حەلبووسی؛ دوا ئێوارەخوانی مەسیح!

15-11-2023
عادل باخەوان
A+ A-
 
 
ئێوارەی 14ـی نۆڤێمبەری 2023 رێک لەو ئێوارەیە دەچێت کە مەسیح لەگەڵ 12 هاوڕێکەیدا دوایین خوان پێکەوە دەخۆن و پاشان دەستگیردەکرێت و دواتر دادگایی دەکرێت و لەکۆتایشدا لەخاچ دەدرێت. دوای نیوەڕۆی 14ی نۆڤێمبەر تا ئێوارە و پاشان تا نیوەی شەو، حەلبووسیش، رێک وەک مەسیح دادگاییکرا و نەک هەر لە سەرۆکایەتی پەرلەمان، بەڵکو لە خودی پەرلەمانیش دوورخرایەوە؛ ئەویش لە هەمان ئێوارەدا، هەر سێ وەزیرەکەی لە حکومەتەکەی ئیتار کشاندەوە و چالاکییەکانی چل و شەش پەرلەمانتارەکەی سڕکرد.
 
ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا برادەرانی ئیتار دێن و وەک مەسیح لە خاچی دەدەن؟ ئایا وەک تارق هاشمی ناچاری دەکەن بۆ بەجهێشتنی وڵات و ژیان لە مەنفا؟ ئایا برادەرانی ئیتار دەتوانن بە سوننەیەکی دیکە جێگەکەی پڕبکەنەوە؟ ئەو سوننەیە کێ دەبێت؟ پرۆ ئێرانییەک یان رازیکردنی ئەکتەرێک لەنێو خودی گرووپەکەی حەلبووسیدا؟ ئایا حەلبووسی دەتوانێت دیسانەوە بگەڕێتەوە بۆ لای سەدر و هاوپەیمانییەکی نوێ لەگەڵ حەنانەدا و دژ بە ئیتار دروستبکات؟ ئایا هەولێر ئامادەیە جارێکی دیکە دەرگە بۆ حەلبووسی بکاتەوە؟ بەڵام پێش هەموو ئەمانە، گرنگە تێبگەین لەوەی کە حەلبووسی، لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بۆ سەر خاچەکەی، بە چ رێگەیەکدا رۆیشت و چی روویدا و چۆن بەم چارەنووسە گەیشت؟
 
حەلبووسی و سوننە
 
لە 2003 تاوەکو ئەمڕۆ، فەوزایەکی ئاڵۆز و فرەجەمسەری هەژموونی بەسەر کێڵگەی سیاسیی سوننە لە عێراقدا هەبووە. سەرەتا بە بەرەنگاری دژی عێراقی نوێ دەستیان پێکرد و هەڵەیان کرد، پاشان چەکی بەرەنگارییان گۆڕی بۆ چەکی تیرۆریزم و کارەساتیان بۆ خۆیان و هەموو عێراقیش دروستکرد، دواتر بەلاوازی و دەستەمۆکراوی گەڕانەوە بۆ نێو پرۆسەی سیاسیی عێراق و لەلایەن ئەکتەرە سیاسییەکانی شیعەوە و بۆ ستراتیژیەت و بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریان هێنان، بەڵام لە چرکەساتی حەلبووسیدا و بەجۆرێک لە جۆرەکان و بەشێوەیەکی رێژەیی دۆخی سوننە وەک ئەکتەرێکی سیاسی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەتایبەتی پاش هەڵبژاردنەکانی 2021، کاتێک کە حەلبووسی بەتەنیا 46 کورسی بەدەستدەهێنێت و ئەمەش وای لێدەکات، پاش لیستەکەی سەدر بە 71 کورسییەوە، حەلبووسی ببێت بە هێزی دووەم لە پەرلامانی عێراقدا. لە ساتەوەختی پێکهێنانی حکومەتیشدا، یەکگرتنی حەلبووسی و خەنجەر بە گوشاری تورکیا و ئیمارات، وادەکات بۆ یەکەم جار نوێنەرایەتیی سیاسیی سوننە زیاتر لە کورد و شیعە یەکگرتووتر و بەهێزتر و کاراتر بێت.
 
لە خەیاڵدانی سیاسیی شیعەکاندا، بەتایبەتی شیعەی ئیتار، ئەم دۆخە نوێیەی سوننە بەگشتی و دەرکەوتنی حەلبووسییەکی بەهێز و کارا بەتایبەتی، وەک مەترسییەکی ستراتیژی لەسەر خۆیان وێنابکەن، چونکە ئەوان تائێستاش لە تارمایی سەدام حوسێنێکی نوێ دەترسن کە بێت و کۆتایی بە هەموو دەستکەوتەکانیان بێنێت. بۆیە دەبوو بەدەستێکی پۆڵاین لێی بدەن و هەموو شانسەکانی بەردەوامی و مانەوە لەنێو کێڵگەی سیاسیدا لێوەربگرنەوە و بە چەکە کۆمەڵکوژییەکەی دادگەی فیدراڵی رووبەڕووی ببنەوە.
 
حەلبووسی و حەنانە 
 
لە هەمانکاتدا خودی مەسیحی نوێی سوننەکان بەرپرسیارە لە لەخاچدانی خۆی، چونکە ئەو ستراتیژیەتەی کە پاش هەڵبژاردنەکانی 2021 بەکاری هێنا، زۆر هەڵەبوو. بەپێی زانیارییەکانی من، حەنانەی موقتەدا سەدر پێی وایە کە حەلبووسی یەکێکە لە بەرپرسیارە گەورەکانی شکستی هاوپەیمانیی سێ قۆڵی نێوان (سەدر-بارزانی-حەلبووسی)، چونکە هەرگیز ئامادەنەبوو وەک سەرۆکی پەرلەمان هەموو کارتەکانی بەکاربهێنێت بۆ گرێدانی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارەکەی هاوپەیمانیی سێ قۆڵی.
 
بە گوزارشتێکی دیکە، قەناعەتێک لە حەنانە هەیە کە حەلبووسی هەمیشە قاچێکی لای ئیتار بووە و قاچەکەی دیکەی لەلای هاوپەیمانیی سێ قۆڵی و ویستوویەتی لە یەککاتدا هەردووکیان رازی بکات. راستە ئەم ستراتیژیەتە حەلبووسی کردەوە بە سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ئەوەش راستە کە برادەرانی ئیتار تەنیا ئەوەندەیان بەلاوە گرنگبوو کە بەتەواوی لە سەدری دووربخەنەوە و بەشێوەیەکی کاتی بیکەنەوە بە سەرۆکی پەرلەمان و پاش پەڕوباڵکردنی و لە نزیکترین دەرفەتدا کۆتایی پێبهێنن.
 
ئایا لە دۆخێکی ئاوادا نەفرەتلێکراوەکانی کێڵگەی سیاسیی عێراق (سەدر و حەلبووسی) دەتوانن سەرلەنوێ پێکەوە بلۆکێکی سیاسیی دیکە دژ بە ئیتار دروستبکەن؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، چونکە چەند حەلبووسی ئەکتەرێکی سیاسی بێ ئایدۆلۆژیایە و تەنیا لەسەر ئاستی پراگماتیزم سیاسەت دەکات، سەدریش هەمان ئەکتەری سیاسیی بێ ئایدۆلۆژیایە و تاسەر ئێسقانی پراگماتیستە، بۆیە گریمانەی نزیکبوونەوەیان نابێت بەهەند وەرنەگیرێت، بەڵام لە هەمانکاتدا، توڕەیی رادیکاڵی سەدر لە حەلبووسی هێندە گەورەیە، دروستکردنی بلۆکێکی نوێی سیاسی زۆر سەخت دەکات.
 
حەلبووسی و هەولێر
 
هەولێر، زۆر لە حەنانە زیاتر لە حەلبووسی توڕەیە، چونکە لەنێوان ئۆکتۆبەری 2021 و ئۆکتۆبەری 2023دا، بەغدای ئیتار چەندین گورزی پۆڵایینیان لە هەرێمی کوردستاندا، بەبێ ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان هیچ یەکێک لە کارتەکانی گوشار بەکاربهێنێت بۆ بەرگریکردن لە هەولێری پارتنەر و هاوپەیمانی. هەر لە پرسی پۆستی سەرۆککۆمارەوە تا دەگاتە پرسی مووچەی فەرمانبەران، بوجەی هەرێمی کوردستان، مادەی 140، پارێزگای هەڵەبجە، بارینی مووشەک بەسەر هەولێردا و دەیان پرسی دیکەش، هەرێمی کوردستان پێیوایە کە حەلبووسی، هەروەک چۆن لەگەڵ سەدردا راستگۆ نەبوو، ئاواش لەگەڵ هەولێردا راستگۆ نەبووە. 
 
سەرەڕای ئەم دۆخەش، مامەڵەکردنی هەولێر لەگەڵ حەلبووسیدا گەریمانەیەکی کراوەیە، بەتایبەتی ئەگەر بێت و ئیتار لەم ئاستەدا بووەستێت و حەلبووسی ناچار بە مەنفا یان بە زیندان نەکات، رەنگە حەلبووسی چیتر، لەبەر هۆکارە یاساییەکان، نەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام گەر وەک ئەکتەرێکی سیاسی بەهێز بمێنێتەوە و لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کورسییەکانی بەدەستبهێنێتەوە، پێموایە دەرگەی هەولێری بەکراوەیی بۆ دەمێنێتەوە.
 
ئەکتەرێکی نادەوڵەتی لەنێو دەوڵەتە زلهێزەکان
 
رەنگە بۆ ئەکتەری دەوڵەتی (State actor) یاریکردن لەنێوان تاران و ئەنقەرە و ئەبوزەبی و ریازدا ئاسان بێت، چونکە سیستمی بەرژەوەندییەکان و پێگەکان و نۆرمەکان و رێکخستنەکان ئاستێکی تایبەتیی نێودەوڵەتییان هەیە و جیاوازن، بەڵام بۆ ئەکتەرێکی نادەوڵەتی کارێکی ئێجگار سەختە.
 
حەلبووسی وەک سەرۆکی گەورەترین هێزی سوننە، نەک وەک سەرۆکی پەرلەمان، هەوڵی دەدا لە یەککاتدا ئێرانییەکان، تورکەکان و ئیماراتییەکان و سعودییەکان و بەم دواییانەش ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان، باوەڕ پێبهێنێت کە ئەو دۆست و هاوپەیمانی ئەوانە، هەر یەکێک بەجیا و بە تەنیا و بەبێ ئەوی دیکە ئەم جۆرە لە سیاسەت، بۆ ئەکتەری نادەوڵەتی، تەنیا لە هەندێک دۆخی ئیستیسنائیدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، گەرنا لە دۆخە ئاساییەکاندا، سەری خودی هەمان ئەکتەر دەخوات و فڕێدەدرێتە نێو پەراوێزەکانەوە.
 
لە دەوڵەتێکی کۆنترۆڵکراو لەلایەن میلیشیاکانەوە، حەلبووسییەکی بێ میلیشیا و بێ بنکەیەکی جەماوەریی پەروەردەکراو لەسەر ئینتیمایەک بە ڤێرژنی سەدری، زۆر بەئاسانی لێی دەدرێت و کۆتایی بە حیکایەتە سیاسییەکەی دەهێنرێت. زۆرن ئەو ئەکتەرە سیاسییە عێراقییانەی کە لەم وانەیە تێناگەن، هەر لە عەلاوییەوە تا دەگاتە عەبادی و کازمی و ئێستاش حەلبووسی، لەم چوارچێوەیەدان! راستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی کارایی بەسەر رووداوەکانی نێوخۆی عێراقەوە دادەنێن، بەڵام ئەوەش راستە کە لە دەوڵەتی میلیشیاییدا، هەر ئەکتەرێکی سیاسی کە خاوەنی هێزێکی چەکداریی تۆکمە و هێزێکی جەماوەریی هەمیشە لەسەرپێ نەبوو، زۆر بەئاسانی کۆتایی بە حیکایەتە سیاسییەکەی دەهێنرێت، با هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانیی لێبکات. بەداخەوە، ئەمە ئەو عێراقە نوێیەیە کە 20 ساڵ لەمەوپێش ئەمریکییەکان هاتن و وەک مۆدێلێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستیان کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.