بۆمبێکی تەوقیتکراو لە دادگای فیدراڵی!

رۆژ لە دوای رۆژ ململانێی نێوان هەرێمی کوردستان و دادگای باڵای فیدراڵی گرژی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت. ئەم دادگایە کە ساڵی 2021 بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی سێ قۆڵیی نێوان تەوژمی سەدری، پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی تەقەدوومی حەلبووسی دروستکرایەوە، هەروەها بە رەزامەندیی موقتەدا سەدر و بۆ رازیکردنی هادی عامری، بڕیاردرا جاسم محەممەد عەبوود حەمادی بکرێتە سەرۆکی. جاسم، ساڵی 1964 لە پارێزگای دیالە لەدایکبووە و یەکێکە لەو شیعە موحافیزکارانەی جیهانبینییەکەی لەسەر سێ رەهەندی ئاڵۆز بیناکراوە.
 
یەکەمیان پابەندبوونی بە مەزهەبی شیعە و پەروەردەی کۆمەڵایەتیی بیناکردنێک بووە لەنێو رەمز و دۆگم و نۆرمە شیعییەکاندا، بەتایبەتی لە پارێزگایەکی وەک دیالەی هەشتاکان کە رۆژانە بەریەککەوتنی نێوان سوننە و شیعەی لە تەمەنی 24 ساڵیدا دەبینی. هەر بۆ بیرهێنانەوە، پێش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، 70%ـی دانیشتووانی پارێزگای دیالە سوننە بوون، بەڵام پاش داگیرکردنەکە، ئەم رێژەیە پێچەوانە دەبێتەوە و لەنێو پرۆسێسی بەشیعەکردنی عێراقدا و بەتایبەتی لەڕێگەی راگواستن و جێگیرکردنی جەماوەی نوێوە، لەئێستا و ئێرەدا شیعە زۆرینەی پارێزگاکە پێکدەهێنن.
 
رەهەندی دووەمیش بریتییە لە ناسیۆنالیزمی عێراقی. راستە بەکۆمەڵایەتیبوونی یەکەمی جاسم، بەتایبەتی لەنێو خێزانەکەیدا، مەزهەبی بووە، بەڵام ئەوەش راستە کە جاسم لە تەمەنی 10 ساڵییەوە دەچێتە نێو حەفتاکان و بە بیست ساڵییەوە دەچێتە نێو هەشتاکانی عێراقی سەدام حوسێنەوە. لەنێوان حەفتا و هەشتاکاندا و لەڕێگەی پرۆگرامی خوێندنەوە، بەعس سەرکەوتووبوو لە دروستکردنی خەیاڵدانێکی دەستەجەمعی لای نەوەکانی حەفتا و هەشتاکان لەسەر سەنتراڵبوونی عێراق لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پیرۆزیی یەکێتی و سەروەری خاکی عێراق و ئەفسانەی هەمیشەیی عێراقیبوون. بێگومان دەکرێت چەندین عێراقیی شیعە و سوننە هەبن کە رەخنەیان لە پراکتیکی بەعس هەبووبێت، بەڵام لە هیچ کاتێکدا رێگە بەخۆیان نادەن دەست بۆ قودسییەتی ئەو خەیاڵدانە دەستەجەمعییە بەرن، کە بەعس لەسەر قودسییەتی عێراقیبوون، بۆی دروستکردن. جاسم یەکێکە لەو عێراقییانەی لە حەفتا و هەشتاکاندا، بەم پرۆسێسی بەکۆمەڵایەتیبوونەدا تێپەڕیوە و بەشێکی زۆری گوتار و کردارەکانی ئێستای لەژێر کارایی ئەم جیهانبینییەدا بەرهەمدەهێنێت. 
 
سێیەمیشیان بژاردەی ئێرانە، وەک هاوپەیمانی سیاسی و ئایدۆلۆژی، کە لە هەندێک رووبەردا دەکرێت کەسایەتیی جاسم رووبەڕووی لێکدژی کوشندە بکاتەوە، چونکە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش حیساباتی خۆی لەگەڵ عێراقی جاسمدا هەیە! لەسەر ئاستی سیاسی، جاسم دەیەوێت ئێران وەک پارێزەر و هاوپەیمان لەبەرامبەر نەیارەکانیدا بەکاربهێنێت و لەمەشدا تائێستا بەشێوەیەکی رێژەیی سەرکەوتوو بووە. بەڵام تەواو وشیاریشە بەوەی مانەوەی تائێستا لە پۆستەکەیدا، بەشێکی زۆری پەیوەندیی بە جێبەجێکردنی ئەو ئەجێندایەوە هەیە کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیدا یەکدەگرنەوە، بەتایبەتی لەبەرامبەر کورد و سەدر و سوننەدا، لەکاتێکدا ئەگەر ئەم سێ لایەنە نەبوونایە، هەرگیز نەدەبوو بە سەرۆکی دادگەی فیدراڵی. لە ئاستی ئایدۆلۆژیاشدا، جاسم تێکەڵ بە قوتابخانەی بەدر بووە، کە لە ساڵی 1982 سوپای پاسداران دژ بە عێراقی سەدام حوسێن دروستیدەکات و ئینتیمای راستەوخۆی بۆ تیۆری ویلایەتی فەقیه، کە دەکرێت لە قوڵاییەکەیدا 180 پلە لێکدژبێت لەگەڵ چەمکەکانی سەروەری، قودسیەت و سەنتراڵبوونی عێراقی جاسمدا. 
 
لێرەوە دەکرێت لەوە تێبگەین، کە چۆن سیاسەت و ئایدۆلۆژیا و مەزهەب و دواتر تەونێکی جاڵجاڵۆکەیی لە بەرژەوەندیی بابەتی و شەخسی وادەکەن، تا ئەمڕۆ جاسم محەممەد عەبوود حەمادی لە پۆستەکەیدا مابێتەوە! بەڵام لێرە بەدواوە، چیدیکە فەرشەکە سوور نییە بۆ ئەو و باوەشەکان بە کراوەیی نامێننەوە بۆ سەرۆکی دادگای فیدراڵی و گریمانەی پارێزبەندیی کۆماری ئسیلامیش لەگەڵ رێکخستنەوەی بەرژەوەندییەکانیدا دەکرێت، هەڵگیرێت. بەتایبەتی لە ساتەوەختێکدا کە بۆمبێکی بەهێز لەژێرپێی جاسمدا تەوقیتکراوە و دەکرێت لە هەر ساتەوەختێکدا بتەقێتەوە. 
 
بۆمبەکەش بەم شێوەیەیە:
 
فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هەرگیز وەک ئێستا توڕە و ناڕازی نەبووە لە جاسم محەممەد عەبوود حەمادی و، بەپێی زانیارییە وردەکانی من و لە پشت پەردەکانەوە، ململانێیەکی زۆر تووند لەنێوان ئەم دوو ئەکتەرە باڵایەی سیستمدا هەیە و هەریەکێکیان سەرقاڵی بەکارهێنانی هەموو کارتەکانی فشارە بۆ دوورخستنەوەی ئەوی دیکە. ئاستی دراماتیکیی ململانێکان دابەزیون بۆ نێو گرووپەکانی وەتساپ و گریمانەی ئەوەش هەیە؛ لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەنە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئێکس (توویتەری پێشوو)، فەیسبووک و تەنانەت بگاتە سەر دەرکردنی نووسراو لە دژی یەکدی.
 
هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکی دادگای فیدراڵی، رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپبوون دەچن، بەتایبەتی لە ئەنجوومەنی وەزیران جۆرێک لە کۆدەنگی دروستبووە لەسەر ئەوەی؛ سەرۆکی دادگای فیدراڵی خواستی ئەوەی هەیە لەیەککاتدا دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێببەجێکردن و دادوەری بەکاربهێنێت. بەشێک لە زانیاریی زۆر گرنگی تایبەتی پشت پەردەکان باس لەوە دەکەن؛ دابڕانی نێوان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی دادگای فیدراڵی، بەرەو بەجێهێشتنی زۆنی خۆڵەمێشی هەنگاو بنێت و دوور نییە لە داهاتوویەکی ئێجگار نزیکدا بگاتە زۆنی بەریەککەوتنی ئەمدیوی پەردەکان.
 
دواتر، تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و دادگای فیدراڵی لای کەس شاراوە نییە، هەر لەو ساتەوەختەوە ئەم دادگایە وەک دادگای ئەنجوومەنی شۆڕشی سەدام حوسێن پێناسەکرا، تاوەکو کشانەوەی نوێنەرێکی کورد لێی، ئیدی حیکایەتەکە لای هەولێر کۆتاییپێهاتەوە، هەروەک چۆن جاسم محەممەد عەبوود حەمادیش هیچ گومانی نییە لەوەی هەولێر، هەموو رێگەکان دەگرێتەبەر بۆ گلۆرکردنەوەی بەرەو دۆزەخ.
 
لە هەلومەرجێکی بابەتیی وادایە کە لۆبیکردنی هەر سێ ناوەندە رکابەرەکەی جاسم محەممەد عەبوود حەمادی (سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادگای باڵا، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان)، میکانیزمێکی بەهێزتر لە جارانی بۆ دروستبووە و ئەکتەرەکانی ئەم میکانیزمە بە هەموو لایەکدا کشاون، چ لەسەر ئاستی نێوخۆی عێراق و چ لەسەر ئاستی زلهێزەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی ئێران و پاشان لەسەر ئاستی ئەمریکا و ئەوروپاش، دەیانەوێت دۆخێکی بەهێزی وا ئامادەبکەن کە، لە ساتەوەختی تەقینەوەی بۆمبە گەورەکەی ژێرپێی جاسم محەممەد عەبوود حەمادیدا، هیچ کەسێک بەهانایەوە نەیەت بۆ رزگارکردنی. بێگومان سەرکەوتنی ئەم سیناریۆیە، پەیوەندییەکی بەهێزی بە رەهەندی داینامیکی و هاوئاهەنگیی ئەو سێ لایەنەوە هەیە، بەبێ ئەم مەرجەش دەکرێت تەواوی ریسەکەیان لێ بکرێتەوە بە خوری!