لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی سووریا، هەموو ئەو رژێمانەی لەو وڵاتەدا حوکمیان کردووە، نکۆڵییان لە بوونی پارچەیەک لە خاکی کوردستان لەو وڵاتەدا کردووە و دەکەن. ئەوە لەکاتێکدایە کە سەرچاوە مێژووییەکان بەرەڤاژی ئەو نکۆڵی لێکردنە، شایەتی لەسەر هەبوونی خاکی کوردستان لەو وڵاتەدا دەدەن. لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی سووریا هێشتا بە فەرمی کوردی وەکو نەتەوەیەکی جیا لە عەرەب لە دەستووردا قبوڵ نەکردووە.
یەکەم پارتی سیاسی کوردستانی کە لە ساڵی 1957 دامەزرا، ناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا بوو، بەڵام کاتێک سەرکردایەتی ئەو حیزبە لە ساڵی 1960 لەلایەن دەوڵەتی سووریاوە دەستگیرکران، پاش ماوەیەکی کەم لە نێو زیندان دا ناکۆکی کەوتە نێوان سەرکردایەتیی ئەو حیزبەوە، ئەوانەی لەگەڵ نوورەدین زازا بوون پێیانوابوو وەکو ئەندامی پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا خۆیان بناسێنن، هەرچی جەماعەتی عوسمان سەبری بوو پێداگریان لەسەر ئەوە دەکرد کە نابێت پاشەکشە لە ناوی پارتەکەیان بکەن، بەڵکو هەر دەبێت بە پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا بمێنێتەوە. ئەمە دەرگای لەسەر کۆمەڵێک جیابوونەوە کردەوە، چەندان پارتی بچووک لە هەناوی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریاوە هاتنە دەرەوە.
سەلاح بەدرەدین لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)دا دەڵێت: "ئێمە کوردانی رۆژئاوای کوردستان شانسمان هەبوو نە خەباتی چەکداریمان کرد نە هیچ حیزبێکی ئیسلامی لەنێو کوردی رۆژئاودا دروستبوو، ئەگەر دژایەتیی یەکدیشمان کردبێت، دژایەتی ئایدۆلۆژی بووە، ئەویش لە رێگەی نووسینەوە بووە نەک چەک، ئەگەر چەکداربووان رەنگە ئێمەش وەکو پارچەکانی دیکە دەستمان بە شەڕی ناوخۆ و براکوژی بکردایە".
سەڵاح بەدرەدین یەکێکبووە لە ئەکتەرە سیاسییە دیارەکانی رۆژئاوای کوردستان و دەستی لە پارچەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریادا هەبووە، هەرچەند خۆی دەڵێت هیچ کێشەیەکی کەسیی لەنێوان من و مامۆستا حەمید دەروێش دا نەبووە، بەڵام کورد گوتەنی گەیاندیانە مریشکە رەشە. ئەو بەرگری لە نوورەدین زازا دەکات کە لە زیندان دا گوتبووی ئەگەر پاشگەز نەبینەوە لە بەکارهێنانی ناوی کوردستان، تووشی دەردەسەری زۆر دەبین و دەبێت بە ساڵان لە زیندان دا بمینێینەوە، کەچی دژی هەمان بۆچوونی حەمید دەروێشە و دەڵێت نوورەدین زازا وەکو تاکتیک ئەو هەڵوێستەی نواند، بەڵام لای حەمید دەروێش ستراتیجی بوو، تاوەکو ئەم دواییەش نەیدەگوت (الشعب الکوردی)، بەڵکو دەیگوت ئەکراد، هەروەک سەڵاح بەدرەدین دەڵێت، کە حەمید حاجی دەروێش و سەلاح بەدرەدین دوو رکابەری یەکدی بوون.
راستییەکی مێژوویی هەیە، هەرچەند هەندێک دانی پێدانانێن و ناچنە ژێرباری، ئەویش ئەوەیە جیابوونەوەی مەکتەبی سیاسی و ژەنەراڵ بارزانی لە دوای ساڵی 1964 ەوە، کاریگەری لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دانا، بە چاوخشاندنێکی خێرا بە مێژووی پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان دا بە تەواوی بۆت دەردەکەوێت، کە کاریگەری و نیشانەکانی ناکۆکییەکانی باشووری کوردستانیان لەسەر بووە و پێیانەوە دیارە.
ئەوەی لێردا دەمەوێت کەمێک هەڵوێستەی لەسەر بکەم، کێشەی بە عەرەبکردن(تەعریب)ە کە گەورەترین مەترسی بووە لەسەر کورد و خاکی کوردستان لە مێژوودا. بەعەرەبکردن دوای هاتنە سەر حوکمی حیزبی بەعس لە عێراق و سووریا، فۆرمێکی جیاوازی وەرگرت و پرۆسەکە خێراتر کرا، بۆ ئەوەش یەکەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دانرا، هەروەها پلانی هەمەلایەنە لە بەکارهێنانی هێزەوە بگرە تاوەکو دەگاتە پەروەردە و فەسادی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان داڕێژران. سەلاح بەدرەدین لەسەر ئەو بڕاوایەیە کە بەعەرەبکردن لەگەڵ نووسینەوەی دەستوور و دامەزراندنی دەوڵەتی سووریا دەستی پێکردووە، چونکە لە دەستووری ئەو وڵاتەدا جگە لە عەرەب باسی هیچ نەتەوەیەکی دیکەی تێدا نەکراوە. کەواتە ئەوان هەر لە بناوانەوە شێڵاویانە و پاشان بە هاتنی بیروباوەڕی ناسریزم و بیری یەگرتنەوەی وڵاتانی عەرەبی کە بە یەکگرتنەوەی سووریا و میسر دەستی پێکرد، پشکۆی بە عەرەبکردن زیاتر گەشێنرایەوە. چیرۆکی بە عەرەبکردن لای سەلاح بەدرەدین لەوکاتەوە دەست پێدەکات کە وەزیری چاکسازی کشتووکاڵی دەوڵەتی یەکگرتووی میسر و سووریا سەردانی جووتیارەکانی دەکرد، دەیپرسی تۆ کوردیت یان عەرەب؟ ئەگەر بتگوتایە کوردم، یەکسەر دەیگوت مادام وایە تۆ هیچت لای من نییە.
لێ سەندنەوەی مافی هاووڵاتی و نەدانی وڵاتینامەی سووریا بە ژمارەیەکی زۆری کورد، ناچارکردن و راگوێزانیان بۆ شوێنەکانی دیکە، نیشتەجێکردنی عەرەب لەسەر خاکی کورد قۆناخی بەسیستەمکردنی بە عەرەبکردن بوو، ئیدی دەبوو یەکەیەک پێکبهێنرێت بۆ جێبەجێکردن و پیادەکردنی پلانەکان، بۆیە حکومەت یەکێک لە ئەفسەر شۆڤێنییەکانی، بەڵام زیرەک و خۆگونجێنەر لە قامشلۆ ئەوکاتە پێیان دەگوت "جزیرێ" دانا، سەرکردایەتی پراکتیکی بەعەرەبکردنی رۆژئاوای کوردستانی درایە دەست، ئەویش محەممەد تەڵەب هیلال بوو. یەکەم شت پێشنیازی دامەزراندنی کەمبەر(پشتێنی) عەرەبی کرد و عەرەبی بەنێو گوندەکانی کورد دا بڵاوکردنەوە و زەوەی پێدان و گوندی تازەی تەعریب دروستکران.
محەممەد تەڵەب هیلال لە راپۆرتەکەی کە بۆ سەرکردایەتیی حیزبی بەعسی ناردووە، باسی میتۆدی بەکارهاتووی ئیسرائیلیەکان دەکات دژی فەلەستینیەکان، پێشنیاز دەکات ئەوانیش هەمان شت بەرامبەر کورد بەکاربێنن! ئیتر لەوێوە ئاوەکە رێژراو بەعسییەکان دژی کورد کەوتنە گاگۆڵکێ کردن. دەوڵەتی بەعس ئەو راپۆرتەی هیلالیان کردە رێگەی بەعەرەبکردنی رۆژئاوای کوردستان.
پشتێن یان کەمبەری عەرەبی، رووبەری لێک دووری نێوان عەفرین و کۆبانێی فراوانکرد، جزیرێ و کۆبانێی لەیەکدی دابڕی، ئەو شوێنانە هەمووی کرانە عەرەبنشین، ئەو پلانە زیانێکی زۆری لە کورد دا، ئەو بەشەی کوردستان بۆ چەند پارچەیەک دابەشکرا.
ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین. نەنگییە نەوەکانی داهاتوو پاش 60 ساڵی دیکە هەمان ئاوازی ئێمە بژەنن، بۆ ئەوەی شەرمەندەی مێژوو نەبین، دەبێت کورد وەک نەتەوە بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.
بێگومان هەگبەی (پەنجەمۆر) زۆر بابەتی دیکەی مێژوویی تێدایە، باشترە خۆتان بینەر و بیسەری بن، زانیاری زۆرتر لەو بەرنامەیەی (پەنجەمۆر)دا هەن لەگەڵ سەلاح بەدرەدین دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ