مەتەڵى پەیوەندى و ناکۆکیى ئێران و ئیسرائیل

 
رەنگە هیچ هاوکێشەیەک لە دونیادا بە ئەندازەى هەڵهێنانى مەتەڵى پەیوەندی و ململانێى نێوان ئێران و ئیسرائیل ئاڵۆز نەبێت، چونکە لەلایەک وەک دوو هاوئامانجى ستراتیژى لە ناوچەکە دەردەکەون کە کۆمەڵێک بەرژەوەندیی هاوبەش پێکیانەوە دەبەستێتەوە، لەلایەکى دیکەشەوە وەک دوو رکابەر و دووژمنى ستراتیژیى یەکدی وان کە هەریەکیان ئەوی دیکە بە مەترسى لەسەر بوونى خۆى وێنا دەکات.
 
ماجەراى ئەم چیرۆکە لە دروستبوونى دەوڵەتى ئیسرائیلەوە بۆ ئێستا بەردەوامە، دواى راگەیاندنى دەوڵەتى ئیسرائیل، ئێران یەکێک بوو لەو وڵاتانەى دژى ئەوەبوون ئیسرائیل وەک ئەندام لە نەتەوە یەکگرتوەکان قبووڵ بکرێت، بەڵام زۆرى نەخایاند و دواى تورکیا بووە دووەم وڵاتى ئیسلامى کە ئیعترافى بە دەوڵەتى ئیسرائیل کرد و بووە یەکێک لە هاوپەیمانە ستراتیژییەکانى. 
 
بە درێژایى ئەو ماوەیە 1953 بۆ 1979 وەک دوو هاوبەشى ستراتیژى ئەمریکا لە ناوچەکە، ئێران و ئیسرائیل دەستیان لەدەستى یەکدا بوو. لە هاتنە سەر حوکمى مەلاکانەوە جۆرێک لە ناکۆکى و دووژمنایەتى لە نێوانیان راگەیێنرا، بەڵام بە درێژایى هەشت ساڵى شەڕى ئێران لە دژى عێراق، ئیسرائیل گەورەترین پشتیوانى ئێران بوو. باشترین جۆرەکانى چەک و کەرەستەی جەنگى ئەو سەردەمە بەنهێنى لە رێگەى ئیسرائیلەوە دەگەیێندرایە دەستى ئێران. 
 
لەدواى کۆتایى ئەو جەنگەشەوە لە چەندین وێستگەى دیکەدا، ئیسرائیل ئاوى کردووەتە ئاشى بەهێزبوونى ئێرانەوە. لە بەرانبەر ئەوەشدا، هەموو ئەو دووژمنایەتییەى ئێرانیش بۆ ئیسرائیل لە گوتنەوەى درووشمى مەرگ بۆ ئیسرائیلەوە تا کۆمەککردنى گرووپە چەکدارە فەلەستینییەکان، بەو هەڕەشانەى رابەر و سەرکردەکانى ئێرانەوە کە دەیانگوت ئیسرائیل لەسەر نەخشە دەسڕینەوە، ئاوى کردووەتە ئاشى بەهێزکردنى ئیسرائیلەوە. 
 
ئەم دەرئەنجامە گومانى ئەوەى دروستکردووە کە لە بنەڕەتەوە ئێران و ئیسرائیل بۆ یەک ئامانج لە ناوچەکە تێبکۆشن، ئەویش بەهۆى ئەوەى هەردووکیان کۆمەڵێک مەترسى هاوبەشیان لەسەرە و کۆمەڵێک بەرژەوەندیى هاوبەشیش چارەنووسیان پێکەوە گرێدەدات، بەڵام هەریەکەیان رۆڵێکى جیاواز بگێڕن. هەردووکیان عەرەب وەک هەڕەشە لەسەر خۆیان دەبینن، هەردووکیان لەناو جیهانى ئیسلامیدا مەزهەبى سوننە بە مەترسى دەزانن، بەرژەوەندیی هەردوولاشیان لەوەدایە عەرەب لاواز و پارچە پارچە بکرێن، سوننەى عەرەب تێکبشکێندرێت و پەڕوباڵ بکرێن. 
 
لە وێنایەکى گەورەتریشدا بە بەرپابوونى شۆڕشى ئیسلامیی ئێران و دروستکردنى کۆمارى ئیسلامى کە ئیمام خومەینى بە شەمەندۆفێرى رۆژئاوا هێندرایە سەر حوکم، هەروەها ئەو رۆڵەى ئێران لە ناوچەکە دەیگێڕێت لە پەرەپێدانى تەشەیوع لەنێو جیهانى ئیسلامى، دونیاى ئیسلامى کردە دوو لەتەوە. لە دوورمەوداشدا بۆ هەمیشە ئیسلام مەترسى لەسەر رۆژئاوا و ئایین و شارستانیەتەکانى دیکە نامێنێت و ئیسلام یەک دووژمنى دەبێت کە خودى ئیسلامە. لە داهاتوودا هیچ ئیسلامییەک مەرگ بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا ناخوازێت، سوننە یەک دووژمنى دەبێت کە شیعەیە و شیعەش یەک دووژمنى باوەکوشتەى دەبێت کە سوننەیە. 
 
بەدیهێنانى ئەم ئامانجە هاوبەشەى رۆژئاوا و ئیسرائیل و ئێران لە هەلومەرج و سەردەمێکدا بەدى نایێت کە ئێران و ئیسرائیل دۆست و هاوپەیمانى یەکدی بن، وەک ئەوەى لە سەردەمى شاى ئێراندا بینیمان، چونکە لە بەرانبەردا جیهانى عەرەبى و ئیسلامى یەکهەڵوێست و یەکگرتوو دەبن لە بەرانبەر ئەم دووژمنە هاوبەشە، بەڵام کاتێ ئێران وەک دەوڵەتێکى ئیسلامى دێت و رەوایەتى ئەم پرسە لە دەستى عەرەبى سوننە دەردەهێنێت و خۆى دەکات بە میراتگرى دۆزى فەلەستین و وەک گەورەترین دووژمنى ئیسرائیل خۆى وێنا دەکات، لەلایەکى دیکەشەوە دەبێتە گەورەترین هەڕەشە لەسەر جیهانى عەرەبى. بەمە یەکە یەکە وڵاتانى عەرەبى نەیارى ئیسرائیلى ناچار بەوە کرد چۆک بۆ ئیسرائیل دابدەن و ئەگەر رۆژگارێک ئامادە نەبوون دان بە ئیسرائیلدا بنێن، بەناچارى چوونە بەرەى ئیسرائیلەوە. ئێستا لە ترسى هەژموونى ئێران، هیچ دەوڵەتێکى عەرەبى نەماوە بەچاوى دووژمنى ستراتیژى لە ئیسرائیل بڕوانێت، بە پێچەوانەوە هەندێکیان خەریکى بەستنى هاوپەیمانێتیی سیاسى و سەربازى و ئابووریی ستراتیژین لەگەڵ ئیسرائیل. 
 
ئەگەر لە دیوێکى دیکەشەوە بڕوانینە ئەو کۆمەک و هاوکاری و دەست لە پشتدانانەى ئێران بۆ حیزبوڵڵاى لوبنان و سووریا و گرووپە شیعییەکانى یەمەن و نێو وڵاتانى دیکەى عەرەبى، چەند بە رووکەش بوونى خۆیان وەک پێویستییەک بۆ دژایەتیی ئیسرائیل ناساندووە، بەڵام لە واقیعدا هیچ کات نەبوونەتە هەڕەشەى راستەقینە لەسەر ئیسرائیل. لە بەرانبەریشدا سەربارى ئەوەى ئیسرائیل لەنێو ئێران و دەرەوەى سنوورەکانى چەندین زاناى بوارى ئەتۆمى و فەرماندەى سەربازى کردووەتە ئامانج، بەڵام هچ کات نەبووەتە مەترسى راستەقینە لەسەر ئێران. تەنیا گرووپێک کە ئێران یارمەتیدەر و ئاراستەکەرى بووە و گورزى گەورەى لە ئیسرائیل دا، بزووتنەوەى حەماس بوو، بەڵام شەڕى ئەمجارەى غەززە خەریکە ئەو گومانە زاڵ دەکات ئێران مەترسیی حەماسیشى کۆتایی پێهێنا. 
 
ئەم تێڕوانینە بۆ رۆڵى ئێران چووەتە نێو خەیاڵدان و بیرکردنەوەى بەشێک لە سەرکردەکانى حیهانى عەرەبى و ئیسلامیشەوە. لەم ماوەیەى رابردوو ئەردۆغان لاى کوردێکى دۆستى خۆى دەردەدڵى دۆخى غەززەى کردبوو، گوتبووى ئەوەى لە حەوتى ئۆکتۆبەر حەماس کردى، ئێران بەمەبەست بە حەماسی کرد و ئامانجەکەیشى نەهێشتنى ئەو بزووتنەوە چەکدارییە سوننەیە بوو لە ناوچەکە. شەڕى چەند مانگى غەززە و ئەو کاولکارییانەى وەک دەرئەنجام لێى کەوتوونەتەوە، خەریکە ئەو تێڕوانینە وەک راستییەک دەسەلمێنێت. بەتایبەت ئەوەى پەیوەست بە هەڵوێستى ئێرانەوەیە لە جەنگى غەززە و بەتەنیا جێهێشتنى حەماس، خەریکە یارییەکە بەتەواوى ئاشکرا دەکات. بەتایبەتتریش دواى ئەوەى لە دوو هەفتەى رابردوو ئیسرائیل لەنێو باڵیۆزخانەى ئێران لە دیمەشق فەرماندەیەکى سوپاى قودسى کردە ئامانج، ئێران لە زارى رابەرى کۆمارى ئیسلامى و چەندین بەرپرسى ناو سوپاى پاسدارانەوە هەڕەشەى تەمبێکردنى قەوارەى زایۆنیزمیان گەیاندە ئاستێک، بەشى زۆرى وڵاتانى دونیا چاوەڕوانى هەڵگیرساندنى جەنگى زۆر گەورەیان دەکرد، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەى کۆمارى ئیسلامى ئەنجامیدا، بە حساب زیاتر لە 170 درۆن، 30 مووشەکى کرووز و 120 مووشەکى بالیستى ئاراستەى ئیسرائیل کردووە و ئەنجامەکەیشى تەنیا منداڵێک لە ئیسرائیل برینداربووە، شتێکى دیکەى پێگوتین، چونکە تواناى وردیى و پێکانى مووشەکە بالیستییەکانى ئێران و درۆنەکانى پێشتر تاقیکراونەتەوە کە چەند یەکلاکەرەوەن. 
 
بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنەى دوێنێ شەوى لە یاریی منداڵان دەچوو، هەر لە راگەیاندنى پێشوەختەى کاتى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنەکە و گومانى ئەوەى تەنانەت ئەمریکا و ئیسرائیلیشى لە شوێن و چۆنێتیی ئاراستەکردنى درۆن و مووشەکەکان ئاگادارکردبێتەوە، تا ئەو ئامانجانەى پێکاوێتى کە یەکێک لە مووشەکەکان هەر لە شارى شیرازى ئێران کەوتووەتە خوارەوە و یەکێک لە رواندزى باشوورى کوردستان و ئوردن و چەند ناوچەیەکى دیکە و ئەوەشى گەیشتووەتە ئاسمانى ئیسرائیل هەر لە ئاسمان تەقێندراونەتەوە، نەک هەر جێگەى گومانن، بەڵکو بوونەتە مایەى نووکتە و پێکەنین. 
 
ئەوەى بە بیرى منیشدا هاتەوە نووکتەیەک بوو لە نەوەتەکان پێش دەرچوونى بڕیارى 986ـی تایبەت بە نەوت بەرامبەر بە خۆراک، لە باشوورى کوردستان گرانى بوو، خەڵک دەچوون بۆ ئێران بۆ کرێکارى. لە ناوچەکەى ئێمە سێ گەنج چووبوونە تاران و ئێوارانێک زۆر تەنگاو ببوون و لەناو پارکێکى مەیدانى ئازادى بەپێوە میزیان کردبوو، پۆلیسى ئەخلاق دەستگیری کردبوون، یەکێکیان بەپەلە گوتبووى من بە میزەکەم نووسیوومە مەرگ بەر ئەمریکا، ئەویان ئازاد کردبوو. یەکێکى دیکەشیان گوتبووى منیش بە میز نووسیم مەرگ بەر ئیسرائیل، ئەویشیان ئازاد کردبوو. ئەوى سێهەمیان هیچى بۆ نەمابووەوە و گوتبووى من خوێنەواریم نییە، ئەوەتا خۆتان چى پێدەنووسن بینووسن. جا پێدەچێت ئێرانیش دوێنى شەو ئاراستەى مووشەک و درۆنەکانى دابێتە دەست تیمێکى ئیسرائیلییەوە و گوتبێتى خۆتان دەیگرنە کوێ تێی بگرن. 
 
ئەوەى لێرەدا سیحرى ئەم مەتەڵە بەتاڵ دەکاتەوە ئەوەیە لە بەرامبەر هێرشى راستەخۆى ئێران بۆ سەر خاکى ئیسرائیل، بزانین وەڵامى ئیسرائیل چى دەبێت، کە ئێران بەشى ئەوە پاساوى داوەتە نەتەنیاهوو وەک ئەوەى دەمێکە پڕوپاگەندەى بۆ دەکات، وێستگە ئەتۆمییەکانى ئێران بتەقێنێتەوە. ئەگەر ئەویش ئۆپەراسیۆنێکى هاوشێوەى ئەو هاشوهوشەى ئێران ئەنجام بدات، هیچ گومانێک لەوە نامێنێتەوە هەموو ئەوەى دەیکەن سیناریۆیەکە لەسەر حیسابى گەلانى ناوچەکە و بەدیاریکراوى جیهانى عەرەبى و ئیسلامى سوننە مەزهەب.