یەکێتیی ئەورووپا لەبەردەم هەڕەشەی ناسیۆنالیزمدا

 
سەرەتا
 
لە کۆتاییدا دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بە فەرمی بڵاوکرانەوە و نەخشەی هێزە سیاسییە گەورەکانی ئەورووپا ئاشکرا بوون. ئەم نەخشەیە ڕێگامان پێدەدات دوور لە هەستە سادەگەراییەکانی هەر یەکێک لە ئێمە، کە لەنێو بازنە کۆمەڵایەتییە بچوکەکەی خۆیەوە هەوڵدەدات ئەورووپا بخوێنێتەوە، پەیوەندییەکانی هێز وەکو خۆی ببینین و تێبگەین لەوەی کە ئەورووپا چەند گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە و چیدی ئەورووپای 2024 هەمان ئەورووپا ساتەوەختی چوونەدەرەوە لە جەنگی جیهانیی دووهەم نییە و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری و ئابوورییەکان هێندە گەورەن، کاراییان بەسەر هەموو شتێکەوە داناوە.
 
لەسەر ئاستی سۆسیۆلۆژیای سیاسی، بۆئەوەی بە ئاسانی لە دەرەنجامەکان تێبگەین، من کۆی هێزە سیاسییەکان لە چوار کاتیگۆریی سەرەکیدا کۆدەکەمەوە. یەکەمیان، سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان، کۆی ئەو حیزبانەی کە خۆیان وەکو چەپ پێناسە دەکەن دەخەمە نێو چوارچێوەیەکەوە. دووهەمیان ناودەنێم کۆنسێرڤاتۆر، سێهەم ناسیۆنالیستی تووندڕەو و چوارهەمیش لیبراڵەکان.
 
لە دەرەوەی ئەم چوار کاتیگۆریەوە، دەکرێت هەندێک وردە حیزبی دیکەمان هەبێت کە ناچنە هیچ یەکێک لەم چوارچێوانەوە، بەڵام لەبەر نزمی رێژەی کورسییەکانیان، ناتوانن هیچ جۆرە کاراییەک لەسەر ئاراستە گەورەکان دابنێن.
 
چەپی ئەورووپی 
 
کۆی ئەو گرووپانەی کە خۆیان وەکو سۆسیال دێمۆکرات، سۆسیالیست، کۆمۆنیست، دژە کەپیتالسیت و تەنانەت ژینگەپارێز پێناسە دەکەن، دەڕۆنە چوارچێوەی چەپەوە. لە ئاستی جیاجیادا هەر یەکێک لەم گرووپانە، خەبات لەپێناوی کۆمەڵێک بەهای جیهانیدا دەکات کە باز بەسەر رەنگ و رەگوڕیشەی کۆمەڵایەتی و کولتوور و ئیتنی و ئایینیدا دەدات؛ ئەوەی بەلایەوە گرنگە پیادەکردنی هەموو ئەو پرۆگرامانەیە کە گەرەنتیی جێبەجێکردنی ئەو بەهایانە دەستەبەر دەکەن. ئەو بەهایەنەش بریتین لە دادی کۆمەڵایەتی و یەکسانی، پاراستنی مافەکانی کرێکاران، هاریکاریی کۆمەڵایەتی، بەشداریی چالاکانەی هاووڵاتییان لە پراکتیکی دێمۆکراسیدا، ژینگەپارێزی و وزەی خاوێن، ئاشتیی جیهانی، گرنگیدان بە پەروەردە و کولتوور و تەندروستی.
 
لە کۆی ئەو 720 کورسیەی کە بۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەستنیشان کراون، گەر تەواوی دەنگەکانی هەموو حیزبەکانی چەپ کۆبکەینەوە، ژمارەیان دەگاتە 224 کورسی؛ واتە دەبنە هێزی یەکەم لە پەرلەمانی ئەورووپادا. ئەم رێژەیە ئاماژەیەکی گرنگە لەسەر ئەوەی کە تائێستاش، سەرەڕای هەموو گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندیی هێزدا، دەنگی چەپ و جەماوەری چەپ قووڵاییەکی گەورە و فراوانی هەیە و دەتوانێت کارایی بوونیەوی لەسەر ئاراستەکان دابنێت.
 
بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە چواچێوەیەکی فەرمیی نیە بۆئەوەی تەواوی ئەم هێزانە وەکو یەک گرووپی پەرلەمانی، وەکو جەستەیەکی دینامیک کۆبکاتەوە. ئەمەش وادەکات ئەم 224 کورسیە دابەش ببن بەسەر چەندین لیست و گرووپدا و لە بەرامبەر بلۆکەکانی دیکەدا هەمیشە لاواز دەربکەون.
 
کۆنسێرڤاتۆری ئەورووپی
 
پاش چەپەکان و لەسەر ئاستی ژمارەی کورسیەکان، کۆنسێرڤاتۆرەکان بە 189 کورسییەوە لە پلەی دووهەمدان. کۆنسێرڤاتیزم بریتییە لە فەلسەفەیەکی سیاسی کە لەسەر بەها هەڵقوڵاوەکانی نێو کولتوور و ترادیسیۆن دامەزراوە، گەڕانەوەیەکی بەردەوامە بۆ رابردوویەکی خەیاڵکراوی جوان و پاک و پوخت و بێگەردی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و تەنانەت ئایینیش.
 
بەهێزیی ئەم حیزبانە لەوەدایە کە توانیویانە لەسەر ئاستی ئەورووپا خۆیان وەکو پلاتفۆرمێکی بەهێزی یەکگرتوو بناسێنن و دەستنیشانی چوارچێوەی چەمکەکانیان و میتۆدی جووڵانەوەیان بکەن. ئەم پلاتفۆڕمە ناوی حیزبی جەماوەریی ئەورووپییە و هەژموونی بەسەر زۆربەی هەرە زۆری دەزگا گرنگ و سەرەکییەکانی یەکێتیی ئەورووپاوە هەیە. ململانێی سەرەکیی ئەم هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە بریتییە لە بیناکردنی یەکێتییەکی ئەورووپای بەهێز لەسەر بەهاکانی دێمۆکراسیەتی مەسیحی، کە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان و گیانی هاریکاری لەخۆبگرێت. واتە گەڕانەوەیەکی هەمیشەیی، بەلای کەمەوە لەسەر ئاستی تیۆری، بۆ مەسیحیەت وەکو سەرشاری هەموو دەستێکردنەکان.
 
لێرەوە ئەم حیزبانە خۆیان بە دامەزرێنەر و پارێزەری یەکێتییەکی ئەورووپای بەهێز لەسەر ئاستی ئابووری و ئاسایش و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کولتوورییش دەزانن و دەیانەوێت قەڵخانێکی بەهێز بن لە بەرامبەر هەموو ئەو هێزانەدا کە دەیانەوێت هەڵیبوەشێننەوە.
 
ناسیۆنالیزمی تووندڕەو
 
ناسیۆنالیزمی تووندڕەو لە کۆی ئەو گرووپە ئەورووپیانە پێکدێت کە هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانەن کە دەمانبەنەوە سەر ئۆتۆریتاریزم، راسیزم، فاشیزم، نازیزم و لە هەندێک رووبەریشدا پۆپۆلیزم. ئەم گرووپانە پێیانوایە کولتوور و رۆحی ناسیۆنالیستی باڵاترە لە هەموو کولتوور و رۆحەکانی دیکە و نابێت رێگە بدرێت ئەم کولتوور و رۆحە بە تەوژمەکانی کۆچبەران، بەتایبەتی ئەوانەی کە لە دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاوە دێن، پیس بکرێن.
 
لێرەوە، بەم رۆحە هەڵچووەوە، ئەم بزووتنەوە ناسیۆنالیستانە هەمیشە پێویستیان بە فیگەرێکی بەهێز و تووند و ئۆتۆریتێر هەیە، کە رێکیانبخات و گوزارشت لە خەیاڵدان و خەون و خواستەکانیان بکات. واتە لەنێو هەر یەکێک لەم گرووپانەدا، دەبێت هەمیشە لیدەرێکی کاریزماتیک هەبێت، ئوربان یان میلۆنی، کە تا سنووری دیکتاتۆریەت ئامادەبن بەیعەتی پێبدەن و لە قسەی دەرنەچن. بێهودە نییە کە هێندەی حەزیان بە پەیوەندییە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمیر پووتیندا، نیو ئەوەندە حەزیان بە پەیوەندی لەگەڵ سەرکردە دێمۆکراتخوازەکان نییە.
 
راستە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ساڵی یەکێتیی ئەورووپادا ئەم گرووپانە پلەی یەکەمیان بەدەستنەهێناوە، بەڵام ئەوەش راستە کە لە ساڵی 2019دا ژمارەی کورسییەکانیان لە خوار سەدەوە بوو، بەڵام لە ئەم ساڵدا ژمارەکەیان بەرزبووەوە بۆ 178 و گەر تەواوی گرووپەکانیان پێکەوە کۆبکەینەوە، بە دڵنیاییەوە دەبنە هێزی سێهەم لە پەرلەماندا. ئەمەش گۆڕانکارییەکی یەکجار گەورەی چۆنایەتی و چەندایەتییە و ئەوانەی پێیانوایە کە نەخێر، هیچ مەترسییەک لەئارادا نییە، هەڵەیەکی ترسناک دەکەن.
 
لیبراڵەکانی ئەورووپا
 
لیبراڵەکانی ئەورووپا هەموو ئەو گرووپ و حیزبانەن کە ئینتیمایان بۆ پرانسیپەکانی لیبراڵیزم هەیە. لیبراڵیزم وەکو ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی، کار لەسەر ئازادیەکانی تاک، مافی مرۆڤ، بازاڕی ئازاد، دەوڵەتی یاسا و دێمۆکراسیی لیبراڵ دەکات.
 
تراژیدیای ئەم گرووپانە لەوەدایە لە سەردەمێکدا دەژین کە ساتەوەختی هەژموون و کشانی راستی راست لە لایەک و چەپی چەپ لە لایەکی دیکەوەیە؛ ئەو گرووپەش کە لە ئێستا و ئێرەدا و لەنێوان ئەم دوو تووندڕەوەدا هاوسەنگییەکەی راگرتووە، کۆنسێرڤاتۆرەکانن نەک ئەوان. ژمارەی کورسییەکانیان باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەم دەرهاویشتە کۆنکرێتیە. لە کۆی 720 کورسی، ئەوان تەنها 78 کورسییان بەدەستهێناوە!
 
ئەو حیزبەی گوزارشت لە تراژیدیای ئەم شکست و پاشەکشە دراماتیکییە دەکات، حیزبەکەی سەرۆک ماکرۆنە کە لەبەردەم حیزبەکەی مارین لۆپێندا وەکو کۆشکی کارت داڕماوە، بەڕادەیەک کە سەرۆک ماکرۆن ناچاربوو بەوەی پەرلەمانی وڵات هەڵبوەشێنێتەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات. حیزبەکەی مارین لۆپێن، کە ناوی گردبوونەوەی نیشتمانییە، ئێستا لە کۆی 577 کورسیی پەرلەمان تەنها 88 کورسیی هەیە؛ بەڵام بەپێی زۆربەی هەرە زۆری راپرسییەکان، دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا رێژەی کورسییەکانی بۆ زیاتر لە 200 بەرزبکاتەوە و تەنانەت بەشێک لە راپرسییەکان باس لەوە دەکەن کە دەتوانێت 289 کورسی بەدەستبهێنێت و حکومەتی داهاتووی فەرەنسا دروستبکات.
 
لەڕاستیدا، ئەوەی لێرە بەدواوە دەکرێت رێگە لە گردبوونەوەی نیشتمانی بگرێت کە نەگاتە دەسەڵات، چیدی حیزبەکەی سەرۆک ماکرۆن نییە، چونکە بەپێی زۆربەی راپرسییەکان لە خوار 15%وەیە، بەڵکو بەرەی گەلی چەپەکانە کە بەپێی هەمان راپرسی رێژەی دەنگەکانیان خۆی لە 29% نزیکدەکاتەوە. لە هەموو دۆخەکاندا، لە 7ی مانگی داهاتووەوە فەرەنسا بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبێت: بەرەی گەل و گردبوونەوەی نیشتمانی!
 
کۆتایی
 
دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی ئەورووپا، گورزی سەخت و کاریگەر بوون لە پێگە و هەژموونی سەرۆکایەتیی فەرەنسا و ئەڵمانیا لەنێو یەکێتیی ئەورووپایەکدا کە دوو ماکینە سەرەکی و بەهێزەکەی بوون. تۆخبوونەوەی ئامادەیی ناسیۆنالیزمی تووندڕەوە لەنێو یەکێتییەکی ئەورووپادا کە لە ناخەوە باوەڕیان پێی نییە و کار بۆ هەڵوەشانەوەی دەکەن، ئەورووپا بەرەو نادڵنیاییەکی فراوان دەبات.
 
راستە ئێمە هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەر پێمانوابێت هەموو ئەوانەی دەنگیان بەم گرووپانە داوە، راسیست و فاشیست و نازیستن، راستە بەشێکی زۆری ئەم دەنگانە گوزارشتن لە تووڕەیی جەماوەر لەوانەی کە ناپاکییان لە بەڵێنەکانیان کرد، بەڵام ئەوەش راستە لە کۆتاییدا ئەم گرووپە تووندڕەوانە، کۆی ئەو دەنگە ناڕازیانە بۆ ئامانجە سیاسی و ئایدۆلۆژیەکانیان بەکاردەهێنن، هیچ بەلاشیانەوە گرنگ نییە گەر بەرنامەکانیان بە زیانی خودی ئەو دەنگدەرە تووڕە و یاخیانەش کۆتایی پێبێت.
 
ئەوەی ئێستا ئەورووپییەکان و تەنانە لەسەر ئاستی جیهانیش چاویان لەسەریەتی، 7ی مانگی داهاتووە لە فەرەنسا: کێ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دەباتەوە؟ بەرەی گەلی چەپەکان یان گردبوونەوەی نیشتمانیی لۆپێنیەکان؟ پاشان ئەگەر گردبوونەوەی نیشتمانی بردیەوە، ئایا وەکو جۆرجیا میلۆنی ئیتاڵی و بە گیانێکی بەرپرسیارانەوە حکومەتداری دەکات، یان بە کولتووری ئایدۆلۆژیایەکی داخراوەوە؟ با چاوەڕوانی 7ی مانگ بین.