لەم چەند ساڵەی دواییدا یەکەم شت کە هەستی پێدەکەی لە هەرێمی کوردستان دا زیادبوونی خێرای شوقە و یەکەکانی نیشتەجێبوونە، بە جۆرێک بازرگانەکان شەو رۆژییان خستووەتە سەر یەک بۆ تەواوکردنیان، بەتایبەتیش شوقە و شارە جیاکراوەکان لە گەڕەکە ئاساییەکانی دەوروبەرییان رۆژ بەرۆژ باڵا دەکەن و لە زیادبووندان، هەر بۆ نموونە مانگێک لە دەرەوەی هەولێربیت کە گەڕایەوە دەبینی چەند باڵەخانەی نوێ سەریان دەرهێناوە، بە جۆرێک لەهەر شوێنێک زەویەکی باش یان سەوزاییەک مابێت (ئینجا موڵکی حکومەت بێت باشتریش) هەر زوو دەکرێتە یەکەی نیشتەجێبوون. لە دوای 2003 شۆرشێک لە داگیرکردنی زەویەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە کە بەداخەوە بەشێکی زۆریشی بەناوی وەبەرهێنان و چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونە، ئەوەی سەیرتریشە بەشێکی هەرەزۆری ئەو یەکانە خەڵکی کەمدەرامەت نەک ناتوانێ بیانکڕێت، بەڵکو ناتوانێ بەکرێشیان بگرێت یان هەر لە چێشتخانە و کافتریاکانیشیان بتوانێت قاوەیەک بخواتەوە. ئەوەی لە هەمووشی زیاتر ئازارم دەدات ناوی زیاد لە 90٪ ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون و کلکەکانیان (کە کافتریا و مۆڵ و هۆڵەکانن) ناوی بیانین، تەنیا بۆ نموونە لە شاری هەولێر چەند ناوێک ئاماژە پێدەدەم: گوندی ئەمریکی، ئیتاڵی، کۆری، لوبنانی، ئیسپانی، ئینگلیزی...تاد. یانیش: سکای تاوەرز، سکای ڤیوو، وەیڤی ئەڤینییو، پارک ڤیوو، سیتی ڤیو، فلۆریا سیتی، فیوچەر سیتی، ماس سیتی، توین تاوەرز، کوین تاوەرز، کەمپەنسکی، سەن تاوەرز، ئیمپایەر، بۆلیڤارد، پێڕل ئیمپایەر، کواترۆ تاوەرز، رۆنا تاوەرز، رۆیا تاوەرز، سکای، سەن تاوەرز، رامی تاوەرز...تاد. هەڵبەتە ئەمە تەنیا ناوی هەندێک لەو شوێنانەیە کە رۆژانە لە هەولێر دەکەونە بەرچاوم، هەڵبەتە چەندانیش دیکەش بەڕێوەن! پێم سەیرە ئێمە خەریکە بە دەستی خۆمان کولتوور و زمان و دیمۆگرافیای وڵاتی خۆمان دەشێوێنین، هەڵبەتە ئەمە وایکردووە کافتریا و خواردنگە و قوتابخانە و دایەنگە و شوێنەکانی دیکەش رۆژبەڕۆژ ناوی بیانییان بخەنە سەر، تاوەکو وای لێهاتووە لەهەر سەرە کۆڵانێک دووکانێکی بچووک هەبێت ناوێکی بیانییان لێناوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا دروستکردنی ئەو هەموو یەکانەی نیشتەجێبوون لە پەرۆشییە بۆ دابینکردنی دەرفەتی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری بۆ خەڵک یان مەبەستە سەرەکییەکە شتێکی دیکەیە؟
من لەم نووسیەنەدا قسە لەسەر دیوە باشەکانی ئەو بوارە ناکەم ئەگەر هەشبێت (چونکە لەڕووی سیاسی و ئابووریشەوە هەر شتێک پلانێکی ستراتیژی- دامەزراوەیی لە پشت نەبوو، لێکەوتە باشەکانیشی تەنیا کاتی و کورتخایەنەن)، بۆیە تەوەری سەرەکی ئەم نووسینە تایبەتە بە لێکەوتە کولتووری، سیاسی ،کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافییەکانی "شۆرش" نا، بەڵکو کودەتای یەکەکانی نیشتەجێبوون کە وای دەبینم لە ئایندەیەکی مامناوەنددا (5 -10 ساڵ) خراپ لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و تاوەکو دیمۆگرافیش دەکەوێت لە هەرێمی کوردستان. لەم بابەتە هەوڵدەدەم لە چەند گۆشەیەکدا بەتایبەت لەڕووی سیاسییەوە ئەم مەترسیانە بخەمەڕوو:
• لە دوو ساڵی داهاتوودا 40 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون تەنیا لە هەولێر دەکەونە بازاڕەوە، ئایا بۆ ئەمە حیسابی خزمەتگوزاری وەک ئاو، کارەبا، سەوزایی و ئاوەڕۆو توانای شەقامەکان کراوە؟
• پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بوونەتە هۆکاری داگیرکردنی زۆربەی زەوییە نایابەکان لە هەرێمی کوردستان، کەچی بە پێچەوانەوە دەکرێت بکرێنە شوێنی گشتی و هەموو خەڵک سوودییان لێ ببینێ، بەڵام ئێستا لەپێناو بەرژەوەندی و چاوچنۆکی چەند بازرگانێکی سیاسی خەریکە هەمووی دەکرێتە شوقەو لەسەر خەڵکی دەوڵەمەند و بیانی تاپۆ دەکرێت.
• بەپێی هەندێک لە ئامارەکانی حکومەت تەنیا لە شاری هەولێر، نزیکەی 600 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر خەڵكی عەرەب تاپۆکراوە، ئەمە جگە لە دەیان هەزار یەكەی نیشتەجێبوون کە لە ئاییندەدا دروستدەکرێن؛ كڕیارەكانیش بەپێی داتاکان نزیکەی 60٪ عەرەبن، بە جۆرێک ئێستا چەند نەوەیەكی عەرەب لەكوردستان گەورەبوون، ئامادەنین بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان. بەپێی لێدوانی سەرۆک کۆماری عێراق د. بەرهەم ساڵح لە كۆنگرەی گۆڕانی ئاوهەوا کە نەتەوەیەكگرتووەكان UNDP رێكیخستبوو، بەبیابانبوون لە 39٪ی خاكی عێراقی گرتووەتەوەو لە 54٪ زەوی كشتوكاڵیی رووبەڕووی شۆربوون بووە. لە ماوەی ساڵی 2020 بۆ 2021 زیاتر لە 160 كیلۆمەتر چوارگۆشە بەتەواوی بووەتە بیابان و كەڵكی ژیانی نەماوە. ئەم دۆخە ژینگەییە بێگومان مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دروست دەکات. لە باشووری عێراق گوندەكان روو لەشارەكان دەكەن، بەڵام لەداهاتووی نزیكدا شارەكانیش ژیانیان تێدا زەحمەت دەبێت! بۆیە بەدڵنیاییەوە بەشێكیان روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن و لەو یەکە نیشتەجێبوونانەی کە ئێستا لەسەر حیسابی ژینگە و سەوزایی هەرێمی کوردستان دروستدەکرێن نیشتەجێ دەبن، ئەمەش دواتر قەیرانی دیمۆگرافی، ئاو، خزمەتگوزاری و چەندان پرسی دیکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
• شوقەکان و یەکەکانی نیشتەجێبوون بوونەتە هۆی چوونە دەرەوە و هەڵمژینی بەشی هەرە زۆری پارەی کاشی هەرێمی کوردستان، لەبەر کەمی متمانە بە بانکەکان، هەر پارەیەکی کاشیان دێتە دەست خەڵک دەیخەنە ناو ئەو پڕۆژانە.
• وەبەرهێننان لە کەرتی خانووبەرەدا دەرگای کردووەتەوە بۆ پەیوەندی سیاسی و کەسانی نزیک لە بەرپرسەکان و بازرگانەکان کە دەسترێژی بکەنە سەر موڵکی گشتی و داگیری بکەن. بەداخەوە، لە چەندساڵی رابردوودا زۆربەی ئەوانەی سوودمەندبوون لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون خەڵکی دەوڵەمەند بوون نەک ئەوانەی کەم دەرامەتن.
• دروستکردنی هەستی نامۆبوون لای گەنجان، بەتایبەتیش گەنجانی دەرەوەی شار و گەڕەکە هەژارنشینەکان کە رۆژ بە رۆژ هەست دەکەن شوێنی نیشتەجێبوونی گەورە دروستدەکرێن، بەڵام بۆ ئەوان نین. ئەمە جگە لەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوون جۆرێک لە هەستی چینایەتییان دروستکردووە، بۆ نموونە کۆمەلێک شوێن یان هەندێک لەو شارانە هەموو پێداویستی خزمەتگوزارییان بۆ دابینکراوە، بەڵام لە بەرامبەردا گەرەکە هەژارنشیەنەکانیش هەن، کە لەوپەڕی نزمی خزمەتگوزاریدان. دواتر زۆرینەی سیاسییە دیار و ئەندام پەرلەمان و وەزیر و راوێژکارەکانن لەم "سیتی و تاوەرانە" یان ئەوەی ناوییان لێناوە "زۆنی زێڕین" دەژین!. ئەم جیاکارییە چینایەتییە لە ئایندەدا کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر لاوازبوونی متمانەی سیاسی نەک تەنیا بە دەستەبژێری سیاسی بەڵکو بە خاک و نیشتمانیش.
• گرانیی نرخی کافتیریا و چێشتخانەو مۆڵەکانی بەشێک لەو ناوچانە کە نرخەکەی پێنج ئەوەندی بازارە میللییەکانە، وایکردووە گەنجێکی گەرەکە میللییەکان بە حەسرەتیشەوە نەتوانێت قاوەیەک لەو کافتیریا گرانبەهایانە بخواتەوە. ئینجا لەزۆربەی ئەو چیشتخانە و کافتریایانە زمانی سەرەکی عەرەبی و ئینگلیزییە، کوردی قسەکردن دەگمەنە، وا بڕوات دەبێتە عەیبەش!
• نەبوونی سیستمێکی بانکی و متمانە بە بانکەکان وایکردووە خەڵک چەند کاشی هەبێت هەمووی بخاتە ناو ئەو پڕۆژانەوە، ئەمەش دواجار هەڵاوسانی دارایی دروست دەکات بەتایبەت لە نرخی ئەم یەکانە و کاریگەریشی دروستکردووە لەسەر زەوی نیشتەجێبوون لە ناوچەکانی دیکەیش.
• بەگوێرەی بەدواداچوونێکی پەرلەمانتار (هیڤیدار ئەحمەد) لەسەر ئەنجامدانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە 01-08-2006 تاوەکو 15-09-2021 نزیکەی 59 ملیار دۆلار بووەتە پڕۆژەی وەبەرهێنان. واتە بە هەموو کەرتەکانی دیکەی (بازرگانی، پیشەسازی، تەندروستی، بانکەکان، خزمەتگوزاری و گەیاندن و گواستنەوە و فێرکردن) لەکۆی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان 48.6٪ بووە. بەڵام تەنیا لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتیاری کە خانوو و شوقە لەخۆدەگرێت 51٪. واتە لەکۆی نزیکەی 59 ملیار دۆلار، تەنیا 28 ملیار دۆلار بۆ کەرتەکانی (بازرگانی، پیشەسازی، تەندروستی، بانکەکان، خزمەتگوزاری، گەیاندن، گواستنەوە و فێرکردن) بووە کەچی 30 ملیار دۆلار بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوون و گەشتیاری بووە. ئەمە ناهاوسەنگییەکی خراپە لە گەشەی ئابووری و پەراوێزخستنی کەرتە سەرەکییەکانی وەبەرهێنان.
لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و خەمی گشتی بە پێوسیتی دەزانم، تاوەکو زووە حکومەتی هەرێمی کوردستان چیتر رێگە نەدات ئەو زەوییە گشتییانەی حکومەت شوقە و یەکەکانی نیشتەجێبوونی لەسەر دروسبکرێت، شارەکانمان کەمترین رووبەری سەوزاییان تێدایە، لە بەرامبەریشدا خەریکە بە باڵەخانەی بەرز و شوقە دەخنکێندرێن کە لە راستیدا مەبەست لێی دەسکەوتنی خێرای قازانجی زۆرە نەک پێویستی بۆ یەکەی نیشتەجێبوون.
لە دوای 2003ەوە سەدان هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروستکراوە، بەڵام ژمارەی پارک و شوێنە گشتییەکان بەتایبەت کە گەنجان بتوانن کاتی بێکارییان تیدا بەسەربەرن بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن. هەرێمی کوردستان لەبەردەم کێشەی هەڵاوسانی رێژەی گەنجاندایە (Youth bulge)، ساڵانە نزیکەی 50 هەزار گەنج لە هەرێمی کوردستان دێنە بازاڕی کارەوە کەچی نە کەرتی تایبەت وەریاندەگرێت نە کەرتی گشتییش ئەو توانایەی هەیە، ئەمانە دەبێت شوێنی گشتی و دەرفەتی کاریان بۆ بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی پەنا نەبەنە بەر تووندوتیژی سیاسی و مادەی بێهۆشکەر و رێکخراوە تیرۆریستییەکان، نەک شوقە و باڵەخانەی بەرزییان بەسەردا دروستبکەین کە نەتوانایان هەیە بیکڕن نە بەکرێش بچنە ناوییەوە، ئەمەش ئەوەندەی دیکە پاڵیان دەنێت بۆ تووڕەیی و کۆچ و دژایەتیی نیشتمان و پرەنسیپە نەتەوەییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ