ئەی دوای غەززە؟

15-10-2023
عادل باخەوان
A+ A-
 
سەر لەبەیانیی 7ی ئۆکتۆبەر و بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئیسرائیلدا و بە میتۆدێکی بێپێشینە، لە ئاسمان، زەمین و دەریاوە، حەماس پەلاماری ئیسرائیلیدا و تا ساتەوەختی ئامادەکردنی ئەم گوتارە، ژمارەی کوژراوەکانی ئیسرائیل گەیشتوەتە هەزار و چوارسەد و پەنجا کەس و سەد و پەنجا ئیسرائیلیش بە بارمتە گیراون.
 
لەسەر ئاستی جیهان کۆدەنگیەک هەیە کە ئەم هێرشەی حەماس، بە هەموو پێوەرە سەربازی و ئەمنیەکان سەرکەوتنێکی گەورەی بێوێنەیە، چونکە یەکەمجارە لەم ئاستەدا عەرەب بتوانێت جەنگ بباتە ماڵی ئیسرائیلەوە و لە ماوەی بیست و چوار کاژێردا ئەو ژمارە زۆرەیان لێبکوژێت و ئەو ژمارەیەش بە دیلبگرێت. یەکەمجارە کە رەمزییەت و ئەفسانەی سوپای ئیسرائیل و دەزگە هەواڵگریەکەی بە سەختی برینداربکرێت و بۆ ماوەیەکی درێژیش خوێنیان لێبچۆڕێت.
 
بەڵام ئەی دواتر؟ ئایا سەرکەوتنی ئەم هێرشە سەربازی و ئەمنییە بێوێنەیە، هەلومەرجی بابەتیی بۆ رزگارکردنی گەلی فەلەستینی، رزگارکردنی قودس، کۆتایی بە ئیسرائیل و دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی دروستدەکات؟ ئایا حەماس دەتوانێت پارێزگاری لەم سەرکەوتنەی بکات؟ ئایا ئەم سەرکەوتنە سبەینێیەکی باشتر بۆ فەلەستینیەکان دابیندەکات؟ ئایا حەماس توانای ئەوەی هەیە کە گەلی فەلەستینی لە کەرتی غەززە لەبەرامبەر ئیسرائیلدا بپارێزت؟ ئایا ئەم سەرکەوتنەی حەماس، واژۆکردن نییە لەسەر دوا لاپەڕەی چیرۆکی شۆڕشگێڕیی خودی ئەو بزووتنەوەیە، دروست وەک بزوتنەوەی فەتحی یاسر عەرەفات لە کۆتایی هەشتاکاندا؟
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارانەدا دەتوانم بڵێم، بەدڵنیاییەوە سبەینێی نزیک و دووری پاش ئەو سەرکەوتنە سەربازییەی حەماس بەهیچ شێوەیەک نە لەبەرژەوەندیی پرسی فەلەستینیەکاندایە، نە لەبەرژەوەندیی خودی حەماسیشدایە. خودی سەرکردەکانی حەماس دڵنیان لەوەی کە سەرکەوتنی هێرشێک، چەند گەورەشبێت، بەهیچ شێوەیەک، بەتایبەتی لە هەلومەرجی ئێستادا، نایانباتەوە سەر رزگاری گەلی فەلەستین و رزگارکردنی قودس و کۆتایی ئیسرائیل. هەروەها دڵنیان لەوەی لە بەرامبەر ئیسرائیلێکدا کە کۆی ئەمریکا و ئەوروپا پشتیوانی لێدەکەن، ناتوانێت پارێزگاری لەم سەرکەوتنەی بکات.
 
هەروەها گرەوی حەماسی سووننی و فەلەستینییە سووننییەکانی غەززە، کە لەئێستا و ئێرەدا، لەژێر زرێپۆش و F16 و مووشەکی زیرەک و بۆمبی فۆسفارتی ئیسرائیلیدا لەت و پەت دەبن، لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانی شیعە و حیزبوڵڵای لوبنانی شیعە و حەشدی شەعبیی شیعە و حوسیی یەمەنیی شیعە و میلیشیا شیعیەکانی سووریا، لە کۆتاییدا هیچ نییە گرەوێکی دۆڕاو نەبێت، چونکە لای ئەوان، کێشەی فەلەستین تەنیا بۆ وەبەرهێنانی رەمزییە و بەس! تەنانەت هیچ یەکێک لە جەنگەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی لە دژی ئیسرائیل، لەپێناوی فەلەستیندا نەبووە، بەڵکو پەیوەندیی بە هاوکێشەی هێز لە لوبناندا بووە.
 
بەدیوێکی دیکەشدا، هەمان پرسیار لە ئیسرائیلیش دەبێت بکەین: ئەی دواتر ؟ دوای داگیرکردنی غەززە، چیدەکەن؟ ئایا پێتانوایە بە داگیرکردنی غەززە و کۆتاییهێنان بە حەماس، دەتوانن کۆتایی بە پرسی نەتەوەی فەلەستینی بێنێت؟ ئایا پێتانوایە بە زرێپۆش و F16 و موشەکی زیرەک و بۆمبی فۆسفارت و تەنانەت بۆمبی ئەتۆمیش، پرسی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و خاکێکی داگیرکراو کۆتاییپێدێت ؟ 
 
بێگومان ئیسرائیلیەکان دەتوانن یەک بەیەکی کادرەکانی حەماس، هەر لە سەرکردایەتییەوە تا دەگاتە ئەندامێکی سادە بکوژن و دەتوانن لە ماوەیەکی کورتدا تەواوی غەززە داگیربکەن، بەڵام ئەبێ لەوەش دڵنیابن کە، هەروەک چۆن پاش کۆتایی فەتح حەماسێکی رادیکاڵتر لەدایکبوو، ئاواش پاش حەماس، بزوتنەوەیەکی رادیکاڵتر لەدایکدەبێت، چونکە چەند چۆنایەتی و چەندایەتیی زەبروزەنگی ئیسرائیلیەکان رادیکاڵبێت، کاردانەوەی فەلەستینیەکانیش رادیکاڵتر دەبێت.
 
ئیسرائیلیەکان نابێت لەبیریان بچێت کە، سەرەڕای کۆچی ناچاریی هەزاران هەزار فەلەستینی لە ساڵی 1948وە تا ئەمڕۆ، ئەوان هێشتا زۆرینە نین. با تەماشای ژمارەکان بکەین. لە هەردوو زۆنی ئیسرائیل و فەلەستیندا چواردە ملیۆن و نیو مرۆڤ دەژین. لەم چواردە ملیۆن و نیوە، نۆ ملیۆنی لە زۆنی ئیسرائیلدا دەژی، بەڵام لەم نۆ ملیۆنە، دوو ملیۆنیان عەرەبن. واتە تەنیا حەوت ملیۆن ئیسرائیلی هەن. لە زۆنی فەلەستینی ئێستادا، پێنج ملیۆن و نیو دەژین. بە دوو ملیۆنەکەی ئیسرائیلەوە دەبن بە حەوت ملیۆن و نیو! 
 
لێرەوە، ئیسرائیل دەبێت تێبگات لەوەی کە فەلەستین لەیەککاتدا پرسی نەتەوەیەکە کە بەلای کەمەوە هەمان ئاستی دێمۆگرافی ئەوی هەیە و کەمینەیەک نییە کە بتوانێت لە پەراوێزدا بیخنکێنێت. ئیسرائیل دەتوانێت فەتح لەناوببات، دەتوانێت حەماس لەناوببات، بەڵام لەناوچونی ئەودوانە، بەهیچ شێوەیەک مانای کۆتایهاتن بە پرسی فەلەستین و فەلەستینیەکان نایەت. بەپێچەوانە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، ئیسرائیل پێویستی بەوەیە کە پرسیارە وجودی و گەورەکە لە خۆی بکات: چارەسەری راستەقینە چیە؟ چارەسەری راستەقینە لە کوێیە؟ 
 
وەڵامی ئەم پرسیارە چەند ئاڵۆزە، هێندەش سادەیە: تا منداڵانی فەلەستین بەئارامی نەنوون، مناڵانی ئیسرائیل ناتوانن بەئارامی بنوون، تا فەلەستین ئاسایش و سەقامگیری نەبێت، ئیسرائیل ئاسایش و سەقامگیری نابێت، تا گەلی فەلەستنی نەبێت بەخاوەنی دەوڵەتی خۆی، هیچ گەرەنتییەکی وجودی لەبەردەم دەوڵەتی ئیسرائیلیدا بوونی نییە و بوونی نابێت. 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.