گەشەکردنی ئابووری پەیوەستە بە ئازادی و دیموکراسییەوە

 
سێ براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ئەم ساڵ، شۆڕشێکی گەورەیان لە تێگەیشتن لە گەشەی ئابووریی وڵاتان دا بەدیهێناوە. ئەوان دەڵێن، گەشەکردنی ئابووریی وڵاتان پەیوەستە بە هەبوونی سیستمێکی دیموکراسی و دامەزروەیی و ئازادیی تاکەکەسی و سیاسییەوە. وڵاتێک، دامەزراوەکانی ئازادیی تاکەکەسی بپارێزێن و بەشدارییان پێ بکات، لەڕووی ئابوورییەوە زیاتر گەشە دەکات.
 
نۆبڵی ئابووریی ئەم ساڵ، بە هاوبەشی بەخشرایە سێ ئابووریناس، کە بریتی بوون لە هەریەکە لە دارۆن ئاجەم ئۆغڵو، ئابووریناسی بە رەچەڵەک ئەرمەنی و خاوەنی وڵاتینامەی ئەمریکی تورکی، هەروەها سیمۆن جانسن و جەیمز رابینسن، ئابووریناسانی ئەمریکی - بەریتانی لەسەر لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی نایەکسانیی سامان لەنێوان نەتەوەکان دا.
 
ئەو ئابووریناسانە لێکۆڵینەوەیان کردووە لەسەر ئەوەی بۆچی هەندێک لە نەتەوەکان شکست دەهێنن و هەندێکیان سەرکەوتوون.
 
ئەوان لە لێکۆڵینەوەکانیاندا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی ئەگەر وڵات خاوەنی سیستمێکی دیموکراسی بێت و هاووڵاتییان ئازادییان هەبێت و بژاردەیان لەبەردەست بێت کە سیستمی پەروەردە و کار و کەسابەتی خۆیان دروست بکەن لە ژینگەیەکدا کە رکابەری ئازادی تێدابێت، ئابوویی ئەو وڵاتە بەرەو گەشانەوەی زیاتر دەڕوات و سامانی وڵاتیش یەکسانتر دابەش دەبێت لەنێوان هاووڵاتییان دا.
 
لێکۆڵینەوە، کتێب و گوتارەکانی ئەو سێ ئابووریناسە گرنگن، بەتایبەتی بۆ نەتەوەی کورد، کە لەم سەردەمەدا ئاڵنگاریی گەورەی لەبەردەمە. کورد خاوەن هەرێمێکی دەستوورییە لە باشووری کوردستان کە دەسەڵاتەکانی لە چوارچێوەی عێراق لە چەند ساڵی رابردووەوە، بەرەو لاوازی دەڕوات و لەبەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە، کە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە، وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکاش چاویان لەسەریەتی.
 
دارۆن ئاجەم ئۆغڵو، کە خەڵکی تورکیایە و لە نەتەوەی ئەرمەنە؛ ئەحمەد داود ئۆغلو، وەزیری پێشووی دەرەوەی تورکیا، ساڵی 2010 پێشنیازی بۆ کرد نوێنەرایەتیی تورکیا لە رێکخراوی گەشەپێدان و هاوکارییە ئابوورییەکان بکات، کە نووسینگەی سەرەکیی لە پاریسە، بەڵام دارۆن ئاجەم ئۆغلۆ رەتیکردەوە و پێی گوت، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لەسەر بابەتێک کە دەتوانێت خەڵاتی نۆبڵی پێ وەربگرێت.
 
دارۆن ئاجەم ئۆغڵو دەڵێت، "گەشەی ئابووری راستەوخۆ پەیوەستە بە دیموکراسییەوە. بەڕێوەبردنی دیموکراسییانە ئاسان نییە، بەڵام ئەو وڵاتانەی کە سیستمی دیموکراسی تێیاندا جێگیرە، گەشەی ئابوورییان خێراتر و سەرڕاستتر دروست دەبێت. ئابووریی ئەو وڵاتانە بە شێوازێکی یەکسانتر گەشە دەکات."
 
سێ براوەکەی ئەم ساڵی خەڵاتی نۆبڵ هێندەی باسی سیستمی دیموکراسی و ئازادی و هەڵبژاردن دەکەن بۆ گەشەسەندنی ئابووری، هێندە باسی خودی ئابووری ناکەن.
 
ئەو ئابووریناسانە 30 ساڵ لێکۆڵینەوە و کاری پێکەوەییان کرد و لە ئەنجام دا دەریدەخەن بۆچی لە سیستمێکی دیموکراسیدا، ئابووری پێشدەکەوێت و بە پێچەوانەشەوە هۆکاری دواکەتنی ئابووریی هەندێک لە وڵاتانی تازەپێگەشتوو و هەژار رووندەکەنەوە.
 
جەیمز رابینسن، کە براوەیەکی دیکەی خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ئەم ساڵە، دەڵێت، "روانگەی من بۆ جیهان ئەوەیە، گۆڕانکاری لە جیهان دا و نەهێشتنی نایەکسانی لە سامان، بەڕاستی پەیوەست نییە بە ئابووریناسانەوە، پەیوەست نییە بە دۆزینەوەی چارەسەری تەکنیکییەوە. خەڵک لە وڵاتە هەژارەکان دەزانن کێشەکانیان چییە، بەڵام نازانن چۆن لەگەڵ یەکدی یەکبگرن. ئەوان دەبێت یەکگرتوو بن، پێکەوە دەبێت چارەنووسی خۆیان بگۆڕن."
 
دارون ئاجەم ئۆغڵۆ و جەیمز رابینسن لە کتێبێکی هاوبەشیاندا کە لە ساڵی 2012 بڵاویان کردەوە لەژێر ناونیشانی (بۆچی نەتەوەکان شکست دەهێنن؟) روونیدەکەنەوە، "ئەگەر دامەزراوەکانی وڵات رێگە بە بەشداریی هاووڵاتییان لە چالاکییە ئابوورییەکاندا بدەن، وڵات بەرەو گەشەکردن دەڕوات."
 
هەروەها دەڵێن، "بە پێچەوانەوە، ئەگەر دامەزراوەکان بە جۆرێک بن کە هاووڵاتییان پەراوێز بخەن و ببنە هۆکار بۆئەوەی دەسەڵات و سامان لە دەستی ژمارەیەکی کەمی بەرپرسان دا بێت، ئەوا ئاکامەکەی جگە لە هەژاری و نەهامەتی و هەرەسهێنانی ئابووری، هیچ شتێکی دیکە نییە."
 
بۆ سەلماندنی قسەکان و تیۆرییەکانیان، سێ ئابووریناسی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئابووری، نموونەی چەندین وڵات دەهێننەوە، بۆ نموونە دواکەوتوویی وڵاتی کۆریای باکوور و پێشکەوتوویی کۆریای باشوور.
 
لە رێگەی شرۆڤەکردنی مێژوو و لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر رەەوشی سیاسی و ئابووری و مێژوویی چەندین وڵات، سەرئەنجام براوەکانی خەڵاتی نوبڵ دەگەنە ئەم ئەنجامە، کە "وڵاتان بە زۆری بەهۆی شێوەی کاری دامەزراوەکانیان لەڕووی ئابوورییەوە سەردەکەون یان شکست دەهێنن."
 
ئەوان جەخت لەسەر ئەوە دەکەن، "هەڵکەوتەی جوگرافی یان ئاستی کولتووری هۆکاری سەرکەوتن یان شکستی نەتەوەکان نییە لەڕووی ئابوورییەوە، بەڵکو رۆڵ و پێگەی دامەزراوەکان داهاتووی وڵاتان و نەتەوەکان دیاری دەکات."
 
سیمۆن جانسن، یەکێکی دیکە لەو سێ ئابووریناسانەیە کە بووەتە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەم ساڵ لە بواری  ئابووری دا، دەڵێت، "کاتێک رێگە دەدەیت خەڵک دەنگی سیاسیی زیاتری هەبێت، کاتێک شەفافییەتی زیاترت هەبێت، کاتێک بوار بۆ رکابەری دەڕەخسێنیت، لەڕووی سیاسییەوە ئەنجامی باشت دەبێت و لەڕووی ئابوورییەوە پێشدەکەویت."
 
سێ ئابووریناسەکە لێکۆڵینەوەیان لەسەر شاری (نۆگالێس) کردووە. دوو شاری نۆگالیس هەن، یەکێکیان سەر بە ویلایەتی ئاریزۆنای ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و ئەوی دیکەشیان سەر بە ویلایەتی (سۆنۆرا)یە لە وڵاتی مەکسیک.
 
ئەو سێ ئابووریناسە روونیدەکەنەوە کە بەهۆی سیستمی دیمۆکراسییەوە، ئاستی ژیان و ئابووری لە نۆگالیسی ئەمریکا زۆر باشترە.
 
ئەوان ئاشکرایان کردووە، لەبەر ئەوەی دانیشتووانی شاری نۆگالیسی ئەمریکا دەرفەتی گونجاویان بۆ دابینکراوە لە بواری پەروەردە و دانانی پیشەی خۆیان، هەروەها لەبەر ئەوەی لەژێر چەتری سیستمی سیاسی و ئابووریی ئەمریکادان، زۆر باشترن لە نۆگالیسی مەکسیک لەڕووی گوزەران و رەوشی ژیانەوە.
 
یەکێک لەو چەمکانەی سێ ئابووریناسەکەی براوەی نۆبڵ دایانڕشتووە، چەمکی "کۆریدۆری هەستیار" یان "رێڕەوی هەستیار"ە؛ مەبەستیان ژینگەیەکە کە کۆمەڵگە دەتوانێت هاوسەنگی بپارێزێت لەنێوان "کۆنترۆڵی دەوڵەت" و "ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان" دا.
 
بەپێی ئەو چەمکە، ئەگەر دامەزراوەکانی دەوڵەت یان حکومەت بەجۆرێک بن کە ئاسایشی هاووڵاتییان بپارێزن، بەڵام لە هەمان کات دا ئازادیی تاکەکەسەکان پێشێل نەکەن، دەستکەوتێکی گرنگە.
 
ئەگەر وڵاتێک دامەزراوەکانی بەهێز بێت و مەترسی بۆ ئازادیی تاکەکەسی دروست بکات، هاوسەنگیی "رێڕەوی هەستیار" لەدەست دەچێت.
 
بە پێچەوانەوە، ئەگەر دامەزراوەکان لاواز بن، ئاسایشی گشتیی هاووڵاتییان دەکەوێتە مەترسییەوە.
 
لێکۆڵینەوەکانی ئەو ئابووریناسانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێت هاوسەنگیی "رێڕەوی هەستیار" لە وڵاتان تێکبچێت و ئەوەش دەبێتە گرەنتی بۆ پێشکەوتن و گەشەی ئابووری.