محەممەد بن سەلمان لە کارلتۆنەوە بۆ پاریس!

17-06-2023
نیشانەکردن محەممەد بن سەلمان
A+ A-
محەممەد بن سەلمان، کە میدیای سعودی بە جەمال عەبدولناسری نوێ ناوی دەبەن، بۆ هەفتەیەکی درێژ لە پاریسە، لەگەڵ گەورەترین شاندی وڵاتەکەیدایە و دوێنێ، 16ـی حوزەیرانی 2023، سەرۆک ماکرۆن و شاندێکی یەکجار گەورەی فەرەنسی لە کۆشکی ئێلیزێ (کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا) پێشوازییان لێکرد. من، لە چەند کەناڵێکی میدیای فەرەنسیەوە شرۆڤەی ئامانج و هەلومەرجی ئەم سەردانەم کرد و لێرەدا نامەوێ بگەڕێمەوە سەر ئەو چوارچێوەیە. ئەوەی دەمەوێت لەم بابەتەدا باسی بکەم؛ قەسابخانە رەمزییەکەی ئۆتێل ریتز کارلتۆنە لە ریاز.
 
لە چواری نۆڤەمبەری 2017، شەوێکی درەنگ، ئێمە لە کوردستان سەرقاڵی ئەنجامەکانی گستپرسیی سەربەخۆیی کوردستان و 16ـی ئۆکتۆبەر بووین، بەڵام لە ریازی پایتەختی سعودیە، 381 کەسایەتیی گەورە و بەناوبانگی سیستم، راپێچی ئۆتێل ریتز کارلتۆن کران. لەنێو ئەم 381 کەسایەتیەدا، چەندین ئەمیر، وەزیر، خاوەنی کۆمپانیای گەورە، سەرۆکی گرووپی بازرگانیان تێدابوو، بەبێ ئەوەی بزانن بۆچی دەستگیراون، دەست بەسەر فڕۆکە تایبەتەکانیاندا گیراوە، بۆچی و لەبەرچی و بە فەرمانی کێ راپێچی کارلتۆن کراون. تەنها شتێک پێیان گوتراوە ئەوەیە؛ شازادە محەممەد بن سەلمان دەیەوێت بتانبینێت. بەڵام گیراوەکان دەزانن چەند کاژێرێک پێش ئێستا، محەممەد بن سەلمان کۆمیسیۆنێکی بەناوی دژەگەندەڵییەوە راگەیاندووە.
 
هەر لەم شەوە درەنگەدا، چەندین کەسایەتیی بەنێوبانگی دیکەی سیستمی سعودی، کە لە ئیمارات بوون، کۆکرانەوە و بە فڕۆکەیەکی تایبەت هێنرانەوە بۆ کارلتۆن و هەموویان پێکەوە لەوێ یەکیان گرتەوە و هەر یەکێکیان لە ژوورێکدا دانرابوون بەبێ ئەوەی مافی ئەوەیان هەبێت پێکەوە قسەبکەن! هەروەها هەموو ئەو کەرەستانەی دەکرێت کەسێک خۆی پێبکوژێت و کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، لابراون و دەرگای ژوورەکانیشیان کراوەیە و لەژێر چاودێریی فەرمانبەرانی کۆمپانیایەکی ئاسایشی ئەمریکیدان بەناوی "بلاکوۆتەر - Blackwater" بۆ ئەوەی هیچ پەیوەندیێکیان لەگەڵ پۆلیسی سعودیدا نەبێت و تەلەفۆنەکانیشیان لێ سەنراوە و ئینتەرنێتیشیان بڕاوە!
 
هەریەکێک لەم 381 کەسایەتییە، کە تەنها چەند کاژێریک پێشتر وەک ئەو ئەکتەرانە پێناسەدەکران، کە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نەبوو تەنانەت رەخنەیەکیشیان لێبگرێت و بەنازەوە بەسەر زەویدا دەڕۆشتن و فەرمانیان بەسەر دونیادا دەکرد، چەندین هەفتە هیچ کارێکیان نییە، تەنها چاوەڕوانی تەلەفۆنێکی محەممەد بن سەلمان یاخود لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە نەبێت.
 
لە دۆخێکی ئاوادا و لەژێر فشارێکی دەروونی یەکجار سەختدا، لەنێو گیراوەکاندا 17 کەسایەتی زۆر بە تووندی نەخۆش دەکەون و هەر لەنێو کارلتۆندا چارەسەری تەندروستییان بۆ دابین دەکرێت، بەڵام ژەنەراڵێکی گاردی نیشتمانی، کە زۆر لە شازادە تورکی بن عەبدوڵڵاوە نزیک بوو، بەرگە ناگرێت و لەنێو ئۆتێلەکەدا کۆچی دوایی دەکات. 
 
هەر لەم چوارچێوەیەدا 1700 هەژماری بانکیی ئەم 381 کەسایەتییە بلۆککراون و خێزانەکانیان هەفتانە تەنها 25 هەزار یۆرۆیان دەدرێتێ بۆ ئەوەی پێی بژین! بێگومان ئەم بڕە پارە بۆ هەفتانەی ئەم چینە کۆمەڵایەتییە یەکجار کەمە و بەهیچ شێوەیەک لەسەری رانەهاتوون، بۆیە هەست بەوەدەکەن فڕێدراونەتە نێو دۆزەخەوە.
 
مانگێک دواتر، لە دیسەمبەری 2017ـدا، محەممەد بن سەلمان پێیان رادەگەیەنێت ئامادەیە دانوستانیان لەگەڵدا بکات! ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن، بەڵام هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد، لیژنەکانی بن سەلمان تەنها دوو بژاردە بخەنە بەردەستیان: یان بەخشینی 60٪ـی سەرمایەکانیان بە دەوڵەت، یان خۆیان بەرپرسیارن لەوەی پاش دادگاییکردنیان بەتۆمەتی گەندەڵی، رووبەڕوویان دەبێتەوە!
 
لێرەوە و بەناچاری؛ شازادەکان، وەزیرەکان، خاوەن کۆمپانیا گەورەکان دەست بە دانوستان دەکەن و ئەوانەی بەخێرایی رازیدەبن، بەبێدەنگی و بە نهێنی لە کارلتۆن دەهێنرێنە دەرەوە و دەبرێنەوە بۆ ماڵەکانیان، بەڵام گەشتیان لێ قەدەخە دەکرێت و دەخرێنە ژێر چاودێریی هەمیشەییەوە. 
 
یەکێک لەوانەی گیرابوو، شازادە وەلید بوو، کە پشکی گەورەی لە ئۆتێلەکانی "فۆر سیزنس - Four Seasons"ـدا هەیە، کە یەکێکیان هۆتێلی جۆرجی پێنجەمە لە پاریس، یەکێک لە هۆتێلە هەرە بەناوبانگەکانی فەرەنسا. هەروەها پشکی گەورەی لە هۆتێلە بەناوبانگەکانی لەندەن و نیۆیۆرکدا هەیە و خاوەنی بەشێکی گەورەی یورۆ دیزنیی و ئەپڵ و تویتەرە. شازادە وەلید، پاش ئەوەی 60٪ـی هەموو سامانەکەی دەدات بە دەوڵەت، بە بن سەلمان، بە ئارامی و بەڕێزەوە دەیبەنەوە بۆ کۆشکەکەی خۆی کە لە 300 ژوور پێکهاتووە! بەمەرجێک ئیتر گەشت تەواو ! پەیوەندیکردن بە دەرەوە تەواو! 
 
شازادە وەلید تاکە کەسی ناسراو نییە، شازادە موتعب بن عەبدوڵڵا، کە کوڕەی پاشای پێشووی سعودیەیە و خاوەنی هۆتێلی کریلۆنی پاریسە، یەک ملیار دۆلاری بە محەممەد بن سەلمان بەخشیوە بۆ ئەوەی لە هۆتێل کارلتۆن رزگاری ببێت و بگەڕێتەوە بۆ نێو خێزانەکەی!
 
ئەوەی شازادە بن سەلمان ویستی، بەدەستی هێنا: کۆکردنەوەی 130 ملیار دۆلار لە گیراوەکان، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی لە بودجە خەیاڵکراوەکەیدا دروستببوو. هەروەها بۆ چاوترساندنی تەواوی دەستەبژێرانی وڵات، کە چیدیکە هیچ کەسێک لە هیچ رووبەرێکدا پارێزراو نییە و دەکرێت هەر ساتەوەختێک کۆتایی بە چیرۆکەکەی بێت.
 
ئەو مۆدێلەی محەممەدی بن سەلمان دەیەوێت بیسەپێنێت بەسەر کۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بریتییە لە ئاسایش و سەقامگیری و گەشەی ئابووری، دوور لە هەر فۆرمێکی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان.
 
پیکین، مۆسکۆ، ئەنقەرە، تاران، قاهیرە: پشتیووانەکانی بن سەلمان یەکجار زۆرن و هاوئاهەنگن لەگەڵ ئەم مۆدێلەدا کە لی كوان يو (Lee Kuan Yew) لە کتێبەکەیدا بەناوی (From Third World to First. The Singapore Story - لە جیهانی سێیەمەوە بۆ یەکەم. چیرۆکی سەنگاپوور) چوارچێوەی بۆ دانابوو. ئەو پێییوایە بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی سەرکەوتوو بینابکەیت، دەبێت لە سێ شت دووربکەویتەوە: دیموکراسی، ئازادیی رادەربڕین و بەشداریی سیاسی. تاکە شتێک کە بۆ ئەو گرنگە، بریتییە لە گەشەیەکی ئابووریی بەهێز و چڕی بیناکراو لەسەر ئاسایش و سەقامگیری.
 
ئەمە هەمان ئەو مۆدێلەیە کە کوڕەکەی سەلمان ئینتیمای بۆی هەیە و نەک هەردەیەوێت بەسەر رۆژهەڵاتدا فەرزی بکات، بەڵکو دەیەوێت ئەورپییەکان و ئەمریکییەکانیش ناچاربکات بەوەی، بۆ بیناکردن و سەرکردایەتی ئەم مۆدێلە، گرفتی بۆ دروستنەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.