چەند راستییەک دەربارەی مێژووی سەنتەرەکانی جێندەر لە کوردستان

17-04-2019
نیشانەکردن جێندەر
A+ A-

لە ساڵی 2010، زانکۆی بریستل بە هاوکاریی بریتیش کاونسڵ و وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین سەنتەری تایبەت بە خوێندنی جێندەری لە زانکۆی سلێمانی دامەزراند.  ناوی سەنتەرەکە بریتی بوو لە سەنتەری خوێندنی جێندەر و توندوتیژی. نووسەری ئەم وتارە و پرۆفیسۆر جییل هەیگ بۆ ئەو مەبەستە چەندین جار سەفەری کوردستانمان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆی سلێمانی کۆبووینەوە کە ئەوکات بەڕێز دکتۆر عەلی سەعید سەرۆکی بوو. بە هاوکاریی بەڕێزیان و سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسی بەڕێز دکتۆرە نەجات رەحیم و بە پشتگیری و ئامادەیی قونسولی گشتی بەریتانیا بەڕێز کریس باوەرز یەکەمین سەنتەری خوێندنی جێندەر لە ساڵی 2011 بە فەرمی لە کوردستان کرایەوە. چەند مانگێک دوای ئەوە، بڕیاری فەرمی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەرچوو بۆ ئەوەی وانەی جێندەر بخرێتە مەنهەجی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی. 

ئامانجی سەرەکیی لە بەئەکادیمیکردنی پرسی ژن و دامەزراندنی سەنتەری جێندەر لە زانکۆکان بریتیی بوو لە برەودان بە توێژینەوەی زانستی و مێتۆدۆلۆژیی تا بەشێوەیەکی مەوزوعی و لەسەر بنچینەی فاکت و واقیع داتای بەڵگەئامێز بخرێتە بەردەم دەسەڵاتداران بە ئامانجی راهێنان و دانانی ستراتیژییەتی گونجاو و یەکسانیخواز بەرەو چاککردنی بارودۆخی ژن لە کوردستان. ئامانجەکانی دیکە بە کورتی بریتی بوون لە وتنەوەی وانەی جێندەر و راهێنانی گەنجەکان لە زانکۆ بە پرنسیپەکانی مافی ژن و یەکسانیی جێندەری، هەروەها دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان زانکۆ و بەڕێوەبەرایەتیەکانی توندوتیژی و دامودەزگا حکومیەکانی دیکە و رێکخراوەکانی ژنان و میدیا بۆ هۆشیارکردنەوەی رای گشتی و راهێنانی کادیران و سازدانی کۆنفرانسی زانستی و فیکری دەربارەی ئەم پرسە ئاڵۆز و کێشەئامێزە.

کردنەوەی سەنتەری جێندەر لە زانکۆی سلێمانی دەرفەت و وەرچەرخانێکی گرنگ بوو بۆ ئەوکات و لە رۆژنامەی تایمز هایەر ئێدیوکەیشنی بەریتانی وتارێکی تایبەتی لەسەر نووسرا وەکو شایانێک لەم هەنگاوە گرنگەی ژنانی کوردستان(1). بەڵام هەرزوو سەنتەرەکە کەوتە بەر رەخنە و فشار و هێرش نەک تەنها لە لایەن ناحەز و توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە، بەڵکو لە لایەن چینی بەناو رۆشنبیر و ئولیگارشیە کولتورییەکانیشەوە. ئیسلامییە سیاسییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی زانکۆ تەگەرەیان دەخستە بەردەم سەنتەرەکە و کە بەلایدا تێدەپەڕین بە سەنتەری '' گاندەر ''(2) ناویان دەهێنا و مامۆستا و کارمەندەکانییان هەراسان و نیگەران دەکرد. ئۆلیگارشیە بەناو کولتورییەکانیش کەوتنە نووسینی وتار دژی سەنتەرەکە. یەکێک لەو وتارانە هی ئاراس فەتاح بوو کە ئەو کات لە ئەڵمانیا لەگەڵ چۆمان هەردی هاوسەری دەژیا و هێشتا نەهاتبوونەوە کوردستان و پلە و پایەیان وەرنەگرتبوو. وتارەکە لە ژێر ناوی فێمیساید بوو؛ لە پەرەگرافێکدا  نووسەر هێرش دەکاتە سەر سەنتەر و خودی دامەزرێنەرەکە. وتارەکە لە ژمارە 364ی هەفتەنامەی ئاوێنە بڵاوبۆتەوە و دەڵێ دەسەڵات سامانێکی گەورەی لەبەردەستدایە دەتوانێ بە ئاسانی کەسانێکی ئەکادیمی لە ناوەوە و دەرەوە بکڕن تاوەکو وێنەیان بە لێکۆڵینەوە و داتای لایەنگرانە جوانبکات…بەشی جێندەر لە زانکۆکاندا دادەنێن کە ناوێکی ئەکادیمی خۆنمایشکەرانەیە بۆ دەرەوە و وێرانەیەکی مەعریفیشە بۆ ناوەوە"(3). ئەگەر هێرشی ئیسلامییە توندڕەوەکان لایەنێکی ئایدیۆلۆژیی و کۆنەپارێزی هەبووبێ، هی ئولیگارشیە کولتورییەکان رێک دژایەتیکردنی خودی ژنێک بووە کە من بووم و خەریکی کارکردن بووم بۆ بەئاکادیمیکردنی پرسی جێندەر لە زانکۆکانی کوردستان. 

سەرەڕای ئەم هێرشانە، من بەردەوام بووم لە دروستکردنی هۆشیاری لەناو دەسەڵات و دام و دەزگا ئەکادیمییەکان بۆ بە ئەکادیمیکردنی پرسی جێندەر و کردنەوەی سەنتەری جێندەرناسی لە زانکۆکانی کوردستان. ئەنجومەنی کاروباری خانمانیش بەتایبەتی بەڕێزان پەخشان زەنگەنە و فلۆرین گۆرگیس سێودین شێڵگیرانە و بەشێوازی خۆیان لەسەر ئەم پرسە کاریان کرد و لە سۆران سەنتەرێکی لەمجۆرەیان خستە سەرپێ. دواتر، لە مانگی پێنجی ساڵی 2015، دوای پێشکەشکردنی سیمینارێکم لە زانکۆی ئەمریکی سلێمانی، لەگەڵ بەڕێزان دکتۆر بەرهەم و خاتوو سەرباغ ی خێزانی باسی گرنگی کردنەوەی سەنتەری جێندەرمان لە زانکۆی ئەمریکی کرد و دکتۆر بەرهەم  داوای لێکردم کە پرۆپۆزەلێک بۆ دامەزراندنی سەنتەرێکی جێندەر لە زانکۆی ئەمریکی دابڕێژم. هەر دوای هەفتەیەک پرۆپۆزەڵەکەم نووسی و ناردم بۆ دکتۆر بەرهەم و ئەویش ئیمەیلی کرد بۆ ستافی سەرکردایەتیی زانکۆ و بۆ کارپێکردن  (دیارە ئیمەیلەکەی بۆ منیش نارد کە تا ئێستاش لام ماوە). دواتر لە زانکۆی ئەمریکی سەنتەری جێندەر و گەشەپێدان لەسەر بناغەی ئەو پرۆپۆزەلە دامەزرا.

ئەمانە هەمووی هەنگاوی باش بوون، بەڵام ئەگەر ئەقلانی بیربکەینەوە، ئەوە دەزانین کە مێژوو فیلمی هۆلیوود نییە و شتەکان بە شەو و ڕۆژێک ناگۆڕدرێن. گۆڕینی ئەقلیەتی گشتی لەناو دام و دەزگا و کۆمەڵگە کاتی پێدەچێ، ئەوە سەرەڕای ئەوەی بە هۆی نەبوونی ستروکتور و میکانیزمی گونجاو و زاڵبوونی ئەقلییەتی حیزبی لە زانکۆکان، ئەو پرسە بەرەڕووی تەنگوچەڵەمە و تەحەددای زۆر بووەوە. بۆیە دواتر وەکو راوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ خوێندنی باڵاو و جێندەر هەوڵم دا لە سەرۆکایەتیی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران ئەم پرسە بوروژێنم . لە پاییزی 2017 سەرۆکی حکومەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە فەرمانێکی رەسمی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری کردنەوەی سەنتەری جێندەرناسی لەسەرجەم زانکۆکانی کوردستان دەرکرد.

دوای دەرکردنی ئەو فەرمانە، یەکەم کۆنفرانسی جێندەرناسی لە بواری خوێندنی باڵا لە بەهاری ساڵی 2018 لە هەولێر سازکرا بۆ ئاڵوگۆڕیی بیروڕا و دانانی میکانیزمی جێبەجێکردن. ئەم فەرمانە ئێستا خەریکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بە جددی کار دەکات بۆ ئەوەی لە هەموو زانکۆکان سەنتەری جێندەرناسی بکەوێتە سەرپێ. لە هەمان کاتدا یەکیێتی ئەوروپی بە حوکمی پەیوەندییەکانی بەڕێز د. بەرهەم ساڵح باربووی دارایی زانکۆی ئەمریکی کردووە بە 900 هەزار یورۆ تا مەنهەجی جێندەری لەسەر ئاستی هەموو عێراق وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی و عەرەبی و لە سەنتەرەکانی جێندەرناسی بەکاربێت. 

پرسی جێندەر پرسی هەموو کۆمەڵگەیە، پرسی تاکە کەس و دەستە و گروپێک نییە. لەسەر ئەزموونی رابردوو و لە پێناوی بەرەوپێشچوونی ئەو سەنتەرانە، زۆر گرنگە وەزارەتی خوێندنی باڵا لیژنەیەکی پسپۆڕ دیاری بکات تا ستروکتور و میکانیزمی گونجاو لە زانکۆکان بنیات بنێ و پرۆگرام و مێتۆدۆلۆژی و تیۆریی بەرەوپێشچوونییان رێکبخات. هەروەها زۆر گرنگە وەزارەت بودجەی تایبەت بۆ ئەو سەنتەرانە دابین بکات هاوتا کار بکات بۆ دروستکردنی هۆشیاری و پتەوکردنی میکانیزمی گونجاو لە زانکۆکان تاوەکو سەنتەرەکان بتوانن رۆشنگەر و سەربەخۆ و بەردەوام بن، نەک بە میزاجی تاکەکەس و بەرپرسەکان بەڕێوە بچن. 

دواشت، دەبێ بیرمان نەچێ کە کۆنسێپتی جێندەر لە ناواخندا واتە قبوڵکردنی جیاوازی و تۆلێرانس و دیالۆگ و فرەکولتوری و هاوکاری و پشتگیری. بۆیە گرنگە سەنتەرەکانی جێندەرناسی، لە جیاتی بەربەرەکانێ و هەژموونی تاکگەرایی و هەولی خۆسەپاندن و لێدانی یەکتری، لە نێوان خۆیان تۆڕی هاوکاری دروست بکەن و لە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و دیالۆگی بەردەوامدا بن تا یەکتری دەوڵەمەند بکەن و بتوانن بەرەنگاری ئەو تەحەددا و کۆسپانەش ببنەوە کە توندڕەوە ئیسلامی و دەستە و گروپە ناحەز و پەڕگیرەکان دروستی دەکەن. لە کۆتاییدا، من خۆشحاڵم کە تۆوی جێندەرناسیم لە کوردستان چاند و ئێستا دەبینم ئەو تۆوە دەبێتە نەمام و گەشە دەکات. ئەگەر ئەمە هەنگاوێکی بچووکی کەسێک بێت، ئەوە بێگومان هەنگاوێکی گەورەی مرۆڤایەتییە (رستە بەناوبانگەکەی نییل ئارمسترۆنگ دوای گەیشتنە سەر مانگ). مەبەستم ئەوەیە بڵێم من تەنها نەبووم لەم هەنگاوەدا، ئەمە هەنگاوی مرۆڤایەتیی هەمووان بووە پێکەوە.


* نووسەر و مامۆستا لە زانکۆی بریستل، سەنتەری توێژینەوەی جێندەر و توندوتیژی

سەرچاوەکان:
(1) بڕوانە Mathew Reisz, Iraqi Kurdish scholars put gender theory to the test , Times Higher Education, 13 October 2011
(2) ئەمە وشەیەیەکی جوان نییە، سەرەتا نەمدەویست دایبنێم، بەڵام بێزراویی ئەم وشەیە  سەختیی و دژواریی واقیعەکە دەردەخات و بە پێویستم زانی لێرەدا چۆن بووە ئاوا دابنرێتەوە. 
(3) بڕوانە، ئاراس فەتاح، فێمیساید لە کوردستان، رۆژنامەی ئاوێنە، ژمارە ٣٦٤، ١٦/٢/٢٠١٣، ل١٢-١٩.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە