کۆترەکەی ئەسکەندەنافیا هێلکە کوردییەکانی دۆڕاندووە؟

 
ئەم هەفتەیە رووداوێکی مێژوویی لە ئەوروپا روویدا کە چەندین نەوەی پێش ئێمە بە خەیاڵیشیاندا نەدەهات رووبدات. سوێد (کە ئێمە پێیدەڵێن کوردستانە بچووکەکەی ئەورووپا) لە کۆترێکی سپیی دوورەشەڕەوە چووە باوەشی یانەی هەڵۆکان (واتە ناتۆ). هۆیەکەشی ترسان بوو لەو ورچە رووسییەی بەگوتەی سوێدییەکان، چیدیکە هەنگوینی ناو دارەکان دەرناهێنێ، بەڵکو درەختەکانیش دەشکێنێ. دەگوترێت، ئەو گۆڕانەی سوێد لەسەر حیسابی کورد بووە. تۆبڵێی ئەمە راست بێت؟
 
بۆ من، کە چەندین دەیەیە لە ئەورووپا دەژیم و مرۆڤێکی ئاشتیخوازم، هاتنی سوێد بۆ نێو ناتۆ موچڕکەی بە لەشمدا هێنا. شەڕ و کوشتار وەک شێرپەنجەیەکە کە جەستەی مرۆڤایەتی و هەسارەکەمان (زەوی) ئازار دەدات و زیانی پێدەگەیەنێ. بۆیە کاتێک لە برۆکسل چەپڵە لێدەدرا بۆ هەڵکردنی ئاڵای سوێد لەتەنیشت ئاڵای وڵاتانی دیکەی ئەندام لە ناتۆ، من دەستم لەسەر دڵم بوو و دەمزانی ئەمە واتای ئەوەیە کە لەجیاتی جیهان بەرەو ئاشتیی زۆرتر بڕوات بەرەو شەڕ و ماڵوێرانی دەڕوات. ئەمەش لە قسەکانی سەرۆک ماکرۆندا دەرکەوت کە ئەم هەفتەیە بە دوو رۆژنامەڤانی فەرەنسی گوت، "دەبێ خۆمان بۆ جەنگ لەگەڵ رووسیا ئامادە بکەین". 
 
سوێد بەوە ناسراوە کە لە هەموو جەنگە ماڵوێرانکەرەکانی چەند سەدەی رابردوودا بێلایەن بووە. لەمەودوا ئەو بێلایەنییەی نامێنێ. هەرواش لەو ساڵانەدا پیشەسازیی پێشکەوتووی چەکسازیی سوێدی بەشداریی کاریگەری هەبووە لە جەنگەکانی جیهاندا. ئەوەشە وایکردووە ناتۆ حەزبکات سوێد ببێتە ئەندام تێیدا. ئەگەر ترس لە پووتین نەبووایە سوێد قەت ئەو حەزەی ناتۆی نەدەکردە راستی. ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەو هاوکێشەیەی بەجوانی روونکردەوە، کاتێک رۆژانی رابردوو بە سەرۆکوەزیرانی سوێدی گوت، ئەندامێتیی سوێد هەم خێری سوێدی تێدابوو و هەم خێری ناتۆش. 
 
لەو ساڵانەدا کە بۆ رووماڵ دەچوومە ستۆکهۆڵم دەمبینی سوێدییەکان و سیاسییەکانیان زۆرتر هێمن و ئارام بوون. ئەو ئارامییەم لە رووماڵەکانمدا لە برۆکسلیش دەبینی و سوێدییەکان جیاواز بوون لە سیاسیی وڵاتانی دیکە. پاش دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراینا، کە دوای دەستپێکردنی چوومە ئەوێش و رووماڵی جەنگم کرد، هەمان ئەو شڵەژانەی لای خەڵک لە ئۆکراینا لەترسی پووتین دەمبینی، لەلای سوێدییەکانیش دەمبینی و هەستم پێدەکرد. ئەو شڵەژانەش بوو وایکرد سوێد و فینلاند پەلە بکەن لە هاتنە نێو ناتۆوە و ئامادەبن باجی بۆ بدەن. ئەوەی زیاتریش لە سوێدییەکانی دیکە باجی ئەندامبوونەکەی دا و دەدات، کوردی سوێدن. ئەوەی کە بەناوی هەموارکردنەوەی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە بەرامبەر دامەزراوە و کەسانی کورد لە سوێد دەکرێن. هەروەها داخستنی بەشی کوردیی رادیۆی سوێد بە پاساوی سکهەڵگوشین و کەمکردنەوەی خەرجییەوە پێناچێ بە رێکەوت و دروست لەوکاتەدا رووبدەن، کە سوێد پاش رازیبوونی تورکیا ئاڵاکەی لە بارەگەی ناتۆ لە برۆکسل هەڵدەکرێ. تۆبڵێی کۆترەکەی ئەسکەندەنافیا بە رێکەوت هێلکە کوردییەکانی دۆڕاندبێ؟!