بازرگانی بە لەشی پەیامبەر


یازدە ساڵ دوای كۆچكردنی لە مەككەوە بۆ مەدینە، رۆژی دووشەممە 12ی ڕەبیعی یەكەم، پەپامبەری ئیسلام كۆچی دوایی دەكات. بوخاری لە عەمری كوڕی حاریس دەگێڕێتەوە كە گوتوویەتی: "پێغەمبەری خودا (د.خ) كە مرد، نە دینار و نە درهەمی جێهێشت، نە بەندە و كۆیلە و نە شتی دیكەش. ئەوەی هەبوو هێستر و شمشێر و پارچە زەوییەكی خێراتێ بوو" البخاری (2739). ئەم ڕیوایەتە ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێغەمبەر تەنیا چەند شتێكی كەمی لە پاشی خۆی بەجێهێشتووە و دەستنیشانی میراتە ماددییەكانی كردووە.

گەلێك لە ڕیوایەتەكان باس لە سەردەمی دوای پێغەمبەر، ڕۆژگاری سەحابە و تابیعین دەكەن، تا ئەو سەردەمانەی دواییش، باس لەوە دەكەن لەنێو هەموو سەردەمەكاندا، موسڵمانان هێندێ كەلوپەلی پێغەمبەر و چەند شتێكی لەشی ئەویان وەك موتفەڕك پاراستووە،  ماوەماوە خەڵكی تەبەڕووك (التبرك)یان پێ كردووە. بەڵام بەشی زۆری ئەم ڕیوایەتانە سەحیح نین، جا چ بەهۆی زوعفی ڕاوییەكانەوە بێت، یان ئەوەی كە نەسەلمێنراوە ئەم ئاسەوار و كەلوپەلانە هیی پێغەمبەر بن.

ئەحمەد تەیمور پاشا لە لاپەڕەی 68ی كتێبە بەناوودەنگەكەی (اڵاپار النبویە)دا، دوای باسكردنی ئاسارەكانی پێغەمبەر لە ئیستانبوڵ ـ قوستەنتینییەی پێتەختی خیلافەتی هەنگینێی عوسمانییەت ـ دەڵێت: "لا یخفی أن بعچ هژه اڵاپار محتمل الصحە..." ئەوە ناشاردرێتەوە كە ڕاستی و درووستیی بەشێك لەو ئاسارانە بەرئەگەر (محتمل)ی ڕاستین نەك یەقین  .. بەگوێرەی ڕیوایەت و بەسەرهاتەكانی سیڕەتی نەبەوی بێت، بەشی زۆری شمەك و كەلوپەلی پێغەمبەر، لە ژیانی خۆی و دوای وەفاتیشی، ون بوون. بەگوێرەی سەرچاوە ئیسلامییەكان، بەشی زۆری ئاسەوارەكانی پێغەمبەر، بەهۆی شەڕ یان فەرامۆشكردن و بزركردنەوە، نەماون و لەنێوچوون. 

ـ لە سەحیحی موسلیم و بوخارییەوە لە ئیبنوعومەڕ ڕیوایەت كراوە كە گوتوویەتی: "پێغەمبەر ئەنگوستیلەیەكی هەبوو، بۆ مۆركردنیش دەكاری دەبرد و لێی نووسرابوو محمد رسول اللە. دوای پێغەمبەر كەوتە دەستی ئەبوبەكر، پاش وی عومەر لە پەنجەی نا، دواتر كەوتە مستی عوسمان، تا ئەو كاتەی لێی كەوتە نێو بیری ئەریس" رواە البخاری 5378.

ـ لە پایانێی خیلافەتی عەباسیدا، فەروە و عەبا و گۆپاڵی پێغەمبەر كە تەتەر ساڵی 656 بەغدایان سووتاند، لەم قڕكردنەدا لەنێوچوون- البدایە والنهایە لٳبن الكپیر (٦/٨)

 ـ ساڵی 803 لەگەڵ ئاژاوەی تەیمورلەنگ لە دیمەشق، جووتە نەعلی پێغەمبەر فەوتا- فتح المتعال فی مدح النعال ص 363
ـ هۆكارێكی دیكەی نەمانی ئاسەوارەكانی پێغەمبەر ئەوەیە كە ئەو كەسەی شمەك و كەلوپەلەكانی لە كن بوو، وەسیەتی دەكرد كە مرد لەگەڵ تەرمەكەی لەنێو گۆڕێ بیشێرنەوە- الژهبی، سیر اعلام النبلا‌و ۱۱/۳۳۷.

لە ڕۆژگاری خیلافەتی عوسمانیدا، زیاتر هەرمێنیان بە "موو"ی پێغەمبەر دەدا، بە گوێرەی كتێبی "الاپار النبویە" بێت، ساڵی 1327ی كۆچی، 43 تاڵەمووی قژ و ڕیشی پێغەمبەر لە شاری ئیستەنبۆڵ هەبووە، دواتر 15ی لێ كراوە بە دیاری و تەنیا 18ی لێ ماوەتەوە. ساڵی 1886 ی زایینی، سوڵتان عەبدولحەمید، ئەم 15 تاڵە مووە بەسەر ژمارەیەك مزگەوت و مەزاری بەناوودەنگی جیهانی ئیسلامیدا وەكو دیاریی دابەش دەكات. سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە بەشی عێراق لەم مووانە پێنج تاڵ بووە و دراون بە مزگەفتەكانی ئەبوحەنیفە، گەیلانی، موسای كازم، كەربەلا و نەجەف.

ئەوەی من دەمەوێت قسەی لەسەر بكەم، لێرەوە دەست پێ دەكات. هەنووكە لە كوردستانی خۆماندا، خەریكە حاڵەتێك دەبێت بە دیاردە و ناوەناوە لێرە و لەوێ لە تیڤی و سۆشیال مێدیا دیمەنی ئەوەمان بەرچاو دەكەوێ كە فڵانە شوێن و فڵانە كەس، مووی پێغەبەری لایە و بۆ ئەوەی موسڵمانان تەبەڕووكی پێ بكەن، فڵانە شەو و لەو كاژێرەدا، مەراسیمی بۆ دەگێڕدرێت. زۆربەی ڕیوایەت و سەرچاوە مێژووییەكان باس لە نەمانی كەلوپەلەكانی پێغەمبەر دەكەن، چجای بگات بە ئەندام و ئەو شتانەی پێوەستن بە لەشییەوە، جا تاڵەموو بێت یان ددان. سەردەمانی زوو، لە ڕۆژگاری ئومەوییەكاندا بەتایبەتی، هەر یەكە و بۆ هاتنەدی بەرژەوەندیی خۆی، وەك ئەوەی سكەی پارە لە كارخانە لێ بدا، دەچوو چەند ڕستەیەكی ڕیز دەكرد و دەیگوت پێغەمبەری خودا وەهای فەرمووە. دواجار ئەوانەی بە فەرموودەناس ناسراون، شتێكیان دانا بەناوی "الجرح والتعدیل" و لە حاڵی حەدیسگێڕەوەكانیان دەكۆڵییەوە. قل قل لە "الرجال"ی سەنەدەكەیان دەكۆڵییەوە، ئاخۆ كامیان جێی متمانەی گێڕانەوە نییە. ئەگەرچی ئەوەی ناوی نراوە "زانستی جەرح و تەعدیل" و "عیلمی ڕیجال" پڕ لە گرفتی مێتۆدی و كێماسییە، وەلێ لانیكەم فلتەر و چاودێرێك بووە بەسەر ڕێوایەتی زارەكیدا. بەڵام بۆ ئەم كەلوپەل و ئاسارانەی پێغەمبەر، چ فلتەر و چ میتۆدێك بۆ سەلماندنی پێڕەو كراوە؟ بێگومان هیچ، هەر كێ بۆی لوا بێ و بۆی بلوێت، بانگەشەی ئەوە دەكات ئاسەوارێكی پێغەمبەری خودای لەلایە. مرۆڤی ئیماندار دەبێت ژیر بێت، هەر وا بە سادەیی و ساویلكەییەوە باوەڕ بە چیرۆكی ئەم تاڵەمووانە نەهێنێت، جا چ ئەوانەی لە كۆنەوە گوایە لە كوردستان لە تەكیە و خانەقایەكان پارێزراون، یان ئەوانەی ئێستە كەسایەتییە دینییەكان بانگەشەی بۆ دەكەن.

ئەم بابەتە دەبێت بە چاویلكەی گومانەوە سەیری بكرێت، بانگەشەی خاوەندارێتیی ئاسەواری پێغەمبەر، بە درێژایی مێژووی موسڵمانان، ئامرازێك بووە بۆ فریودانی خەڵكی ڕەشۆك و بەدەستهێنانی پێگەی دینی و دونیایی. كاتی خۆیشی سوڵتانی عوسمانی خاواندارێتیی ئەم تاڵەمووانەی بۆ بەرژەوەندیی سیاسی هەڵدەقۆستەوە.

 موسڵمانی باو، مەعریفە و هۆشیارییەكی قووڵی دینیی نییە تا سۆزی دینی ڕادەستی خورافاتی نەكات، كاتێ پێغەمبەر موقەددەسە،  هەرچی لەو بەجێمابێت موقەدەس و پیرۆز دەبێت لە دیدی موسڵمانی تەقلیدییەوە و موقەدەسیش هەردەم جڵەوی دەستی پیاوانی ئاینی بووە بۆ ئاراستەكردنی خەڵكی ڕەشۆك لەڕێی بانگەشەی خاوەندارییەتی موقەدەسەوە، بۆ بەرزكردنەوەی پێگەی كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری.

ئەم نەریتە پێشان لەنێو كوردەواریدا زیاتر لە خانەقای نەقشبەندیی بیارەدا باو بوو، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی، هەر بابایە و تەكیەیەكی قادری لێمان قیت دەبێتەوە و بانگەشەی ئەوە دەكات كە تاڵەمووی پێغەمبەری لایە. بێ ئەوەی بە ئەرگیۆمێنت و بەڵگەیەكی زانستی بۆمان بسەلمێنێت دوای 1400 ساڵ ئەوە تاڵەمووی پێغەمبەرە ماوە، ئەم خەڵكەی مە هۆڕ هۆڕ لەدیار ئەو شووشە و سندووقە دەگرین كە گوایە مووەكەی تێدا هەڵگیراوە. ئەم نەریتە خورافییە لەنێو ئیسلامی سۆفیزم، لە سۆفیزمیش لەنێو ڕەوتی سۆفیزمی میللی ـ تەریقەتی باوە. ئیسلامی سەلەفیزم دژ بەم نەریتەیە، بەڵام گوتاری سەلەفیزم لە سۆنگەی كافركردن و موشریككردنەوەیە، لەوەیاندا هەڵەن. دیاردە لارەكانی نێو كۆمەڵگە و فەزای دینی، لە دیدی ریفۆڕمییەوە ڕادەماڵدرێن نەك بە ئامرازی تەكفیر و تەفسیق.

......................................
من داوای لێبووردن لە عەقڵم دەكەم كە رۆژگارێك بەهۆی سۆزێكی نادرووستی دینییەوە بە باوەڕهێنان و بەرگریكردن لەم خورافاتە ماندوو و شەكەتم كردووە. مرۆڤی ئیماندار كاتێ هۆشیارییەكەی بەرەو باڵایی هەنگاو دەنێ، درك بەوە دەكات كە ئەوەی موعجیزە و خاریقولعادات دەخولقێنێت هەر عەقڵ و ئیرادەكەی خۆیەتی، نەك تەبەڕووك و موتفەڕك بە پارچە قوماشێكی پۆشاك و تاڵەمووێكی پێغەمبەر دروودی لێ بێت. شێخ مەحەمەد غەزالی گوتەنی: "ئیسلام بریتییە لە عەقڵێكی زیتەڵ و دڵێكی پاكژ" ئیدی ئەگەر دینداریی لەم فۆڕمە نەبێت، بەرگەی شەپۆڵەكانی جیهانگیری و ژیانی مەدەنیی سەردەم ناگرێت.

دكتۆر حەسەنی هاوڕێم بۆی گێڕامەوە كاتێ چووەتە پاكستان، زیاتر لە 80 مزگەفت، تەكیە و خانەقا گوتویانە ئەمە (ددانی پێغەمبەرە)، باشە كەسیان لەخۆیان ناپرسن بۆ پێغەمبەر مرۆڤێكی ئاسایی نەبووە؟ ئەی بۆچی هەشتا ددانی بووە؟ لەهێندێ وتاری عەرەبیی نێو سۆشیال میدیا باس لەوە دەكرێ، ژمارەی ئەو ددانانەی لە جیهان بانگەشەی ئەوەی بۆ دەكرێت كە هیی پێغەمبەرن، گەیشتوون بە 300دانە.

دۆگم و سۆزی ئیدلۆجی سەیر مرۆڤ نابینا و بێ زمان دەكەن، چۆكی گومان بۆ باڵای یەقین دادەدەن. ئیدی بۆی هەیە، یەكدوو ساڵی دیكە، ژمارەی تاڵەمووەكانی پێغەمبەر لە كوردستان، زۆر زێتر لەوە تێبپەرێنێت كە لە ژیانی خۆیدا لە سەر و ڕیشی پێغەمبەر شوێنیان بووبووەوە!
ڕاستی شوێنەوار و شتی بەجێماوی پێغەمبەر، ئەگەر سەلمێنراش ڕاستە و هی وییە، هەنگینێش هیی ئەوە نییە بیكەیت بە موتفەڕك و تەبەڕووكی پێ بكەیت، بەڵكوو وەك كەلەپوورێكی بە بەها لە ئەنتیك یان لە ئەرشیفخانەیەكی گشتی، پارێزی لێ دەكرێت، وەك شوێنەوارێكی گرنگ، چاوی لێ دەكرێت.
تەبەڕووك بە پێغەمبەر ئەوەیە بتوانی دیوە جوانەكانی ژیانی ئەو لەخۆت بەدیبهێنیت، نەك بێیت بازرگانی بە لەشی پێغەمبەر بكەیت و لەپەنایدا لە دین و دونیا بخۆیت.