پاکسی ئێرانۆ-سعودی و بیناکردنەوەی رۆژهەڵات

17-04-2023
عادل باخەوان
نیشانەکردن ئێران سعودیە
A+ A-
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، سایکسی بەریتانی و پیکۆی فەرەنسی بەردی بناخەی بیناکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دانا. راستە دواتر گۆڕانکاری گەورە بەسەر نەخشەکەدا دێت، بەڵام ئەوەش راستە کە هەموو رووداوەکانی دواتر لەسەر ئەم نەخشەیە بینادەکرێن. 
 
سەدەیەک دواتر، بەتایبەتی پاش هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەری 2001، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ویستیان سەرلەنوێ رۆژهەڵاتەکەی سایکس و پیکۆ لە چاپێکی نوێی ئەمریکیدا بخەنە بازاڕەوە، بەڵام 20 ساڵ دواتر، هەموو داتاکان دەمانبەنەوە سەر شکستێکی گەورەی ئەمریکی.
 
رێککەوتنی نێوان عەرەبی سعودیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەکین، لە 10ـی مارسی ئەمساڵدا، بە بۆچوونی من، دەبێت وەک رووداوێکی مەزن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، چونکە ئەنجامی ئەم رێککەوتنە، لە چەندین ئاستدا، هیچی کەمتر نابێت لە رێککەوتنی سایکسی بەریتانی و پیکۆی فەرەنسی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 
جارێ خودی رێککەوتنەکە خۆی لە خۆیدا گۆڕانکاریەکی یەکجار گەورەیە کە بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دێت، چونکە تەنها پێنج ساڵ پێشتر، محەممەد بن سەلمان کە بە MBS ناسراوە، لە چاوپێکەوتنێکی ورد و دورودرێژدا لەگەڵ رۆژنامەنووسێکی The Atlantic، رێبەری گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هیتلەر بەراورد کرد، تەنانەت گوتی لە هیتلەر خراپتەرە! 
 
لە هەمان چاوپێکەوتندا باس لەوە دەکات جەنگێکی گەورە لەنێوان ریاز و تاران، لە چەندین مەیداندا بەڕێوەیە: لە مالیزیا، لە سوودان لە عێراق، لە یەمەن، لە لوبنان. MBS تیشک دەخاتە سەر کۆی ئەو میکانیزمانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خامنەیی بەکاریدەهێنت و خۆی وادەخاتە سەر شانۆکان کە لەبری تەواوی هەموو وڵاتانی رۆژئاوا جەنگی کۆماری ئیسلامی دەکات، دروست وەک سەدام حوسێنی هەشتاکان!
 
پێنج ساڵ دواتر، پراگماتیزم و بەرژەوەندییە ساردەکانی عەرەبی سعودیە، وادەکەن MBS نەک هەر نەکەوێتە هەمان ئەو داوەی کە لە هەشتاکاندا سەدام حوسێنی تێکەوت، بەڵکو سەرلەبەری مێزەکە بەسەر رۆژئاوا بە گشتی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەتایبەتی قڵپبکاتەوە و لەبری جەنگ لەگەڵ تاران، مێژووییترین رێککەوتنی ستراتیژی و هەمەلایەنەی لەگەڵدا واژۆبکات.
 
ئەوەی کە بەهایەکی یەکجار گەورەتر بەم رێککەوتنە دەبەخشێت، ئامادەیی ئەندازیاریی مەزنی وەک شی جین پینگ، سەرۆککۆماری چینە، کە لە ئێستا و ئێرەدا وەک گەورەترین هەڕەشە لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە واشنتۆن وێنەی بۆ دەکێشرێت. ئەو رۆژهەڵاتەی کە شی جین پینگ و محەممەد بن سەلمان خەونی پێوەدەبینن، بێسنوور جیاوازە لەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی لە چەند ساڵی رابردوودا ئەمریکا خولقاندوویەتی.
 
خەونی ئەم دوو ئەکتەرە نوێیە، کە تەماهیەکی زۆر لەگەڵ خەونی ئایەتوڵڵاکانی کۆماری ئیسلامیشدا دەکات، بریتییە لە رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی سەقامگیر و ئارام کە هەلومەرجی گەشەی ئابووری بەرقەرار بکات، بەبێ ئەوەی بەهیچ جۆرێک هیچ بەهایەک بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ دابنرێت. بەبێ ئاسایش و سەقامگیریەکی دوورمەودا، شی جین پنگ پێیوایە هیچ گەرەنتییەک نییە بتوانێت ساڵانە 81 ملیۆن تۆن لە نەوتی خاوی سعودیە بە 43 ملیار دۆلار بکڕێت ! ئەمە رێک بۆ محەممەد بن سەلمان و ئایەتوڵڵا خامنەییش راستە و هەر سیانیان لەسەر یەک هێڵن!
 
لەم وەرزە نوێیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چیتر وەک ساڵانی رابردوو عەرەبی سعودیە ملیۆنان دۆلار وەک یارمەتی بەسەر وڵاتان و رێکخراو و ئەکتەرە جیاوازەکاندا دابەش ناکات، بەئومێدی ئەوەی بیانکاتە کارتی فشار. تەنانەت چیتر چاوەڕوانی ئەوەش نییە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەڕەشە دەرەکییەکان بیپارێزن. لێرە بەدواوە، سیاسەت بە جۆرێکی دیکە دەکرێت و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فۆرمێکی تەواو جیاواز وەردەگرن و لەم فۆرمە تازەیەدا، ئەوەی گرنگە بۆ عەرەبی سعودیە، پەڕینەوەیە لە وێناکردنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک مەیدانی جەنگ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک کێڵگەی وەبەرهێنان.
 
لێرەوە، دەبێت نەک هەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسایی بکاتەوە، بەڵکو پێکەوەش کۆتایی بە جەنگی یەمەن بێنن و سەقامگیریی و ئاسایشی بۆ بگێڕنەوە، ئیتر ئەو 400 هەزار کەسەی کوژران، دوعای خێریان بۆ دەکەن و ئەو 18 ملیۆنەش کە لەژێر هەڕەشەی مرددان لە برسا، گرفتی ئەو حکومەتە دەبن کە پرۆئێرانییەکان و پرۆسعودییەکان، بە هاوکاریی تاران و ریاز وەکو ناوەندگیر دروستی دەکەن، وەک ئەوەی ئەوان بەشدار نەبووبن لە کۆی ئەو تراژیدیایەی کە یەمەنی کردووە بە جەنگەڵستان ! ئیتر بەرژەوەندی ساردی دەوڵەت وایە...
 
هەروەها دەبێت پێکەوە کۆتایی بە جەنگی سووریاش بێنن و نەک هەر بەشار ئەسەد بهێننەوە نێو لووتکەکانی کۆمکاری عەرەبی، بەڵکو هەموو رێگاکان بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ سووریا بگێڕنەوە و دوا فیکەی کۆتایی یارییەکە لێبدەن. ئیتر ئەو 800 هەزار قوربانی و ئەو حەوت ملیۆن ئاوارە سووریە دەبنە گرفتێکی لاوەکی کە دەکرێت هاوکاری بەشار بکەن بۆ ئیدارەدانی. 
 
لەم سایکس-پیکۆ نوێیەدا، سعودیە و ئێران پێکەوە چارەسەری دۆخی لوبنان و عێراقیش دەکەن و لەژێر هەژموونی پاکسی ئێرانۆ-سعودیـدا، شانسی هێوربوونەوەیەکی فراوان لەئارادایە. بەمشێوەیە گریمانەی بێدەنگییەکی چەندایەتی و چۆنایەتی میلیشیاکان بە درۆن و مووشەکەکانیشیانەوە لەئارادایە.
 
جێبەجێکردنی پاکسی ئێرانۆ-سعودی، دەرگایەکی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامیش دەکاتەوە تا لەو پەراوێزانە بێتە دەرەوە کە چەندین ساڵە تێیاندا قەتیس ماوە. هەروەها ئەو وێنەیەش بدڕێنێت کە بزووتنەوەی ناڕەزایی لە ساڵی رابردوودا بۆی دروستکرد. هەروەک چۆن شانسی ئەوەشی دەداتێ فشارەکانی رۆژئاوای لەسەر کەمببێتەوە و زیاتر وەک ئەکتەری سەقامگیری و ئاسایش خۆی بخاتە سەر شانۆکان، نەک وەک تێکدەر و نەفرەتلێکراو. کۆماری ئیسلامی تەواو وشیارە بەوەی رێککەوتن لەگەڵ سعودیە، واتە رێککەوتن لەگەڵ میسر، ئوردن، وڵاتانی کەندا و چەندین وڵاتی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لێرەوە چەند عەرەبی سعودیە و چەند چین پێویستیان بەم رێککەوتنە هەیە، هێندەش کۆماری ئیسلامی ئێران پێویستی پێیەتی.
 
بەکورتی؛ ئێمەی رۆژهەڵاتی، ئیتر سەر بە هەر دەوڵەت و نەتەوە و گرووپێک بین، لە ساتەوەختێکی یەکجار گرنگدا دەژین کە تیایدا پارادیگمەکان دەگۆڕێن و لەڕێگای پاکسی ئێرانۆ-سعودیەوە، چیتر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی 20 ساڵی داهاتوو، هەمان ئەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی 20 ساڵی رابردوو نابێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: دەوڵەت و کۆمەڵگە و نەتەوە و گرووپە جیاوازەکان، چۆن و چەند و تاکوێ لەم گۆڕانکارییە مەزنە تێدەگەن و دەتوانن خۆیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەنجامەکانی، ئامادەبکەن؟
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.