ئەم مەرگى بەکۆمەڵە رابگرن

14-08-2023
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
هەرێمى کوردستان لە زۆر لایەنەوە گڵۆڵەى کەوتووەتە لێژیى، مەترسییەکانى هەر ئەو گوشار و پیلانگێڕییانە نین کە بەغدا لەلایەک و تاران و ئەنقەرە لەلایەکى دیکەوە خستوویانەتە سەرى، ئەوانە بەشێکى کێشەکانن و دەتوانرێت وا وێنابکرێت کە مەترسیی دەرەکین و لە دەرەوەى دەسەڵاتى هەرێمدان. بەڵام ئەوەى لەناو ماڵى کورد خۆى دەگوزەرێت و لە دەسەڵاتى دەسەڵاتدارانى کورد خۆیاندایە، ئەگەر مەترسییەکانى لەسەر کوردستان لە هەڕەشە دەرەکییەکان زیاتر نەبێت، کەمتر نیین، چونکە دواجار ئەوەى زەمینە بۆ کاریگەریى مەترسییە دەرەکییەکانیش خۆش دەکات، هەر دۆخى ناو ماڵى کورد خۆیەتى. 
 
ناکۆکى سیاسى و ناتەبایى هێزە پێکهێنەرەکانى حکومەت، نەمانى پەرلەمان و گرفتى دامەزراوە حوکمڕانییەکانی، مەترسى راستەقینەن لەسەر ئێستا و داهاتووى ئەوەى پێى دەگوترێت قەوارەى کوردى. ئەگەرچى نوقڵانەیەکى خراپە، بەڵام پێناچێت خەمێکى راستەقینە هەبێت بۆ دۆزینەوەى چارەسەر بۆیان. بۆیە ئەگەرێکى چاوەڕوانکراوە کورد بەشێوە گشتییەکەى وەک نەتەوە، وەک قەزیەکەى لەمەوداى نزیک و دووردا تووشى پاشەکشەی زۆر بکرێتەوە.
 
لەپاڵ ئەم مەترسی و هەڕەشە جۆراوجۆرانەى هەر رۆژێک لەلایەکەوە سەردەردێنن، کێشەگەلێکى دیکەش هەن خەریکە دەبن بە هەڕەشە لەسەر ژیانى تاک بە تاکى هاووڵاتییان و دواجاریش مەرگێکى بەکۆمەڵ بۆ خەڵکى کوردستان و کەس بیر لە چارەسەرکردنیان ناکاتەوە. ئەمەیان راگرتنى ئاسانە و بەشێکیان پەیوەندى بە هۆشیارى و پەیوەندى بە هەستى خۆ بەبەرپرسیار زانینەوە هەیە کە بەداخەوە لەناو ئێمەى کورددا ئەم هەستە زۆر لاوازە. 
 
تەماشا بکەن رۆژانە چەند هەواڵ لە میدیاکانى کوردستان بڵاودەکرێنەوە بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتییەوە لە فڵان شار و لە فیسار شارۆچکە و لە فڵانە گوند ئەوەندە کەس کوژران. رۆژانە چەند هەواڵى مەرگى خەڵک دەبیستن بەهۆى رووداوى هاتووچۆوە، گوێبیستى مەرگى چەند کەس دەبن بەهۆى مەلەوانییەوە؟ لەکاتێکدا رێگریى لەم رووداوانە ئاسانە، ئەگەر هەستى بەرپرسیارێتى هەبێت لە بەرانبەر ئەم ژمارە زۆرەى مەرگى تاکى کورد، دۆزینەوەى چارەسەر بۆیان رێگەیەکى هێندە سەخت نییە. 
 
هەرێمى کوردستان زیاتر لە سێ ساڵ لە شەڕى رووبەڕوودا بوو لەگەڵ داعش، ئامارى ساڵانەى ئەوانەى بە رووداوى ئۆتۆمبێل دەبنە قوربانى، زیاترە لەو ژمارەیەى لە شەڕى داعشدا شەهید بوون. ژمارەى ئەوانەى لە شەڕى عەشایەرى و کێشەى کۆمەڵایەتى دەکوژرێن، ئامارى مەترسیدارن. ژمارەى ئەوانەى لە گەشتى سەیران و مەلەوانیدا دەمرن زیاترە لەو کوردانەى لە دەریای ئیجە دەخنکێن. 
 
ئەوەى لێرەدا دەمەوێت سەرنجى زیاترى بخەمەسەر، رووداوەکانى ئۆتۆمبێلە کە رۆژ لە دواى رۆژ رێژەکەى لە بەرزبوونەوەدایە. بەپێى ئامارى فەرمى دەزگا پەیوەندارەکانى حکومەتى هەرێمی کوردستان لە ساڵى رابردوو (445 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 257 کەسیش بریندار بوون). بەڕاستى مایەى هەڵوەستە لەسەرکردنە لە جوگرافیایەکى بچووکى وەک هەرێمى کوردستاندا ئەو ژمارانە قوربانى رووداوى هاتووچۆ بن. 
 
رەنگە هۆکارەکانى یەک و دووان نەبن، لە خراپى کوالێتى ئۆتۆمبێلەوە بیگرە بۆ خراپى رێگەوبان و خراپى نەخشەى ئەندازەیى شەقامەکان، خراپى رێساکانى پێدانى مۆڵەتى شۆفێریى و سەرپێچى و پابەند نەبوونى شۆفێر و نەبوونى ئامرازەکانى گشتى بۆ کواستنەوە و... تاوەکو دوایى. بەڵام هەموو ئەمانە قابیلى چارەسەر کردنن. دەبێت حکومەت پلانى هەبێت رێگە لەم مەرگى بەکۆمەڵە بگرێت.  
 
ساڵانە لە میدیا جیهانییەکانەوە گوێمان لێدەبێت بە ملیۆنان ئۆتۆمبێلى کۆمپانیا بەناوبانگەکانى دروستکردنى ئۆتۆمبێل لە بازاڕەکان دەکشێندرێنەوە بەهۆى بوونى هەڵە لە دروستکردنیاندا. تا ئێستا نەک تەنها یەک ئۆتۆمبێلیش لە کوردستان نەکشێندراونەتەوە لەبەر بوونى هەڵە، دوور نییە لەڕێى بازرگانى چاوچنۆکەوە ئەوانەى لەوڵاتانى دیکەش سەحب دەکرێنەوە بهێندرێن لە عیراق و هەرێمى کوردستان ساخ بکرێنەوە. سووتانى لەناکاو و وەرگەڕان و نەمانى برێک، یاخود جام بوونى تایە و زۆر شتى دیکە دەردەکەون و کەس بیر لەوە ناکاتەوە دەشێت هۆکارەکانى لە خودى ئۆتۆمبێلەکەبێت، نەک ئەوەى وەک دەقێکى نوسراوى پێشوەختە لەلایەن وتەبێژى پۆلیسى هاتوچۆوە دەخرێتەڕوو کە بەهۆى تیژڕەوییەوە بووە. دەبێت حکومەت لیژنەى پسپۆڕو شارەزاى هەبێت بۆ پشکنین و کۆنترۆڵى ئەو جۆر و مۆدێلانەى ئۆتۆمبێل کە دەهێندرێنە هەرێمى کوردستانەوە. 
 
زۆربەى شەقامەکانى کوردستان لە سەردەمانێکدا دروستکراون ئامرازەکانى بڕین و دروستکردنى پرد وەک ئێستا بەردەست نەبوون. بۆیە زۆرێک لە رێگە سەرەکییەکانى نێوان شارەکان بەرزى و نزمى، یان پێچاوپێچى زۆرى تێدایە، هەرجارێکیش نۆژەنکرابنەوە رەچاوى ئەوە نەکراوە شەقامەکان رێکبکرێنەوە، هەر شەقامە کۆنەکەیە و پینەوپەڕۆ یان لە باشترین دۆخدا قیرکراونەتەوە. 
لەکاتێکدا ئێستا کەرەستە و ئامێرى زۆرهەن کە دەتوانرێت بەهۆیانەوە ئەو هەموو هەوراز و نشێو و پێچاوپێچییانە نەهێڵدرێن. 
لە زۆربەى وڵاتانى پێشکەوتووى جیهان سەربارى دەستەبەرکردنى باشترین هۆکارەکانى گواستنەوە و زۆرترین دەستەبەرکردنى دڵنیایى لە دروستکردنى تونێڵ و پرد و رێگەوبانەکان، بۆ پاراستنى سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان و رێگرى لە سەرپێچى شۆفێران، تووندترین سزایان هەیە بۆ سەرپێچیکار. 
 
بەهەر شەقامێکدا تێپەڕدەبێت بە دیراسەکردنى رێگرتن لە رووداوى هاتووچۆ، بۆت دیاریکراوە و بۆت هەیە بەتیژڕەوى چەند کیلۆمەتر شۆفێرى بکەیت. ئەگەر لە نەزانیندا زیادەڕۆیى بکەیت سزایى دارایت دەدەن، بەڵام چەندجارێک دووبارەى بکەیتەوە، نەک هەر مۆڵەتى شۆفێریت لێوەردەگرنەوە، بەڵکو دەتنێرن بۆلاى پزیشکى دەروونى و وەک کەسێکى ناتەواو مامەڵەت لەگەڵ دەکەن.
 
ئێستا لە بەشێک لە شەقامەکانى هەرێمى کوردستان سیستمى کامێراى چاودێریى سەرپێچى دانراوە، بەپێى راگەیێندراوى بەڕێوەبەرایەتییەکانى هاتووچۆ لەو شوێنانە رووداوى هاتووچۆ نەک کەم بووەتەوە بەڵکو هەر نەماوە. ئەگەر کەموکوڕییەک لەم پرۆسەیەدا هەبێت ئەوەیە کە لەو رێگەوبان و شەقامانە دانەنراون کە بوونەتە رێگەى مەرگ. دەبێت ئەم نموونەیە وەک ئەزموونێکى سەرکەوتوو بەخێرایى بە هەموو کونج و کەلەبەرێکى هەرێمى کوردستاندا بڵاوبکرێتەوە. سەربارى بوونى ناڕەزایەتى لەوەى بڕى سزاى داراییەکانى زۆرن، بەڵام هیچ سزایەک بەهاى خوێنى ئەو خەڵکە نییە کە رۆژانە دەبنە قوربانى. بۆیە ئەگەر بەهەر جۆرە سزایەک دەتوانرێت رێژەى رووداو و ژمارەى قوربانى کەمبکرێتەوە، دەبێت بگیرێتەبەر. خەسڵەتى مرۆڤ بەو جۆرەیە تەنها سزا لەتاوان رایدەگرێت. وەک ئێستا بەشێکى زۆر باوەڕیان وایە نەبوونى سزاى تووند هۆکارى ئەو هەموو کوشتنەیە لە کێشەى کۆمەڵایەتییەکانى هەرێمى کوردستان. 
 
بەلامەوە سەیرە ئەوەندەى ناڕەزایەتى دەبیستم لە دانانى کامێراى چاودێرى، نیوەى ئەوە گوێبیستى ئەوە نابین دەسەڵاتداران بخرێنە بەردەم بەرپرسیارێتى ئەو هەموو قوربانییانەوە. پاساوەکەشیان ئەوەیە ئەم کامێرایانە دراونەتە کۆمپانیا و کراون بەکارى بازرگانى. بریا هەموو ئەو بازرگانییەى لە بوارە جیاجیاکاندا بەسەر میللەتەوە دەکرێت هاوشێوەى کامێراى رێگەوبانەکان ئەو سوودە گشتییەى هەبووایا بۆ سەلامەتى هاووڵاتییان. لەبرى ناڕەزایەتى لە دانانى سیستمى کامێرا، دەکرێت گوشار بخرێتە سەر حکومەت داهاتەکەى بۆ باشترکردنى رێگەوبانەکان تەرخانبکرێت. 
 
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئەمە لایەنێکى هۆکارى ئەو هەموو رووداوى هاتوچۆیەیە، دەبێت شانبەشانى دانانى سیستمى کامێرا، رێگەچارە بۆ هۆکارەکانى دیکەشى بدۆزرێنەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.