گۆڵەکەی بارزانی!
ساڵی 1987 لە گوندی راژان لە بارەگاکەی خۆی کاک مەسعود بارزانیم بینی، لەگەڵ مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا و چەند کەسێکی دیکە لە ژوورێکی درێژکۆلەی سادە دانیشتبوون. بە بینینی من و خالید کە هەردووکمان باوکمان شەهید بوو، بەرزەپێ لە بەردەممان هەستایە سەرپێ و بەگەرمی بەخێریان هێناین و بەرانبەر خۆی دانیشتین. ئەوە یەکەم جارم بوو لە نزیکەوە بارزانی ببینم، پێمخۆش بوو سەرۆکێکی کورد لە جێگایەکی وا سادەدا بژی. ئەوەی زیاتر سەرنجی منی رادەکێشا، دەمانجە سمسە بچکۆلەکەی قەدی بوو، شایەلێکیشی راست و چەپ بەستبوو. باسی زۆرشتی بۆ کردین، ئەوەی لەبیرم بێت، رووی تێکردین و گوتی: "خۆزگە دەخوازم رۆژێک بێت بتوانین خزمەتی بنەماڵەی شەهیدان بکەین و کەمێک لە ئازار و خەمەکانیان کەمبکەینەوە."
دواجار کە کاک مەسعودم بینییەوە لە خواکوڕک بوو، پێشمەرگە بازنەیەکمان بەدەوریدا دروست کردبوو، ئەویش بە هێمنی بەڵام بە حەماسەتەوە دەیگوت ئەو رۆژە نزیکە کە کوردستان ئازاد دەبێت و دەگەڕێینەوە بۆ ناو ماڵ و حاڵی خۆمان. کات بەخێرایی رۆیشت و گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکەدا روویدا، سەددام حوسێن، دوژمنە گەورەکەی کورد لە سێدارە درا، کورد هەستانەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی و هەنگاوی گەورەی بەرەو سەربەخۆیی نا، بەڵام هەر کورد خۆی بە دەستی خۆی عێراقێکی کاول و وێران و بێچەکی هەستانەوە سەرپێ، ئەوکاتە زۆرمان هاوار کرد، بەڵام کەس گوێی لێنەگرتین، ئێستا کاک مەسعود گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە سەرکردایەتی کورد "هەڵەیان کرد و نەدەبوو بەو خێراییە بچنەوە بەغدا".
ئیدی من دوای خواکوڕک لە نزیکەوە کاک مەسعودم نەبینیوەتەوە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا وەکو کوردێک زیاتر سەرنجی رادەکێشام، بەتایبەتی کە زۆرجار باس و خواسی سەربەخۆیی دەهێنایە گۆڕێ و گوڕوتینێکی بە بیری نەتەوەیی دەدا، ئەوەش هیوایەکی گەورەبوو بۆ خەڵکانی نەتەوەیی کە ئامانجیان سەربەخۆیی کوردستانە.
ئەگەرچی زۆرشت هەبوون دەبوو کاک مەسعود بیکردنایە، بەتایبەتی ئەو سیستێمی یەکسانییە کە سەرۆک مستەفا بارزانی پەیڕەوی دەکرد، بەتایبەتی چوونە ناو خەڵک و بەشێکبوون لە خەڵک، ئاگاداری بژێوی خەڵک و کێشەکانی باشووری کوردستان و بەیەک مەسافە وەستان لەگەڵ هەموو دەڤەرەکانی کوردستان، هەروەک چۆن سەرۆک مستەفا بارزانی توانی لە زاخۆوە هەتا خانەقین لەژێر چەتری سەرکردایەتی خۆیدا کۆبکاتەوە، بەڵام کاک مەسعود بەتەواوەتی ئەوەی بۆ نەکرا، دیارە بێ بەربەست نەبوو، بەڵام دەبێت بە چاوێکی رەخنەگرانەوە لە دەوروبەری خۆی بڕوانێت، بەتایبەتی لەشکری راوێژکارانی کە دڵنیام رۆژێک لە رۆژان خەمی ئەو خەڵکەیان نەبردووەتە سەر مێزی کارکردنەکەی!
کاک مەسعود سەری رمی بەرەو سەربەخۆیی کوردستان بوو، لەم دوو ساڵەی دواییدا بە باشی ئەسپی خۆی تاودا، توانی خەڵکێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و بەرەو سەربەخۆییان بەرێت، ئەگەرچی لەم یارییە چارەنووسسازەدا چەند گەمەکەرێکی باش هاوکاری بوون، گۆڵێکی گەورەی کرد بە ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام حەکەمە نادادپەروەرەکانی جیهان گۆڵەکەیان حساب نەکرد، بەڵام بەدیوەکەی دیکەدا لە گێمی دووەمدا بەهۆی ژاوەژاوی ناوخۆوە، خۆمان گۆڵێکی گورچکبڕمان لە خۆمان کرد کە هەروا بە ئاسانی ناتوانین قەرەبووی بکەینەوە و ناشزانین کەی جارێکی دیکە نۆرەمان دێتەوە بۆ یارییەکی وا چارەنووسساز.
داگیرکردنەوەی کەرکووک، داخێکی گرانە بەسەر دڵی هەموو کوردێکەوە کە تۆزقاڵێک هەستی نەتەوەیی هەبێت! ئێستا کاک مەسعود بە چاوخشاندنەوە بە کەموکورتییەکان لە ئیشەکانیدا و بریاری ئازایانە و بەخشندەیی و دادپەوەری، بەتایبەتی چوونەوە بۆ نێو خەڵک، وەکو مام جەلال دەیگوت لە خانووە قوڕەکانەوە دەستپێدەکەینەوە، بەداخەوە مام جەلال بەو ئاواتەی نەگەیشت، بەڵام کاک مەسعود ئەگەر بیەوێت دەتوانێت لە خانووە قوڕەکانەوە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆیشی لەناو خانووە قوڕەکاندا بێت، بۆئەوەش پێویستی بە وەستا و کرێکاری کارامە هەیە.
ئەوکاتە بە دڵنیاییەوە ئامانجەکەی ئەو و هەزاران خەڵکی ئەم کوردستانە دێتە دی، بەڵام دەبێت کوردستانێکی ئازاد و یەکسان بێت، ئەزموونی 26 ساڵی رابردوو بچێتە ناو لاپەڕەکانی مێژوو کە رەنگە نەوەی داهاتوو زۆر خۆشییان لێی نەیەت.