کە رەخنە مرد کۆمەڵگە دەمرێت

 
یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پێشکەوتنی هۆشیاریی مرۆڤایەتی، رەخنەکردن و رەخنە لە خۆگرتنە. سەرەڕای ئەوەی رەخنە لای زۆر، بەتایبەت لای دەسەڵاتدارانی سیاسی، ئاماژەی نێگەتیڤی هەیە، بەڵام لەڕاستیدا رێک پێچەوانەکەی راستە، چونکە پۆزەتیڤێتیی رەخنە بەڕادەیەک کاریگەرە کە بەبێ هەبوونی رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن بە دڵنیایی زانین و هۆشیاریی مرۆڤایەتی نەدەگەیشتە ئەو قۆناخەی ئەمڕۆ.
 
لە پێشکەوتنی سیاسیشدا، پێویستە رەخنە وەک گەورەترین ئامراز سەیر بکرێت بۆ یارمەتیدانی هەر وڵاتێک، دامەزراوەیەک، یان حکومەتێک. رەخنە بۆ دەسەڵاتیی سیاسی هێندەی پزیشکێک بۆ نەخۆشێک پێویستە. نیگەرانیی گەل لە سیستەمی سیاسی تەنیا کاتێک سەرهەڵدەدات کە رەخنە لە کۆمەڵگەکەدا مردبێ و، نەبوونی رەخنە ئاماژەیە بۆ نەبوونی هیوا بۆ باشتربوون و نەبوونی ئاوات بۆ خەون بینین بە دونیایەکی باشتر. کاتێک رەخنە دەمرێت، بە دڵنیاییەوە باوەڕبوون بە سیستەمەکە مردووە. واتە ئامانجی رەخنە باشترکردنە نەک لەنێوبردن. ئەوکاتەی رەخنە دەمرێت، خەونی لەنێوبردن سەرهەڵدەدات چونکە چیدی بوونێک نییە هەوڵی باشترکردن و رێکخستنی بدرێت. رەخنە پایەیەکی بنەڕەتی پێشکەوتنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە، لە کۆمەڵگایەکدا کە رەخنە مردووە، واتا پایەیەکی کۆمەڵگاکە کەوتووە. بە مانایەکی دیکە، واتا کۆمەڵگە لە نەبوونی رەخنەدا، خەریکە دەکەوێت.
 
لایەنێک لە لایەنە نایابەکانی سەرکردەی ئەمریکی، ئەبراهام لینکۆڵن، 16ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، کە بەڕاستی سەرسام بووم پێی، ئەوە بوو کە لەبری ئەوەی رەخنەگرانی بێدەنگ بکات یان وەک هەڕەشەیەک تەماشایان بکات، ئەوانی خستە ناو حکومەتەکەیەوە بۆ ئەوەی دڵنیابێت کە چارەسەرییەکانی دۆزیوەتەوە بۆ ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕوویان بووەوە. کاتێک لینکۆڵن لە مانگی ئازاری ساڵی 1861 پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکای وەرگرت، رووبەڕووی چەندین تەحەدای ترسناک بووەوە کە بەبێ رەخنەکردن و خۆڕەخنەکردن نەیدەتوانی بەسەر تەحەدییەکاندا زاڵ ببێت.
 
لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی لینکۆڵندا بەهای یەکخستنی ئەو سەرکردانەی ناسی کە زۆرجار بیروڕای دژ بەیەکیان هەبوو، چ لە نێوان خۆیان و چ لەگەڵ لینکۆڵن. بەڵام بە کۆکردنەوەی ئەم کۆمەڵە دەنگە هەمەچەشنە، تێگەیشتنی خۆی لە پرسەکان و چارەسەرییەکان فراوانتر کرد. لینکۆڵن وەک مەترسیی مامەڵەی لەگەڵ رەخنەگران نەکرد، بەڵکو وەک دەرفەت لەوانی رووانی. 
 
کۆمەڵگاکان بە رەوشی نالەبار و تراژیدی وەکو شەڕ و هەژاری و جینۆساید و داگیرکاریدا رەتدەبن. تەنیا ئەو کۆمەڵگەیانە دەتوانن هەڵسنەوە کە دەتوانن رەخنەی خۆیان بکەن، رەخنەی ئەو نەخۆشییانە بکەن کە بوونە هۆی رەوشی نالەبار و تراژیدی. ئێمەی کورد بەناو چەندین تراژیدیدا رەتبووین، بەناو چەندین دۆخی نالەباردا گوزەراندمان، بەڵام نەمانتوانی رەخنەی خۆمان بکەین و رەخنەی رووداوەکان بکەین. ئێمە بەر لە رووداوەکان و دوای رووداوەکان، بە چاوێکی تیژ و عەقڵێکی کراوەوە لە خۆمان و رووداوەکانمان نەڕووانی، بۆیە تەنانەت شەڕی ناوخۆش نەیتووانی وامان لێ بکات دوای شەڕەکە مێژوویەکی تر بنووسینەوە، دونیایەکی دی ئاوا بکەین کە شەڕ و دووبەرەکی ببێتە شتێک لە رابردوو کە لە ئێستاشدا رەخنەی دەکرێت تا دووبارە نەبێتەوە و تراوماکانی سارێژ ببن.
 
لە 2024 لە هەر شتێک زیاتر پێویستمان بە رەخنە و خۆڕەخنەکردن هەیە. دوای 2024یش رەخنە و خۆڕەخنەکردن دەبێت ببێتە کەلتوورمان.