ئەنجامی خۆشاردنەوە لە ژن
ئەگەر پێتوابێ ژنەكەت بەستەزمانە، هەڵەی. ئەگەر پێتوابێ بە خۆشاردنەوە لە ژنەكەت، هەموو شتێك كۆتایی دێ، دیسان هەڵەی، چونكە هۆشیاریی زۆر لە ژنان لەوە تێپەڕیوە لە چوار دیواردا بەدەست كێشەكانیانەوە بناڵێنن.
ژنێك سەردانی كردین و دەیویست بزانێ چ رێكارێكی دیكە بەرامبەر مێردەكەی بگرێتەبەر، ئەو ژنە پێشتر لە رێگەی دادگاوە هەموو شتێكی یەكلایی كردبووەوە، تەڵاقی لە هاوژینەكەی وەرگرتبوو، پارەیەكی زۆریشی لەسەر كردبووە ماڵ.
پیاوەكە بە بڕیاری ژنەكە گەشتكردنی لێ قەدەغە كرا، لە دادگاوە نووسراو كرا و گشتاندنی پێكرا بۆ سەرجەم دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان كە هەر كاتێك ئەو پیاوە هاتە لاتان، دەستگیری بكەن و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێكردنی بكەن، بۆ ئەوەی قەرزەكانی ژنەكەی بداتەوە.
ئەو ژنە سەرجەم كارە یاساییەكانی خۆی بەڕێكوپێكی كردبوو، بڕە پارەیەكی زۆری لەسەر مێردەكەی كردبووە ماڵ، هەروەها بە غیابی تەڵاقی لێوەرگرتبوو، داوای دەكرد هەوڵی بۆ بدەین بۆ ئەوەی پیاوەكە بدۆزینەوە و مافەكانی خۆی لێوەربگرێتەوە.
پیاوەكە زیاتر لە ساڵێك بوو خۆی لە ژنەكە شاردبووەوە، دادگا لە غیابی پیاوەكە بڕیاری خۆی لەبارەی دۆسیەكە دابوو، ژنەكەی بە غیابی تەڵاقدابوو، پاش ئەوەی بۆ دادگا روون بووەوە كە پیاوەكە دیار نییە، ئەویش بە پشتبەستن بە نووسراوی موختاری گەڕەك كە گوتبووی پیاوەكە ساڵێكە لەو گەڕەكە نەماوە. هەروەها دادگا لە رێگەی رۆژنامەكانیشەوە پیاوەكەی ئاگادار كردبووەوە كە سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە، بەڵام هیچ هەواڵێكی نەبوو.
لەسەر ئەو بنەمایە و بە پشتبەستن بە یاسای باری كەسی، دادگا بڕیاری دا ژنەكە لە پیاوەكە جیابكرێتەوە.
لە یاسای باری كەسیدا هاتووە: "ئەگەر مێرد ژنەكەی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك بە پاساوی رەوا جێهێشت، هەرچەندە مێردەكەی شوێنی نیشتەجێبوونی دیار بوو، دەرامەتیشی هەبێ لێی خەرج بكات، ئەگەر پیاوەكە نەگەڕایەوە ژنەكە دەتوانێ داوای جیابوونەوە بكات".
لە دادگا تەڵاقەكە بە تەڵاقی بەینوونەی بچووك دانرا، واتە ئەگەر پیاوەكە بشگەڕێتەوە، ناتوانێ یەكسەر بچێتەوە لای ئافرەتەكە، تەنیا بە گرێبەستێكی نوێی مارەكردن نەبێ.
ژنەكە هەر بە وەرگرتنی تەڵاق لە پیاوەكە نەوەستابوو، بەڵكو پاش وەرگرتنی تەڵاقەكە، لە دادگای بەرایی سكاڵایەكی تۆمار كردبوو، سكاڵاكەش بڕیاری پێوەرگیرابوو، لە بڕیارەكەدا هاتبوو كە دەبێ پیاوەكە بڕی 50 هەزار دۆلار وەك قەرەبوو بداتە ئافرەتەكە لەبەرامبەر ئەو ماوەیەی جێیهێشتووە.
ئافرەتەكە لیستێكی درێژی داواكاری پێشكەشی دادگا كردبوو، هەر لە كڕینی زێڕ تا دەگاتە دەسماڵ و پیڵاو، لە دادگا لەلایەن شارەزایانەوە نرخی كەلوپەلەكان بە نرخی رۆژ خەمڵێندرابوون. پاشان لە بەڕێوەبەرایەتیی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا فایلێكی بۆ كرابووەوە، نووسراویش بۆ هەموو دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان كرابوو كە رێگەی سەفەركردن بەو پیاوە نەدرێ تا قەرزی ژنەكەی دەداتەوە. وەك كوردەواری دەڵێن قەیسەری لە پیاوەكە كردبوو بە كونەمشك.
لە كۆتاییدا بە ئافرەتەكە راگەیەنرا كە لەلایەنی یاساییەوە هیچ گرفتێك لە دۆسیەكەیدا نییە، دەبێ چاوەڕێ بكات تاوەكو پیاوە قەرزدارەكە دەردەكەوێتەوە، تازە ئەو 50 هەزار دۆلارەی لەسەر بووەتە ماڵ و ناچارە بیدات، ئەگەرنا دەستگیر دەكرێ.