سی و شەش سەعات لە بەغدا

بە زمانەكەی دیكەی عێراق و بە لۆژیكەكەی دیكە، (بە زمانی كوردی و لۆژیكی دەوڵەتداری و دەستوورسالاری) كە پێچەوانەی (لۆژیكی نادەوڵەت و پاشاگەردانی و میلیشیاییە)، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی جارێكی دیكە لە بەغدا بە هەمووانی گوت عێراق نابێتە وڵات تاوەکو: مووچە لە پارێزگایەك دا وەك ئاوخواردنەوە ئاسایی و لە پارێزگایەكی دیكەدا مژدە و سەردێڕی بەپەلەی هەواڵ بێت. لە پارێزگایەكییەوە درۆنی مەرگڕێژ بۆ پارێزگایەكی دیكەی رەوانە بكرێت، سیاسەتكارانی كە نەوەی سەركردە هاوسەنگەرەكانی دوێنێن، لەجیاتی درێژەدان بە رێبازی باوانیان، سەنگەرلەیەک بگرن و نەتەوەكانی عێراق لە ناكۆكییە بێ هودەكانیان تێوەگلێنن، رێگەنەدەن دەوڵەتی دامەزراوەیی و دەستوور و یاسا دامەزرێت، هەتا وابن و ئەم دەستوورشكێنی و فەرق و جیایی و ناعەدالەتییە پەیڕەو بكەن، تەنهاوتەنها رق دەچێنن و رق دەدوورنەوە، هیچ نیشتمانێكیش بەرمەبنای رق و كینە و تەفرەقە پێكنایێت، بۆیە هەڵگرانی (لۆژیكی نادەوڵەت) نەك هەر عێراقی یەكگرتووی ئۆقرەگرتوو بەدیناهێنن، بەڵكو تاوەکو چاو بڕبكات ناهێڵن عێراقێكی لەوجۆرە دروست بێت و ناشهێڵن كوردستانییان هەستی هاووڵاتیبوون و یەكسانییان لەگەڵ نەتەوەكانی دیكەی ئەو عێراقەدا بۆ دروست بێت، ئاخر ئەگەر كوردستانییان لە مووچەدا كە چوونیەكترین مافە، وەك هاووڵاتییانی دیكە نەبن، ئەدی چۆن هەست بكەن لە نەخشی سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتەكەدا هاوبەش و بەشدارن.  
 
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە زۆر دەرفەتی دیكە و هەر لە بەغدا ئەم قسانەی بە هەمووان گوتووە، بەڵام رەنگە ئەم جارە جیاوازییەكە ئەوەبێت كە عێراق ئێستا سەرباری كێشەكانی خۆی، لە سەرینی شەڕ و ململانێیەكانی ناوچەكەوە لەگەڵ ئاڵنگاری و كێشەی دیكەی گەورە و خەتەرناك دەستەویەخەیە، ئەگەر خەمێكی نیشتمانییانە لەخۆی نەخوات و لانیكەم: نێوماڵی خۆی رێكنەخاتەوە، كێشەكانی لەگەڵ هەولێر نەخاتە سەرڕێی چارەسەر، رێگە لە شپرزەیی و پاشاگەردانیی ئەمنی نەگرێ و رێز بۆ حكومەت و یاسا و دامەزراوە نیشتمانییەكانی نەگێڕێتەوە، بەرگەی كاردانەوەی رووداوەكانی ناوچەكە ناگرێت.
 
لە كێشەی نێوان هەولێر و بەغدادا، ئەگەرچی حكومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردبوو و لە رێی شاندەكانییەوە زانیاری و وردەكارییە دارایی و تەكنیكییەكانی بە داتا و ژمارە بۆ لایەنی بەرامبەر روونكردبووەوە و چاوەڕوان دەكرا ئیدی بەغداش پابەندیی خۆی جێبەجێبكات و كێشەكە چارەسەر بێت، مەیەنتیی مووچەخۆرانی بێ مووچە و كاسبكارانی بێ بازاڕی كوردستان چیتر درێژە نەكێشێ و لەوە زیاتر خەڵكی كوردستان باجی ناکۆکیی سیاسی نەدەن، بەڵام پێدەچوو بۆ بەدیهێنانی ئەو مەبەستە هێشتا ئەركێكی گرنگ و یەكلاكەرەوە مابێت.
 
بۆكردنەوەی یەكجاریی گرێكوێرەكە و دابینكردنی ناردنی پارە بۆ مووچە و گەرەنتیی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە و ناردنی شایستەكانی هەرێمی کوردستان لە ئایندەیەكی نزیك دا بەشێوەیەكی ئاسایی، پێویست بوو پەیام و لۆژیكێكی قەناعەتهێنەر بچێتە بەغدا، پەیامێك و خاوەن پەیامێك كە نەك هەر كاربەدەستان، بەڵكو هەموو سەركردە سیاسییەكانی بەغدا قەناعەت پێبهێنێ كە چارەی ئەم گرفتە داراییە، چەندە لە قازانجی هەرێمی کوردستانە، ئەوەندەش لە بەرژەوەندیی عێراق و ئایندەی پێكەوەژیانی نەتەوەكانی و پتەوبوونی یەك ئیرادەیی و خۆڕاگرییەتی بەرامبەر مەترسی و ئاڵنگارییەكان كە چواردەوری عێراق و ناوچەكەیان تەنیوە. 
 
سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی کوردستان، بەسەركردنەوەی بێ هەڵاوێردی هەموو ئەوانەی بەسەركردنەوەیان لە مەسلەحەتی خەڵكی كوردستانە، هەوڵی سەرنەرمكردنی هەموو ئەوانەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دا دەتوانن بەڵێ یان نەخێر بۆ تێری و خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان بكەن، هاندانی گیانی عەدالەتخوازی لای ئەو دادوەرانەی دەتوانن داداگای فیدرالی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و دژی برسیكردنی خەڵكی كوردستان بخەنەگەڕ، دووپاتكردنەوەی پشتگیریی بۆ سوودانی و حكومەت و دەستوور و یاسا و دامەزاروە نیشتمانییەكان، بیركردنەوە لەگەڵ هەمووان بۆ تێوەنەگلانی عێراق لە شەڕ و ئاشووبەكانی ناوچەكە، سی و شەش سەعات كاری چڕ و كاریگەریی متمانەدار و هیممەت و لۆژیكی قەناعەتهێنەر و بەرهەمدار، سەرئەنجام گرفتی دارایی نێوان هەولێر و بەغدای خستەسەر رێگەچارە، رێگەچارەیەك نەك هەر هەرێمی کوردستان، بەڵكو هەمووان خۆیانی تێدا بە براوە ببینن.