌كانیش خاڵی ته‌ماس و به‌یه‌كگه‌یشتن و ناوچه‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه و رووبه‌ری پێكه‌وه‌ژیانی كورد و عه‌ره‌ب بوون.
بۆیه قۆناخ به قۆناخ پانتایی ده‌سه‌ڵات و فكری ناسیۆنالیست لای عه‌ره‌ب گه‌شه‌ی كرد، سه‌ره‌تای تەعریب له سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو (1936) ده‌ستیپێكرد، كاتێك عه‌ره‌بی جه‌زیره هێنرانه باشووری كه‌ركووك و له حه‌ویجه نیشته‌جێكران و بوونه خاوه‌نی حه‌ویجه، ئه‌م پرۆسه‌یه خێراتر و فراوانتر بوو، كاتێك بایه‌خی ئابووری و سامانه سرووشتییه له بننههاتووهكهی ژێرزه‌وی ده‌ركه‌وت، ئیدی له‌مه‌ودوا پرۆسه‌ی سڕینه‌وه‌ی كورد و شووناسه‌كه‌ی له‌م ناوچانه ده‌ستیپێكرد سه‌ره‌تا له رۆژهه‌ڵاتی كوت، به‌غدا و دیاله زیاتر له (نیو) ملیۆن كوردیان ئاودیوی ئێران كرد به بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌مانه عێراقی نین و بنه‌چه‌یان ئێرانیه، وه‌ك عه‌شیره‌ته‌كانی (ئه‌ركه‌وازی، قهرهلووسی، سووره‌میری، مه‌له‌كشاهی، زه‌رگوشی و فه‌یلی) ئه‌وه‌ی ماوه مافی وه‌رگرتنی ناسنامه‌ی عێراقی پێدرا، به‌ڵام به مه‌رجی گۆڕینی باری نه‌ته‌وه‌یی بۆ عه‌ره‌ب، دواتر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كان و هێرشی حهرەس قه‌دیمه‌كان بۆ ئه‌م ناوچانه له ساڵی (1963) و دواتر جێگربوونی له شاره‌كانی كه‌ركووك، دیاله و موسڵ كه ئه‌مه هێنده‌یتر رق و کینه‌ی نێوان كورد و عەربی قووڵتر كرده‌وه، دواتر گۆڕانكارییه ئیدارییه‌كانی پارێزگای كه‌ركووك له حه‌فتاكان پرۆسه‌ی تەعریبی خسته قاڵبی گۆڕانكاریی ئیداری، به‌ڵام به ئامانجی جیاواز، كاتێك چه‌مچه‌ماڵ، كه‌لار، كفری و خورماتوو له پارێزگەی كه‌ركووك دابڕێنران و حه‌ویجه، ره‌شاد و ریازی عەرەبنشینی بۆ دروستكرا وه‌ك قه‌زا، دواتر له‌پێناو ونكردنی شووناسی كورد، ده‌وڵه‌تی عێراق قێزه‌ونترین رێگه‌ی نامرۆڤانه‌ی گرته‌به‌ر، ئه‌ویش ئه‌نفال و كیمیابارانكردن بوو، به‌بیانووی هاوكاریی پێشمه‌رگه، له‌دوای راپەرینی (1991)، ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سنووری هه‌رێمی کوردستان، رووبه‌ڕووی تەعریبێكی خێرا بوونه‌وه، به‌جۆرێك به‌بڕیاری سه‌ركردایه‌تیی حكومه‌تی عێراق، نابێ كورد له ناوچه‌كانی ره‌بیعه و زوممار بمێنن و ده‌بێـت بۆ قووڵایی خاكی عێراق بگوازرێنه‌وه، له شوێنیان عەرەب جێگیر بكرێن، كه ئه‌مه‌ش ده‌قی بڕیاره‌كه‌یه:
(سري وشخصي)
السيد محافظ نينوى المحترم
م/ ترحيل الأكراد من منطقة ربيعية
كتابكم 105 في 8ك2/1995 حصلت موافقة السيد رئيس الجمهورية (حفظه الله) بكتاب رئاسة الجمهورية- السكرتير ذي العدد 9/1/95/ 933ك في 11 آذار 95 على تطبيق التعليمات الخاصة بترحيل الأكراد من منطقة ربيعية بحق أفراد عشيرة الهسنيان الكوردية وإسكانهم في مناطق العمق ضمن محافظتكم نرجوا الإطلاع واتخاذ ما يلزم وإعلامنا... مع التقدير
طه ياسين رمضان
نائب رئيس الجمهورية
رئيس لجنة الشمال
به‌درێژایی مێژوو، كورد له‌م ناوچانه‌دا له دۆخێكی ناهه‌مواردا بووه، سه‌رژمێریش رێگه‌یه‌كی یاسایی و نێوده‌وڵه‌تی نه‌رم بووه بۆ توانه‌وه‌ی كورد و به‌عه‌ره‌بكردن، واته به‌خشینی به‌رگێكی یاساییه به پرۆسه‌كه، له دوای ساڵی (1987) سه‌رژمێری له ته‌واوی عێراق نه‌كراوه، بڕیار بوو له ناوه‌ڕاستی ساڵی (2007) سه‌رژمێری بكرێـت، به‌ڵام دوای ئه‌نجامدانی چه‌ند پرۆسه‌یه‌ك وه‌ك سهرەتایهك بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (140)ـی ده‌ستووری بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه، كه ئه‌مه‌ش خۆی له سێ قۆناخ ده‌بینیه‌وه:
قۆناخی یه‌كه‌م: لە رێکكەوتی 20\ 3\2007 قۆناخی ئاساییكردنه‌وه تەواو بكرێت.
قۆناخی دووه‌م: لە رێكکەوتی 31 \ 7 \2007 قۆناخی سه‌رژمێری دانیشتوان تەواو بكرێت.
قۆناخی سێیه‌م: لە رێكکەوتی 31\ 12 \2007 قۆناخی ئه‌نجامدانی راپرسی تەواو بكرێت.
به‌ڵام هیچ یه‌كێك له قۆناخه‌كان جێبه‌جێ نه‌كرا و مادده‌كه به ته‌واوی پشتگوێ خرا، به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق بڕیاریدا له (20/11/2024) سه‌رژمێریی گشتی له عێراق بكرێـت.
بۆچی ده‌ڵێین ئه‌م سه‌رژمێرییه چه‌قۆیه‌كی ژه‌هراوییه له جه‌سته‌ی ناوچه كوردستانییه كێشهلهسهرەكان؟
ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌مەڕوو، كۆمه‌ڵێك داتای نافه‌رمین و هه‌ندێكی له رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه تایبەتییەکانەوە وه‌رگیراون و هه‌ندێكی بڵاوكراوه‌ی رۆژنامه‌وانین، كه پێویستی به هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جیدیه، ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی كورد تۆزێ خه‌می خاكیان له دڵ و ده‌روونیان مابێت، ده‌بێت رێكاری پێویست بگرنه به‌ر و ئه‌م پرۆسه‌یه رابگرن.
كه‌ركووك
به درێژایی مێژوو كه‌ركووك خاڵی ناكۆك و جه‌وهەری نێوان كورد و عەره‌ب بووه، زۆربه‌ی دانوستاندنی شۆڕشه‌كانی كورد و ده‌سه‌ڵاتی عێراقی كه‌ركووك ههڵیوهشاندووەتهوه و شکستی به دانوستاندن و رێكکه‌وتنه‌كان هێناوه، چونكه هیچ كامیان ئاماده‌ی ده‌ستبه‌رداربوونی نه‌بوون، كورد به‌ڵگه‌نامه مێژوویی و جوگرافییهكانی به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ گێڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر خاكی كوردستان، عه‌ره‌بیش ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێن و درێژه‌دان به كات و تەعریب و سه‌رژمێری بۆ ئایینده‌ی دوورمه‌ودا به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كجاری بیخاته سه‌ر عێراقی عەرەبی.
ئه‌وه‌ی كاریگه‌ره بریتییه له پرۆسه‌ی هێمنانه‌ی بەعەرەبکردن، دواتر به یاساكردن و شه‌رعییه‌تدانه به تەعریب له رێگه‌ی سه‌رژمێرییه‌وه، چونكه ئه‌نجامه‌كان له‌لایه‌ن نوێنه‌ری هه‌موو پێكهاته، حیزب، حكومه‌ت و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانەوە پەسنددەکرێن، به‌تایبه‌ت له حكومه‌تێك كه كورد تێیدا به‌شداره و بڕیاربه‌ده‌سته، بۆیه ئه‌مه بڕیارێكی خۆكوژیه و تانه‌ی لێ نادرێ، چونكه ره‌زامه‌ندیی كوردی له‌سه‌ر بووه.
بێ باكی و بێخه‌میی ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد بۆ ئه‌و كاته ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه به‌غدا لاواز بوو و هه‌رێمی کوردستان به‌هێز بوو، كه نه‌یانتوانی مادده‌ی (140) جێبه‌جێ بكه‌ن، یان لانی كه‌م ئه‌و گۆڕانكارییه ئیدارییانه‌ی له حه‌فتاكان به‌سه‌ر كه‌ركووك هاتووە، هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، كاتێك چه‌مچه‌ماڵ، كفری، كه‌لار و دووزی لێ دابڕین، یان عه‌ره‌به هاورده‌كان به‌یه‌كجاری بنێرنه‌وه ئه‌و شوێنه‌ی لێوه‌ی هاتوون و كورده ئاواره‌كانیش بگه‌ڕێننه‌وه سه‌ر زێدی باب و باپیرانیان.
سه‌رگه‌ڕان و گوندی په‌لكانه نموونه‌یه‌كی زیندووه بۆ چالاككردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی تەعریب له رۆژئاوای كه‌ركووك و قه‌زای دوبز، له (8 ئایاری 2024) عه‌ره‌بی هاورده‌ی گوندی (مه‌لحه) سه‌ر به هۆزی (شمر) كه زیاتر له (100) چه‌كبه‌ده‌ست بوون، هێرشی سه‌ر گوندی پهلكانهیان كرد و داوای زه‌ویی كوردانیان ده‌كرده‌وه، كه به تاپۆی ره‌ش، مافی یاسایی كورده.
كه‌واته زۆر باسی تەعریب كراوه، به‌ڵام كه‌م خه‌می لێ خوراوه، ئه‌وه‌ی ئێستا مێشكی هه‌زاران كوردی خه‌مخۆری خواردووه، رازیبوونی ده‌سه‌ڵاتی كورده به‌م سه‌رژمێرییه، له‌كاتێكدا ته‌نها دوای (16ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017) زیاتر له (104,000) خێزانی عه‌ره‌ب، كه ئه‌گه‌ر هه‌ر ماڵیك (6) كه‌س بن، ده‌كاته زیاتر له (600,000) كه‌س هاورده‌ی پارێزگای كه‌ركووك كراون و (9) گه‌ڕه‌كی عه‌ره‌ب له دوای ئه‌م رووداوانه له شاری كه‌ركووك زیادی كردووه، ئه‌مانه فۆرمی نیشته‌جێبوونی هه‌میشه‌یی و پسووڵه‌ی خۆراكیان گواستراوه‌ته‌وه كه‌ركووك و ئێستاش كار بۆ گواستنه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدانیان بۆ ده‌كرێـت، ئه‌وه‌ی كاره‌ساته له قۆناخی سه‌ره‌تای سه‌رژمێری، ئه‌مانه هه‌موویان تۆمار كراون، كه‌چی ئه‌و كورده كهركووکیانهی ئاواره بوون، تۆمارنه‌كراون، چونكه كۆچی كوردانی شاره‌كه دوای ئه‌م رووداوه به هه‌زاران ده‌خه‌مڵێندرێ. له‌لایه‌كی دیکە ئه‌م عه‌ره‌به هاوردانه داوای ئه‌و زه‌وییانه ده‌كه‌نه‌وه كه پێشتر له كورده‌كانیان داگیركردبوو پاڵپشت به بڕیاره‌كانی حكومه‌تی به‌عس، ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌مانه پێشتر قه‌ره‌بوو كرابوونه‌وه، به بڕی (20) ملیۆن دینار، به‌ڵام ئێستا دووباره گه‌ڕاونه‌ته‌وه و داوای ئه‌م زه‌وییانه ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌م ژماره زۆره له‌م ماوه كه‌مه (7) ساڵ شۆك و گورزێكی گه‌وره‌یه له پێكهاته‌ی كورد، چونكه له‌ماوه‌ی (23) ساڵی حكومه‌تی به‌عس (1980 - 2003) ته‌نها (270,000 – 280,000) هه‌زار عه‌ره‌ب بۆ پارێزگاكه هاورده كراوه، كه‌چی ئێستا نیو ملیۆنی تێپه‌ڕاندووه.
بۆیه ده‌كرێ بڵێین یه‌كێك له ئامانجه‌كانی ئه‌م سه‌رژمێریه، بریتیه له كردنه به‌ری به‌رگێكی یاسایی به پرۆسه‌ی بەعەرەبکردن، چونكه له سه‌رژمێری ئه‌م هاوردانه له‌سه‌ر دانیشتووی پارێزگای كه‌ركووك تۆمارده‌كرێن و هیچ هێزێك ناتوانێ ئه‌مانه به كه‌ركووكی ههژمارنهكات.
خورماتوو
له ساڵی (1951) بووەته قه‌زا، سه‌ره‌تا سەر بە پارێزگای كه‌ركووك بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ركووك كوردی لێ كهمبێـتهوه و پێكهاته‌ی كورد وه‌ك كه‌مینه په‌رت بكه‌ن، به پارێزگای سەڵاحەدین لكێندرا، له هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی ساڵی (2005) كورد (2) كورسی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سەلاحەدینی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام (2023) هیچ كورسیه‌كی به‌ده‌ست نه‌هێنا، كه ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر كۆچی كوردانی ئه‌م شاره.
بۆ نموونه له قه‌زای خورماتوو ته‌نها له ماوه‌ی (10) مانگی سه‌ره‌تای ساڵی (2010)، نزیكه‌ی (500) خێزانی كورد ئه‌م شاره‌یان چۆڵكرد و كۆچیان كرد بۆ هه‌ولێر، سلێمانی و گه‌رمیان، له‌دوای رووداوه‌كانی (16ـی ئۆكتۆبه‌ری 2017) زیاتر له (630) خێزانی كورد ئه‌م شاره‌یان جێهێشتووه له‌به‌رامبه‌ردا نزیكه‌ی (2350) خێزانی عه‌ره‌ب كۆچیان بۆ قه‌زاكه كردووه و، فۆرمی خۆراكیان بۆ گواستراوه‌ته‌وه و له هێزه ئه‌منییه‌كان دامه‌زرێندراون، به‌شێكیشیان زه‌ویان پێدراوه و جووتیاره عه‌ره‌به‌كان داوای زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له جووتیارانی كورد دەكەن، له كۆتاییه‌كانی مانگی (9)ـی ئه‌م ساڵ (2024) عه‌ره‌بی هاورده هێرشییان كرده سه‌ر گوندی (ته‌په‌سه‌وز) داوای زه‌وییه‌كانی کوردیان ده‌كرد.
خانه‌قین
دۆخی ئه‌م قه‌زا گه‌وره‌یه، هێنده باشتر نییه له قه‌زاكانی دیکە، پرۆسه‌ی به‌عه‌ره‌بكردن له دوای گرتنه ده‌سه‌ڵاتی هێزه عێراقییه‌كان و حه‌شدی شەعبی، زیاتر بوو له (2017) ته‌نها له ماوه‌ی ئه‌م (7) ساڵه دا نزیكەی (4000) خێزانی عه‌ره‌ب كۆچیان بۆ ئه‌م شاره كردووه، له به‌رامبه‌ر كۆچی به لێشاوی كورد باس ناكرێ، كه هه‌ندێ سه‌رچاوه نافه‌رمییه‌كان ئاماژه به ده‌یان هه‌زار خێزانی كورد ده‌كه‌ن.
مه‌نده‌لی، به‌دره و جه‌سان
كورد به‌جۆرێك له‌م ناوچانه تواوه‌ته‌وه، هیچ سیمایه‌كی كوردایه‌تی له‌م ناوچانه‌دا نابینرێت و به‌داخه‌وه بۆنی عه‌ره‌ب ناوچه‌كه‌ی تهنیوەتەوه، به‌پێی داتاكانی سه‌رژمێریی ساڵی (1957) به‌رارود به ئێستا، كورد (97%)ـی ئه‌م ناوچانه‌ی چۆڵ كردووه و له شوێنیان عه‌ره‌ب زیادی كردووه.
مه‌خموور
به‌ناوبانگه به سامانه سروشتییه‌كه‌ی و ده‌شته پان و به‌رینه‌كانی قه‌راج، دیبه‌گه و كه‌ندێناوه (سه‌له‌ی خۆراكی عێراق)، بووەته به‌رداشی ململانێ ئیدارییه‌كانی پارێزگای نه‌ینه‌وا و هه‌ولێر. مه‌خموور شارێكی هێنده كوردیه، كه له ساڵی (1957) ته‌نیا یه‌ك خێزانی عه‌ره‌بی تێدا ده‌ژیا، پێش رووداوه‌كانی (16ـی ئۆكتۆبه‌ر) ته‌نها (50 -60) خێزانی عه‌ره‌ب له‌ناو شاری مه‌خموور ده‌ژیان، به‌ڵام دوای ئه‌م رووداوانه ژماره‌یان گه‌یشته نزیك (500 بۆ 600) خێزانی عه‌ره‌ب، كه ئه‌مانه فۆرمی خۆراك و زه‌وی و كارتی نیشتمانیان به ناوی مه‌خمووره‌وه بۆ كرا، له ده‌شتی قه‌راج له كۆی (61) گوندی كوردنشین (42) گوندیان چۆڵكراون، به‌پێی ئه‌نجامی گه‌مارۆسازی ساڵی (2009) كورد له سه‌نته‌ری ناحیه‌ی قه‌راج گه‌یشتووەته (1600) كه‌س، به‌ڵام ئێستا یه‌ك تاكه كورد له سه‌نته‌ری ئه‌و ناحیه‌یه ناژی، له كۆی دانیشتوانی ناحیه‌كه كه (31000) ژماره‌ی دانیشتوانی بووه، (17200) كه‌س كورد بووه، به‌ڵام ئێستا له چه‌ند سه‌د كه‌سێك تێپه‌ڕناكات. له ناحیه‌ی دیبه‌گه به رێژه‌یه‌ك دانیشتووانی عه‌ره‌ب زیادی كردووه، كه خه‌ریكه كورد وه‌ده‌رنێن كه رێژه‌ی زیادبوونهكهیان ده‌گاتە (200%).
له قه‌زای مه‌خموور (3150) كه‌سی عه‌ره‌بی هاورده وه‌ك حه‌شدی شەعبی دامه‌زراون و چه‌كداركراون، ئه‌مه خۆی له خۆیدا هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ئاسایشی ژیانی كورد، ئه‌مه واتای ئه‌وه‌یه هه‌ر به‌و چه‌كدارانە له رێگه‌ی شه‌ڕی عه‌شایەری، كورد له‌م ناوچه‌یه وه‌ده‌ربنێین.
زوممار رەبیعه
ئه‌م ناوچانه به‌شێكن له قوربانییه‌كانی پرۆسه‌ی بەعەرەبکردن، بایه‌خی جیۆسیاسی و جیۆئابووریی ئه‌م ناوچه‌یه هێنده كاریگه‌ره كه ده‌سه‌ڵاتدارانی عه‌ره‌ب، به‌تایبه‌ت له پارێزگای نه‌ینه‌وا خه‌ریكه نه‌فه‌سی كوردایه‌تی له كورده‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌گرن، بۆیه پرۆسه‌ی تەعریب له‌م ناوچه‌یه زۆر خێرایه، ته‌نها له گوندی (بهربیا) له زوممار له ماوەی (12 رۆژ) نزیكه‌ی (250 - 260) ماڵه عه‌ره‌ب هاتنه ئه‌م گونده و داوای زه‌ویوزاری كورد ده‌كه‌ن، كه له ساڵی (1974) له كورد سه‌ندرابوو و درا به عه‌ره‌به هاورده‌كان، كه به (1,200,000) دۆنم مه‌زه‌نده ده‌كرێت، له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری زوممار، پێش ساڵی (2017) نزیكەی (500) ماڵه كوردی لێ‌بوو، كه‌چی ئێستا ته‌نها (25-30) ماڵه كوردی لێ ماوه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر زمانی كوردی، كه پرۆسه‌ی خوێندنی ئه‌م ناوچانه به‌ته‌واوی پشتگوێخراوه.
له سه‌نته‌ری ناحیه‌ی زوممار و ره‌بیعه، به‌نزیكه‌یی (800) خێزانی عه‌ره‌بی بۆ هاتووه، هه‌ندێكیان ئاماژه به (1200) خێزان ده‌كه‌ن، جگه له گونده‌كانی ناحیه‌ی ره‌بیعه. كۆمه‌ڵگه‌ی (به‌درییه) كه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی عه‌ره‌بنشینه خه‌ڵكی خواروون و حكومه‌ت له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه نیشته‌جێی كردوون هه‌ڕه‌شه‌ی جیدین بۆ كوردی ئه‌م ناوچه‌یه، به‌شێكیان له سوپای حه‌شد چه‌كداركراون، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیکە به‌شێك له عه‌شیره‌ته‌كان به فه‌رمی چه‌كداركراون؛ ئه‌مه گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه له‌سه‌ر دانیشتووانه كورده‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه.
شنگال
دۆخی شاری شنگال جیاوازه به‌هۆی ململانێی حیزبه‌كان و ده‌ستتێوه‌ردانه ده‌ره‌كییه‌كان، به‌شێكی زۆری كورد ئێستا ئاواره‌ن، ژماره‌یان ده‌گاته (300,000) کەس کە له كه‌مپه‌كانی كوردستان نیشته‌جێن، به‌ڵام گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ته‌واو جیاوازه، عه‌ره‌بی زۆری بۆ هاورده‌كراوه، به‌تایبه‌ت مه‌ڕداره‌كانی ناوچه‌ی بەعاج، قەحتانيە، تل عەبتە و حەزەر، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپای عێراق بۆ ئه‌م ناوچانه، به‌شێكی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب ئه‌مه‌یان به ده‌رفه‌ت زانی و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان له كوردنشینان ده‌كرد، بۆ بەجێهێشتنی زەویوزاریان كه ته‌نها به‌هۆی ئه‌م ههڕهشانهوە نزیكه‌ی (112) خێزانی كورد ناوچه‌كانیان چۆڵكرد، ئه‌مه جگه له كۆچی به‌لێشاوی کوردانی ئێزدی بۆ ده‌ره‌وه، كه ئه‌مانه له پرۆسه‌ی سه‌رژمێری تۆمار ناكرێن و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی كورد له‌م ناوچه‌یه دەبێت، ده‌رباره‌ی تهلعەفهر وه‌ك ناوچه‌كانی ئه‌وپه‌ڕی باشووری خۆرئاوا، هیچ بۆن و به‌رامێكی كورد و كوردایه‌تیی لێنه‌ماوه و عه‌ره‌ب به‌ته‌واوی ناوچه‌كه‌ی كۆنترۆڵ كردووه، له ماوه‌ی شه‌ڕی داعش دا كه ناوچه‌یه‌كی گه‌رمی شه‌ڕ بوو، خه‌ڵكێكی زۆر ئاواره بوون، به‌تایبه‌ت كورد و توركمان، كه ته‌نها له ماوه‌ی (3) ساڵی شه‌ڕ، زیاتر له (750 - 870) خێزانی كورد له ته‌واوی قه‌زاكه كۆچیان كرد و دوای ئازادكردنی ناوچه‌كانیان نه‌گه‌ڕانه‌وه، ئه‌مه جگه له كۆچی توركمانه‌كان كه به هه‌زاران داده‌نرێت له به‌رامبه‌ردا عه‌ره‌ب به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌و ناوچه‌یه زیادی كردووه و زیاتر له (90,000) دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی كورد و توركمان له‌م ناوچه‌یه عه‌ره‌ب داگیری كردووه، ئێستاش هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر سه‌دان جووتیار و هه‌زاران دۆنم زه‌ویی دیکە هه‌یه.
له قه‌ره‌قووش و تلكێف زانیاری ئه‌وتۆ به‌رده‌ست نه‌بوون، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ی چه‌ند گه‌واهیده‌رێك، له‌وێش عه‌ره‌ب رۆژانه دێنه ئه‌م ناوچه‌یه ترس و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆر بۆ دانیشتووانه كورد، توركمان و مه‌سیحیه‌كان هه‌یه، ئه‌مه جگه له‌و ژماره زۆری ئاواره مه‌سیحی و توركمانه‌كان، كه بێگومانم وه‌ك ناوچه‌كانی دیکە، عه‌ره‌ب شوێنی ئه‌م ئاوارانه‌ی گرتووه و داگیری كردوون.
له كۆتاییدا پێتان ده‌ڵێم ئه‌م سه‌رژمێرییه له رواڵه‌تدا به ناوی كۆكردنه‌وه‌ی داتا و زانیاریی دانیشتوان و پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی وڵاته، بەڵام یارییه‌كی سیاسی و ئامرازێكی سیاسیی ترسناكه و ویستێكی خراپی له‌پشته‌وه‌یه، چونكه هه‌ركه‌سێك له‌م سه‌رژمێریه تۆماربكرێت، راسته‌وخۆ ده‌بێـته نیشته‌جێی هه‌میشه‌یی ئه‌م ناوچه‌یه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی، به‌شه بودجه و یهكلاكردنهی ماده‌ی (140) هەیە، ئه‌مه جگه له لێكه‌وته‌كانی به‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی سه‌رژمێریی داهاتوو، كه نازانرێت كه‌ی ده‌كرێت.
له راستیدا وەکو مافی هاووڵاتیبوون، هەر عێراقییەک ئازادە لە کوێ دادەنیشێت و مافی نیشتەجێبوون و پیشکەشکردنی خزمەتگوزاری هەیە، بەڵام دەستووری عێراقی نوێ رێگە بەو جۆرەی نیشتەجێبوون نادات، کە بەمەستی گۆڕینی دیمۆگرافی ئەنجام دەدرێت، چونكه هێنانی بەهەزاران خێزانی عەرەب بۆ ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، بەتایبەت لە نێو شاری کەرکووک، له‌لایه‌كی دیکە ئاسانکاری بۆ بونیادنانی خانووبەرە و خزمەتگوزاری و گواستنەوەی فۆرم و پشتگیری نیشتەجێبوون وەکو دانیشتووانی رەسەنی ناوچەکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ، ئه‌مه ئه‌و مه‌ترسییه‌یه كه حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان پێیان نه‌كرا، كه‌چی حكومه‌تی به‌ناو فیدراڵی عێراق خه‌ریكه ده‌یكات و كۆتایی پێ ده‌هێنێت به ئاگاداریی ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌ژێر سه‌رژمێری.
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ له وه‌ڵامه‌كان و هه‌ڵوێسته‌كانی بەرپرسانی هه‌رێمی کوردستان، هه‌ڵوێستێكی زۆر شه‌رمنانه و بێ ئیراده‌یه، ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیکەوە زۆربه‌ی قسه و هه‌ڵوێسته‌كان له‌سه‌ر كه‌ركووكه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها كه‌ركووك ناوچه‌ی كێشهلهسهری كورد بێ و، ناوچه‌كانی خورماتوو، مه‌خموور، خانه‌قین، شه‌نگال و زوممار.....هه‌ر باس ناكرێ، كه ئه‌مه جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه!
كۆچی كورد و هاورده‌ی عه‌ره‌ب له‌م ناوچانه به‌یه‌ك ئاڕاسته له زیادبووندان، هاوشان له‌گه‌ڵ رقی عه‌ره‌ب و بێ هیوایی كورد، كه پێم وایه ده‌سه‌ڵاتی كوردی له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی حوكمڕانی ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كرد، شـتێكی وای نه‌كرد كورد جێی پێی خۆیان قایم بكه‌ن و قاچ له عه‌رز و موڵك و ماڵی خۆیان بچه‌قێنن و بڵێن حكومه‌تێك هه‌یه هێزێك هه‌یه پشتیوانمانه یان سۆز و عاتیفه‌ی عه‌ره‌ب و توركمانی ئه‌و ناوچانه بۆ خۆیان رابكێشن و ئه‌و كه‌لێنه خزمه‌تگوزارییه پڕبكه‌نه‌وه، كه حكومه‌تی به‌غدا دروستی كردبوو، بۆیه له‌گه‌ڵ نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی كورد، عه‌ره‌ب وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌نگوینیان له كونی دار دۆزیبێتەوە، بۆ ئه‌و ناوچانه هاتن و هه‌ڕه‌شه‌یان له كورد كرد به چۆڵكردنی ناوچه‌كانیان، له‌ڕێگه‌ی تووندوتیژی و هه‌ڕه‌شه و تۆقاندن وه‌ك له چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی كوردنشین له دوزخورماتوو روویدا، ئه‌م مه‌ترسیانه زیاتر ده‌بن كاتێك حكومه‌ت هۆزه‌كانی (جبور، عوبێد، ئەلبو حەمدان، نعێم) لە خوارووی كه‌ركووك له حه‌ویجه و ره‌شاد و ریاز چه‌كداركرد، به بیانووی پاراستنی ناوچه‌كانیان له په‌لاماری چه‌كدارانی داعش، ئه‌م چهكداركردنه بێ پره‌نسیپ و نایاساییه، مێژوویێكی كۆنی له عێراق دا هەیە، وه‌ك چه‌كداره‌كانی (مقاوه‌مه‌ی شەعبی، حه‌ره‌س قه‌ومی، جه‌یش شەعبی، حه‌شدی شەعبی، حه‌شدی عه‌شایری، مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی) كه ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیه‌كی نوێیه بۆ سه‌ر ئاسایشی كۆمهڵایەتی و جۆرێكه له بەعەرەبکردن، یاخود خێراتركردن و كاریگه‌ركردنی هه‌نگاوه‌كانی تەعریب له ناوچه كوردستانییه كێشه له‌سه‌ره‌كان.
بەپێى ماددەى (140)ـی دەستوورى عێراق، ئەم ناوچانە ناوچەى جێناكۆكن و پێویستە ئاسایی بكرێنەوە، ئاساییكردنهوهش به كه‌مكردنه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی تووندوتیژی ده‌كرێت نه‌ك به دابه‌شكردنی چه‌ك، بۆیه له قۆناخه‌كانی ماده‌ی (140)دا ئه‌گه‌ر یه‌كه‌م هه‌نگاو ئاساییكردنه‌وه بێت، ئیتر هەر هەوڵێك بۆ چەكداركردن و بەهێزكردنى پێكهاتەیەك بەرامبەر پێكهاته‌كانى دیكە نایاساییە. چونكه بوونى چەك لەدەستى هۆز و عەشایەرى ناوچەكه‌دا هەمیشە مەترسیی بەكارهێنان و سەركوتكردنى لایەنى نەیارى لێدەكرێت، به‌تایبه‌ت له ده‌ست هێزێكی نه‌شاره‌زا له پره‌نسیپ و یاساكانی زانستی سه‌ربازی. بۆیە لێكدانه‌وه‌ی نەتەوەى كورد بۆ پڕچەككردنى هۆزە عەرەبەكان و تەنانەت بوونى چەك بەدەستى جووتیارە عەرەبە هاوردەكان، ئامانجەكەى تەعریب و ناچاركردنى جووتیار و گوندنشینانى كوردە بە چۆڵكردنى ناوچەكانیان، ئەمە لەكاتێكدا جووتیار و گوندنشینانى كورد لەتەواوى سنوورى پارێزگاى كەركووك لەچەك داماڵراون و ناتوانن پارێزگارى لەخۆیان بكەن، تەنانەت لەبەرامبەر هەڕەشەو پەلامارى گرووپه تیرۆریستهكانیشدا.
گومانم له‌وه دانییه هه‌موو كورد له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری سه‌رانسه‌ریه، كه سه‌رجه‌م هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی تێدا مسۆگه‌ربكرێت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان سه‌رپه‌رشتی بكات، به‌ڵام ده‌بێـت مه‌رجی سه‌ره‌كی و پێداگری كورد ئاسایكردنه‌وه‌ی ره‌وشی سیاسی و سه‌ربازیی ناوچه‌كه بێـت، به‌جۆرێك ئاسایشی گشتی و ناوخۆی بپارێزێت و كێشه هه‌ڵواسراوه‌كان یه‌كلابكاته‌وه و بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌ستوور و ئه‌و به‌ندانه‌ی په‌یوه‌ندییان به حوكمڕانی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان و مافی نه‌ته‌وه و گه‌لان و مافی مرۆڤه‌وه هه‌یه، بچه‌سپێنن به‌م جۆره‌ش ده‌كرێ سه‌رژمێرییه‌كی یارمه‌تیده‌ر بۆ سیاسه‌تێكی گه‌شه‌پێده‌ری گشتی و ده‌ربازبوو له عه‌قڵیه‌تی ده‌وڵه‌تی به‌رخۆر و ده‌وڵه‌تی قوڵ ئه‌نجامبدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ