سەرۆکی دێرینی TIP دەڵێ دایکم یەک وشەی تورکی نەدەزانی

دوای کەمێک گەڕان، لە گەڕەکێکی جوان و پاکژی بەری رۆژهەڵاتی ئیستەنبووڵ بە هاوکاریی کاک راوین ستێرک، ماڵی کوردێکمان دۆزییەوە کە پێشتر بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کردبوو، ئەویش محەممەد عەلی ئاسڵان، سەرۆکی پێشووی (پارتی کرێکارانی تورکیا)ـیە. پیاوێکی سوور و سپی، پۆشتەو پەرداخ، گۆپاڵێک بەدەستەوە لەبەردەم دەرگای ماڵەکەیدا لە پێشوازیمان دا بوو. ئەو خۆیشی باش لەبیری نایێت کە چەند ساڵە لە ئیستەنبووڵ گیرساوەتەوە و چەند جار سەردانی ئەم شارەی کردووە، بە بەراورد بەو هەموو ساڵەی لە دووریی کوردستان ژیاوە، کوردییەکی باش قسە دەکات، بەڵام بەداخەوە منداڵەکانی وەکو دەیانگوت کوردی تێدەگەن، بەڵام ناتوانن بە کوردی قسە بکەن. بۆیە پێناچێت دوای نەمانی باوکیان، شتێک بەناوی کوردبوونەوە لەو ماڵەدا و لەزۆر ماڵی هاوشێوەیاندا بمێنێت، مەگەر ناڵێن زمان بڕبڕەی پشتی مانەوەی هەموو نەتەوەیەکە، رەنگە هەستی شانازی بە کوردبوونیشیان هەر بەشی نەوەیەکی دیکەیان بکات.
 
ئەو زیاتر لە پیرەپیاوێکی ئەڵمان دەچوو، یەکەم پرسیاری ئەوەبوو، لە دوورڕا لە کوردستانەوە هاتوون، بەخێربێن، چاڤێ من رۆنی بوو.
 
دوای چەند کاژێر گفتوگۆ، رێککەوتین باسی مێژووی کۆن و نوێ بکەین، بەتایبەتی گێڕانەوە و بەسەرهاتەکانی چەپ و کۆمۆنیستەکانی کورد کە شوێنپێی کۆمۆنیستە تورکەکانیان هەڵگرتووە، بەنیازی گەیشتنە ترۆپکی کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم، بەڵکو ئەمە خوایە لەپەنای برایەتی گەلان دا بتوانن و بوێرن بە چپەیەکیش بێت بڵێن: ئەز کوردم!
 
لە هەڤپەیڤینە دوور و درێژەکەم دا لەگەڵ کاک محەممەد عەلی ئەسڵان، ئەوەم بۆ روونبووەوە کە پاش ئەو هەموو ساڵە، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی دوای کڵاوی بابردوو کەوتبوون، چونکە کۆمۆنیستەکانی تورک کە باسەکە دێتە سەر کێشەی کورد، رێک دەگەڕێنەوە بۆ بیروباوەڕی کەمالیزم.
 
محەممەد عەلی ئاسڵان دوای ململانێیەکی زۆر، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٦٩دەبێتە سکرتێری پارتی کرێکارانی تورکیا، بەڵام وەکو کوردێک نا، چونکە تەنانەت لای زۆربەی کۆمۆنیستەکانی تورک، کوردبوون واتە جوداخوازی، واتە دابەشکردنی تورکیا، بەڵام چونکە محەممەد عەلی ئاسڵان بەنەژاد کوردە و لە شاری ئاگرییەوە هاتووە و ناونیشانە جوگرافیایەکە لەسەردەمی ئەحمەدی خانییەوە بە کورد ناسراوە، هەر زوو کێشەی بۆ دروست دەکەن و تەنانەت کوردە کۆمۆنیستەکانی نێو پارتی کرێکارانی تورکیاش، دەکەونە بەربەرەکانیکردنی، بۆیە سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵێک زیاتر درێژە ناکێشێت.
 
محەممەد عەلی ئاسڵان کوڕی دەڤەری ئاگرییە کە شۆڕشگێرانی ئارارات بە سەرکردایەتیی ئیحسان نووری پاشا، ئاڵای کوردستانی لێ هەڵدەکەن و جاڕی سەربەخۆیی دەدەن، بەڵام وەکو کاک عەلی دەڵێت، گەلەکۆمەی ئێران و تورکیا و هاوکاریی سەرۆک خێڵە بەرژەوەندیخوازەکانی کورد، هۆکاری سەرەکی دەبن بۆ رووخانی شۆڕشی ئارارات. کاتێک باسی گەلیێ زیلان و کۆمەڵکوژییەکانی گوندییەکانی گوندنیشانی دەورووبەری وان دەکات، وەکو ئەوە وایە بۆنکوروز لە جەرگی هەڵسێت و دەڵێت: چل هەزار کەس کۆمەڵکوژکران، تەنیا یەک دوو کەس بەزیندوویی دەرچوون، منداڵێکی شیرەخۆرە و پیاوێکی تەمەن حەفتا ساڵ!
 
زۆرجار مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە زلهێز و دامەزرێنەرانی تورکیای نوێ، کوردیان هەڵخەڵەتاندووە، بەڵام محەممەد عەلی دەڵێت خۆمان دەستەچەورەکەمان بەخۆمان سڕی، کورد خۆی خۆی فریودا، مەگەر نوێنەرانی کورد لە تورکیاوە تەلەگرافیان بۆ کۆنگرەی لۆزان نەنارد و بە دەنگی بڵند نەیانگوت عیسمەت پاشا تەنیا نوێنەری تورک نییە، نوێنەری ئێمەشە، دوای گەیشتنی ئەو تەلەگرافانە کابرای ئینگلیز قسەکەی خۆی دەخواتەوە کە پێشتر بە عیسمەت پاشای گوتبوو خۆ تەنیا تورک لە تورکیا ناژین کوردیش لەو وڵاتەدا دەژین، ئەی بۆ نوێنەریان لێرە نابینم!
 
محەممەد عەلی پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات، کە ئەرمەنی لە باکووری کوردستان لەلایەن کوردەوە جینۆساید نەکراون بەڵکو کورد پاراستوونی. سەید رەزا زیاتر لە 15 هەزار ئەرمەنی دێرسمی پاراست و رێگەی بۆ 30 هەزار ئەرمەنیی دیکە کردەوە بەرەو ئەرمەنستان بڕۆن، بەڵام لە دیاربەکر بە دنەدانی رەشید پاشای والی ئەو شارە، کە بە دووژمنی سەرسەختی ئەرمەن ناسراوە، لەلایەن هەندێک دەربەگی کوردەوە ناهەقی بەرامبەر ئەرمەن کراوە.
 
محەممەد عەلی ئاسڵان هێشتا کتێبخانەکەی باوکی لەبەرچاوە کە بە سەدان سەرچاوەی کوردی بەپیتی عەرەبی تێدابووە و لەنێو هەموویاندا (مەم و زین)ـی ئەحمەدی خانی وەک توحفەیەکی دانسقە دەبینێت، کە هێشتا ئەو دێڕە شیعرانەی لەیاد نەچووەتەوە کە ئەحمەدی خانی تێیدا گازندە لە سەرۆک خێڵەکانی کورد دەکات و هۆکاری شکستی کورد بە تەفرەقە و یەکنەگرتنی کورد دەبەستێتەوە، ئەوەتا هێشتا بەدەست ئەو برینەوە دەتلێینەوە و بەتاسەوە ئەو چەند دێڕە لەبەرخۆیەوە دەڵێتەوە:

گەر دێ ھەبوا مە پادشاهەک
لایەق بدیا خودێ کولاهەک
تورک و عەرەب و گورجی و رومی
ھەمیا ژ مە را دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەوڵەت
تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت.
 
لە ئەڵقەی یەکەمی بەرنامەی پەنجەمۆر کە شەوی چوارشەممە لە رووداودا بڵاودەکرێتەوە، کاک محەممەد عەلی ئاسڵان، لە گۆشەنیگای خۆیەوە باسی مێژووی شۆڕشی شێخ سەعید، ئارارات، کۆمەڵکوژییەکان و دامەرزاندنی دەوڵەتی نوێی تورکیا دەکات، کە کورد لێی زیانمەند بوو. لەکاتی گفتوگۆیەکەدا پێیگوتم: دەزانی دایکم ژنێکی کوردەواری بوو، یەک وشەی لە زمانی تورکی نەدەزانی، ئەو رۆژانەم لەیاد ناچن، کە خەڵک بۆ نووسینەوەی (مەم و زین) لەبەر ئەو تەنیا نوسخەیەیی کە لە کتێبخانەکەی باوکمدا هەبوو، نۆبەتیان دەگرت.