مەسجێك بۆ پیاوانی وڵاتەكەم


دەتوانین مانگی ئادار ناوبنێین مانگی ژن، راپەڕین بەبێ بەشداریی ژنان نەیدەتوانی سەركەوتن بەدەستبێنێ، هەشتی ئادار رۆژی جیهانیی ژنە و 21ی ئازار جەژنی نەتەوەیی و سەری ساڵی كوردییە.

  دەمەوێ بە پیاوانی وڵاتەكەم بڵێم كە كێشەكانی ئێمە هۆكارەكەی بە تەنیا ئێوە نین، ئەوە بیركردنەوەی نێرسالاری و كەلتووری توندوتیژییە كە باڵی بەسەر عەقڵی ژن و پیاوی ئەم كۆمەڵگەیەدا گرتووە.

ژن لەم وڵاتەدا نازانی پێی لە كوێ دابنێت، لەو رۆژەوەی دێتە دنیاوە تاوانبارە بە مێینەتی، وەك ئەوەی خۆی هەڵیبژاردبێ، دەبێ لەگەڵ ئەم تاوانە بژی تا مەلایكەی مردن فریای دەكەوێت و رۆحی دەكێشێت. ئەگەر خۆی بسووتێنی، یان خۆی بخاتە چەمی چەقانەوە، یان بكوژرێ یان خۆی بكوژێ ،خێرا دەزگاكانی راگەیاندن دەڵێن باری دەروونی تەواو نەبوو. باشە ئەگەر یەكێك باری دەروونیی تەواو بێت، دەتوانێ بەرگەی ئەم هەموو هەواڵ و كارەساتە ناخۆشە بگرێت؟

هەموو هەڵسوكەوتێكی ژن، لەم وڵاتەدا جێی رەخنەیە، ئەگەر پیاوێكی خۆشویست ئەوا لەشفرۆشە و دەبێ بكوژرێ، ئەگەر شەریعەتی جێبەجێكرد ئەوە بێ مێشكە، ئەگەر باسی حیجابی كرد دەڵێن دە كەواتە تۆ بڕۆ خۆت رووت بكەرەوە، ئەگەر باسی ئازادیی تاكی كرد دەڵێن مەبەستی ئازادیی سێكسە، ئەگەر جلێكی كەمێك سەرنجڕاكێش یان كورتی لەبەر كرد دەڵێن لەشفرۆشی كچی لەشفرۆشە و خۆی رووتكردووەتەوە و ئەوە نیشانەی ئاخر زەمانە.

زەمەن لە وڵاتی ئێمە وەستاوە، لە منداڵییەوە گوێمان لەو حەكایەتانە دەبێت، هیچ ناگۆڕێ و تەنها شێوازی جلوبەرگ دەگۆڕێ، ئەم هەموو دزی و تاڵان و فێڵە لە خەڵكی ئەم وڵاتە دەكرێ ، دەرمانی ماوە بەسەرچوو چاوی 30 كەس كوێر دەكات و دەرزیی خراپ و خۆراكی ماوە بەسەرچوو بە پارە دەدرێ بەخەڵك و زبڵی وڵاتانی چین و توركیا و ئێران بازاڕەكانی كوردستانی پڕكردووە، كەس ناڵێ ئەم هەموو بێ ویژدانییە نیشانەی ئاخر زەمانە، كۆمەڵگە تەنها چاودێرە بەسەر ژنەوە، لە ئاستی بازرگانی ساختەچی دەست بە سینگەوە دەگرێت. عەقڵیەتی كۆمەڵگە، مێینەی لە مرۆڤایەتی داماڵیوەو ئێستاش دەیەوێ بیگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی بەردین.

دەمەوێ بە پیاوانی وڵاتەكەم بڵێم كە ئازادی پەیوەست نییە بەو بەرەڵاییەی ئێوە باسی دەكەن و لێی دەترسن ، ئازادی نیعمەتێكی خودایە بۆ مرۆڤەكان، ئازادی بۆ هەموومان بەرپرسیارێتیەكی گەورەیە، ئازادی پێویستی بە جورئەتی زۆر هەیە لەم دەڤەرە بۆ ئەوەی لە دووفاقی رزگارمان بكات. بەهۆی كێشە كۆمەڵایەتیەكانمانەوە خەریكە خەونی ئازادیمان لەبیردەچێتەوە، هیچمان بەدەستەوە نەماوە بێجگە لە خیتابی دژ بەیەك و چۆنیەتی دابەشكردنی پلەو پۆست و پارە، میدیاكانیش زیاتر باسی شتی رووكەش دەكەن و كرۆكی كێشەكانیان فەرامۆش كردووە.

مزگەوتەكان شوێنی نوێژكەرانی تێدا نابێتەوە و خەڵك لەسەر شەقامەكان نوێژ دەكەن، كەچی جەماوەری موسڵمانان لەسەر كێشەكانی ژنی ئەم وڵاتە ورتەیان لێوە نایەت، مایكرۆفۆنی مزگەوتەكان بەدەنگی بەرز بانگ دەدەن، كەچی ئێمە لە نزیكەوە ناتوانین پەیوەندییەكی دروستانە و دۆستانە لەگەڵ خۆمان و خودای خۆمان گرێبدەین.

دەمەوێ بە پیاوە بەڕێزەكانی وڵاتەكەم بڵێم كە كاركردن بۆ ئازادی مرۆڤ تەنها ئەركی ژن نییە ، ئازادی خەونی هەموومانە، ئازادیی ژن پەیوەستە بە ئازادیی وڵاتەوە، بۆیە بەشێكی ئەو كارە لە ئەستۆی ئێوەدایە. ئێمە ئێستا لە كۆمەڵگەیەكی شێواودا دەژین، رق هەموو جەستەمانی داگیركردووە.

هەموومان باس لە سیاسەت دەكەین، هەموومان دەمانەوێ پاڵتۆكەی سەرۆك لەبەر بكەین، هەموومان لە هەوڵی رووخاندنین نەك بنیاتنان. هەموو خەریكی رەخنە گرتنین لە هەموو شتێك بەباش و خراپەوە. واتە تەنیا قسە دەكەین بۆیە سەركەوتوو نین و نابین ، ئەوەش لە غیابی ئازادییە كە هەموومان باسی دەكەین و لێی دەترسین بێ ئەوەی تاكە یەك كاری ئازایانەمان بۆی كردبێ.

تكایە بەشدار بن لە جوانكردنی ژیان و داهاتووی ئەم وڵاتە با بەر نەفرەتی نەوەكانی داهاتوو نەكەوین، زەبرو زەنگ چارەسەری كێشە سیاسییەكان ناكات، جا چۆن چارەسەری گرفتە كۆمەڵایەتییەكان دەكات.