شارچێتیی كۆڵانەكانی فەیسبووك

15-09-2017
چۆلی فایەق
نیشانەکردن فەیسبووك
A+ A-


دوو چەمك، دوو تێگەیشتنی هەڵەیان بە باڵادا بڕاوە و هەر بەو چەوت و لارییەوەش لە زەینی تاكی كورد ئاخنراون. (شارچێتی) و (شارپەروەری) بەینی ئاسمان و ڕێسمانی نێوانە. هەر تاكێك لە هەر شوێن و گۆشەیەكی دونیادا بێت، مافی سادە و سەرەتایی خۆیەتی خۆبەند (ئینتیما)ی بۆ ئەم شوێنە هەبێت كە لێی دەژیێت. كەس ناتوانێت لەوەدا سەرزەنشتی بكات كە شارەكەی خۆی خۆشبوێت، جوانییەكانی دەربخات، كەلێنەكانی بدۆزێتەوە و هەوڵی پڕكردنەوەیان بدات، خەباتی بێوچان لەپێناو بەرەوبەرەوەچوونی بكات. ئەمەیان (شارپەروەری)یە و دۆخێكی ئاسایی ڕەوتاری مرۆڤایەتییە. بەڵام، كاتێ تۆ لەسەر حسێبی ئەوانی دی شارەكەی خۆت خۆشبوێت ـ یانی لەبەرانبەر خۆشویستنی شوێنەكەی خۆت ڕق لە جێیەكانی دی هەڵبگریت ـ و تا تانەوتەشەر لە شوێنەكانی دی نەدەیت باسی شارەكەی خۆت نەكەیت، شاری خۆت بە شا-شار و  ئەوانی دی بە سەپان بزانیت، بە چاوی باڵاوە تەنیا لە شارەكەی خۆت بڕوانیت و شارەكانی دیكەت پێ هیچ بێت و بەكەمیان بگریت، ئەوەیان (شارچێتی)یەو دەچێتە خانەی دۆخێكی نادروستی نائاسایی ڕەوتاری مرۆڤایەتییەوە
 
چاو بە دونیا هەڵێنان و ماڵئاوایی لێكردنی یەك لەو شتانەیە مرۆڤ تێیدا سەرپشك (مخیر) نییە، بەڵكوو كەوتووەتە ژێر دەستەوسانیی جەبرەوە. ئەوە دایك و باوكم بوون ئەو شوێنەیان كرد بە شاری من كە لەوێ چاوی منیان بە دونیا هەڵهێنا، ڕاستیت دەوێ؟ ئەوێ شاری ڕاستەقینەی تۆ نییە كە لێی لەدایكبوویت، شاری ڕاستینە ئەوەیانە كە خۆت هەڵیدەبژێری و "خود"ی تێدا دەدۆزیتەوە، جا دەشێ هەمان شار بێت كە لێی هاتیە بوون، یان شارێكی دیكەی دوور بە ئەندازەی هەزاران كیلۆمەتر. من مەبەستمە بڵێم، شەڕكردن لەسەر ئەو شتانەی مرۆڤ تێیدا سەرپشك و ئازاد نییە، ڕێیەكی دەچێتەوە سەر گەمژەیی، لێشی بڕوانە، زۆرینەی شەڕەكانی نێو مرۆڤایەتی، لەسەر ئەم جەبرانەیە: (ناو، ئایین، شار، نەژاد) كە دوای چەند چركەیەك لە لەدایكبوونت، بەسەرتدا دەچەسپێنرێت، كەچی تا هەتایە، شەڕیان لەسەر دەكەیت. شانازیكردن بە شتانێك كە هونەری تۆیان تێدا نییە چ هونەرێكی تێدایە؟

مرۆڤی ژیر ئەوەیانە، لە هەر شار و شوێنێك بوو، دڵداری لەگەڵ بكات. لە هەر شوێنێك ژیا، هەوڵی بەرەوپێشبردنی بدات و نەنگی و كێماسییەكانی چاك بكاتەوە، با ئەو شار و شوێنەش نەبێت كە لێی لەدایكبووە، مرۆڤ كوڕی ڕۆژی خۆیەتی و (ئەو نانە نانە كە ئەمڕۆ لە خوانە) .. دونیای نوێ (شارپەروەری)ی قەبووڵە، بەڵام دەمێكە (شارچێتی)ی تێپەڕاندووە. نامەوێت وردودرشتی ئەم نەریت و دابە قێزەونە لە دۆخی ئێستەی كورد خورد بكەمەوە و قل بە قل ئەو شوێن و گۆشە سیاسی و كۆمەڵایەتییانە بەرچاو بخەم كە تۆوی شارچێتییان لێ چەكەرە دەكات، بۆ ئەوەی منیش خۆنەویستانە هەڵنەخزێمەوە نێو دیسكۆرسێكی شارچێتیانەوە، خۆم لەوە هەڵدەبوێرم. هێندە نەبێ، زەینی خوێنەر بۆ ئەوە ڕابكێشم كە ئەو دەمارە پیسەی شارچێتی لە لەشی تاكی كورددا، ڕەگی مێژوویی ڕۆژانی میرنشینەكانی هەیە، دواتر لە شەستەكان بەملاوە دیسان سەریهەڵدایەوە و تا بە زار ڕادەگات، دواتر بە دەستوەشاندنیش گەیشت. ڕۆژان هاتن و چوون، ئەم دەمارە سیس بووەوە، تا ئەوەی شەڕی نەگریسی نێوەخۆ سەریهەڵدا، ئیدی دووبارە دەماری شارچێتی خۆی گرژ كردەوە. ئەگەر دەپرسی شەڕی نێوەخۆ بۆچی؟ دەڵێم: تۆ لە دیوە سیاسی و سەربازییەكە بگەڕێ و خوێنڕژانی سەتان ڕۆڵەی هاووەڵاتیش لەولا دابنێ، ئەوەی زۆر بە كەمی فۆكەسی خراوەتەسەر، دیوە مەعریفییەكەیە. شەڕی نێوەخۆ لە دیوی مەعریفییەوە دوو گەورەترین زەڕبەی لە دۆخی فەرهەنگیی كوردستان دا، ئەمانیش: یەك: ئیسلامی سیاسی، بۆشایی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستانی هەڵقۆستەوە و توانی داگیركاری (غەزو)ی فەرهەنگی لە كوردستاندا بكات، دین و هەژموونی گوتاری مەلا لەپێش شەڕی نێوەخۆ لە شوێن و بە جۆرێكی تر بوو. دوو: دەماری شارچێتی دیسان گرژ بووەوە و لە گۆرانی و بەندبێژییەوە بگرە تا شەڕەبۆكس. ئەوەی ناونرابوون (ئاوارەكان)ی شەڕ، هێندێكیان هۆكارێكی سەرەكیی نوێبوونەوەی ئەم شەڕە بوون. بەشێكی ئاوارەكانی هەولێر و سلێمانی، ڕەوتار و ڕەفتاریان لێخوڕینانە بوو بەرانبەر خەڵكی ئەو شارەی چووبوونێ، ئەگەر ئاوارەیەك هەڵە و خراپییەكی دەكرد، خەڵكەكە بە چاوێكی گشتگیرانەوە لە گشت ئەوانی دی دەڕوانی.  

خاڵێكی گرنگ هەیە پێویستە لەبەرچاوان بێت، بزوێنەری شارچێتی، ئەوسا و ئێستەیش، سیاسەت و سیاسی و ڕۆشنبیرەكان بوون. زۆربەی ئەوانەی ڕێبەرێتی و شەڕی شارچێتییان لە ڕۆژانی شەڕی براكوژیدا دەكرد، ئەوانە بوون كە لە دەوروبەری چەند بەرپرسێكی نەخوێندەواری سلێمانی-گوتەنی "گەلحۆ" و هەولێری-گوتەنی "فەعۆ" خڕبووبوونەوە، گرۆ و تاقمی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس، هەرچی بەدكارییە ئەمان دەیانكرد. ئەوەی ئێستەیش لە سۆشیال مێدیا بە گشتی و لە پەیجەكانی فەیسبووك دەگوزەرێت، سەر بە هەمان نەریتە و داینەمۆی هەڵگیرسانەكەی دۆخی سیاسی و مێنتاڵێتیی سیاسیانەی حزبە كوردییەكانە.

ئەم ماوەیە، چەندان پەیج (فەیس پەڕ) كە هەریەكە و بەرەیەكی گرتووە، ئەمیان سلێمانی و ئەویان هەولێر، بە لایڤ و ڤیدۆكانیان، خەریكە ئەم دەمارەپیسە شارچێتییە لە لەشی گەنج و لاواندا گرژ بكەنەوە. ئەوەی ڕێبەرێتیی ئەم قێزەونییە دەكات، سیاسی و زڕەڕۆشنبیر و چالاكەكانن، نەك هاووەڵاتی سادە و خەڵكی ڕەشۆكیی هەردوو شار. ئەوە كەسانێكی سیاسی و بەناو ڕۆشنبیرن پارووەكەیان لەوێدا چەورە كە شارچێتی دەگات بە ترۆپك، فڵان سیاسیی نێو فڵان حزب ئەم پەیج بەڕێوەدەبات و فڵان پەرلەمانتار سەپۆڕتی فڵان دەمشڕ دەكات و...تاد

ئەم پەیجانە، كۆڵان-ئاسا خەریكی دەمەتەقێن، وەك كۆڵان بە هێندێ قسە دەستپێدەكەن و خۆیشیان نازانن چی دەڵێن، قسە دەكەن و هیچیش ناڵێن، وردە وردە بە جوێن دەگات، دواجاریش لێدان و كوتان. من زۆر شادمان دەبووم ئەگەر بە شێوازێكی شارستانی، بە زمانێكی باڵا، بە ئەتەكێتێكی سەردەمیانەوە، كێبڕكێ و دەنگەشەی ئەوانەم لەسەر ئەم دوو شارە بدیتبووایە. خۆزێ ئەمانە شەڕیان لەسەر (شار) دەكرد بەبێ (چێتی)، ئاخر بە هەموو پێوەر و پڕەنسیپ، دیزاین و ماستەرپلان، شارستانێتی و ئۆپشنەكانی شارێكی سەردەمیانە بێت، شتێكمان نییە بە ناوی شار. بە بنەوا هزرییەكانی مۆدێرنێتە و تاریفی پۆستمۆدێرنێتی بۆ شار، ئێمە دیسان شارمان نییە. ئەوەی هەیە لۆكەیشنێكی قەڕەباڵغە و لەنێوان شار و شاخدا چەقیوە. ئێمە تەنیا لە ڕووە كاڕگێڕییەكەوە شارمان هەیە، بەڵام لە دیوە شارستانێتی و فەلسەفییەكەوە، نەخێر.

نەوەی نوێی سلێمانی و هەولێر، دەبێت شانبەشانی یەكتر، (شارپەروەری) بكەن و خۆیان لە شێرپەنجەی (شارچێتی) دەرباز بكەن. لەجیاتی شەڕ لەسەر شتی پووچ و لاوەكی و كەمبایەخ، با شەڕی پێشبڕكێی پێشوەچوونی شارەكانیان و بەرەو بەشاربوون بكەن. شەڕ بۆ ئەوە بكەن شارەكانیان بچێتە نێو ژیانێكی مۆدێرن، مەڵتی ستایل تێیدا بەرقەرار بێت، هیچ ئایدیۆلۆژیایەك خۆی بەسەر ژیانی سروشتیاندا نەسەپێنێت و ئازادییە سەرەتاكانیان لێ زەوت نەكات. با شەڕی لۆجیك بكەن، ئەرگیۆمێنتی لۆجیكی بەسەر خورافات و نەریتدا زاڵ بكەن. با شەڕی دادی كۆمەڵایەتی بكەن، شەڕی بەكلتووركردنی دایەلۆگ و خوێندنەوە و ئەتەكێت بكەن.
 
ئەركی سەرەكی ئەم پڕۆسەیە، لە ئەستۆی پەروەردەیە، كە میتۆد و سیستمی پەروەردەی وەڵاتەكەمان وێرانە، لێرەوە ئەركی نووسەر و ڕۆناكبیرانە، ئەم مێنتاڵیتە لە زەینی هاووەڵاتیان بگەشێننەوە و دەماری پیسی شارچێتی بە شادەماری شارپەروەری و پێشبڕكێی بەرەو مەدەنیەت، بگۆڕن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە