وەهمی سلێمانی !
نزیك بە نەوەد ساڵ بەر لە ئێستا، كاتێك كوردستانی خواروو (بەبێ رەزامەندیی خاوەنەكەی!) بە عێراقی عەرەبییەوە لكێنرا، تەنیا شوێنێك كە بەتوندی دژی وەستایەوە، سلێمانی بوو! ئەوكات شار تەنیا ئێرە بوو، شۆڕش هەر لێرە بوو، راپەڕین هەر لێرە بوو، كەچی ئەمڕۆ لەجەرگەی سلێمانیدا، ئەو شارەی كە بەدرێژایی یەك سەدە دانووی نە لەگەڵ تاران و نە لەگەڵ شام و نە ئەنقەرە و نە بەغداش نەدەكوڵا، ئێستا دروشمی گەڕانەوە بۆ بەغدا، نە سەری كەس دەسوڕمێنێ و نە كەسیشی پێ شەرمەزار دەبێت !
لە سایەی شەڕە قۆچی گۆڕان و پارتی، ژمارەی ئەو كەسانەی كە لەسلێمانی دەوڵەتی كوردییان بەیەك پوولی قەڵب ناوێت، هێندەی ژمارەی ئەو كەسانەی لێ هاتووە كە لە تكریت و عۆجە و قوم دەوڵەتی كوردییان ناوێت. رێك بەقەد ژمارەی ئەو شەهیدانەی لێ هاتووە كە لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا لەپێناوی كوردستانی ئازاد گیانی خۆیان بەخشی!
تۆ ببینە، سلێمانی بە رووبەری حەڤدە هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشەوە، بە چڕیی دوو ملیۆن دانیشتووەوە كە هەر بەتەنیا خۆی لە رووبەر و دانیشتووانی هەردوو وڵاتی قەتەر و بەحرەین گەورەترە، سەرقاڵ كراوە بە باسە پڕوپووچەكانی چەند تاقمێكی لۆكاڵی و گەمەی چەند بەقاڵێكی سیاسەتەوە!
سلێمانی رۆژگارێك سەرقاڵ بوو بەوەی كە سنووری كوردستانی گەورە لەكوێی قەوقازەوە تا كوێی ئەرمینیایە، كەچی ئەمڕۆ لە هەموو هاوكێشەكانی سیاسەت دابڕێنراوە و گڵە كوێر بیت، پۆستی پارێزگاری پێ یەكلایی ناكرێتەوە، پاش یەك سەدە خوێن، خەریكن تازە بارگە و بنەی پێ دەپێچنەوە بەرەو بەغدا. شێركۆ بێكەسی رەوانشاد دەیگوت: هەڵەبجە دەچێت بۆ بەغدا، كەچی وا دەرنەچوو! قەرارە سلێمانی بچێت!
تۆ ببینە، دوو ملیۆن مرۆڤی ماندووی شارەكە، سەرقاڵ كراوە بە خۆپیشاندان و فەرتەنەی مێژوویی دوو بنەماڵەوە، لە هیچ شوێنێكی دونیادا نەبووە، مرۆڤ بۆ بەدەستهێنانی پارە، هەم كار بكات و هەمیش خۆپیشاندان بۆ وەرگرتنی حەقی كارەكەی بكات!
لەدونیای نوێدا خۆپیشاندان ئامرازێكە بۆ بەدەستهێنان و چەسپاندنی مافە مەعنەوییەكانی كۆمەڵگە، چ عەیبە خۆپیشاندان بۆ نان! بۆ مووچە! بۆ كارەبا! لەوەش زۆرتر، چ عەیبە میللەتێك پاش یەك سەدە لە قوربانی، هێشتا ئەم شتە سەرەتاییانەی نەبێت، هێشتا (لای حیزب بێت) و پێی نەدات! وا نەزانن ئەم خۆپیشاندانانە، نیشانەی مەدەنیەت و هۆشیارییە، نەخێر ئەمە نیشانەی برسێتییە، نیشانەكانی قاتوقڕییە، نیشانەكانی فەلەجبوون و داڕمانی بیری شارستانی و نزیكبوونەوەیە لە ژیانی ئەشكەوت! ناكرێت شارێك بۆ ماوەی چارەكە سەدەیەك بخەڵەتێنیت، هیچی نەدەیتێ و هیچی بۆ نەكەیت و تەنیا پێی بڵێیت رۆشنبیرە! ئەمە وەهمی سلێمانییە، شارێك جگە لە برسێتی هیچی دیكەی تێدا نییە و تەنیا بە شكۆی مێژووەكەیەوە هەڵیدەخەڵەتێنن! شارێك برسییەتی و لەبری ئەوەی بڵێن ها نان، دەڵێن: تۆ رۆشنبیری! وەك ئەوەی وەزیفەی ئەم شارە لە ڕۆژگاری نوێدا، تەنیا خۆپیشاندان بێت! ئێستا چەرخی سیاسیی ڕۆژگار بەبێ سلێمانی دەسووڕێت و شار لە وەهمی خۆی و حیزب و برسێتیی خەڵكەكەیدا بەڕێ دەكات، بەڵێ لێرەیە وەهمی سلێمانی، پایتەختی قاتوقڕیی كوردستان!