ئه‌مه‌ی روویدا سه‌ره‌تایه
له ساڵانی رابردوویش زۆرجار ئه‌وه روویداوه كه له په‌رله‌مانی عێراق عه‌ره‌به‌كانی سووننه و شیعه، سه‌ره‌ڕای بوونی ناكۆكی و كێشه‌ی زۆری نێوانیان، به‌ڵام له به‌رانبه‌ر ماف یان داخوازییه‌كی كورد یه‌كهه‌ڵوێست بوون، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیی به پرسی كه‌ركووك یاخود بابه‌تێكه‌وه هه‌بووبێت كه به تێڕوانینی ئه‌وان بۆ عێراق هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له چه‌ند رۆژی رابردوو له كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان تایبه‌ت به تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجه بۆ ساڵانی 2023 تاوەکو 2025 بینیمان، ده‌ركه‌وته‌یه‌كی نوێ بوو، هه‌ڵوه‌سته‌ی ده‌وێت.
سه‌رله‌به‌ری ئه‌و به‌ند و بڕگانه‌ی په‌یوه‌ست به هه‌رێمی كوردستانن، وه‌كو ته‌ونی جاڵجاڵۆكه بۆ له‌قاڵبدانی هه‌رێم چاندراوون، پڕن له ته‌ڵه‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك و رێكاری ده‌ستخستنی پاساو بۆ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر خه‌ڵكی كوردستاندا، گه‌رچی به‌هۆی ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی و لێدوانی ناڕاست و چه‌واشه‌كارانه‌ی هه‌ندێك له په‌رله‌مانتارانی ناو فراكسیۆنه كوردییه‌كان، بۆ ته‌خوینكردنی یه‌كدی و به‌لاڕێدابردنی سه‌رنجی خه‌ڵك، هێشتا به باشی د‌رك به‌و مه‌ترسییانه نه‌كراوه، به‌ڵام زۆر نابات له داهاتوودا وه‌كو بۆمبی ته‌وقیتكراو به هه‌رێمدا ده‌ته‌قنه‌وه.
هه‌رچه‌نده خودی یاساكه پڕه له مه‌ترسی، به‌ڵام مه‌ترسیی گه‌وره‌تر ئه‌و وێنایه بوو كه له په‌رله‌ماندا بینیمان چی رق و كینه و دووژمنایهتییهك له هه‌ناوی ئه‌م نه‌وه نوێیه‌ی عه‌ره‌به‌كاندا به‌رانبه‌ر كورد له‌ئارادایه. رق له كورد بوون به ئه‌ندازه‌یه‌كه رێگربوون له‌و بڕگه‌یه‌ی پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان له پاره‌ی زیاده‌ی نه‌وتی فرۆشراوی هه‌رێم بدرێته‌وه. پێشتر ئه‌وه‌یان كردبوو به پاساو و به بنێشته خۆشه بۆچی له (پاره‌ی نه‌وتی به‌سره بدرێته هه‌رێمی كوردستان)، به‌ڵام كاتێك ده‌وترێت ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت له‌وه به‌رزتر بوو كه له یاسای بودجه دیاریكراوه، له‌و زیاده‌یه‌ی نه‌وتی كوردستان پاشه‌كه‌وتی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بدرێته‌وه، په‌رله‌مانتارانی سووننه و شیعه پێكه‌وه دژایه‌تیی ئه‌م داوایه ده‌كه‌ن. ده‌بێت تێبگه‌ین كه ئه‌وان به هیچ جۆرێك نایانه‌وێت نه‌ك كوردستان، ته‌نانه‌ت نایانه‌وێت باخه‌ڵی تاكێكی كوردیش ببووژێته‌وه.
به‌پێی ده‌ستووری عێراق زمانی كوردی شانبه‌شانی زمانی عه‌ره‌بی، زمانی فه‌رمییه و وه‌كو سه‌ره‌تاییترین ماف ده‌بێت خوێندنی كوردی بۆ منداڵانی كورد فه‌راهه‌م بكرێت. رق له كورد بوون گه‌یشتووەته ئه‌و ئاسته‌ی له‌ناو په‌رله‌مان كه شوێنی یاسادانانه و ده‌بێت هه‌موو بڕیار و یاساكانی گونجاو بێت له‌گه‌ڵ ده‌ستوور، به‌ڵام كه پێشنیازی گواستنه‌وه‌ی راژه‌ی مامۆستایانی خوێندنی كوردیی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كان ده‌كرێت بۆسه‌ر به‌غدا، به سووننه و شیعه‌وه دژی ئه‌وه‌ن به‌غدا مووچه بداته ئه‌و مامۆستایانه‌ی له كه‌ركووك به زمانی كوردی وانه ده‌ڵێنه‌وه.
ئه‌م دوو نموونه‌یه ده‌بێت كورد له‌و خه‌وی غه‌فڵه‌ته به‌ئاگا بهێنێته‌وه و بزانێت چاره‌نووسی كه‌وتووەته ده‌ستی كێ؟ بیهێننه پێشچاوی خۆتان ماوه‌یه‌كی دیكه پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور ببرێته‌وه په‌رله‌مان، هه‌ڵوێستی ئه‌مانه چی ده‌بێت له‌سه‌ر سیستمی فیدراڵی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ر چاره‌نووسی كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم؟ خۆ ئه‌گه‌ر له‌م خووله‌شدا ده‌ستوور نه‌هێندرێته‌وه به‌ر باس، له داهاتووی نزیكدا پڕۆژه‌یاسای نه‌وت و غاز ده‌برێته په‌رله‌مان. له‌دوای بڕیاری دادگەی فیدراڵی و ئه‌و رێكارانه‌ی له یاسای نێوبژیوانیی پاریس گیرانه‌به‌ر بۆ رێگریكردن له به‌بازاڕكردنی وزه‌ی كوردستان، هه‌رێم ستراتیژی سیاسه‌تی وزه و ئابووریی خۆی بهستووەته ئه‌و ئومێده‌وه كه بتوانێت له ده‌رچوواندنی یاسای نه‌وت و غازدا ببێته‌وه خاوه‌ن سه‌رچاوه‌كانی وزه‌ی كوردستان، كه ئێستا وا لێی زه‌وت ده‌كرێت.
ئه‌مه‌ی ئێستا رووده‌دات له به‌غدا له بڕیاره‌كانی دادگەی فیدراڵییه‌وه بۆ هه‌ڵوێستی یاسادانه‌رانی سووننه و شیعه له په‌رله‌مان، ده‌ستپێكه بۆ قۆناخێكی دژوارتر و مه‌ترسیدارتر بۆ كوردستان. ئه‌گه‌ر پێشهات و رووداوی گرنگ له ناوچه‌كه روونه‌ده‌ن و هاوكێشه‌كان وه‌كو ئێستا بمێننه‌وه، ره‌نگه ساڵانی داهاتوو شایه‌ت و بینه‌ری كاره‌ساتی گه‌وره بین.
ده‌بێت راستییه‌كیش فه‌رامۆش نه‌كرێت له‌گه‌ڵ باڵاكردنی ئه‌و ئاراسته و هزره دووژمنكارییهی به‌رانبه‌ر كورد له به‌غدا لهتاوسهندندایه، ئه‌وه‌ی وایكردووه به‌ئاسانی هه‌رچییان بوێت به‌سه‌ر كورددا بیسه‌پێنن، به‌شێكی زۆری په‌یوه‌ندیی به خۆمانه‌وه هه‌یه. له‌لایه‌ك دابه‌شبوون و به ئامرازبونیان به‌ده‌ستی هێزه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه كه له هه‌ندێک وێستگه‌دا وه‌كو سه‌ربازی شه‌تره‌نج به‌كارده‌برێن، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هه‌ردوو هێزه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌رێم ئه‌وله‌ویه‌تیان بووه‌ته نه‌یاریكردنی یه‌كدی و قورساییان خستووەته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستی یه‌كدی بشكێنن. بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موو رێگەیهكیان گرتووەته‌به‌ر، ته‌نانه‌ت به بنكۆڵكردنی قه‌واره تاقانه‌كه‌ی نزیکەی شه‌ست ملیۆن كوردیشه‌وه.
دوای په‌سندكردنی یاسای بودجه و نانه‌وه‌ی ئه‌و ته‌ڵه تهوقیتكراوانه بۆ كوردستان، رۆژانی داهاتوو بینه‌ری مه‌هزه‌له‌ی دیكه‌ش ده‌بین له‌لایه‌ن دادگەی فیدراڵییه‌وه. چی ئه‌وانه‌ی پێشتر روویانداوه و ئه‌وانه‌شی له داهاتوودا دێنه‌پێش هیچیان به رێككه‌وت نین، به‌ڵكو به‌شێكن له ستراتیژێكی قۆناخبه‌ندیی خه‌ڵكی دیكه و له شوێنی دیكه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێن.
كوردستان بۆئه‌وه‌ی بمێنێته‌وه و به‌رگه‌ی ئه‌و سیناریۆ و پێشهاتانه بگرێت كه رووبه‌ڕووی ده‌كرێنه‌وه، پێویستی به‌وه‌یه به‌دوای چاره‌سه‌ری پهرچوئاسادا بگه‌ڕێت، كه هیچ گومانی تێدا نییه ئه‌وه‌ش له توانای كورد خۆیدا نییه، ده‌بێت هه‌رێمیش ته‌ره‌فی دیكه بێنێته ناو هاوكێشه‌كه‌وه. چونکە لە بنەڕەتدا ئەو شەڕەی بە کورد و هەرێمی کوردستانی دەگێڕن، عێراق بە تەنها نییە، پڕۆژەکە لەوە فراوانترە. هێزگەلی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتی تێیدا بەشدارن و ئامانجەکەش پەیوەندیی بە جیۆپۆلەتیکی کوردستان و ناوچەکەوە هەیە.
لەم هاوکێشەیەشدا راستە کوردستان زەرەرمەندی یەکەمە، بەڵام تەنها کورد نییە کە لە شکستی هەرێمدا زیانمەند بێت. دەبێت سیاسییەکانی هەرێم ئەو رایەڵانە بدۆزنەوە و بیانهێننە ناو هاوکێشەکانەوە.