کورد و شیعەناسی
لە 1968 عەبدوڵڵا نفێیسی، بیرمەندێکی ئیخوانیی کوەیتییە، لە زانکۆی کامبریجەوە دێتە عێراق، پاشان بۆ نەجەف دەچێت، تاوەکو تێزی دکتۆراکەی لەسەر (دور الشيعة في تطور العراق السياسي الحديث) بنووسێت، بۆ ئەم مەبەستە دەیان چاوپێکەوتن لەگەڵ ئایەتوڵڵاکان و قوتابییەکانی حەوزە ئەنجامدەدات، لەوانە لەگەڵ موحسین ئەلحەکیم مەرجەعی باڵا. لە کاتێکدا کە نەجەف زۆر کاریگەریی لەسەر کوەیت نییە، رەنگە ئیخوان بەلایەوە هەر بابەت نەبێت، بەڵام هەستکردنە بە بەرپرسیارێتیی مەعریفی وا دەکات کە نفێسی لە کامبریجەوە بێت لە نەجەف تێزی دکتۆراکەی بنووسێت. لە 2017 لە بەغدا بووم، هاوڕێیانە بە سیاسییەکی کوردم گوت، چاوەڕێی دەمی سیستانی بکەن بزانە چ دەڵێت! بەهەڵچوونەوە، گوتی 'ئاخر چ پەیوەندی بە ئێمەی کوردەوە هەیە.' ئەوکات نیگەرانی ئەوە بووم ئای خوای گەورە ئەمە چۆن چاوساخی دەکات و چۆن داتا کۆدەکاتەوە، هێشتا حاڵی نەبووە کە ئەکتەرە سیاسییەکان کێن و کێ دوایین وشەی لایە! هێشتا حاڵی نەبووە کە (political center of gravity) چییە.
لە 1961 بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێی نێو مەرجەعەکانی نەجەف، محەممەد رەزا شا نامەیەک بۆ موحسین ئەلحکیم دەنووسێت و بە مەرجەعی باڵا ناوی دەهێنێت، ئیدی لەوکاتەوە ئەم چەمکە لە سیاسەتەوە دێتە نێو مەرجەعیەتەوە. لە 1926 هەر یەکە لە رووسەکان و بەریتانییەکان پشتگیریی ئایەتوڵڵایەک دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە مەرجەع، چونکە درکیان بە کاریگەریی مەرجەع کردووە لەسەر فەزای سیاسیی عێراق و ئێران تەنانەت ناوچەکەش.
مەبەستم ئەوەیە کە بڵێم لە رووی مەعریفییەوە کورد هێشتا بەر شیعە نەکەوتووە، واتە نە زانکۆکان ئەو بەرپرسیارییەتییە مەعریفییە بە ئەرکی خۆیان دەزانن نە سیاسییەکانیش ئەوەندە هۆشیارن کە تێبگەن ئەمە پەیوەندی بە تێڕوانینی ئەوی دیکەوە بەرامبەر بە کورد هەیە. واتە ئەو خاڵە ئەنتۆلۆجییە (Ontology) کە تۆی کوردی تێدا دەبینێت، لەوێوە تەعریف دەکات.
وێڕای ئەوەی کە رێژەیەکی بەرچاوی کورد لە رۆژهەڵات و باشوور و باکووریش شیعە مەزهەبن. کورد هۆشیار نییە بەوەی داینەمیکی ململانێ و بەرژەوەندییەکانی نێو حەوزە چییە و چۆن بەڕێوەدەچێت؟ چ کاریگەری لەسەر فەزای سیاسیی عێراق و ئێران هەیە؟ میکانیزمی بوونە مەرجەع چۆنە و چ کاریگەری لەسەر ئێمە دەبێت؟ بۆ نموونە، لە 10 ساڵی رابردوودا پرسی سەرەکیی نەجەف ئەوەیە کە کێ شوێنی سیستانی دەگرێتەوە؟ ئایەتوڵڵا فەیاز کە بە رەچەڵەک ئەفغانییە یان ئایەتوڵڵا نەجەفی کە بە رەچەڵەک پاکستانییە؟ تێڕوانینی ئەمانە بۆ سیاسەت و بۆ کەمینەکان و عێراق چۆنە؟ ئێران چۆن دەیەوێت شوێنگرەوەی سیستانی دیاری بکات؟ بە چ کەناڵێک لۆبی بۆ دەکات؟ یان ئەو هەموو پاکستانی و هیندی و ئێرانی و تاجیکی و ئەفغانییانەی کە لێرە دەمێننەوە ناسنامەی عێراقی وەردەگرن، چ کاریگەری لەسەر ناسیۆنالیزمی عێراقی دەبێت.
لەنێو مەرجەعەکاندا ئایەتوڵڵا حوسێن بروژەردی کە کوردێکی کەلهوڕە ساڵانێک مەرجەع بووە، دەیان قوتابی هەبووە لەوانە سیستانی، خوئی، خومەینی و موحسین حەکیم، محەممەد باقر سەدر، ئەم مەرجەعە کوردێکی کەلهوڕییە. ئێستا لە حەوزە قوتابخانەی بە ناوەوە هەیە.
لە رووی مێژووییەوە سەید رەزا دێرسیمی کە شۆڕشی دێرسیمی لە 1936 دژ بە ئەتاتورک بەرپا کرد، تەنیا شۆڕشێکی نەتەوەیی نەبووە، بەڵکو شۆڕشێکی مەزهەبیش بووە، سەید رەزا کە کوردێکی عەلەوی بووە لە دەیان گوتاردا سەید رەزا پیاهەڵدان و ئیشتیاقی خۆی بۆ کەربەلا دەربڕیوە، چونکە خوێندنەوەمان بۆی نییە، نازانین چۆن ئەمە لە گوتاری نەتەوەییدا تەوزیف بکەین.
لەدوای ساڵی 2003، سێ توێژ دەیانتوانی کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن. یەکەم: زانکۆکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان ئەوەندە ئەرکیان نەکێشاوە تێگەیشتن لە شیعەگەرایی بکەنە بابەتی بیرکردنەوەی گفتوگۆی زانستی.
دووەم: لە ئاستی سیاسی دەیان راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی سیاسی هەن، هیچ کام لەمانە هەفتەیەک لە نەجەف یان لە کەربەلا کاریان نەکردووە بۆ تێگەیشتن لە سەدر و ئەکتەرە سەرەکییەکانی دیکەی شیعە. لەبری ئەمە لەدوای کاژێر دووی نیوەڕۆ لە مەزرەعە خەریکی مەتاعی دونیان.
سێیەم: ناوەندە ئایینییەکان بە کۆلێژی شەریعە، لە بری ئیشکردنی جیددی و زانستی لەسەر ناوەندە ئایینی و سیاسییەکانی شیعە خەریکی رەتکردنەوە و تەکفیرکردنن. بە کورتی وێڕای ئەوەی کە فەزای ئایینی و سیاسی شیعە کاریگەری لەسەر فەزای سیاسیی ئێمە هەیە، تەنانەت لەسەر بوونی ئەم قەوارەیە، بەڵام ئێمە تەواو بێئاگاین لە قوڵایی و داینەمیکی ئەم کاریگەرییە.