ئەگەر ئەمریکا وا لە فەرەنسا بکات؟

 
ئەم بەیانییە فەرەنسییەکان لە خەو هەڵسان، بینییان کۆنترین دۆستیان کە ئەمریکایە لە پشتەوە خەنجەری لێداون.
 
ئیدارەی بایدن بەبێ ئەوەی راوێژ بە پاریس بکات، لەگەڵ بەریتانیا رێککەوتوون کەشتیی ژێردەریایی ناوەکی بۆ ئوسترالیا دروست بکەن. ئەم هەنگاوە پاریسی زۆر تووڕە کردووە، چونکە لە ساڵی 2016وە فەرەنسا گرێبەستی بە بەهای 90 ملیار دۆلار هەیە کە ئەو کارە بۆ ئوسترالیا بکات. بەم کارەی ئەمریکا، گرێبەستەکەی فەرەنسا هەڵدەوشێتەوە و گورزێکی کوشندە دەبێت لە پیشەسازیی سەربازیی فەرەنسا.
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەڵێت، ئەم کارەی ئەمریکا هیچ کات لە وڵاتێکی هاوپەیمان و هاوبەش ناوەشێتەوە، بە داخەوە خەنجەر لێدانە لە پشتەوە.
 
ئەوروپا، بە تایبەتی فەرەنسا، بەرەو ئەوە دەڕوات ئیدی نابێت پشت بە ئەمریکا ببەستێت و پلانەکەی خۆیان بۆ دروستکردنی ستراتیژییەتی بەرگریی هاوبەشی ئەوروپی، زیندوو دەکاتەوە.
 
ئەم کارەی بایدن لە کاتێکدایە کە لە فەرهەنگی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، فەرەنسا کۆنترین دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکایە.
 
لەگەڵ هاتنی ئیدارەی بایدن و ئەنتۆنی بلینکن وەکو وەزیری دەرەوە، فەرەنسا زۆر دڵخۆش بوو بەوەی لە ترەمپ رزگاری بوو، هەروەها وەزیری نوێی دەرەوەی ئەمریکا فەرەنسی زانێکی پلە یەکە و دەرچووی زانکۆکانی پاریسە و کەس وەکو ئەو فەرەنسا بە دۆست نازانێت.
 
بەڵام دەبینین بەرژەوەندییەکان نەک بوونە هۆی ئەوەی بایدن پاریس تووشی زیانی ئابووری و شۆک بکات، بەڵکو بۆ ئەو کارەی لەگەڵ ئوسترالیا هیچ راوێژێکی بە کۆنترین دۆستی خۆی نەکردووە، تەنانەت لەگەڵ رکابەرەکەی ئەوروپا کە بەریتانیایە رێککەوتووە. لە مێژووی کۆنیشدا زۆربەی کات فەرەنسا هاوکاری ئەمریکا بووە لە دژی داگیرکاریی بەریتانیا.
 
هێنری کیسنجەر دەمێکە گوتوویەتی، ئەمریکا دەزگای خێرخوازی نییە.
 
ئەمە وانەیەکی دیکەیە بۆ هاوپەیمان و دۆست و هاوبەشەکانی ئەمریکا، بەر لەوەی بەیانییەک لە خەو هەستین و ئەوەی چاوەڕوانمان نەکردووە لەلایەن ئەو وڵاتەوە رووبداتەوە.