هۆکار و لێکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنی نوێی توركیا لە ھەرێمی كوردستان دا
لە 18ـی نیسانی 2022، توركیا ئۆپەراسیونی چنگ- قوفڵ (Operation Claw-Lock)ی لە خاکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگای دھۆك دژی پەکەکەی دەستپێکرد. وەك درێژەپێدەری ئۆپهراسیۆنی چنگ- قوفڵ، توركیا لە 15 حوزەیرانی 2024 ئۆپەراسیۆنێكی نوێی سەربازی لە ناوچە سنورییەكانی پارێزگای دھۆك بەتایبەتیش دەڤەری ئامێدی، چیای مەتین، كانی ماسێ و بەرواری باڵا دەستپێکردووە. لەم ئۆپهراسیۆنەدا، ھێزەكانی توركیا بە قوڵایی زیاتر لە 15 كیلۆمەتر هاتوونەتە نێو خاكی هەرێمی كوردستان و دەستیانكردووە بە دانانی بنکە و خاڵی سەربازی زیاتر، بە شێوەیەك ئێستا ژمارەی بنکە و سەربازگەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سەرووی 70.
یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی توركیا بریتییە لە دروستكردنی 'ناوچەی ئارام' یان ناوچەی دابڕێنراو (security corridor) لە قوڵایی خاكی ھەرێمی كورستان دا. لەم رووەوە، وەزیری بەرگریی توركیا یەشار گولەر، لە تەممووزی 2024 رایگەیاند، ئامانجی توركیا لە ئۆپەراسیۆنەکە ئەوەیە بەتەواوی كۆتایی بە بوونی چەكدارانی پەكەكە بھێنن لە ناوچە سنوورییەكانی عێراق دا. لەم رووەوە، توركیا مەبەستییەتی ناوچەیەکی دابڕێندراو بەدرێژایی سنوورەكانی لهگهڵ عێراق و سووریا بە قوڵایی 30-40 كیلۆمەتر دروست بكات. وەزیری بەرگری توركیا ئاماژەی بەوەش كرد، بە بەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە "كۆتایی بە شەڕی دژە تیرۆر دەهێنین" کە نزیكەی 40 ساڵە بەردەوامە. ھەندێك لە سەرچاوەكان باس دەكەن ئەم جارە توركیا بەنیازه بەتەواوی چیای گارە بگرێت كە ناوچەیەكی ستراتیژیی گەریلاکانی پەكەكەیە. بەگشتی ئامانجی توركیا لە دروستكردنی ئەم ناوچە دابڕێنراوە و دانانی بنكە سەربازییەكانی ئەوەیە:
یەكەم: پاراستنی سنووری خۆی لهگهڵ ھەرێمی کوردستان و دەرپەڕاندنی پەكەكە لەو ناوچانە بەشێوەیەكی ھەمیشەیی. توركیا جەخت لەسەر ئەوە دەكات کە ھەوڵدەدات لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە كۆتایی بە هەبوونی گەریلاکانی پەكەكە بهێنێت لە ناوچە سنوورییەكان دا و چیتر رێگە نەدات پەكەكە لەو ناوچانەوە ھێرش بکاتە سەر توركیا.
دووەم: دروستكردنی بنكەی سەربازی ھەمیشەیی و جێگیركردنی ھێزەكانی بۆ ماوەیەكی نادیار لەو ناوچانە. توركیا دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە بنكەی سەربازی زیاتری دروستكردووە لە دەڤەری ئامێدی وتەنانەت خاڵی پشكنینی لە دەڤەری بەرواری باڵا و كانی ماسێ داناوە.
سێیەم: توركیا دەیەوێت بە دروستكردنی ناوچەی دابڕێنراو رێگە له چوونی گەریلاکانی پەکەکە لە سنوورە شاخاوییەكانی باشوورەوە بو رۆژئاوای كوردستان بگرێت و پەیوەندی نێوانیان بپچڕێنێت.
چوارەم: توركیا لەوانەیە ئەو بەرنامەیەی ھەبێت كە دوای تەواوكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچە سنوورییەكان، بەتەواوی قەندیلیش بگرێت، کە بنکەی سەرەکی سەركردایەتی پەكەكەیە. بەڵام ھەندێك لە سەرچاوەكان جەخت لە سەر ئەوە دەكەن مەبەستی تورکیا ئەوەیە پەکەکە زیاتر لە ناوچە ستراتیژییەكانی وەك چیای گارە، قەندیل و شنگال گوشەگیر بكات و لەو ناوچانەدا دەورە بدرێن.
پێنجەم: توركیا بەردەوام چاو لە مێژووی هەبوونی خۆی لە عێراق دا دەکات و ھەندێك لە بەرپرسە عێراقییەكان پێیان وایە توركیا سیاسەت و بەرنامەی ئەوەی هەیە به تەواوی ویلایەتی مووسڵ بخاتەوە سەر تورکیا.
شەشەم: یەكێكی دیکە لە بەرنامە و ئامانجەكانی توركیا بەھێزكردنی پێگەی سیاسی و سەربازییە لە ھەرێمی كوردستان و تەواوی عیراق دا. دوای ئەوەی توانی لە ساڵی 2003 پێگەی ئابووری بەھێز بكات و هەرێمی کوردستان بكاتە بازاڕێكی گرنگی بەرهەمەکانی، هەروەها بەسەدان كۆمپانیا لە بوارە جیاوازەکان بەگەڕبخات. لە کەرتی نەوت توانی پێگەیەكی گرنگ بۆ خۆی و كۆمپانیاكانی دروست بكات. بە ھەمان ئاراستە، ئێستا توركیا لەڕووی سەربازییەوە ھەوڵدەدات پێگەكەی زیاتر بەھێزبكات بۆ ئەوەی كاریگەری زیاتری لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت.
حكومهتی سوودانی كە لە مانگی ئۆكتۆبەری 2022 دەسەڵاتی گرتە دەست، ھەوڵیداوە پەیوەندییەكانی لهگهڵ توركیا پەرە پێبدات. لە ئاداری 2023 كاتێك سوودانی سەردانی توركیای كرد چەندین رێكکەوتنی دوولایەنەی لهگهڵ ئەنقەرە واژۆكرد بەتایبەت لە بواری ئاسایش و بازرگانی دا. ھەروەھا وەك ئاماژەیەك بۆ بەھێزبوونی پەیوەندی نێوان ھهردوولا، ئەردۆغان لە 22 نیسانی 2024 سەردانی بەغدای كرد و زیاتر لە 26 لێکتێگەیشتنی لهگهڵ عێراق سەبارەت پرسەکانی نەوت، سنوور، ئاو، ئابووری، رێگەی گەشەپێدان واژۆكرد. پرسی پەكەكە و رووبەڕووبوونەوەی یەكێك بووە لە پرسە ھەرە گرنگەكان كە تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانی نێوان ئەردۆغان و سوودانی بووە.
لە پرێس كونفرانسێكی ھاوبەش دا لهگهڵ سوودانی، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەكرد كە عێراق گرنگییەكی ستراتیژی بۆ توركیا ھەیە و ئەو رێكکەوتنانەی لە بواری ئابووری و بازرگانی واژۆكراوان دەبێتە ھۆی كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان ھەر دوو وڵات. سەبارەت بە پرسی پەکەكە ئەردۆغان ئاماژەی بەوەكرد كە پەكەكە ھەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی ھەردوو دەوڵەت، توركیا ھەوڵدەدات ئەو ھەڕەشەیە لەنێوببات و عێراقیش لەم رووەوە ھاوكار دەبێت. پێش ئهو سەردانەی ئەردۆغان، لە 14ی ئاداری 2024 ھاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی عێراقی كرد سەبارەت گفتوگۆكردن لەسەر پرسی پەكەكە، ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لە بەیاننامەیەكی ھاوبەش دا ھەردوولا جەختیان لەسەر ئەوەكردهوه كە پەكەكە ھەڕەشەیە لە سەر بەرژەوەندی ھەر دوو وڵات، عێراق بۆ یەكەم جار پەكەكەی وەكو رێكخراوێكی قەدەخەکراو ناساند.
پێدەچێت ئەو رێككەوتن و لێكتێگەیشتنانەی لەكاتی سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغدا كراون كاریگەریان ھەبێ لەسەر خاوبوونەوەی ھەڵوێستی عێراق بەرامبەر ئۆپەراسیۆنه سەربازییه نوێیهكهی توركیا، لەبەرئەوەش هەندێک لایەنی شیعەی بەشدار لە حکومەتی سوودانی دا هەڵوێستی جیاواز و تووند رادەگەیێنن. له 10ی تەممووزی 2024 ئەنجوومەنی وهزیرانی عێراق بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بە سەرۆكایەتی سوودانی كۆبووەوە و لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەیان بەوەكرد كە ھەر دەستدرێژییەك و پێشێلكردنێكی سەروەریی خاكی عێراق رەتدەكەنەوە و داوای لە توركیا كرد لەسەر پرسە ئەمنییەكان ھاوئاھەنگییان لەگەڵ بکات. ھەروەھا بۆ گرتنەبەری سیاسەت و ھەڵوێستێكی ھاوبەش سەبارەت بە پەكەكە و ھێرشەكانی توركیا، لە 11ی تەممووز 2024، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە سەر راسپاردەی سوودانی لهگهڵ سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی كۆبووەوە. ئەم پێشھاتانە لە كاتێكدایە كە ئیبراھیم سومێدعی راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق لە 8ی تەممووزی 2024 رایگەیاند، ھاوئاھەنگی لەنێوان عێراق و توركیای ھەیە سەبارەت ئۆپهراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا.
هەروەها رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 8 تەممووزی 2024، رایگەیاند، سەرچاوەی هەموو کێشەکانی ناوچە سنوورییەکان پەكەكەیە و بیانووی هاتنی تورکیا بۆ سنوورەکان هەبوونی ئەو چەكدارانەیە، بۆیە دەبێ پەکەکە ئەو شوێنانە بەجێبهێڵێت. ئەم ھەڵوێستەی حكومهتی ھەرێمی کوردستان لەكاتێكدایە كە ناكۆكیی قووڵ لەنێوان پارتی و یەكێتی دا ھەیە. یەكێتی بە پێچەوانەی حكومهتی ھەرێمی کوردستان، بە فەرمی دژایەتیی ئۆپهراسیۆنی توركیا راگەیاند. بێگومان ئەم دژایەتییهی یەکێتی پەیوەندیی بە دوو هۆکارەوە ھەیە؛ یەكەم، یەكێتی پەیوەندیی زۆر بەھێزی لهگهڵ گرووپە چەكدارەكانی شیعە و ئێران ھەیە. خاڵی دووەم، خاڵی ھاوبەشی پەكەكە و یەكێتی ئەوەیە، ھەردووكیان پارتی دیموكراتی كوردستان بە ركابەری سەرەكی خۆیان دەزانن و پێویستیان بە یەكترە بۆ دژایەتیكردنی پارتی. بێگومان پەیوەندیی یەكێتی لهگهڵ پەكەكە بووە ھۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی ئەو پارتە لهگهڵ توركیا، بەشێویەك توركیا گەمارۆی ئاسمانی بە سەر سلێمانی دا سەپاندووە. سەبارەت بەم ھەڵوێستە ئەردۆغان لە 12 تەممووزی 2024 رایگەیاند: "تاوەکو ئەوکاتەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی مەودایەک لەنێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن، گەمارۆکان بۆ سەر ئاسمانی سلێمانی بەردەوام دەبن".
جگه لە سیاسەت و ھەڵوێستی فەرمی حكومهتی سوودانی، ھێزە شیعییەكان، بەتووندی دژایەتی ھەر سنوور بەزاندنێكی توركیا بۆ نێو قوڵایی خاكی كوردستان و عێراق دەكەن. ھێزە شیعییەكان بەردەوام بە رێگەی جیاواز گوشاریان لە سەر توركیا دروستكردووە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە عێراق بكشێتەوە. لەم رووەوە، ھادی عامری سەرۆكی لیستی فەتح لە 8 ئابی 2023 لە کۆبوونەوەیەک دا لهگهڵ ھاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە بەغدا داوایكرد ھەموو ھێزە سەربازییەكانی توركیا لە خاكی عێراق بكشێنەوە. ھەروەھا لە تازەترین ھەڵوێست دا قەیس خەزعەلی سەرۆكی عەسایب ئەهلی حەق لە بەیاننامەیەكدا لە 12ی تەممووزی 2024، بە تووندی ئۆپهراسیۆنە نوێیەكەی توركیای سەرکۆنە كرد. خەزعەلی لە بەیاننامەكەیدا ئاماژەی بهوەكرد نابێ توركیا پەكەكە وەك بیانوویەك بەكاربهێنیت بۆ ئەوەی بەشێكی گرنگی خاكی عێراق داگیربكات و داوای لە حكومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق كرد ھەڵوێستێكی ھاوبەش و یەكگرتوویان ھەبێت بەرامبەر سنوور بەزاندنەكانی توركیا.
ئەوەی راستی بێت، ھێزە شیعییەكان لەبەر زۆر ھۆكار، پەیوەندییەکی باشیان لهگهڵ پەكەكە ھەیە و دژی ھەبوونی سەربازی توركیان لەنێو خاكی عێراق دا. لەلایەك ھێزە شیعییەكان و تەنانەت حكومهتی عێراقیش ترسی ئەوەیان ھەیە توركیا بە زەبری ھێز دووبارە ویلایەتی مووسڵ داگیر بكات و بیخاتە سەر خاكی خۆی. بەتایبەت لە دوای شەڕی یەكەمی جیھانی دوای ململانێیەکی زۆر نێوان عێراق و توركیا، له كۆتاییدا كومەڵەی گەلان لە ساڵی 1925 بریاری دا بە لكاندی ویلایەتی مووسڵ بە عێراقەوە.
لەلایەكی دیكەوە، ھێزە شیعییەكان و تەنانەت ئێرانیش ئەو ترسەیان ھەیە توركیا ھەبوونی سەربازی خۆی وەك ئامرازیك بەكاربھێنێت بۆ پاڵپشتیكردنی سوننەكان. بەتایبەت توركیا بەردەوام ھەوڵدەدات پێگە و دهسهڵاتی لە عێراق بەھێز بكات و رێگە لەوە بگرێت کە ئێران و ھاوپەیمانەكانی بە تەواوی ھەژموونی خۆیان بەسەر عێراق دا بسەپێنن.
بەھەمان ئاراستەش، ھێزە شیعییەكان و ئێران نایانەوێت دەستبەرداری كارتی پەكەكە بن، بەڵكو بەردەوام دەیانەوێت پەكەكە وەك كارتێك دژی توركیا و تەنانەت پارتیش بەكاربێنن. لەلایەك، ھێزە شيعییەكان وتەنانەت حكومهتی عێراقیش، ھەوڵدەدەن كە پرسی پەكەكە وەك ئامرازێك بەكاربێنن بۆ ئەوهی گوشار لەسەر توركیا دروست بكەن بۆ ئەوەی رێژەی عێراق لە ئاو زیاد بکات. لەلایەكی دیكەوە، ھەبوونی پەكەكه لە ناوچەكانی ژێردهسهڵاتی پارتی كارتێكی بەھێزە بە دەست لایەنە شیعییەكانەوە بۆ زیاتر گوشار خستنە سەر پارتی. بەتایبەت بەشێكی زۆری ھێزەكانی پەكەكە لە ناوچەكانی دهسهڵاتی پارتی دان. ئێستا لە شنگال ھاوپەیمانییەكی بەھێز لە نێوان گرووپە چەكدارە شیعییەكان و پەكەكەدا ھەیە و تەنانەت ھێزەكانی سەر پەكەكە بوونەتە بەشێك لە حەشدی شەعبی و مووچە لە بەغدا وەردەگرن و بەربەستێکی سەرەكین لە بەردەم جێبەجیكردنی ریككەوتنی شنگال كە لە ئەیلولی 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا واژۆكرا. ئەمە لە كاتێكدایە كە توركیا جەخت لەسەر ئەوە دەكات دەبێت عێراق ھهوڵبدات شنگال لە ھێزەكانی سەر بە پەكەكە پاك بکاتەوە و بەردەوام لە رێگەی فڕۆکە و درۆنەوە ھێرش دەكاتە سەر هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) کە سەر بە پەکەکەن .